گۆڕانكارى به‌سه‌ر نه‌خشه‌و پلانى داهاتووى ئيسپانيا

ئه‌حمه‌د سه‌نگاوى:

گومانێك نییه‌ له‌ لێهاتوویى و شاره‌زایى و به‌ئه‌زموونى ( ڤیسێنتى دیلبۆسكى) كه‌ یه‌ك له‌ چاكترین ڕاهێنه‌ره‌كانى جیهانه‌ له‌ سه‌رئاستى هه‌ڵبژارده‌كان. بێشك توانى داهێنانكارى گه‌وره‌ و به‌رچاو بهێنێته‌ گۆڕێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى" گا سووره‌كان" له‌ مۆندیالى ئه‌فریقیاى 2010 و توانى ناسناوه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌مین كه‌ڕه‌ت له‌ دیرۆكى ئه‌م بژارده‌یه‌دا به‌ده‌ستبهێنێت، لێ له‌ یه‌كه‌مین تاقیكارى له‌ یۆرۆى 2012 درایه‌ به‌ر ڕێژنه‌ى ڕه‌خنه‌. دواتر پێى له‌و ڕاستییه‌ نا، كه‌ هه‌ڵه‌ى ته‌كتیكى كردووه‌. له‌ پاش یه‌كسانبوونى تیمه‌كه‌ى له‌ یارى به‌رابه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى "ئیتاڵیا". دوابه‌دواى یارییه‌كه‌ دێلبۆسكى زانى هۆى یه‌كسانبوونى له‌%50 له‌ به‌هێزى ئیتاڵیا و ته‌كتیكه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ى "چیزارى پراندیلى" وه‌ بووه‌, %50 هۆكارى سه‌رنه‌كه‌وتنى به‌هۆى ئه‌و پلانه‌وه‌ بوو، كه‌ پیاده‌یكرد له‌و یارییه‌دا, كه‌ بریتیبوو له‌ 4/6/0 كه‌ پلانێكى تا ڕاده‌یه‌ك له‌لاى هه‌مووانه‌وه‌ سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌كراوبوو.

به‌ر له‌ واده‌ى ده‌ستپێكردنى یه‌كه‌مین یارى ئیسپانیا له‌ یۆرۆى 2012 هه‌رگیز چاوه‌ڕێم نه‌ده‌كرد به‌و پلانه‌ سه‌یره‌ یاری بكات, به‌ دانانى" داڤید سیلڤا و ئینێستا و فابریگاس" له‌ هێڵى پێشه‌وه‌ و یاری نه‌كردن به‌ هێرشبه‌رى ڕاشكاو و ڕاسته‌وخۆ. له‌پاش تۆماركردنى گۆڵى یه‌كه‌مى ئیتاڵیا له‌ لایه‌ن " ئه‌نتۆنیۆ دیناتالى" دێلبۆسكى یه‌كسه‌ر "فابریگاس"ى كرد به‌ هێرشبه‌رى ڕاشكاو, پرسیارى جه‌وهه‌رى لێره‌دایه‌، كاتێك دێلبۆسكى په‌ى به‌ كه‌ندوله‌ند برد له‌ نه‌خشه‌كه‌یدا، كاتێك فابریگاس ده‌كات به‌ هێرشبه‌رى ڕاشكاو, ئیدى بۆچى" فیرنادۆ تۆرێس)ى له‌سه‌ر كورسى یه‌ده‌گ دانیشاندووه‌؟ كه‌ یه‌ك له‌ هێرشبه‌ره‌ هه‌ره‌ ترسێنه‌ر و تۆقێنه‌ره‌كانى دونیایه‌, به‌ڵام ئه‌م ڕاهێنه‌ره‌ به‌ئه‌زموون و پڕ ته‌جوروبه‌یه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى زۆرێك له‌ ڕاهێنه‌رانى دونیاوه‌ ئیعتیبارێكى ته‌واى بۆ كۆى ئه‌و ڕه‌خنانه‌ دانه‌نا، كه‌ ئاراسته‌ی كرابوون, هه‌ر خودى دێلبۆسكى به‌وپه‌ڕى ته‌وازوعه‌وه‌ دانى به‌ هه‌ڵه‌ى خۆیدا نا له‌ یارى یه‌كه‌مى به‌رابه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى "ئیتاڵیا" ئه‌وه‌ بوو له‌ یارى دووه‌م له‌ دژى "ئایرله‌ندا" پلانى 4/5/1ى جێبه‌جێكرد. توانى 4-0 یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌, به‌ڵام ئامانج له‌م ڕاڤه‌كردنه‌ ته‌كتیكیه‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردن نییه‌ له‌سه‌ر یارى یه‌كه‌م، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت بارى سه‌رنجم بخه‌مه‌ڕوو ده‌رباره‌ى پلانى 4/5/1ى دێلبۆسكى له‌ یارى دووه‌م و یارى سێیه‌م, دێلبۆسكى له‌ گه‌ڕى دووه‌م به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى "ئایرله‌ندا" زۆر به‌ به‌هێزى ده‌ركه‌وت و هه‌ڵبژارده‌كه‌ى ئاستێكى ئێجگار به‌رزیان پێشكه‌ش كرد, له‌ دژى تیمه‌كه‌ى "تراپاتۆنى" به‌ربه‌ره‌كانێى سێیه‌مى ئێجگار سه‌خت و دژوار ده‌بێت, به‌ تایبه‌ت دواى یه‌كسانبوونى "كرواتیا" له‌ هه‌مبه‌ر "ئیتاڵیا". كه‌ یارییه‌كى زۆر به‌هێزبوو, پراندێلى بوو به‌ هۆى به‌خشینى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ به‌ كرواتیا, تاوه‌كو بتوانێت ئه‌نجامه‌كه‌ یه‌كسان بكاته‌وه‌, له‌كاتێكدا ئیتاڵیا چه‌ندین ده‌رفه‌تیان له‌كیس خۆیاندا له‌ تایمى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌دا. له‌ ئێستادا "دێلبۆسكى" ترسێكى گه‌وره‌ له‌سه‌ر دڵى نیشتووه‌, له‌ دواى ئه‌و ئه‌نجامه‌, جێبه‌جێكردنى پلانى 4/5/1له‌ دژى ئایرله‌ندا تائه‌ندازه‌یه‌كى باش سه‌ركه‌وتوو بوو, به‌ڵام پرسیارى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پلانى 4/5/1 سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ یارى سێیه‌م و یارییه‌كانى داهاتووى هه‌ڵبژارده‌ى ماتادۆر؟ گه‌ر هاتوو سه‌ركه‌وت بۆ قۆناغى 8 كه‌ نزیكه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ قۆناغى داهاتوو, با ئێستا ڕاڤه‌ى چه‌ند شێوه‌پلانێك بكه‌ين كه‌ پێده‌چێت دلبۆسكى تاقيبكاته‌وه‌ له ‌يارى سێهه‌مدا, سه‌ره‌تا باس له‌ پلانى ئاماژه‌ بۆكراو ده‌كه‌ین باشترین. پلانێك دێلبۆسكى جێبه‌جێى بكات به‌رابه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى"كرواتیا" به‌ڕاشكاوى ده‌ڵێم, پێویسته‌ " سێرجیۆ به‌سكێس" له‌سه‌ر كورسى یه‌ده‌گ جێنیشته‌ بكات! و هه‌ریه‌ك له‌ "چابى ئه‌لۆنسۆ و ئیكزابى هێرناندز" وه‌ك دوو یاریزانى ناوچه‌ به‌ژدارى پێبكات, چابى هێرناندز و ئه‌لۆنسۆ هه‌ر دووك له‌ خولگه‌ى ناوه‌ند یارى ده‌كه‌ن.

به‌ڵام دلبۆسكى بۆ ئاراسته‌ كردن و گواستنه‌وه‌ى تۆپه‌ درێژه‌كان بۆ لاته‌نیشته‌كان پیشت به‌ "ئه‌لۆنسۆ" ده‌به‌ستێت, هاوكات ئه‌م یاریزانه‌ كۆمه‌كى به‌رگریكاران ده‌كات, به‌شێوه‌یه‌كى زۆر سه‌ركه‌وتوو. هه‌روه‌ها "چابى هێرناندز" به‌ به‌رده‌وامى له‌هه‌ردوو ئه‌ركه‌ كه‌یدا یارمه‌تى ده‌دات به‌هه‌موو توانایه‌وه‌. به‌ڵام "ئه‌لۆنسۆ" پێویستى به‌ یاریزانێكى دیكه‌یه‌ یارمه‌تى بدات, ئه‌مه‌ به‌ومانایه‌ نا كه‌ هیچ كام له‌یاریزانانى هێڵى ناوه‌ڕاستى لاڕۆخا پاڵپشتى هێڵى به‌رگرى ناكه‌ن, نا چونكه‌ ئیسپانیا خاوه‌نى به‌هێزترین هێڵى ناوه‌نده‌ له‌جیهاندا, پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌ ئایا به‌ته‌نها ئه‌ركى ئه‌لۆنسۆیه‌ به‌رگرى بكات؟ بێگومان وه‌ڵام به‌ نه‌خێره‌. وا چاوه‌ڕانده‌كرێت دێلبۆسكى ڕاهێنه‌رى ئیسپانیا گه‌ربێت بیر له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى یاریزان نه‌كات ئه‌وا به‌هه‌مان پێكهاته‌ی یارى "ئایرله‌ندا" له‌ دژى كرواتیا یارى ده‌كات, چونكه‌ هه‌ڵبژارده‌ى كرواتیا خاوه‌ن هێڵكى ناوه‌ندى پته‌ و تۆكمه‌یه‌, به‌ ڕابه‌رایه‌تى" لۆكامۆدریچ" كه‌ ناوه‌ندێكه‌ زیاتر له‌خولگه‌ هێرشبه‌ریه‌كه‌دا وه‌ده‌ر ده‌كه‌وێت. ئایا ئه‌لۆنسۆ پابه‌ند ده‌بێت به‌ یارمه‌تیدانى هێڵى به‌رگری تیمه‌كه‌ى ؟ چونكه‌ له‌ یارى ئایرله‌ندا, زیاد له‌پێش یارى ده‌كرد هیچ رۆِڵێكى به‌رگریكارى نه‌خستبووه‌ ئه‌ستۆى خۆى, زیاتر وه‌ك ناوه‌ندێك كه‌ مه‌یلى هێرشبه‌رى زاڵبوو به‌سه‌ر شێوازى یاریكردنیدا, پێویسته‌ هه‌م ئه‌لۆنسۆ هه‌م "چاڤى" یارمه‌تى به‌رگریكاران بده‌ن, به‌هه‌موو هێزوو وه‌زه‌یه‌كیانه‌وه‌ هه‌رچى له‌ توانایاندا هه‌یه‌ بیخه‌نه‌گه‌ڕ, تاوه‌كو هێڵى به‌رگرى تووشى گیروگرف نه‌بێت, هه‌رچى "چاڤى هێرناندز"ه‌ ده‌بێت وه‌ك ناوه‌ندێك ده‌ركه‌وێت كه‌ له‌پشته‌وه‌ى هێرشبه‌ره‌كه‌وه‌ وه‌ك یاریساز مامه‌ڵه‌ بكات, به‌كورتى پێویسته‌ چاڤى ببێت به‌ یارمه‌تى ده‌رى هێرشبه‌ر, هاوكات تۆپ بگوازێته‌وه‌ بۆ لاته‌نیشته‌كان, ده‌ورێكى باڵا َبگێرێت له‌ ڕێكخسته‌وه‌ى ئاوازى یارى "ئیسپانیا". ئه‌وه‌ ئه‌ركى چاڤیه‌ تۆپ به‌گه‌یه‌نێت به‌ هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانانى هێڵى پێشه‌وه‌ وه‌ك یاریسازى نێوه‌ندى گۆڕه‌پانه‌كه‌ كه‌ پێكدێن له‌ هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان " سیلڤا, ئینێستا, تۆرێس" به‌ژداریكردن به‌ "تۆرێس " گه‌واهیده‌رى ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ پلانى یاریكردنى "ئیسپانیا" له‌ هه‌مبه‌ر "ئیتاڵیا" به‌بێ هێرشبه‌ر له‌ قوڵایدا زیانى گه‌یاند به‌ ڕۆڵى هێڵى پێشه‌وه‌ى ماتادۆر, باشرین ئه‌رگۆمێنتێك وه‌كو هۆ بیهێنینه‌وه‌, ئه‌نجامى یارى "ئیسپانیا" بوو به‌رابه‌ر "ئایرله‌ندا" كه‌ "تۆرێس" توانى دوو له‌و چوارگۆڵه‌ى (تیمه‌ سورپۆشه‌كه‌ى) تۆماربكات, به‌هۆى سه‌ركه‌وتنى ئه‌و پلانه‌وه‌ به‌گرنگى ده‌زانم دلبۆسكى له‌یارى "كرواتیا" پلانێكى دیكه‌ تاقیبكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش پلانى 4/3/2/1وه‌ وه‌ك به‌خشینى ده‌رفه‌ت به‌چه‌ند یاریزانێك تاوه‌كو تواناى خۆیان بسه‌لمێنن و ئاشرابێت بۆ ((دێلبۆسكى ))كه‌ تاچه‌ند ده‌توانن ببن به‌ یارمه‌تیده‌رێكى باش بۆ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ى (لاڕۆخا). به‌شداریكردن به‌ دوویاریزان له‌ لاته‌نیشته‌كانه‌وه‌, له‌ جێگاى "سیلڤا و ئینێستا" هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان"خیسووس ناڤاس و سیسك فابیریگاس" بخاته‌ جێگه‌ى دوو یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ تائه‌ندازه‌یه‌ك پێیده‌گوترێت ده‌ستنیشانكردنى ته‌كتیكى, هه‌روه‌ها ((خوان ماتا)) وه‌ك یاریساز دياريبكات, كه‌ یه‌ك له‌ یاریزانه‌ ئاستبه‌رزه‌كانه‌ له‌ لاته‌نیشته‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌تى له‌ یانه‌ى "چێڵسى" ده‌یبینین چ ڕۆڵێكى گرنگ ده‌گێرێت, بۆ پشوودان به‌((مايسترۆ))" به‌باشى ده‌بينم "خوان ماتا" بخاته‌ جێگاى ((چاڤى هێرناندز)) وه‌ك ده‌رفه‌تێك به‌ یاریزانه‌كه‌ى بلوزى "چێڵسى" و پشوودانێك به‌ مۆسیقار "چاڤى هێرناندز" چونكه‌ له‌بیرمان نه‌چێت تاوه‌كو ئێسته‌ له‌لاى ((دێلبۆسكى)) ڕۆشن نیه‌ كام له‌یاریزانه‌كانى سه‌ركورسى یه‌ده‌گ ده‌توانن له‌كاته‌ سه‌خته‌كاندا بێن به‌هاناى ئیسپانیاوه‌, چوون یه‌ك له‌ چه‌كه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانى هه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌كى ئاست بڵند بوونى یاریزانى یه‌ده‌گى به‌توانایه‌. كه‌م نین ژماره‌ى ئه‌و یاریزانه‌ ئاستبه‌رزانه‌ى ((ئیسپانیا)) كه‌ له‌سه‌ر كورسى یه‌ده‌گ داده‌نیشن.

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه