ڕیاڵ مەدرید بەبێ گۆڵدروستکار لە پاش "زیزۆ"!!!

ئەحمەد سەنگاوى:

هەر یانەیەک کاتێک دەتوانێت لافى بەهێزى لێبدات، کە هێڵێکى ناوەندى بەهێزى هەبێت،چونکە ناوەندى تیپ، بڕبڕەى پشتى هەر یانەیەکە...وانازانم ڕیاڵ مەدرید لەو چەند ساڵەى پێشووى تەمەنیدا، گۆڵسازێکى بەتوانا و لێوەشاوەى هەبووبێت، کە بە ماناى وشە گۆڵساز (گۆڵدروستکار) بووبێت لە پاش وازهێنانى (زێنەدین زێدان)ى ئاست بڵند ...(فلۆرینتینۆ پێرێز) هەوڵێکى بێوچانیدا لەپێناو قەرەبووکردنەوەى ئەم شەبەقەى کە کەوتبووە یانەکەوە ،(پێرێز) ویستى ئەو بۆشاییەى کە لە دواى( زێدان) دروست بووبوو بە (ئینیاستا) پڕبکاتەوە، بەڵام ئەم یاریزانە ڕەزامەندى پیشان نەدا و لە یانەى بەرشەلۆنە مایەوە، پاشان (ویسلى شنایدەر) هێنرایە ڕیزى یانەکەوە و ئەمیش نەیتوانى وەک گۆڵدروستکارێکى چالاک دەرکەوێت وەک ئەوەى لە یەکەمین وەرزیدا لەگەڵ یانەى (ئینتەر میلان) پێشکەشى کرد، دواتر (پێرێز) بۆ کۆتایهێنان بەم ژانەسەرە بڕێکى خەیاڵیى پارەى تەرخانکرد بۆ هێنانى (کاکا) ى ئەستێرەى (ئەى سى میلان)،کە لە ئەوجى ئاستیدابوو، بە باشترین گوڵدروستکار لەقەڵەم دەدرا، وەلێ لەگەڵ هاتنى بۆ یانەى شاهانە و بە شێوەیەکى چاوەڕوان نەکراو و بە ڕادەیەکى بەرچاو ئاستى ڕووى لە دابەزین کرد،بە چەشنێک (پێرێز)ى سەرۆکى یانەکە تەواو نائومێدو هیوابڕاو بوو، دواتر بڕیاریدا چارەى ئەم دەردە لەڕێگاى (ڕاهێنەرە تایبەتەکە) وە مالیجە بکات ، ئەوەبوو ئەم ڕاهێنەرە لەگەڵ دەستبەکاربوونى بە شێوەیەکى تیژتێپەڕ لە هەوڵى مشوورخواردنى ئەم کەلێنە گەورەیەدا بوو، مۆندیالیش دەرفەتێکى باش بوو، بۆ دۆزینەوەى یاریزانێکى گۆڵسازى ئاستبەرز ،دواى دەرکەوتنى (مەسعود ئۆزێل) بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر لە مۆندیالى (2010) لەگەڵ هەڵبژاردەى (ئەڵمانیا) پێشکەشى کرد، بیر و خەیاڵى (مۆرینۆ) چووە سەر ئەم ئەستێرە لاوە! بۆ نەهێشتن و قەڵاچۆکردن و سوودمەندبوون لە تواناو یارمەتیەکانى ئەم لاوە لە هێڵى ناوەندا، وەلێ ئەویش نەیتوانى لەئاست بەجێهێنانى ئەم ئەرکەدابێت واجبى ڕاستەقینەى کە خۆى لە گۆڵدروستکاریدا بەرجەستەدەکات، ئەم یاریزانە ئەڵمانییە بەردەوام هەڵدێت لە جێگاى گۆڵسازى و هەمیشە لە لاتەنیشتەکانەوە یارى دەکات،هەروەسا ئاستیشى ناجێگیرە، ئەمەیش وادەکات ڕاهێنەر متمانەى گشتى بەم یاریزانە نەبێت وەک گۆڵساز.

پاشان لە سەرەتاى ئەم وەرزەدا گرێبەستى لەگەڵ (نورى شاهین) دا واژووکرد، کەچى نەفرەتى پێکران بوارى بەم یاریکەرە نەدا تاوەکو بتوانێت تواناکانى خۆى تاقى بکاتەوە، یانەى ڕیاڵ مەدرید و مۆرینهۆ تووشى تەنگە تاوییەکى خراپ بوون ،بەڵام (سپێشەڵ وەن) نزیکترین چارە دەستنیشانکردنى (دیماریا) یە بۆ ئەم جێگایە بەشێوەیەکى کاتى بە کۆمەکى (چابى ئەلۆنسۆ) لە ڕێگاى دانى زۆربەى تۆپەکان (بەدیماریا) تاوەکو بتوانێت بەم بەرپرسیاریەتییە هەستێت کە خراوەتە سەر شانى...هەموو شاهیدى توانا بەرزەکەى (دیماریا)ین کە زۆربەى ئەو تۆپانەى ئاراستەى هێرشبەرانى دەکات یەکلاکەرەوەیە، هەڵبەت دانانى دیماریا وەک چارەسەرێکى کاتى تا ئەو کاتەى (مۆرینهۆ) دەتوانێت جۆرێک لە جۆش و خرۆش لە لاى یاریزانانى وەک (شاهین،کاکا،ئۆزێل) دروستبکات و بەردەوام بێت لە گەشەپێدانى ڕۆحییەتى ململانێ دروستکردن لەنێوان ئەم سێ یاریزانەدا، تاوەکو هەریەک لەم یاریزانانە بە جێگیرى و چەسپاویى لەم شوێنە گرنگە دەستنیشان بکات.

 

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه