وچانێک له‌ سێبه‌رى قه‌ڵادا

 

مرۆڤ ، وه‌ختێک له‌گه‌ڵا ماندوو بوونێکی جه‌سته‌یی یه‌کانگیر ده‌بێت ، پشوودانێک ماسوولکه‌کانی خاو ده‌کاته‌وه‌ ، ئه‌و ئارام به‌خشیه‌ش سه‌ر له‌نوێ‌ مرۆڤه‌که‌ ئاماده‌ ده‌کاته‌وه‌ بۆ کاری نوێ‌ ، به‌ڵام ئه‌و ساتانه‌ی هۆش و خه‌یاڵی دووچاری ته‌نگژه‌و تێکه‌ڵکردنی به‌رنامه‌کانی ده‌بێت و بێ‌ ئۆقره‌یی ته‌نگی پێ‌ هه‌ڵده‌چنێ‌ ، ئه‌وا ئارام بوون و خه‌و و پشوودانیش دادی مرۆڤه‌که‌ نادات و ئاماده‌ی ناکاته‌وه‌ بۆ داهاتوو ٠
به‌ حوکمی چه‌ند ساڵی کار و ژیان و خوێندنه‌وه‌شم بۆ بیر و ره‌فتاری مرۆڤه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ، ئه‌و بۆچوونه‌م لا گه‌ڵاڵه‌بووه‌ ، که‌ رۆڵه‌کانی ئه‌م شاره‌ شۆڕشگێڕه‌ هه‌ست به‌ غه‌درێک ده‌که‌ن ، که‌ له‌ مێژووی شاره‌که‌یان ده‌کرێ‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ به‌ گرێیه‌کی ده‌روونی بۆیان و به‌درێژایی سه‌رده‌می راپه‌ڕین تا به‌ ئه‌مرۆش ده‌گا بیر و هزری رۆڵه‌کانی ئه‌م شاره‌ی جه‌نجاڵ کردووه‌ و ، ئارامیش ، دڵه‌کانیانی فه‌رامۆش کردووه‌ ٠
قه‌ڵادزێ‌ ، ئه‌و شاره‌ی که‌ له‌ دیرۆکی کوردایه‌تیدا به‌شی شێری به‌رخودانی به‌رکه‌وتووه‌ و شۆڕشگێڕێکی راسته‌قینه‌ش نه‌ماوه‌ وچانێکی ئارام به‌خشی له‌ سێبه‌ری قه‌ڵاکه‌یدا نه‌دابێت ، که‌چی به‌رای رۆڵه‌کانی ئه‌م شارو ناوچه‌یه‌ ، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان ئه‌و غه‌دره‌ی لێده‌کرێ‌ و سه‌رقافڵه‌ و پێشه‌نگی راپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌کانی کوردستانی لێ‌ زه‌وت ده‌کرێ‌ ، به‌وه‌ی که‌ دان به‌ ده‌ستپێشخه‌ری رۆڵه‌کانی له‌ راپه‌ڕیندا نانرێ‌ ، که‌چی له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ خاوه‌نی یه‌که‌م شه‌هیدی راپه‌ڕینیش ناوی ده‌به‌ن ، که‌ئه‌مه‌ش گومان دێنێته‌ ئاراوه‌ ٠
له‌ نێوان جه‌نجاڵی بیرو بۆچوونه‌کانیشدا ، راستی یه‌کی مێژوویی و پرسیارێک و داوایه‌ک دێته‌ ئاراوه‌ ، راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ بڕیاری به‌رپاکردنی راپه‌ڕین به‌پێی پلانی شۆڕش ده‌بوایه‌ ( ٧ / ٣ / ١٩٩١ ) ده‌ست پێ بکات ، به‌ڵام رق و تووڕه‌یی خه‌ڵک تائه‌و ساته‌ بڕی نه‌کرد و له‌ ( ٤ / ٣ /١٩٩١ ) چه‌خماخه‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ له‌سه‌رده‌ستی پشده‌ریه‌کانی دانیشتووی ئۆردووگای زۆره‌ملێی خه‌بات بڵێسه‌یدا ، پرسیاره‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ ، ده‌کرێ‌ ناوچه‌یه‌ک خاوه‌نی یه‌که‌م شه‌هیدی راپه‌ڕین بێت ، به‌ڵام خاوه‌نی سه‌روه‌ری ده‌ستپێکردن و رۆژی رزگاربوونی خۆی نه‌بێت ؟! داواکاریه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ ، راسته‌ راپه‌ڕین له‌وناوچه‌یه‌ و له‌رۆژی ( ٤ / ٣ ) دا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌ هێنا ، به‌ڵام ناشکرێ‌ ئه‌و هه‌وڵ و به‌رخودانه‌ی ئه‌ورۆژه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ‌ ، له‌مێژوودا دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ بکرێ‌ ، هه‌ربۆیه‌ داواده‌که‌م ، هه‌روه‌کو چۆن هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان رۆژی رزگاری خۆیان هه‌یه‌ ، با رۆژی ( ٤ / ٣ ) ی هه‌موو ساڵێکیش وه‌ک رۆژی چه‌خماخه‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ بناسرێ‌ و رۆڵه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش له‌و گرفته‌ ده‌روونی و دڵه‌راوکێ‌ یه‌ رزگار بکرێن و مێژووش چۆن هاتووه‌ ئاوا بنوسرێته‌وه‌ ، چونکه‌ سه‌رده‌می چاوبه‌ستن و فێڵ و شێواندنی مێژووی ژیانی مرۆڤه‌کان به‌سه‌رچووه‌



رێبوار به‌کره‌جۆیی
ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

 

 

(( په‌ڕه‌ی شار ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه