ته‌كتیكى زیكۆ، له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى ئوردندا

ئەحمەد سەنگاوی:

(باسم عه‌باس ___ على حسَن ره‌حیمه‌ ___ سه‌لام شاكیر ___ ساماڵ سه‌عید)

ڕاهێنه‌رى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق (زیكۆ) له‌ زۆربه‌ى یارییه‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا پشت به‌ چوارینه‌ى به‌رگریكاران ده‌به‌ستێت و توانیویه‌تى لێكگه‌یشتن و لێكحاڵیبوونێكى زۆر باش له‌ نێوان ئه‌م چوار به‌رگریكاره‌دا دروست بكات, به‌تایبه‌تى له‌ قووڵایى به‌رگریدا, به‌چه‌شنێك (سه‌لام شاكیر، على ڕه‌حیمه‌) به‌ باشى ده‌زانن چۆناوچۆن جووڵه‌ ده‌كه‌ن و چۆن هه‌ڵه‌ى یه‌كدى ڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌, هه‌ریه‌كه‌ و ئه‌ركى بنچینه‌یى خۆى ده‌زانێت، به‌تایبه‌تى له‌كاتێكدا كه‌ هێرشبه‌رانى هه‌ڵبژارده‌ى (ئوردن) هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى قوڵایى به‌رگرى بده‌ن, پێم وایه‌ ئه‌م جووت به‌رگریكاره‌ى دڵى به‌رگرى ده‌زانن به‌ چ شێوه‌یه‌ك ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌, هه‌روه‌ها به‌هۆى بوونى به‌رزى به‌ژنیانه‌وه‌ ده‌توانن ڕێگرى له‌ سره‌واندنى تۆپ بكه‌ن له‌ ڕێگاى سه‌ره‌وه‌، سه‌ربارى كه‌ڵه‌گه‌تیان، توانایه‌كى زۆر باشیشیان هه‌یه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دا (جامپ).

هه‌رچى به‌رگریكارانى لاته‌نیشته‌ له‌لاى چه‌په‌وه‌ ( باسم عه‌باس)، یه‌ك له‌ كاره‌ گرنگه‌كانى ئه‌م یاریزانه‌ ڕووماڵكردنه‌، هاوكات ئه‌ركێكى دیكه‌ى هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌كاتى بیناكردنى هێرشه‌كاندا بتوانێت به‌وپه‌ڕی داناییه‌وه‌ خۆى تێكه‌ڵ به‌ یاریزانانى هێڵى ناوه‌ندى عێراق بكات. زیكۆى ڕاهێنه‌ر متمانه‌یه‌كى ته‌واوى به‌ (باسم عه‌باس) هه‌یه‌ له‌ به‌رگرتن له‌ هه‌وڵى یاریزانانى دژبه‌ر له‌ ئۆڤه‌ركردن و ناردنى تۆپ به‌شێوه‌ى به‌رزى و به‌ ئاراسته‌ى پانى یاریگاكه‌دا, باسم عه‌باس به‌پێى ئه‌زموونى چه‌ند ساڵه‌ى یاریكردنى له‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌ى, به‌ وریاییه‌كى زیاتره‌وه‌ ئاسته‌نگ دێنێته‌ پێش به‌رابه‌ره‌كه‌ى له‌ چۆنیه‌تى ئۆڤه‌ركردندا و ده‌زانێت چۆن ده‌رگا به‌ڕووى به‌رابه‌ره‌كه‌یدا داده‌خات.

هه‌رچى ( ساماڵ سه‌عید)یشه‌ له‌یه‌ككاتدا هه‌م به‌رگریكاره‌، هه‌م هێرشكار, زیكۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ى بۆ (ساماڵ)ى دیاری كردووه‌، ئه‌نجامى تێگه‌یشتنه‌ له‌ ئاست باڵایى ئه‌م به‌رگریكاره‌ له‌ ڕووى هونه‌رییه‌وه‌, پشتبه‌ست به‌ ئاستى هونه‌رى و خێرایى و كارامه‌یى، له‌گه‌لأ بوونى مه‌یلێكى هێرشبه‌رى له‌م به‌رگریكاره‌دا.

 

(قوسه‌ى مونیر _____ موسه‌نا خالد _____ نه‌شئه‌ت ئه‌كره‌م)

یاریكردن به‌ سێ یاریزان له‌ هێڵى ناوه‌ند, مه‌یلێكى ته‌واو به‌ڕازیلییه‌ و ده‌رهێنانى عێراقه‌ له‌و پلانه‌ كلاسیكیه‌ ده‌قپێوه‌گرتووه‌ى پێشوو، كه‌ به‌رده‌وام گیرى خواردبوو به‌ ده‌ست پلانى 4_4_2 ، زیكۆ له‌ كاتى ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌ گرنییه‌كى زۆرى به‌ (موسه‌نا خالد) داوه‌ له‌ ناوچه‌ى چه‌ق، یان ئیرتیكاز، ئه‌م ناوچه‌یه‌ شوێنى لێوردبوونه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ر جووڵه‌ و چالاكییه‌ك، كه‌ ده‌كرێت له‌ نیوه‌یاریگاى هه‌ڵبژارده‌ى عێراقدا, ئیشى ئه‌م یاریزانه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ وردى چاودێرى هه‌موو جموجۆڵێكى یاریزانانى بژارده‌ى (ئوردن) بكات. گرنگى موسه‌نا خالد له‌وه‌دایه‌ یاریزانێكى لاوه‌ و زۆر چالاكه‌ له‌ یاریگادا و له‌لایه‌ن زیكۆوه‌ له‌ زۆربه‌ى یاریه‌كاندا پشتى پێ ده‌به‌سترێت له‌ ناوچه‌ى نێوان نێوه‌ند و به‌رگریدا.

هه‌رچى (قوسه‌یى مونیر)ه‌, دوو ئه‌ركى سه‌ره‌كى هه‌یه‌، یه‌كه‌م به‌ستنه‌وه‌ى به‌رگرى به‌ نێوه‌نده‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یاندنى نێوه‌ند به‌ هێڵى پێشه‌وه‌, به‌و پێیه‌یى ئه‌زموونێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى تۆپى پێى عه‌ره‌بى, ده‌توانێت زۆر به‌ باشى ئه‌ركه‌ زه‌حمه‌ته‌كه‌ى ڕابپه‌ڕێنێت، كه‌ خۆى له‌ هاریكارى (موسه‌ناخالید و نه‌شئه‌ت ئه‌كره‌م) دا ده‌بینێته‌وه‌, واتا هه‌م به‌رگریكار، هه‌م گۆڵساز. وه‌لێ ناكرێت ئه‌و خاڵه‌ فه‌رامۆش بكه‌ین, كه‌ ئه‌ركى بنه‌ڕه‌تى (قوسه‌ی) بریتییه‌ له‌ ڕاگرتنى باڵانس له‌ هێڵى نێوه‌ڕاست و زیادكردنى ژماره‌ى برگریكاران، چونكه‌ له‌كاتى وه‌رگرتنه‌وه‌ى تۆپ له‌ لایه‌ن ئوردنه‌وه‌ پێویسته‌ به‌رگریكارانى عێراق به‌ موسه‌نا خالید و قوسه‌ى مونیره‌وه‌ ببن به‌ 6 به‌رگریكار و ژماره‌ زۆرى دروست بكه‌ن و نه‌هێڵن بۆشایى دروست بێت له‌ نزیكى هه‌ژده‌یارده‌.

(نه‌شئه‌ت ئه‌كره‌م) كه‌ به‌ مایسترۆى تیپه‌كه‌ دێته‌ هه‌ژمار, له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌ به‌توانایه‌ پێویسته‌ هه‌م تواناى گۆڵسازانى هه‌بێت و هه‌م بتوانێت هه‌ردوو لاته‌نیشته‌ هێرشكاره‌كه‌ چالاك بكات و به‌ به‌رده‌وامى یارمه‌تى یاریزانانى هێڵى پێشه‌وه‌، یاخود هه‌ر یاریزانێك كه‌ ده‌چێته‌ دۆخى هێرشبه‌رییه‌وه‌، گرنگه‌ به‌وپه‌ڕى وردبینییه‌وه‌ تۆپ ئاراسته‌ى پێشه‌وه‌ بكات. پاشان گرنگه‌ نه‌شئه‌ت له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌رفه‌تى بۆ ڕه‌خسا تۆپ بهاوێژێت به‌ ئاراسته‌ى گۆڵى تیپى نه‌یار، ناكرێت كات به‌فیڕۆ بدات و به‌بێ هۆ تۆپ له‌ لاى خۆى گلبداته‌وه‌، ئیشى سه‌ره‌كى نه‌شئه‌ت هێنده‌ى چالاككردنى تیپه‌كه‌یه‌، هێنده‌ خۆنمایش كردن نییه‌.

 

(كه‌رار جاسم _____ یونس مه‌حموود _____ هه‌وار مه‌لا موحه‌مه‌د)

هێڵى هێرشبردنى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق له‌وپه‌ڕى ئاستبه‌رزیدا ده‌ژى, له‌ دواى خستنه‌گه‌ڕى ئه‌و بیرۆكه‌ گرنگه‌ له‌لایه‌ن زیكۆوه‌ توانى عێراق له‌ تاك هێرشبه‌رى ده‌رباز بكات, چونكه‌ پێشتر ته‌نیا پشت به‌ (یونس) ده‌به‌سترا، وه‌لێ له‌سه‌ر ده‌ستى زیكۆى ڕاهێنه‌ر به‌ سێ هرشبه‌ر یارى ده‌كات، له‌ لاى چه‌پ و ڕاسته‌وه‌ (هاوار و كه‌رار) ده‌توانن كۆمه‌كییه‌كى زیاترى (یونس) بكه‌ن، كه‌ به‌ته‌نها له‌ ناوچه‌ى سندووقیدایه‌، ئه‌م دوو یاریزانه‌ ده‌توانن كارێك بكه‌ن، كه‌ به‌ ئاسانى نه‌توانرێت چاودێرى هیچ كام له‌ یاریزانان بكرێت، ده‌توانن به‌پاساتى كورت و به‌ تۆپى به‌ینى یارى بكه‌ن و به‌ گواستنه‌وه‌ى تۆپى به‌رز گوشار و پاڵه‌ په‌ستۆى زێده‌تر بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌روازه‌ى هه‌ڵبژارده‌ى (ئوردن).

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه