بەرشەلۆنە لە نێوان گواردیۆلا و یاریزاناندا

ئەحمەد سەنگاوى:

ئایا گواردیۆ سودمەند بووە لەتوانا و بەهرەى ئەستێرەکانى بەرشەلۆنە یان ئەستێرەکانى بەرشەلۆنە سوودمەندى یەکەم بوونە لە لێهاتووى و شارەزایى گواردیۆلا؟ ئەمە ئەو پرسیارە بێ وەڵامەیە کە بڕێکى زۆرى هەوادارانى وەرزشى بە خۆیەوە سەرقالڕ کردووە، یان دەوترێت ئایا گواردیۆلا ئەو ئەو ئەنجام و دەستکەوتە جۆراوجۆرانەى بۆ یانەى بەرشەلۆنە بە دەستى دەهێنێت ئەگەر بێت و ڕاهێنەرى یانەیەکى دیکە بێت دەتوانێت هەمان ئەزموون دووبارەبکاتەوە؟ واتا گومان دەکرێت لە لێهاتوویى ئەم ڕاهێنەرە لاوەى ئیسپانیا.

بۆ گەڕان بە دواى وەڵامى ئەم پرسیارە کورتە باسێک لە کاریگەرییەکانى ئەم ڕاهێنەرە دەکەین لە ساتەوەختى دەستبەکاربوونى وەک ڕاهێنەرى یانەکە.

پیپ گواردیۆ لەگەڵ دەستبەکاربوونى بڕیارى دوورخستنەوەى باشترین دوو کۆڵەکەى یانەکەی دا، ئەوانیش (ڕۆناڵدینهۆ)ى بەڕازیلى و(دیکۆ)ى پرتوگالى ، کە هەردوو بە بڕبڕەى پشتى یانەکە هەژمار دەکران، بە چەشنێک بە بەشدارى نەکردنیان لە هەر یارییەکى گرنگى یانەکە گومان لە سەرکەوتن دروست دەبوو، ئەم بڕیارە جورئەتێکى گەورەى دەوێت لە کاتێکدا یانەکە بە قۆناغێکى خراپدا تێدەپەڕى و ئەنجامەکانى دڵخۆشکەر نەبوون، بە جۆرێک ئەنجامى بارشا هێند ڕوو لە خوار بوو لە دەرکردنى وەها بڕیارێک کاردانەوەیەکى خراپى لێکەوتەوە لە لایەن میدیا وەرزشییەکان و هاندەرانى یانەکە، ئاخر ئەم جۆرە بڕیارە جەسارەتێکى گەورەى دەوێت و ڕاهێنەرێکى خاوەن ئەزموون کە ساڵانێک ڕاهێنەرایەتى یانەیەکى گەورەى کرد بێت و ئەزموونێکى دورودێژى هەبووبێت دەبێت جۆرە بڕیارێکى وەها قورس بدات، ئەوە بوو دەرکەوت ڕاهێنەرە لاوە کەم ئەزموونەکەى بەرشەلۆنە دەیزانى بۆچى و لەپێناوى چیدا ئەم کارەى بە ئەنجام گەیاند و وەڵامى ئەم گومان و ترس و نیگەرانییەى بە شەش دەستکەوت دایەوە و توانى سەرلەبەرى نازناوە ناوخۆیى و جیهانییەکان بچنێتەوە و ژمارەیەکى پێوانەیى تۆماربکات بۆ یانەکە کە بە بیر و خەیاڵى هیچ کەسێکدا نەهاتووە یانەیەک بتوانێت سەرلەبەرى نازناوەکان بەدەست بهێنێت.

پاشان دورخستنەوەى (سامیۆل ئیتۆ) و دواتر یایاتۆرى دوو دڵى و پەژارەى چاندەوە لەدڵى هەوادارانى بەرشەلۆنە و لە بەرانبەریشدا هەوادارانى ڕیاڵ مەدریدى خۆشنوود کرد و هەستییان بە جۆرێک لە ئاسودەیى دەکرد بەوەى (کاسیاس)ى گۆڵپارێزى یانەکەیان ڕزگارى بوو لە هێرشە مەترسیدارەکانى شێرەکەى کامیرۆن.

لەسەردەمى فرانک ڕایکارد ئەستێرە بە نێوبانگەکانى یانەى بەرشەلۆنە و جیهان ئەو دەورە گەورەیان نەدەگێڕا لەسەر ئاستى کەسى و لەسەر ئاستى گشتى، وەک ( چاڤى و ئینیاستا و میسى)، ئەم یاریزانانە توانایان وەک پێویست گەشەى پێ نەدەدرا، بۆ وێنە هەردوو ئیسپانییەکە بۆ جارێکیش ناوى خۆیان نەدەبینیەوە لە سێ باشترین یاریزانى جیهاندا، وا لەسەردەمى گواردیۆلادا بوون بە سوارچاکى مەیدان، هەرچەندە چاڤى هێرناندز لەجامى نەتەوەکانى ئەوروپادا 2008توانى ببێت بەباشترین یاریزانى پاڵەوانیەتیەکە، بەڵام بە هیچ کلۆجێک ناتوانین ڕۆڵى چافى سەردەمى ڕیکارد بە چاڤى سەردەمى ڕاهێنەرایەتى گواردیۆلا بچوێنین، ئاخر ئەم ئەستێرەیە چەندینجار وەک باشترین گۆڵسازى خوولى ئیسپانى و ئەوروپى دەستنیشانکرا و بەردەوام لە ڕیزى ئەو یاریزانانە حیساب دەکرێت کەلە پەنجەکانى دەستێک تێپەڕ ناکەن.

هەرچى ئینیاستاى نیگارکێشیشە ئاستى بەرەو بڵندى دەچێت و ساڵ لە دوایى ساڵ ئاستبەرزییەکەى ڕوو لە هەڵکشانێکى بەردەوامدایە و بە یەکێک لە باشترین یاریزانانى جیهان دێتە ژماردن.

ماوەتەوە میسى، کە ڕەنگە پێویستى بە باسکردنى دەستکەوت و شکاندنى ئەو هەموو ژمارە پێوانەییە نەبێت، ڕاستە لە سەردەمى ڕیکارددا دەستنیشان دەکرا بۆ باشترین یاریزانى جیهان جارێک سێیەم کەڕەتێکیش دووەم، وەلێ لە سەردەمى گواردیۆلادا هەموو ساڵێک وەک باشترین یاریزانى جیهان دەستنیشان دەکرێت .

پاشان دروستکردنى چەندین ئەستێرە بۆ وێنە (جیراد پێکى) یاریزانێک بوو لە مانشستەر یونایتدا لە سەر کورسى یەدەگ دانیشێنرا بوو و کەمترین جار لە لایەن (فیرگسۆن)ەوە گرنگى پێدەدرا، بەڵام گواردیۆلا وەک چۆن بە قوڕ چى بوێت ئەوە دروست دەکات ئاوەها توانى هونەرمەندانە و بەسەلیقەیەکى زۆرەوە ئەم ئەستێرەیە دروستکرد بکات کە لەناودارترین بەرگریکارەکانى جیهانە.

دروستکردنى پیدرۆ پێگەیاندنى سێرجیۆ بوسکێس، بەدەستهێنانى 13نازناو لەکۆى 15پاڵەوانێتى.

بۆیە پێم وایە هێندەى گواردیۆلا توانیوییەتى خزمەت بە ئەستێرەکانى بەرشەلۆنە بکات، هیچ ڕاهێنەرێکى تر لە مێژووى یانەکەدا ئەو کارەى نەکردووە.

 

 

به‌رپرسی په‌ڕه‌ی وه‌رزش

فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د
په‌یوه‌ندی :  fereydun.sport@qaladze.info
fereydunahmed@yahoo.com

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه