شه‌رمه‌زارى ياريكردن به‌ ئه‌نجام له‌ ئيتاڵيا!!!

ئه‌حمه‌د سه‌نگاوى:

ده‌رباره‌ى ئه‌و فه‌سادييه‌ى كه‌ خولى ئيتاڵيا, به‌ به‌رده‌وامى ده‌ست و په‌نجه‌ى له‌گه‌ڵدا نه‌رم ده‌كات, بووه‌ به ‌مايه‌ى نيگه‌رانى بينه‌رى تۆپى پێ له‌ ئيتاڵيا و هه‌ڵبژارده‌ى ئازورى, شه‌رمه‌زاريه‌كى گه‌وره‌, له‌ هه‌يبه‌ت و سومعه‌ى خولى كاڵچۆى داوه‌‌, ئه‌م ناوزڕاندن و گه‌نده‌ڵى و فه‌ساديه‌ پڕمه‌ترسيه‌, به‌ئه‌ندازه‌يه‌كى گه‌وره‌ له‌ شكۆ و هه‌يبه‌ت و سومعه‌ى تۆپى پێى له‌م وڵاته‌ له‌كه‌دار ده‌كات ‌. ياريكردن به ‌ئه‌نجام كه‌ به‌ (( كالچيۆ بۆڵى)) ناسێنراوه‌, بووه‌ به‌مايه‌ى شه‌مه‌زارىيه‌كى ترسناك, نه‌نگيه‌كى گه‌وره‌يه‌ بۆ وڵاتێكى خاوه‌ن مێژووى وه‌ك ئيتاڵيا و خوله‌كه‌ى, كه‌ نێوبانگى گه‌يشتووه‌ته‌ هه‌مووكيشوه‌ره‌كانى سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌يه‌.. ئه‌وه‌ى مايه‌ى مه‌ترسيه‌كى گه‌وره‌يه‌, ئه‌م ديارده ‌ناچيزه ‌و قێزه‌ونه‌ له‌ ساته‌وه‌ختێكى ئێجگار هه‌ستياردا سه‌رده‌ردێنێت. شه‌ش ساڵ له‌مه‌وپێش و به‌ دياريكراوى به چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له‌واده‌ى ده‌ستپێكردنى جامى جيهانى2006, ده‌نگۆى ياريكردن به ‌ئه‌نجامى ياريه‌كانى ((خولى ئيتاڵى)) بڵاو بووه‌ وه... ئه‌مێستاكه‌ دواى ئه‌و پاڵه‌وانييه‌تيه‌ گه‌وره‌يه‌ واديسان مۆته‌كه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌چه‌ند ڕۆژێكى كه‌م پێش ده‌ستپێكردنى جامى نه‌ته‌وه‌كانى ئه‌وروپا(يۆرۆ), هه‌مان ديارده‌ى شه‌رمه‌زار كه‌رو ئابڕووبه‌ر, سه‌رى ده‌رهێنايه‌وه‌. له‌م ساته‌ وه‌خته‌ هه‌ستيارو زۆرناسكه‌دا, دواى ئه‌و تێكشكانه‌ گه‌ورانه‌ى ئيتاڵيا له‌ 2008 و 2010تووشى هات. ئه‌وه‌بوو ئازوورى بوو به‌ هۆى, تێپه‌ڕ نه‌كردنى هه‌ڵبژارده‌كه,‌ له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵه‌كان, ئيتاڵيا جارێكى ديكه‌ خۆى ساز و ئاماده‌كردووه‌ بۆ كێبڕكێكردن بۆ به‌ده‌ستهێنانى(يۆرۆ). ئه‌فسووس, ئه‌م هه‌واڵه‌ نه‌شاز و بێزاركه‌ره‌ به‌گوێچكه‌ى ته‌ره‌فگيرانى هه‌ڵبژارده‌كه‌, كه‌م تازۆر, كاريگه‌رى نه‌رێنى جێده‌هێڵت له‌سه‌ر بارى ده‌روونى ياريزانانى بژارده‌كه‌, هه‌ڵبژارده‌كه‌ تووشى داڕوخان و تێكشكان و ئيفليجبوون و گۆجبوون ده‌كات, به‌دوورى نازانم ئيتاڵيا بكاته‌ قوربانى گه‌وره,‌ له‌م پاڵه‌وانيه‌تيه‌دا, به‌رله‌ وه‌ى كاڵچۆ گۆرزى به‌ركه‌وێت (ئيتاڵيا)ى به‌فه‌تاره‌ت و فه‌وتاندا ده‌بات,

ڕه‌نگه‌ بگوترێت, ئيتاڵيا, دواى بڵاو بوونه‌وه‌ى هه‌واڵى فه‌زيحه‌ى كاڵچۆ بۆڵى, له‌ پێش مۆنديالى 2006 كه‌چى له‌و په‌ڕى ئاست خراپيدا نازناوه‌كه‌ى به‌ده‌ستهێنا, به‌ڵام مه‌رج نيه‌ هه‌ميشه‌ شكست ببێت به‌مايه‌ى سه‌ركه‌وتن, مه‌رج نيه‌ هه‌موو غه‌مێك به‌ خۆشنوودى قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌. من ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم سه‌ربارى ڕێزگرتن له‌ ياسا, بريا هوروژاندنى ئه‌م باسه‌ دوابخرايه,‌ بۆ دواى پاڵه‌وانێتى يۆرۆى 2012. ئاخر له‌وڵاتێكى له‌چه‌شنى ئيتاڵيا كێ ده‌توانێت له ‌ده‌ستى ياسا هه‌ڵبێت, بريا ئه‌و كه‌يسه‌ دوابخرايه,‌ بۆ دواى جامه‌كه‌. چونكه‌ ئه‌م ئه‌زمه‌يه‌ ئيستغلال ده‌كرێت, له‌لايه‌ن ميدياو ڕۆژنامه‌كانه‌وه‌, بۆ پڕفرۆشى بڵاو كراوه‌كان ڕه‌نگه‌ سه‌رئه‌نجاميش ئيتاڵيا ببێت به‌ قۆچى قۆربانى ئه‌م خه‌به‌رو باسه‌.

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه