ته‌كتیكى ئینگلته‌را له‌ یۆرۆى 2012

ئه‌حمه‌د سه‌نگاوى:

ئاشلى كۆڵ جۆن تێرى لیسكۆت جۆنز

بێگومان هێڵى به‌رگرى هه‌ڵبژارده‌ى "ئینگلاند" هێڵكى ته‌واو ڕێكخراو تۆكمه‌یه‌, به‌هۆى بوونى چه‌ند یاریزانێكى ئاستبه‌رز و كاریگه‌ر, كه‌ تواناى به‌خشینى زیاتریان هه‌یه‌ به‌ تیپه‌كه‌, ده‌توانن كۆمه‌كیه‌كى گه‌وره‌ى هێڵى به‌رگرى سێ شێره‌كه‌ بكه‌ن. ((ئه‌شلى كۆڵ)) به‌رگریكارى چه‌په‌ى ((چێڵسى)) یه‌ك له‌ به‌رگریكاره‌ ئاستبه‌رزه‌كانى جیهانه‌, ئه‌شلى كۆڵ, له‌نموونه‌ى ئه‌و به‌رگریكاره‌ دانسقه‌ و ده‌گمه‌نانه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان له‌په‌نجه‌كانى هه‌ردوو ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن. ((ڕۆى هۆدسۆن))ى ڕاهێنه‌رى ئینگلته‌را, ئه‌م یاریزانه‌ وه‌كو كارتێكى به‌هێز به‌كارده‌هێنێت, بۆ سه‌ر ڕێگاخستنى هێرشه‌كان و یارمه‌تیدانێكى زیاتر به‌ئامانجى بیناكردنى هێرشه‌كان وه‌كو ڕێگه‌چاره‌یه‌كى زێده‌تر, ئه‌م ئه‌ستێره‌ ئه‌سمه‌ره‌ وه‌ك یاریزانى ده‌رچوو له‌و جێگه‌یه‌یى كه‌ بۆى دیاریكراوه‌ یاریده‌كات, توانایه‌كى باشى هه‌یه‌ له‌ پایه‌ماڵكردنى تیپى به‌رابه‌ر له‌وكاتانه‌ى هه‌وڵى تێپه‌ڕبوون ده‌دات, ده‌توانێت ژماره‌ زۆرى له‌ به‌شه‌ یاریگاى تیپه‌ نه‌یاره‌كه‌یدا چێ بكات, هاوكات هێز ووزه‌یه‌كى ئێجگار باشى هه‌یه‌ له‌ به‌رگریكردن و ڕووماڵكردنى هێڵى پشته‌وه‌. به‌كورتى هه‌ریاریزانێك له‌ به‌رانبه‌ر ((ئاشلى كۆڵ)) یارى بكات ئاسته‌نگیه‌كى فره‌ دێته‌ پێشى, چونكه‌ ئه‌سته‌م و دژواره‌ ئاشلى كۆڵ ڕێگه‌ به‌ویاریزانه‌ بدات كه‌ ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌, توشى چه‌رمه‌سه‌رى و گرفتارییه‌كى خراپى ده‌كات, چون ئه‌م یاریزانه‌ به‌رگریكاره‌ ناوداره‌, له‌یه‌ككاتدا خاوه‌نى كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندى به‌نرخه‌, هه‌رله‌ خێرایى و له‌ش نه‌رمى و لایه‌نى هونه‌رى و شوێنگرتن و جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى ته‌كتیكى, تاده‌گات به‌ چه‌ندین سیفه‌تى دیكه‌ كه‌ ئێمه‌ ناتوانین به‌م په‌له‌ پڕوزكێیه‌ ئاماژه‌ى پێبده‌ین.

جۆن تێرى, به‌رگریوانى له‌ خاچده‌ر, به‌رگریكارێك ده‌زانێت چۆنه‌هایى چه‌رخى هێرشبه‌ر له‌ چه‌مه‌ر هه‌ڵبكێشێت, هێزوو توانایه‌كى له‌ حه‌دبه‌ده‌رى هه‌یه‌ له‌ دڵى به‌رگرى و له‌قووڵایى به‌رگریدا, به‌تایبه‌تى له‌ چاودێرى تاكه‌كه‌سى و كۆنتڕۆڵكردن ڕۆڵێكى كاریگه‌ر ده‌گێڕێت, بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هاوسه‌نگى له‌ هێڵى به‌رگرى تیپه‌كه‌ى... ئه‌م یاریزانه‌ به‌ئاسانى مۆڵه‌ت نادات به‌ هێرشبه‌رانى دژبه‌ر به‌ئاره‌زووى خۆیان مامه‌ڵه‌ بكه‌ن له‌م ناوچه‌ ئاڵۆزو به‌رته‌سكه‌ى كه‌پێى ده‌گوترێت ناوچه‌ى سزا, ((جۆن تێرى)) به‌و پێیه‌یى" سه‌ركرده‌ى تیپه‌كه‌یه‌" ڕۆڵكى باڵا ده‌گێڕێت, له‌ ڕێنمایكردنى یاریزانان, هه‌روه‌ها له‌كاتى جێبه‌جێكردنى تۆپه‌ جێگیره‌كان, ((جۆن تێرى)) مایه‌ى مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ده‌روازه‌ى تیپى به‌رابه‌ر. به‌تایبه‌ت له‌ لێدانى سه‌ر هه‌میشه‌ مایه‌ى ترسێكى گه‌ره‌یه‌ له‌دڵى ئه‌و تیپه‌ى ئه‌م له‌دژى ده‌جه‌نگێت.

لیسكۆت, به‌رگریكارێكى ئاستبه‌رزو لێهاتووه‌, خاوه‌نى وه‌ره‌یه‌كى زۆ ربه‌رزه‌, پاش ئه‌وه‌ى ( مان سیتى) ناسناوى "پرێمه‌رلیگ"ى به‌ده‌ستهێنا له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى, متمانه‌ به‌خۆبوونى گه‌یشتۆته‌ ترۆپك, ئه‌م به‌رگریكاره‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ هێزى جه‌سته‌یى, به‌ریككه‌وتن و لێكخشان و سوودمه‌ندبوون له‌پته‌وى جه‌سته‌ى به‌هێزى, زۆربه‌ى كه‌ڕه‌ت سه‌رئێشه‌ بۆ به‌رابه‌نبه‌ره‌كه‌ى دێنێته‌ گۆڕێ. به‌كورتى هاوكارێكى ئه‌رێنى "جۆن تێرى" ده‌بێت وه‌كو دوو به‌رگریكار هاوشانى یه‌كدى پشتیوانى له‌هێڵى به‌رگرى سێ شێره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

جۆنز,وه‌ك یاریزانى جۆكه‌ر"هۆدسۆن" به‌كارى ده‌هێنێت بۆ ساته‌وه‌خێك كه‌ تێیدا بۆشایى دروست ده‌بێت یان یاریزانێك له‌ جێگایه‌ك ناتوانێت به‌باشى ئه‌ركه‌كه‌ى ڕاپه‌ڕێنێت, ئه‌م یاریزانه‌ ده‌خرێته‌ ئه‌و جێگایه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ خاڵى لاواز یاخود له‌كاتى كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى یاریزان, چ به‌كارتى سوور, چ به‌ هۆى پێكرانه‌وه‌, ئه‌م یاریزانه‌ ده‌توانێت كاریگه‌رانه‌, تۆپه‌ به‌رزو ئاسمانیه‌كان ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌ى سزابكات بۆ شڵه‌قندنى گۆمه‌كه‌ له‌پێناو نانه‌وه‌ى پشێوى له‌ناوچه‌ى سزاى دژبه‌ر.

 

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه