خافێر زانێتى، سیمبولى پیشه‌گه‌رێتى له‌ تۆپى پێدا

ئه‌حمه‌د سه‌نگاوى:

به‌و پێیه‌ى کاپتنى تیپه‌کان به‌رپرسیاریه‌تیه‌کى زیاتریان له‌سه‌رشانه‌ به‌ به‌راورد به‌ یاریزانانه‌کانى دیکه‌ى تیپ، بۆیه‌ پێویستییه‌کى به‌رده‌وامه‌ زۆر به‌رپرسیارانه‌ کردار بنوێنن، بۆ وێنا زۆربه‌ى که‌ڕه‌ت ده‌بینن له‌ خول و پاڵه‌وانیه‌تیه‌کاندا بڕێک له‌کاپتنى تیپه‌کان هیچ گوێیه‌ک به‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌ ناده‌ن و زۆر بێباکانه‌ له‌نێو گۆڕه‌پانى تۆپى پێ دا ڕه‌وتارى ناجۆر ده‌نوێنن، بۆ وێنا چه‌ندین جار (جۆنتێرى، فراچیسکۆ تۆتى و...) ده‌بینین به‌هۆى به‌نارشیه‌ت و توندوتیژیه‌وه‌ ناوبژیوان به‌ کارتى سوور له‌ ئه‌نجامدانى یارى بێبه‌شیان ده‌کات، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ده‌بێت کاپیتان له‌ سه‌رله‌به‌رى یاریزانانى دى هۆشیارانه‌تر مامه‌ڵه‌ بکه‌ن، به‌ڵام له‌به‌رابه‌ر ئه‌م چه‌شنه‌ له‌ کاپیتان جۆرێکى هه‌یه‌ که‌ ئێجگار دانسقه‌ و ده‌گمه‌نن، ئه‌و یاریزانانه‌ى که‌ هێماى رابه‌رایه‌تى له‌ قۆڵیان ده‌ئاڵێنن و ده‌بن به‌ کاپتنى تیپه‌که‌یان، قودره‌ت و توانایه‌کى باشیان هه‌بێت له‌ ڕاگرتنى هاوسه‌نگى و باڵانس له‌ نێوان خۆیان و یاریزانان و ڕاهێنه‌ران و جه‌ماوه‌راندا، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپانه‌ى که‌ له‌ ساڵانى پێشوودا له‌ دژیان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

(خافیه‌ر زانێتى) یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى ئه‌رجه‌نتینى ته‌مه‌ن (39)ساڵ، یه‌ک له‌و کاپیتانه‌ دیار و به‌رچاوانه‌یه‌، که‌ بووه‌ته‌ سیمبوولى ڕێز و وه‌فا و ئه‌مه‌کدارى و ڕه‌وشتبه‌رزى. زانێتى ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌یه‌ که‌ له‌ ساڵى (1995)وه‌ گرێبه‌ندى ده‌گه‌ڵ یانه‌ى (ئینته‌ر میلان)ى ئیتاڵى واژۆ کردووه‌. به‌درێژایى حه‌ڤده‌ ساڵى ڕابووردووى یاریکردنى له‌ یانه‌که‌ى شارى میلانۆـ تا هه‌نووکه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ یاریزان و ڕاهێنه‌ر و هه‌وادارى یانه‌که‌ زۆر ئارام و له‌سه‌رخۆ ڕه‌فتارى نواندووه‌ و توانیویه‌تى خاوه‌نى که‌سایه‌تییه‌کى زۆر به‌هێز و پته‌و بێت، به‌ چه‌شنێک وه‌ک خۆشه‌ویسترین یاریزانى یانه‌ى (نیراتزۆرى) باسى لێوه‌ ده‌کرێت، گه‌ر بڵێین زانێتى له‌ ڕووى پیشه‌گه‌رێتییه‌وه‌ جوانترین و قه‌شه‌نگترین وێنه‌ى پێشکه‌ش کردووه‌، زیاده‌ڕۆییمان نه‌کردووه‌، چونکه‌ که‌م کاپتن هه‌یه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى زانێتى خاوه‌نى ئه‌و ڕه‌وشت و خه‌لاقییه‌ته‌ به‌رز و باڵایه‌ بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى خزمه‌تێکى زۆر گه‌وره‌ى به‌ یانه‌که‌ى کردووه‌، که‌ توانیویه‌تى له‌ زۆر جێگاى یلریگادا یارى بکات و که‌لێنه‌کان پڕ بکاته‌وه‌، واتا وه‌کو یاریزانێکى جۆکه‌ر له‌ یاریگادا ده‌رکه‌وتووه‌. جارێک به‌رچاومان نه‌که‌وت که‌ ئه‌م یاریزانه‌ ئه‌رجه‌نتینییه‌ کێشه‌ى دروست کردبێت له‌گه‌ڵ یاریزانانى هاوکارى، ته‌نانه‌ت به‌ چاوێکى پڕ ڕێز و حورمه‌ته‌وه‌ له‌ تیپى به‌رانبه‌رى ڕوانیوه‌.

بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ یاریزانانه‌ هێنده‌ ده‌گمه‌نن، پێویسته‌ به‌ چاویلکه‌ى وردبینى بۆیان بگه‌ڕێین، نووسین له‌سه‌ر ناوازه‌یى و ڕه‌وشتبه‌رزى و ئاکرى جوانى ئه‌م کاپتنه‌ له‌ یاریگادا زۆر له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵده‌گرێت، که‌ من له‌ گۆشه‌یه‌کدا جێى بکه‌مه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌فسوونى ئه‌م یاریزانه‌ هه‌ر له‌ گۆڕه‌پانى نیشتمانه‌که‌یه‌وه‌ (ئه‌رجه‌نتین) تا ده‌گاته‌ خولى کاڵچۆى ئیتاڵى "ئه‌م خوله‌ له‌ ساڵانى پێشوودا ناوه‌ مۆندیالى بچووکى لێ نرابوو".

زانێتى له‌ هه‌ڵکشانى ئاستى یانه‌که‌یدا هه‌موو هه‌وڵێکى داوه‌ و تواناکانى خۆى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خستووه‌ته‌گه‌ڕ، له‌ پێناو خۆشنوودکردنى ته‌ره‌فگیرانى یانه‌ى ئینته‌ر میلان. ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ى ئه‌لبى سێلێستى سه‌خاوه‌تێکى له‌ ئه‌ندازه‌ به‌ده‌رى له‌ به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و خزمه‌تکردنى یانه‌ ئیتاڵییه‌که‌ نیشانداوه‌، له‌ پێناو گه‌یاندنى ئاستى یانه‌که‌ى به‌ چڵه‌پۆپه‌ و دوندى سه‌رکه‌وتن.

گرنگییه‌کى ترى ئه‌وه‌یه‌، که‌ له‌و ماوه‌ زۆره‌ى ته‌مه‌نى یاریکردنى له‌ یانه‌ شینپۆشه‌که‌ زۆر به‌ که‌مى له‌سه‌ر کورسى یه‌ده‌گ دانیشتووه‌ و به‌ به‌رده‌وامى یه‌ک له‌ کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کییه‌کانى تیپه‌که‌ى بووه‌ و وه‌کو ڕابه‌رى تیپه‌که‌ و ڕاهێنه‌رى دووه‌مى یاریزانان له‌ نێو یاریگادا ڕۆڵى به‌رچاوى گێڕاوه‌ له‌ خرۆشان و جۆشدانى یاریزانانى هاوه‌ڵى، هێنده‌ غه‌مخۆرانه‌ و دڵسۆزانه‌ تێکۆشاوه‌ له‌ خزمه‌تکردنى تیمه‌که‌یدا، وه‌ک ئه‌وه‌ى یانه‌که‌ى پارچه‌یه‌ک بێت له‌ ڕۆحى خافییه‌ر. گه‌ر بڵێین له‌ بیست ساڵى ڕبووردووى یانه‌ى ئینته‌ر میلان زانێتى له‌ کن هه‌وادارانى یانه‌که‌ به‌ خۆشه‌ویسترین و وه‌فادارترین یاریزان دێته‌ هه‌ژمار، ئه‌وا دانمان به‌ ڕاستییه‌کى حاشا هه‌ڵنه‌گردا ناوه‌، چونکه‌ لێبڕاوانه‌ جه‌نگاوه‌ و به‌ عومرێکى درێژه‌وه‌ (39ساڵ) ئه‌وه‌نده‌ چالاکه‌، هه‌ست ده‌که‌یت لاوێکى بیست به‌هاره‌یه‌.

له‌ کۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، کاپیناتى پێچرانى پارچه‌ قووماشێک نییه‌ له‌ قۆڵ، به‌ڵکو به‌رپرسیارێتییه‌کى زۆر گه‌وره‌یه‌، به‌ جۆرێک له‌سه‌ر ئه‌و یاریزانه‌ى ئه‌م هێمایه‌ ده‌کاته‌ قۆڵى، پێویسته‌ لایه‌ق به‌م نیشانه‌یه‌ بێت، چونکه‌ وه‌کو سومعه‌ و هه‌یبه‌ت و شکۆى تیپه‌که‌ لێى ده‌ڕوانرێت، ناکرێت یاریزانێکى هه‌ڵه‌شه‌ و ده‌روونشێواو هه‌ڵگرى ئه‌م جۆره‌ به‌رپرسیارێتییه‌ بێت

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه