ڕۆژانی پڕ سه‌روه‌ری یادت به‌خێر

 

 

 

خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر:

ئه‌وێ ڕۆژی که‌ له کوردستان یاری بۆ یاری بوو، نه‌ک بۆ بردنه‌وه:

وه‌رزش ده‌بوه هه‌وێنی خۆشه‌ویستی، موسیقا نه‌شئه‌ی ده‌دا به‌دڵ، تا بلۆکان ده‌دوان، شیعر موچڕکی به‌ له‌شدا ده‌هینا، کورته‌ چیڕۆک و ڕۆمان هه‌ستی کوردایه‌تیان ده‌جوڵاند، شانۆ ڕێپێوانی ده‌خوڵقاند، پێشمه‌رگه‌ بوون شه‌ڕه‌ف بوو، شۆڕش مانای ژیانی نوێ‌ی بوو،

یادی به‌خێر.

 

ئه‌وێ ڕۆژێ له‌ کوردستان:

عزه‌ت له‌ جیاتی پاره‌ و ده‌سته‌ڵات بوو، غیره‌ت له‌ جیاتی قه‌سر و قه‌مه‌ره‌ بوو،

مقاوه‌مه‌ت له جیاتی پێدا هه‌ڵدان بوو، سه‌نگه‌ر له‌ جیاتی ڕاپۆرت نوسین بوو،

سه‌ر ڕاستی له‌ جیاتی درۆ بوو، خۆشه‌ویستی له‌ جیاتی قۆڵ بڕین بوو،

یادی به‌خێر.

 

ڕۆژگارێک ئه‌‌م کوردستان پڕ بوو له‌ نه‌خشی مه‌ردانه. ئه‌وێ ڕۆژێ وه‌ک نموونه پشده‌ر سه‌رتۆپی پیاوه‌تی، بوێری، له‌ خۆبوورده‌یی، دیوه‌خان و شۆڕش گێڕی بوو. ده‌یان هه‌مزه، حه‌مه‌ی ئایشێ، غه‌فوری مام سمایلی، غه‌ریب پشده‌ری، سه‌لاح پشده‌ری، جه‌زا عه‌لی ئه‌مین، که‌مال میراوده‌لی، حه‌مه‌ ڕه‌نجاو، ئازاد بابان، عومه‌ر یوسفی، عه‌لی فه‌قێ، عه‌بدوڵای ڕه‌سام، مامۆستا خدر، مامۆستا سه‌لام .......... هتد، شاره‌که‌یان پڕ جۆش و خرۆشتر کردبوو.

به‌ شانۆ، شیعر و ووته‌ به‌نرخه‌کانی ڕۆژانه‌ی ‌سه‌ر تابلۆ‌ی مه‌یدانی مه‌نگوڕان چۆکیان به داگیر که‌رانیان شل کرد بوو. له‌و لاشه‌وه به یاری باله‌ و باسکه‌ و دوو گۆڵی هێنده‌ی دی تۆوی خۆشه‌ویستیان له‌ نێو خه‌ڵکدا ‌چاند بوو.

خۆ یاده‌کانی نه‌ورۆز و ٢٤ - ٤ هه‌ر باس ناکرێن چه‌نده‌ به‌شه‌وق و گه‌رم بوون!!

یادی به‌خێر.

 

له‌ کوردستان زۆرن ئه‌وانه‌ی که‌ شایه‌نی شانازی پێوه‌ کردنن یان شایه‌نی ئه‌وه‌ن که به‌ زیندووی په‌یکه‌ریان بۆ داتاشین. به‌ڵام با ڕوخسه‌ت له‌ ته‌واوی مه‌مله‌که‌تی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه‌ی وه‌ربگرین، جارێک میوانی ئه‌و دوو که‌ڵه پیاوه بین.

 

مامۆستا غه‌ریب پشده‌ری

 

مامۆستا گیان که‌ منداڵ بووم ده‌رست ده‌داین ده‌‌ت ووت با چیدی ( زیندو کوژی مردوو په‌رست نه‌بین). هه‌ر بۆیه‌ پاش دابڕانی چه‌ندین ساڵه، ‌غوربه‌تی قسه خۆش و شیعره‌ ته‌ڕ و تۆڵه‌کانتم ده‌کرد. ئاواتم بوو جارێکی دی به‌ زیندووی پێت شاد ببمه‌وه.

که‌ بۆیه‌ک جار ته‌له‌فۆنم بۆ کردی بۆ دانانی واده‌یه‌ک ، له کتێبخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ له‌ دیداری کتێبه‌‌ خه‌ڵات کراوه‌کانت دا بووم. دڵنیام له‌وانه‌ت ئازیزتر شک نه‌ بردووه ده‌نا به‌ شاره‌که‌ت ده‌به‌خشی.

کاتێک که‌ زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌که‌ت هه‌ڵگرت ئه‌و کۆپله‌ شیعره‌م به‌ بزه‌وه و هه‌نیسکه‌وه به ته‌له‌فۆنه‌که‌دا به گوێدا چرپاندی، که‌ کاتی خۆی له‌ هه‌شتاکان له‌ دژی ڕاگواستن نوسیوته‌ و له‌سه‌ر پشتی ئه وێنه‌یه‌ وه‌ک یادگاری بۆت نوسیوم:

 

 

ساڵان به‌ هاران خێل به‌ره‌و ژوور بوو

جێگای هه‌واریان کوێستانی دوور بوو

نه‌ خێڵ ما نه‌ ڕه‌و نه‌ کوێستان کردن

ڕه‌وه‌ند به‌ ئاوی گه‌رمه‌ سێر مردن

 

 

 

ئه‌و ڕۆژانه‌ی ئه‌و شیعره‌یان تێدا نوسراوه چه‌نده تاڵ بوون به‌ڵام ئێستا‌ش شیرینی ئیفتخاریان له ژێر زمانی مه‌ردان ماوه.

 

دوای نیوه‌ڕۆی شه‌ممه، ١٩ – ٢- ٢٠١١ ‌ له‌یه‌کیه‌تی نوسه‌رانی کورد لقی هه‌ولێر به‌دیدارت شاد بووم.

 

 

به‌ راستی گێراتمه‌وه ده‌ورانی چل ساڵ له‌مه‌و به‌ر، که ‌له‌سه‌ر شانۆ ده‌ت ووت

 

ساڵی دوو هه‌زار وا ده‌بێت

...........

جار جاره‌ش نه‌م ده‌زانی خه‌یاڵه یان چاوم ترویلکان ده‌که‌ن، ده‌هاته‌وه‌ به‌ر چاوم که له‌ سه‌ر شانۆی قه‌ڵادزێ، ‌سه‌لاح پشده‌ریت له‌گه‌ڵ تیپی باواجی کۆیه‌ت پێش که‌ش به‌ به‌شداربوان ده‌کرد بۆ ووتنی

هه‌رمی

وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ.....

یان

کوزه‌ڵه‌ و به‌ندۆکه‌

ترشۆکه‌ی شاخی......

 

بۆخۆشت جار جار له‌‌گه‌ڵ داوای به چه‌پڵه‌ ڕێزانی خه‌ڵکی، له‌ ڕوان دا ده‌مای تێت هه‌ڵده‌کرد له گۆرانی ماملێ.

یادی به‌خێر.

 

ئه‌وێ ڕۆژێ ده‌مه‌زه‌ردی زۆر یاده‌وه‌ریمان کردن، به‌ڵام ئێستاش نوقڵێ هه‌ر غه‌ریبی پشده‌رێ یه ؟!

خوا بکات ئه‌و ده‌رکی به‌و هه‌موو خۆشه‌ویستیه‌ ئیلاهیه‌ی تۆ کرد بێت،

ڕۆژێک هه‌ر دێت نوقڵێ به ئێمه ئاشنا ‌بێت!!.

 

****************************************************

 

مامۆستا خدر عومه‌ر

 

مامۆستای به‌ڕێز ئێواران جار جار ده‌هاتم ‌ قوتابخانه‌ی ئاسۆسی کوڕان بۆ سه‌یری کردنی که‌بسه‌کانت. ده‌نگی چه‌پڵه‌‌ی لاوه‌کان و ده‌ست خۆشانه‌ی هاوڕێکانت تێکه‌ڵ ده‌بوون تێکه‌ڵ به‌ شانازی هه‌ردوو کاک حاجی (کاک حسین و مینا ئاغا) هه‌موو سه‌یر که‌ره‌کان ده بوون. ئه‌و ڕۆژانه‌ی که‌ تیپی سوپا بۆتان داده‌به‌زی به گه‌وره‌ و بچوکی ئه‌و شاره ده‌بوونه‌ هانده‌رتان. وام هه‌ست ده‌کرد جگه‌ له‌ خۆشی یاریه‌که‌، له‌ زه‌تی سه‌رکه‌وتنی کوردیشیان به‌سه‌ر سوپای عێراقدا ده‌‌دا.

 

به‌وه‌رزش خه‌ڵکتان وه‌ بزه ده‌خست و ماندوو بوونی کار و ژیانتان لێ ده‌ ڕه‌وانده‌وه. کۆمه‌ڵێک له‌ منداڵ و لاوی ئه‌و شاره‌تان نه‌ک ته‌نها به‌وه‌رزش به‌ڵکو به‌ خۆشه‌ویستی ووڵات و یه‌کتریشتان ئاشنا کردن. ئای چه‌ند خۆش بوو ئه‌و ئێوارانه‌ی که‌ خه‌نده‌ و پێکه‌نینی خه‌ڵک له‌گه‌ڵ چه‌پڵه‌ ڕێزان تێکه‌ڵ ده‌بوو،

یادی به‌خێر.

 

 

ئێواران که‌ ڕانک وچۆغه‌ خورمایه‌که‌ت له‌به‌ر ده‌کرد هێنده‌ی دیش لام مه‌زنتر تر ده‌بووی. تا ئه‌و ڕۆژه‌ی که له‌ قوتابخانه‌ی قه‌ندیل له‌ هه‌شتاکان ‌بوومه‌ هاوڕێ‌ی مامۆستایه‌تیت له‌ نزیکه‌وه‌ یه‌کترمان نه‌ده‌ناسی. ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ به‌ڕووی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ به‌عسیه‌که‌ هه‌ڵشاخامه‌وه‌ ، ده‌رکم پێکرد که‌ هاوڕێ و پشتیوانمی. زۆر جار ووریات ده‌کردمه‌ که‌ که‌مێک خۆ بپارێزم. مامۆستای به‌رێز ئه‌و هه‌سته‌ به‌رز و پیرۆزانه ناتوانم پێیان به‌وه‌فا نه‌بم.

 

هه‌ر بۆیه‌ پاش عه‌وامێک ‌ ئاواتم بوو وه‌ک یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تیه‌کانی شاره‌که‌م به‌ زیندووی بت بینمه‌وه. ئه‌و ئێواره‌یه‌ی که‌ له‌ هه‌ولێر به‌دیدارت شاد بووم، هه‌ندێک له یاده‌وه‌ریه‌ تاڵ و شیرینه‌کانمان شه‌ن و که‌و کردن.

 

 

دڵنیام که‌س نیه‌ له‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌م به‌ ئوستادیتان ئاشنا نه‌بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌ بوێر و نه‌به‌زه‌کانی وه‌ک ئێوه، نه‌وه‌ی نوێ باشتر بیان ناسێت، به‌ ڕه‌وام زانی وه‌ک وه‌فایه‌ک، بێ هیچ مه‌رامێک ئه‌و چه‌ند ووشه‌تان له‌سه‌ر بنوسم.

 

 

کورستانم

زۆر تامه‌زرۆی جارانتم ، پێت وا نه‌بێت که لێت دوورم، تۆ ئاوێزانی هه‌ست و ژین و

ئاینمی. دڵم هێنده به‌ ئاینده‌ی تۆ وه شاده، که‌ نه‌مردووم ئاڵه‌که‌ت به شکۆ دار ده‌بینم.

له‌نده‌ن، ١٨ مارتی٢٠١١

 

 

 

 

(( په‌ڕه‌ی شار ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه