"تیفێز و ئێبرا" هاوکێشە ناهەوسەنگەگەى داهاتوو!!!

ئەحمەد سەنگاوى:

لە دەموەختى پشووى زستانەدا،باس وخواسێکى زۆر هەیە، لە مەڕ هاتنى یاریزان (کارلۆس تیفێز) بۆ یانەى (ئەى سى میلان).

ئەوەى تووشى سەرسامییەکى گەورەى کردووم ، دەربڕینى خۆشحاڵى هاندەرانى (میلان)ە بەهاتنى ئەم یاریزانە بۆڕیزى یانەکەیان، بۆپتەوترکردنى هێڵى پێشەوەى مەیدانى( ڕۆسۆ نێرى)، هەڵبەت سەرچاوەى سەرسامیەکەیشم پەیوەندى بە لێکدانەوە و تێگەیشتنى تایبەتى خۆمەوە هەیە،کەپێم وایە واژوو کردنى گرێبەست لەگەل ئەم ئەستێرە (ئەرجەنتین) ییە کارێکى ناتەندروستە،ڕەنگە بپرسرێت چۆن دەتوانیت قایلمان بکەیت کە ئەم یاریکەرە سەرکەوتوو نابێت لەگەڵ یانەى (ڕۆسۆنێری)دا؟

بەهیچ کلۆجێک نکووڵى لە ئاستەرزى و سەرکەوتنە گەورەکانى (کارلۆس تیفێز) ناکرێت کە لەگەڵ یانە بەناوبانگەکانى (بۆکاجۆنیۆرز،مان یونایتد،مان سیتى) کە تائەندازەیەکى باش توانیویەتى ڕۆڵکاراو چوست و چالاک بێت لە یاریگاکاندا ، بەشێوەیەک ناوبانگى (ئەپاچى)یان بەسەریدا بڕیوە لە خوولى ئینگلیزى. ئەم یاریزانە زۆربەى کات بووەتە مایەى مەترسى و هەراسانکردنى یانەى بەرانبەر، کە لە هەر یارییەکدا ئامادەگى هەبووبێت، ئەوا بەرگریکارانى دژبەرى ئاسوودە نین بەحزوورى ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ئەستێرەیە لە ئێستادا دەتوانێت لەگەڵ یانەى ئەی سى میلانى ئیتاڵیدا سەرکەوتووبێت ؟ لە هەمووى گرنگتر یاریکردنى بەشێوەى سەرەکى لە تەنیشت ئەستێرەى سویدى ( زڵاتان ئیبراهیمۆڤیج) دا سەرکەوتوودەبێت ؟ منیش لە وەڵامدا دەڵێم نەخێر، چوون هەم (تیفێز) هەم (ئیبراهیمۆڤیج) دوو یاریزانن تا ئەندازەیەکى بەرچاو یاریزانێکى میزاجین ،هەردووک ڕازى نابن کەس بۆچوونى خۆى بسەپێنێت بەسەریاندا. ڕەنگە لە ساتى ئامادەبوونى (ئیبرا و تیفێز) بەهۆى ئەم تایبەتمەندیە نەرێیە ببێتەمایەى دروستبوونى ناکۆکى لە نێوان ئەم دوو ئەستێرەیەدا، چونکە زۆربەى کات ئەم دوو ئەستێرە دیارەى هێڵى هێرش بردن لە کاتى بیناکردنى هێرشەکاندا لە ڕادەبەدەر پشت بەخۆیان دەبەستن و جۆرێک لە خۆ بە خۆبوونیان تێدابەدى دەکرێت،بە یەکگرتنى ئەم دوو یاریزانە ڕەنگە ئاڵۆزی وپشێوى دروست بێت لە ڕیزى یانەکەدا کە ئەوکات کۆنتڕۆڵکردنى ئاستەمە.

هەموومان ئاگادارین (کارلۆس تیفێز) زۆربەى جار گرفت و کێشە دروست دەکات لەگەڵ یانەکەى، بە تایبەتى لە ژوورى خۆگۆڕینى یاریزاناندا و چەندین هەڵسوکەوتى نەشیاو و ناجۆر و تووندمان لێى بینیوە بەرانبەر بە ڕاهێنەرە بەنێوبانگەکانى لە چەشنى (ئەلێکس فێرگسۆن، ڕۆبەرتۆ مانشینى) ئەوەى یەکەمیان لانیکەم چارەکەسەدە یەکەڕاهێنەرەو ئەوەى دووهەمیشیان ساڵانێکى زۆرە ڕاهێنەرە، کەچى چەندین جار لەڕوویاندا وەستاوەتەوە دواهەمین هەلسوکەوتیشى لە یارى نێوان یانەى (مان سیتى و بایرن میونخ) دا بوو کە(مانچینى) داواى لێکرد بەشدار بێت لە یارییەکەدا، کەچى داواکەى ڕاهێنەرى ڕەتکردەوە . هەرئەم هۆکارە گرفتاویانە دەمانگەیەنێت بەو دەرئەنجامەى کە هاتنى ئەم ئەستێرەیە کارێکى نا تەندروستە، پێویستە بەرپرسانى یانەى میلان بە وردى و قووڵى بیر لە دۆزینەوەى یاریزانێکى گۆڵدروستکار بکەنەوە، نەوەک هەموو ئاواتیان پەلکێشکردنى ئەم ئەستێرە بەناوبانگەى ئەرجەنتین بێت، ئەو پەندە کوردییە بۆئەم دۆخەى میلان بڕێکى زۆر لەڕاستى و دروستى تێدایە کە دەڵێت: سەرم ژان ناکات وپەڕۆیەکم بەستووە بەنێوچەوانمەوە..

 

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه