یەک شەممە, 25 ئەیلول 2011 23:21
ئارام جوامێری:
سلێمانی یه‌كێكه له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كه 13 قه‌زا له‌خۆده‌گرێت، ژماره‌ی دانیشتوانی شاری سلێمانی به 13 قه‌زاكه‌وه (1704740) كه‌سه، به‌پێی ئاماره‌كانی ساڵی 2005، 670838ی له قه‌زای مه‌ركه‌زی شاره‌كه‌دا نیشته‌جێیه، كه ده‌كاته سێیه‌كی ژماره‌ی دانیشتوانی شاره‌كه، پشده‌ر یه‌كێكه له قه‌زاكانی ئه‌و پارێزگایه و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌گوێره‌ی ئاماره ناڕه‌سمییه‌كان زیاتر له 82 هه‌زار كه‌سه.
ئه‌گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی ئابورییه‌وه به‌دواداچون بۆ ئه‌و قه‌زایه بكه‌یت، ئه‌وا زۆر ئاسان ئه‌و سه‌رچاوه گرنگه ئابورییانهت ده‌ست ده‌كه‌وێت، كه به كۆڵه‌كه‌ی ئاسایشی خۆراك و دابینكردنی ئابورییه‌كی تۆكمه داده‌نرێت له هه‌ر وڵاتێكدا، كه ده‌كرێ بوترێ قه‌زای پشده‌ر یه‌كێكه له قه‌زا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی پارێزگای سلێمانی به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ند به كشتوكاڵ و گه‌شتیاری و بازرگانی و بونی سه‌رچاوه‌ی ئاو و چه‌ندین كانزای به‌نرخ له خاكه‌كه‌یدا، هه‌روه‌ها هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و سروشتی ناوچه‌كه كه به چه‌ندین چیای سه‌خت و دیمه‌نی سه‌رنجڕاكێش جیایده‌كاته‌وه له‌ناوچه‌كانی تر.
پشده‌ر له‌ڕوی كشتوكاڵه‌وه:
گونده‌كان، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه به‌رده‌وام ره‌وشی گونده‌كان روه‌و خراپبون ده‌چێت و ئاماره‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه 74%ی لادێكانی كوردستان چۆڵنو دانیشتوانه‌كه‌یان رویان له شاره‌كان كردوه، به‌مه‌ش لاسه‌نگی له‌نێوان گوند و شاره‌كاندا دروست بوه به‌و پێیه‌ی كه ئاسایشی خۆراك كه دێهاته‌كان دهستهبهرو زامنكهرێتی، نامێنێت‌و ته‌نانه‌ت ناهاوسه‌نگی ژینگه‌ییش روده‌دات.
له ساڵی 1957دا 64.7%ی دانیشتوان له بواری كشتوكاڵدا كاریان كردوه، به‌ڵام دوای راپه‌ڕین و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان رێژه‌كه به‌رزبوه‌وه بۆ 26%، و له‌ساڵی 2003یشه‌وه كه‌رتی كشتوكاڵی ناوخۆیی 29%ی به‌رهه‌می ناوخۆیی پێكده‌هێنا، به‌ڵام له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه ورده ورده بواری كشتوكاڵ به‌ره‌و داته‌پین چو، ده‌توانین بڵێن بواری كشتوكاڵ هه‌ر له چۆڵبونی گونده‌كانه‌وه و كۆچكردنی گوندنشینان بۆ شار و دامه‌زراندنیان به رێژه‌یه‌كی زۆر له فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌یتر وایكرد كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری له گونده‌كاندا به‌ره‌و وێرانه‌ی ببات. ناوچه‌ی پشده‌ریش پشكی شێری له‌و وێرانییه به‌ركه‌وتوه، ئه‌گه‌ر به نمونه گوندی ده‌رونه وه‌رگرین كه گوندێكی بچوكی ئه‌و قهزایهیهو سه‌ر به ناحییه‌ی هێرۆیه له سه‌ره‌تای ساڵی نه‌وه‌ده‌كاندا كه ئاوه‌دانكرایه‌وه تا سه‌ره‌تای ساڵی 2000 زیاتر له سی ماڵ نیشته‌جێی ئه‌و گونده بون، كه هه‌مویان سه‌رقاڵی كشتوكاڵكردن و ئاژه‌ڵداری بون به‌تایبه‌ت توتن و گه‌نم و جۆ و نۆك و ره‌ز و باخی هه‌نار و سێ‌و و گوێز چه‌ند بهروبومێكی تر، به‌ڵام له ئێستادا له كۆی زیاتر له 30 ماڵ ته‌نها 4 ماڵ نیشته‌جێن و كه ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌شی له بیست كه‌س تێپه‌ڕناكات و ته‌نها خه‌ریكی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵن، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی رون و ئاشكرایه بۆ چوڵبونی دێهاته‌كان و بێباكی و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ته به‌رامبه‌ر به لاوازی كه‌رتی كشتوكاڵ، ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی روبه‌ری ته‌واوی سنوری قه‌زای پشده‌ر به‌گشتی 300 كیلۆمه‌تر دوجا ده‌بێت و ئه‌و سنوره پێكهاتوه له‌شاری قه‌ڵادزێ و ناحیه‌كانی (سه‌نگه‌سه‌ر، ژاراوه، هه‌ڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوه) و 186 گوند، كه ئه‌و ناوچه‌یه له كۆندا ناوچه‌یه‌كی به‌ناوبانگ بوه له‌بواری كشتوكاڵدا و پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره زۆرجار له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه ئاماژه ده‌كه‌ن به‌وه‌ی، كه ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكاری گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه بكات ئه‌وا نه‌ك هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو پێداویستییه‌كانی هه‌مو عێراقیش ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ی ده‌شتێكی به‌رفراوانی به‌پیتی دێمه‌كار و به‌راوی زۆری هه‌یه و هه‌ر چوار ده‌وره‌ی به‌زنجیره چیا ده‌وره دراوه، له‌سنوری رۆژههڵاتییهوه قه‌ڵادزێ بریتیه له‌چیاكانی (مامه‌نده، بڵفه‌ت، دوپهزه، ملهبا) له‌به‌شی رۆژئاواش چیای كێوه‌ڕه‌ش و له‌به‌شی باكوری زنجیره چیای قه‌ندیل و له‌به‌شی باشوریش زنجیره چیای ئاسۆس و كوڕیس دێت، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و شاخ و چیا به‌رزانه‌ش ئه‌وه‌یه كه میوه‌و روهكی خۆرسك و دار‌و دره‌ختی تایبه‌ت به‌خۆیان لێده‌ڕوێت و له‌زۆرێك لهوهرزهكاندا به‌روبومی وه‌كو كنگرو كارگ و بنێشت و رێواس و قه‌زوان و تۆڵه‌كه و ترشۆكه و چه‌ندین به‌روبومی تر له‌وێوه ده‌نێردرێته ناوچه‌كانی تر.
پشده‌ر له‌ڕوی بازرگانییه‌وه:
بازرگانی یه‌كێكه له سه‌رچاوه‌كانی داهات بۆ زۆربه‌ی دانیشتوان كه ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی چالاكیه راستهوخۆكانهوه بێت، كه په‌یوه‌ندییان هه‌یه به كرداره‌كانی هێنان و ناردنه‌وه‌یان له‌ڕێگه‌ی چالاكییه یارمه‌تیده‌ر و ته‌واوكه‌ره‌كانی وه‌ك گواستنه‌وه و هه‌ڵگرتن و داگرتن ...هتد.
ده‌كرێ پشده‌ر به‌ناوچه‌یه‌كی بازرگانی ناوببرێت به‌وپێیه‌ی سه‌رسنوره له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و به‌هۆی ئه‌و مه‌رزه ناڕه‌سمییانه‌ی به‌سه‌رییه‌وه هه‌یه، له كۆنه‌وه هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ڕێگه‌ی قاچاغ و به وڵاخ و به‌چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر هه‌ر هه‌بوه، به‌تایبه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له ناوچه‌كانی قندۆڵ و باوزێ و زه‌ڵێ و نۆكان و قاسمه‌ڕه‌ش و كێلێ، بێگومان هه‌مو ئه‌و مه‌رزانه هێشتا ره‌سمی نین و به‌شێوه‌ی ناڕه‌سمی رۆژانه میوه و به‌روبوم و گاز و به‌نزین و سوته‌مه‌نی و كاڵای ئێرانی له‌هه‌ریه‌ك له‌و مهرزانهوه هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر له‌ڕوی باش و خراپی جۆری ئه‌و كاڵایانه و له كوالیتیان بڕوانیین بێگومان ئه‌و شمه‌ك و كاڵایانه به‌بێ فلته‌ر دێنه ناوه‌وه‌و بێكوالیتین و له‌ڕوی ته‌ندروستییه‌وه زۆر خراپن بۆ كۆمه‌ڵگه، لێره‌وه ناكرێ له گرنگی بازرگانی ئه‌و ناوچه‌یه كه‌مبكرێته‌وه و بوترێت نابێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیایاندا ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵكو ده‌كرێ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵسێ به‌دانانی ده‌زگای چاودێری ته‌ندروستی و كوالیتی كۆنتڕۆڵ له‌و مه‌رزانه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵگه‌ش نه‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره ده‌مێك ساڵه داوا ده‌كه‌ن مه‌رزی كێلێ بكرێته ده‌روازه‌یه‌كی ره‌سمی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام به‌بیانوی رێگه‌نه‌دان به دو ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له سنوری پارێزگایه‌كدا تائێستادا ئه‌و داواكارییه جێبه‌جێنه‌كراوه، وه‌ك بڕیارێكی ستراتیژی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ند و له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقیدایه بڕیارێكی ستراتیژی له‌و شێوه‌یه بدات و بیكاته ده‌روازه‌یه‌كی ره‌سمی.
له‌سایه‌ی بازرگانی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، ئه‌گه‌ر گوزه‌رێك بكه‌ی به‌ناو كوچه و كۆڵان و بازاڕی شاری قه‌ڵادزێدا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت، كه سه‌رباری بونی چه‌ندین مه‌رزی ناڕه‌سمی خه‌ڵكه‌كه‌ی هێشتا له‌ڕوی بژێوی ژیانه‌وه زیاتر له هه‌ژارییه‌وه نزیكن، كه به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بو به‌سود وه‌رگرتن له‌و مه‌رزانه و هه‌ڵكه‌وته‌ی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه‌كه خه‌ڵكه‌كه‌ی گوزه‌رانیان زۆر باشبوایه، به‌هۆی هاتنی گه‌ستیاری بیانیشه‌وه ده‌بو ئوتێل و باڵه‌خانه‌ی میوانداری زۆری لێبوایه، به‌ڵام وه‌ك ده‌وترێت پشده‌ر له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تی و خزمدۆستییهوه به‌ناوبانگن و ئه‌و عاده‌ته هه‌ر له‌كۆنه‌وه له باوانیانه‌وه بۆیان ماوه‌ته‌وه، بۆیه له‌مێژوی ئه‌و شاره‌دا كه‌س به‌بیری نایه ئوتێلی تیابوبێت.
له‌ڕوی سودمه‌ندبونی هاوڵاتیان له‌و مه‌رزانه دوبۆچون هه‌یه كه بێگومان كاریگه‌رییان هه‌یه به‌سه‌ر ئاستی بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی، یه‌كه‌مییان ئه‌وه‌یه كه ده‌وترێت به‌پێی ئه‌و مه‌سح و روپێیویانهی له‌سه‌ر ئاستی شاره‌كه كراوه هێشتا كاریگه‌رییه خراپه‌كانی راگواستنی ته‌واوی شاره‌كه به‌سه‌ر گوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه ماوه، به‌و پێیه‌ش ئه‌و ناوچه‌یه چه‌ندین جار راگواستن و كاره‌سات و نه‌هامه‌تی به‌خۆیه‌وه بینیوه، كه له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێم هیچ قه‌ره‌بویه‌كی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی نه‌كردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر روداو و كاره‌ساته‌كانی 50 ساڵی رابردو كه‌به‌سه‌ر قه‌ڵادزێدا هاتون به‌خێرای باسیان بكه‌ین ده‌رده‌كه‌وێ، كه پشده‌ر چه‌ند زوڵمی لێكراوه و هیچ قهرهبوییهكیشی به‌قه‌د هیچ كام له‌و كاره‌ساتانه نه‌كراوه‌ته‌وه، بۆ نمونه:
(1) له‌ساڵی 1963حكومه‌تی عێراق بۆردومانی شاری قه‌ڵادزێ یان كردوه له‌سه‌رده‌می (عبدالسلام عارف)دا.
(2) له‌ساڵی 1966دا جارێكی تر بۆردومانی ئه‌و شاره‌ی كردوه‌ته‌وه له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی (عبدالرحمن عارف)دا.
(3) كاره‌ساتی بۆردومانی 24/4/1974له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس و شه‌هید كردنی ئه‌و شاره‌و زانكۆی سلێمانی له قه‌ڵادزێ به‌قه‌ده‌غه ترین چه‌ك.
(4) یه‌كه‌م شاڵاوی راگواستنی به‌زۆره‌ملێی رژێمی به‌عس له‌ساڵی 1977دا كه دانیشتوانی گونده‌كانی بناری قه‌ندیل بون.
(5) دوه‌م شاڵاوی راگواستنی به‌زۆره‌ملێ كه 1978دا رژێمی به‌عس گونده‌كانی راگواستن بۆ ئۆردوگاكانی (به‌سته‌ستێن، توه‌سوران، ژاراوه، پێماڵك)بو.
(6) شاری قه‌ڵادزێ و قه‌زای پشده‌ر به‌گشتی زیانێكی زۆری پێگه‌یشتوه له‌نێوانی جه‌نگی عێراق و ئێران‌دا.
(7) راگواستنی جارێكی تری به‌زۆره‌ملێی ئۆردوگای به‌سته‌ستێن له‌ساڵی 1981كه هاوكات رۆژی 26 مانگی ره‌مه‌زان بو.
(8) راپه‌ڕینی 24/4/1982 بۆ یادكردنه‌وه‌ی بۆردومان و كاره‌ساتی 24/4/1974بو كه چین و توێژه جیاجیاكانی قه‌ڵادزێ دژی رژێمی به‌عس راپه‌ڕین.
(9) خۆپیشاندانی 4/7/1982 ئه‌ویش دوای ئه‌وه بو كه شێركۆی شێخ نوری چالاكیه‌كی ئه‌نجام دا له‌ناو چایخانه‌ی ناو بازاڕی قه‌ڵادزێ دا دژی رژێمی به‌عس له‌رۆژی 26/6/1982، رژێمیش بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه خاڵه قوبادی گرت له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا شه‌هید بو، دوای به‌خاكسپاردنی دانیشتوانی شاری قه‌ڵادزێ به‌خۆپیشاندان و وتاف كێشان و ده‌ربڕینی ده‌نگی ناڕه‌زایی گه‌ڕانه‌وه ناو شار.
(10) داستانی ئۆردوگای پێماڵك كه ناسراوه به‌داستانی (دو ئه‌حمه‌د) كه به شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی ئه‌حمه‌د ئاوده‌ل و ئه‌حمه‌د حاجی محه‌مه‌د كه دژی رژێمی به‌عس بو ناسراوه.
(11) دواین قۆناغی راگواستنی به‌زۆره‌ملێی سنوری قه‌زای پشده‌ر و شاری قه‌ڵادزێ كه له رۆژی 26/6/1989بو، قه‌زای پشده‌ر به‌ته‌واوی كرا به‌ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو قه‌ڵادزێ و ناحیه‌كان و گونده‌كان و ئۆردوگاكانیش له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت كران.
(12) راپه‌ڕینی قه‌ڵادزێیه‌كان له‌ئۆردوگای زۆره‌ملێی خه‌بات كه‌له‌رۆژی 4/3/1991دا دژی رژێمی به‌عس راپه‌ڕین و (به‌ختیار عومه‌ر) شه‌هیدكراو بوه یه‌كه‌م شه‌هیدی راپه‌ڕین.
(13) دوای راپه‌ڕینی 1991جارێكی تر شاری قه‌ڵادزێ و ناحیه و گونده‌كان گه‌ڕانه‌وه، جارێكی تر قه‌زای پشده‌ر ئاوه‌دانكرایه‌وه.
(14) له‌ساڵی 1994 تا ساڵی 1997 شه‌ڕی براكوژی كه له‌نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر چه‌ند دوكانێكی شاری قه‌ڵادزێ هه‌ڵگیرسا، كه ئێستا جێگه‌ی ئه‌و دوكانانه پاركێكی لێیه له‌به‌رده‌م دواناوه‌ندی قه‌ندیل كه زیاتر پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كان لێی كۆده‌بنه‌وه.
(15) له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی رابردو هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش تۆپباران و بۆمبارانی ناوچه سنورییه‌كانی پشده‌ر له‌لایه‌ن هه‌ردو وڵاتی ئێران و توركیاوه به‌رده‌وامه.
له‌هه‌مو ئه‌و روداوانه‌دا ده‌بینن قه‌زایه‌ك بوه پڕ له روداو و به‌سه‌رهات و ماڵوێرانی له‌ماوه‌ی 50 ساڵی رابردودا، له‌ئێستاشدا ناوچه‌یه‌كی بێبایه‌خ و پشتگوێخراو له‌ڕوی مه‌عریفی و هونه‌ری و رۆژنامه‌وانی و په‌روه‌رده‌ییه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌و روداوانه‌دا زیاتر كاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ڕوی ئابورییه‌وه جێهێشتوه، دواین كاره‌ساتی راگواستنه، كه به‌ته‌واوی پشده‌ر له‌گه‌ڵ خاكه‌كه‌ی ته‌خت كرا‌و هیچ مرۆڤێك نه له لادێكان و نه له ناوچه‌كه نه‌مابو، بۆیه جارێكی تر له سه‌ره‌تای ساڵی 1991 به‌دواوه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه خۆیه‌وه قورسه بتوانرێت له بیست ساڵدا هه‌مو ئه‌و كاریگه‌رییه گه‌ورانه بسڕێنه‌وه و شارێك كه وێران ببێ به‌بێ هاوكاری به‌رده‌وامی حكومه‌ت، بێگومان بژێوی ژیانیان زیاتر له‌هه‌ژارییه‌وه نزیكتر ده‌بێت به‌و پێیه‌ی هێشتا حكومه‌ت قهرهبوییهكی ئه‌وتۆی نه‌كردونه‌ته‌وه.
بۆچونی دوه‌م ئه‌وه‌یه كه زۆرێك له هاوڵاتیان پێیانوایه زیاتر به‌رپرسه‌كان سودمه‌ندن له‌و مه‌رزانه و كه‌متر هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره سودیان له‌و مه‌رزانه بینیوه. بۆیه ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی ئابوری و بازرگانییه‌وه بڕوانینه ئه‌و شاره ده‌كرێ بڵین شارێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، به‌ڵام ده‌بێ بوترێت چه‌ند كه‌سێكی ده‌ستڕۆیشتو له‌و ناوچه‌یه ده‌ستیان گرتوه به‌سه‌ر هه‌مو جموجوڵێكی بازرگانی و خۆیان خاوه‌نی مهرزهكانن بۆیه نابێ سه‌یربێت كه له ناوچه‌یه‌كی ئاوا ده‌وڵه‌مه‌ند كێرڤی هه‌ژاری رو له به‌رزییه.
پشده‌ر له‌ڕوی گه‌شتیارییه‌وه:
ناوچه‌ی پشده‌ر یه‌كێكه له‌و ناوچه شاخاوییانه‌ی كه جیایده‌كاته‌وه له زۆرێك له ناوچه‌كانی تری كوردستان به‌هۆی دیمه‌نی سروشتی جوان و سه‌رنجڕاكێش و بونی چه‌ندین سه‌یرانگا كه سروشتی له‌و ده‌ڤه‌ره هه‌ڵكه‌وتوه، به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه به‌سود وه‌رگرتن له داهاتی گه‌شتیاری گرنگی به‌و ناوچه‌یه بدات سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زێی بچوك له ناوچه‌ی كهوییهوه تا ده‌گاته ده‌ربه‌ندی نێوان رانییه‌و قه‌ڵادزێ زۆر گونجاوه بۆ گه‌شتیاری به‌سود وه‌رگرتن له‌و ئاوه دیمه‌نی جوان و دیزانین و كۆشكی گه‌شتیاری ئه‌وتۆی لێدروستبكرێ كه بێگومان گه‌شتیارێكی ئێجگار زۆر له ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق و ده‌ره‌وه‌ش سه‌ردانی ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ناوچه‌ی گه‌شتیاری سه‌رنجراكێشی ئه‌وتۆی تێدایه ئه‌گه‌ر رێگاوبان و خزمه‌تگوزاری بۆ بكرێت ده‌توانرێت گه‌وره‌ترین داهاتی ئابوری بۆ ناوچه‌كه‌و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌سته‌به‌ر بكات.
پشده‌ر و بودجه:
ئه‌گه‌ر بهگوزهرێكی خێرا چاو بخشێنێن به بڕی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه ساڵانه له‌دوای 2004ه‌وه تاكو ئه‌مساڵ هاتۆته هه‌رێمی كوردستان، ده‌بینین ساڵ له‌دوای ساڵ بودجه زیادی كردوه بۆنمونه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2004 دا 2 ترلیۆن و 792 ملیار دینار بوه، له‌ساڵی 2005 دا 3 ترلیۆن و 749 ملیار دینار بوه، له ساڵی 2006 دا 4 ترلیۆن و 273 ملیار دینار بوه، له‌ساڵی 2007 دا 7 ترلیۆن و 847 ملیار دینار بوه، له ساڵی 2008 دا 7 ترلیۆن و 628 ملیار دینار بوه، له‌ساڵی 2009 دا 8 ترلیۆن و 857 ملیار دینار بوه، له ساڵی 2010 دا بودجه‌ی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زیاد ده‌كات و ده‌بێته 11 ترلیۆن و 432 ملیار دینار، له ساڵی 2011 بودجه‌كه زیاتر به‌رزده‌بێته‌وه‌و ده‌بێته 13 ترلیۆن و 940 ملیار دینار، بودجه‌ی ساڵی داهاتوش واته 2012 ی عێراق به 131 ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه و پشكی كوردیش له‌و به‌شه بودجه‌یه‌دا به 14 ترلیۆن و 500 ملیار دینار خه‌مڵێندراوه كه 11% بودجه‌ی گشتی عێراق ده‌كات. به‌ڕه‌چاوكردنی پشكی كورد له بودجه‌ی گشتی عێراق و سه‌رجه‌می داهاتی ناوخۆیی و داهاتی پترۆ دۆلار ده‌توانرێت بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕی 16 ترلیۆن دینار بخه‌مڵێنرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی ساڵی رابردو بودجه‌كه‌ی دوچاری كورتهێنان ببێت.
ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه بۆ قه‌زای پشده‌ر ته‌رخانكراوه له ساڵی پاردا 14 ملیار و 578 ملیۆن دیناری بۆ تهرخانكرابو، له مساڵیشدا 14 ملیار و 229 ملیۆن دیناری بۆ دانرا بو، كه ئه‌گه‌ر سه‌رنجێك بده‌ی له‌و قه‌زایه زۆر به‌ڕونی بۆت ده‌رده‌كه‌وێت دوای ئه‌و هه‌مو كاره‌سات و ماڵوێرانییه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا هاتوه‌و سه‌رباری ئه‌و هه‌مو بودجه زۆره‌ی كه خستومانه‌ته رو ساڵ دوای ساڵ زیاتربوه، به‌ڵام هێشتا دابینكردنی بودجه‌یه‌ك به‌و بڕهكهمه بۆ پشده‌ر نابێته ساڕێژكهری كاولكارییه‌كانی رابردو بۆیه ده‌كرا بودجه‌یه‌كی زیاتری بۆ دانرابا، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌بینین له ماوه‌ی 9 ساڵی رابردو كه بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح دێته هه‌رێمی كوردستان سه‌یره به‌و هه‌مو بودجه زۆره‌وه هیچ ئاوه‌دانییه‌ك نابینین له گونده‌كانی ئه‌و سنوره‌دا هێشتا هه‌ر گوندنشینه‌كان به‌ره‌و شار دێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ساڵ له دوای ساڵ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان روی له زیادبون كردوه. بۆیه من لێره‌دا پێشنیار ده‌كه‌م به‌و بودجه زۆره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه بۆ ساڵی داهاتو خه‌مڵێنراوه به‌بڕی 16 ترلیۆن دینار بڕێكی شیاوه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زانستیانه دابڕێژرێته‌وه‌و بڕه بودجه‌ی باش بۆ گونده‌كانی كوردستان و بواری كشتوكاڵ دابین بكرێت، كه بێگومان رۆڵێكی باشی ده‌بێت له گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابوری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دێهاته‌كان و زیادبونی ده‌رفه‌تی كار‌و بوژاندنه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیانی كوردستان.
هیچ وڵاتێك به پرۆژه‌ی ئیستیهلاكی و خزمه‌تگوزاریی و پشت به‌ستن به بێگانه بنه‌مای ژێرخانی ئابوری خۆی قایم‌و مسۆگه‌ر ناكات، به پێچه‌وانه‌وه ناتهندروستو مشه‌خۆر دهبێتو توانای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هیچ جۆره گرفت‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی جدی ناگرێت.