گێڵگه‌ى په‌تاته‌ى میلان؟ یان جه‌نگى سایكۆلۆژى به‌رشه‌لۆنه‌

ئه‌حمه‌د سه‌نگاوى:

گرفتى گه‌وره‌ له‌وه‌د انییه‌ كه‌سێك لێت تێنه‌گات، به‌ڵكۆ گرفتارییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رابه‌ره‌كه‌ت نه‌یه‌وێت تێبگات, له‌پاش بڵاوكردنه‌وه‌ى بابه‌تێكى براتان, به‌ ناونیشانى"بیانووه‌ به‌رده‌وامه‌كانى به‌رشه‌لۆنه‌" تیایدا باسم له‌و خاڵه‌ كرد كه‌ یانه‌ى ((به‌رشه‌لۆنه‌)) به‌رابه‌ر یانه‌یه‌كى به‌ هێز ناتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت, شكست و یه‌كسانبوونى خۆى ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى ده‌ره‌وه‌ى یانه‌كه‌ و ستافى ڕاهێنه‌ران, ئه‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ جه‌نگێكى ده‌روونى گه‌وره‌ كه‌ به‌رابه‌ر دژبه‌ره‌كه‌ی ئه‌نجامى ده‌دات. به‌ دووریشى نازانم ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت, تاوه‌كو له‌ هه‌یبه‌تى یانه‌كه‌ دانه‌به‌زێت و له‌ پێش چاوى دونیا و جۆرێك بێت له‌ سه‌رقاڵكردنى میدیاكان, به‌ (بینراو و بیستراو و نووسراو) تاوه‌كو زوومى ڕه‌خنه‌كانیان له‌سه‌ر یاریزانانى یانه‌كه‌ نه‌بێت و سه‌رقاڵى گواستنه‌وه‌ى ئه‌م گێرمه‌وكێشانه‌ نه‌بن ( ناوبژیوان, گیاى یاریگا, كه‌ش و هه‌وا, ته‌قینه‌وه‌ى بووركان ...تاد) به‌ئامانجى دانه‌به‌زینى وره‌ى یاریزانان و به‌دوورگرتنى یاریزانان یانه‌كه‌, له‌ شێواندنى بارى ده‌روونى, كه‌ زۆربه‌ى جار یانه‌ى((ڕیاڵ مه‌درید)) گیرۆده‌ى ده‌ستى ئه‌و شاڵاوه‌ به‌ربڵاوه‌ى ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌, به‌ چه‌شنێك كاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر جێبهێڵێت, سه‌ره‌نجام یانه‌كه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆران هاوسه‌نگى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات, ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره‌ بیانوانه‌ بڕێكى زۆر له‌ ڕاستیى و درووستى تێدابێت، ئه‌وا دیوێكى دیكه‌ى هه‌یه‌ پێى ده‌وترێت به‌دوورگرتنى یانه‌ له‌ هێرشى پڕكاریگه‌رى میدیا.

گومانى تێدا نییه‌ یاریگاى سانسیرۆ كێشه‌ى هه‌ڵكه‌ندنى گیاى یاریگاكه‌ى هه‌یه‌، كه‌مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى ساڵانى نه‌وه‌ده‌كان و تاهه‌نووكه‌ش چاره‌یه‌كى بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌, ئه‌م خراپى زه‌مینى یاریگایه‌ به‌تایبه‌ت چیمه‌نى یاریگاكه‌, به‌هۆى هه‌ڵته‌كاندنى چیمه‌نى یاریگاكه‌وه‌ چه‌ندین یاریزان دووچارى تێكشكان بوونه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ ( واڵته‌ر سامیۆل, جینارۆ گاتووسۆ, ئامبرۆسینى, نێستا) هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها له‌مساڵدا پێنج جار چیمه‌نى یاریگاى سانسیرۆ گۆڕاوه‌، وه‌لێ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌ نه‌كراوه‌, له‌دواهه‌مین لێدوانى (ئه‌دریانۆ گالیانى) به‌رپرسى باڵاى یانه‌كه‌ ده‌ڵێت: ته‌نها چاره‌سه‌رى ئه‌م یاریگایه‌ به‌چیمه‌نى دروستكراو (تارتان) چاره‌سه‌ر ده‌كرێت, یاریگاكه‌ هێنده‌ بێكه‌ڵكه‌ له‌ڕووى هه‌ڵكه‌ندنى چیمه‌نى یاریگاكه‌وه‌ چاڤى هێرناندزى مۆسیقار وه‌ك تانه‌ و ته‌شه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفى یاریگاكه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت:" یاریگاى سانسیرۆ له‌ كێڵگه‌ى په‌تاته‌ ده‌چێت!."

پرسیاره‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ یانه‌ى به‌رشه‌لۆنه‌ له‌چه‌ند ساڵى ڕابووردوودا چه‌ند جار ڕووبه‌ڕووى هه‌ردوو یانه‌ گه‌وره‌كه‌ى شارى میلانۆ بووه‌ته‌وه‌؟ بۆچى له‌ یارییه‌كانى پێشوودا به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ڕه‌خنه‌ى تووندیان له‌ خراپى چیمه‌نى یاریگاكه‌ نه‌گرتووه‌؟ به‌ بۆچوونى من ئه‌م ته‌رزه‌ له‌ تانه‌ و ته‌شه‌ر له‌ خراپى یاریگا و ئاست نزمى ناوبژیوان خه‌ریكه‌ ده‌بێت به‌ دیارده‌یه‌كى به‌ربڵاو له‌خوولى لالیگاى ئیسپانیا و وه‌كو جه‌نگێكى ده‌روونى ئیشى له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌دژى یه‌كدى و تۆمه‌تباركردنى یه‌كدى، ئه‌م جه‌نگه‌ سایكۆلۆژییه‌ى نێوان جووت دژه‌ جه‌مه‌سه‌ره‌كه‌ى ئیسپانیا و ده‌یانه‌وێت ئه‌م جه‌نگه‌ ناجۆره‌ ته‌رجوومه‌ بكه‌ن بۆ جامى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا. وه‌ك به‌رله‌ ئه‌نجامدانى تيروپشكى قۆناغى هه‌شت بيستمان كه‌ گوارديۆلا ده‌رباره‌ى ئاسانى يارى ڕياڵ مه‌دريد هاته‌ ئاخافتن، هه‌روه‌ها مۆرينهۆيش ده‌رباره‌ى يارى لووتكه‌ى سانسرۆ به‌ گاڵته‌جاڕيه‌وه‌ گووتى: به‌رشه‌لۆنه‌ ناوبژيوان سه‌ركه‌وتنى بۆده‌سته‌ به‌رده‌كات.

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه