کورتە مێژووێکی پشدەرو شاری قەڵادزە لە پەنجا ساڵدا

سەردار پشدەری:

داگیرکەرەکان رێگایان نەداوە نوسەری باش لەناو کوردا هەڵبکەوێ، ئەگەر هەڵیشبکەوتبایە ئەوا یان لەناویان دەبرد یان دەیانکڕی، ئەوەش وایکردوە مێژوێکی نادیارو ونمان هەبێت، مێژوو نوسانی کورد بەتێکڕا لە ٧٠ ساڵەی رابردوەوە سەریان هەڵداوەو دەستیان بەنوسین کردوە، ئەوەی هەمانە زیاتر چیرۆکە مێژویە کە باوک بۆ کوڕی گێراوەتەوە دەم بەدەم هاتوە تاکو گەیشتۆتە ئەمرۆ.

منیش وەک بەتەمەنێکی ناوچەی پشدەرو تینوی مێژوو، پێم خۆشە هەندێک لەبیرەوەریەکانم دەربارەی قەڵادزە بنووسمەوە، بۆ ئەوەی ئەوەندەش ون نەبێ.

پێش بەدیهاتنی چیمەنتۆو قسڵ و گەج، خانوەکان لە بەردو دارو گەڵاو پوش دروست دەکران، ئەوەش سوتانی ئاسان بوو، لەبەر ئەوەی شەڕێکی یەکجار زۆر کەوتۆتە کوردستان و شارو گوندەکان زوو زوو دەسوتان، خانوێکی کۆن و ناودارمان نەماوە کە کۆنیەکەی لە دوو سەد ساڵ تێ بپەڕێ.

وەک لە کوردەواریدا دەڵێن بیری منداڵی تیژە، لە تەمەنی پێنج ساڵی خۆمەوە بەباشی هەموو شتێکم لەبیرە، ئەوەی لە تەمەندارانی پێش خۆم بیستومە، پێش شاری قەڵادزە سێ شاری تر لە پشدەر هەبووە، شاری خرێ بەردان، شاری داودیەو شاری رەمکان.

شاری خرێبەردان کە کەوتۆتە شوێنی گوندی خرێبەردانی ئێستا، شاری رەمکانیش کەوتبۆ بناری قەندیل لە نزیک گردی رەمکان، ئەو دوو شارە نزیکەی دوو هەزارو پێنج سەد ساڵ پێش ئێستا بەدەستی لەشکری ئاسوریەکان سوتاون، دوای سەرکەوتنی ئاسوریەکان و داگیرکرانی تێکڕای کوردستان، دەستیان کرد بە دروستکردنی قەڵات و شاری تازە، ئاسوریەکان شاری داودیەو قەڵاتی قەڵادزەو سەید ئەحمەدانیان لە پشدەر دروست کردوە، ناوی داودیەش لە ناوی (داود) ی ئاسوریەوە هاتوە، دوای ئەوەی کە لەشکری میدەکانیش دەسەڵاتیان بەدەستهێناوەو ئاسوریەکانیان لە کوردستان بەدەرناوە، تێكرای ئەو شارانەی کە ئاسوریەکان دروستیان کردبوون لەشەڕدا سوتان، لەناو ئەوانەدا شاری داودیە سوتێنراوە، (تێبینی: لەچیرۆکی ناسرو ماڵماڵ باس لەشاری داودیە دەکرێ).

لەدوای لەناوچونی ئاسوریەکان و پەیدابوونی دەسەڵاتداریەتی عوسمانی و سەفەویش، شەرێکی زۆری ئەو دوو هێزە کەوتۆتە ناوچەی پشدەرو سەردەشت و هەردووک دیوی چیای قەندیل، هەر کام لەو دوو هێزە سەرکەوتنی بەدەست هێنابایە، بنکەیەکی سەربازی لەسەر قەڵاتی قەڵادزە دادەناو هەندێک ماڵیش بۆ ئاوەدانی و بەرێوەبردنی ئەو لەشکرە لە پاڵ قەڵاتەکەوە دروست دەکران.

دوا دەسەڵاتداری عوسمانیەکان لەسەر ئەو قەڵاتەو قەڵادزە لە ساڵانی ١٨٩٠ دابووە کە دوو رۆڵەی بەجەرگی پشدەر (حه‌سه‌نه‌‌ خره‌ و حه‌سه‌نه‌ کوێر) بەفەرمانی بابەکراغای گەورە حوسنی پاشای سەرلەشکری عوسمانیەکان لە گردی حوسنی دەکوژن، دوای کوژرانی ئەو سەرلەشکرە، لەشکری تورکە عوسمانیەکان قەڵادزەو ناوچەکە بەجێ دەهێڵن.

ئەوەی کە بۆمن باسکراوە، لەو سەردەمەدا قەڵادزە تەنها سێسەد ماڵ بووە و ماڵەکانیش زیاتر بەرووی چومەکەدا بە بناری قەڵاتەکەوە بوون، دوای رۆیشتنی تورکەکان، بابەکراغای گەورەو هەباساغاو میناغای گربداغ و سەلیماغای سەرکەپکان، رۆڵێکی گەورەیان هەبووە بۆ بەرەو پێش جوونی ئەو شارە، هەندێ بازرگان و ناڵبەندو ئاسنگەرو شیرگەر و مسگەر لە شارە دورەکانەوە رویان لەو شارە کردو شارەکەیان کردە ناوەندی یەکگرتنەوەی هەموو پشدەر، بەشێک لە بازرگانەکان بیست ماڵێکی کویی بوون، مەولود هەولێری لەگەڵ تۆفیقە چرچە لەبناری قەڵاتەکە خانێکی وڵاخیان دوست کرد، حاجی مەحمودی کۆیی لەبەرانبەر بە خانەکە خانوێکی دەوست کرد، میرزا سەعید، مەلای کاکە مین، حاجی فەقێ، مەلا باوەدین و مەلا تەیبیش کەسایەتیە ناودارەکانی پێش پەنجاکان بوون، لەپاڵ ئەوانیشدا، شهاب ناوێکیش کە تورکمان بوو لەگەڵ تورکەکان نەرۆیشت، خانوێکی هەبوو لەبناری قەڵات کە لەدوایدا بە حەسەنی خانمێی فرۆشت، بێجگە لەوانیش هەندی کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمە دەستیان کرد بە خانوو دروست کردن، مەولان ناوێک لەو سەردەمەدا ریشسپی شارەکە بووەو پیاوێکی زۆر باش و بەویژدان بووە، لەدوایدا بۆتە موختار، خانوێکی گەورەی دروست کردبوو کە نزیکەی بیست ماڵی تێدابوو، مام وەیسەی گاوانیش لەو کاتەدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بەرێوەبردنی گاوگۆلی شارەکە.

لێرەوە من زۆر بەباشی بەبیرم دێت کە تەمەنم پێنج ساڵ بووەو ماڵمان لە خانووی مەولان دابوە، بۆیە من پێم وایە مەولان بنیانتنەری شاری قەڵادزەیە، بێجگە لە ئەویش وەستا رەحیمی ئاسنگەر، وەستا محمەدی شیرگەر کە هەردوکیان لەمهابادەوە هاتبوون و هەردوکیان رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە بنیاتنانی شاری قەڵادزە بە هۆی ئیشوکارەکانیان، لەو سەردەمەدا شاری قەڵادزە لە هەزار ماڵ تێنەدەپەڕی، خانووی مەولان قەراغ شار بوو.

هاتنی دەوڵەتی عێراقی بۆ قەڵادزە لە ١٩٣٥، هەندێ خەڵکی سلەیمانی لەگەڵ خۆی هێنا، وەک کارمەندو پۆلیس، یەکێک لە پۆلیسە ناودارەکانی ئەو سەردەمە ناوی حەمە چاوش بوو، ئەو پیاوەش رۆڵێکی گەورەی بینی لە بەریوەبردنی شارەکەو دانانی هەندێک یاسادا، دوای ئەویش تۆفیقە سور رۆڵێکی گەورەی بینی لە سەرەتای شەستەکاندا خانوێکی لەوبەری کانیەشێخە دروست کردو لەو رۆژەوە قەڵادزە پەڕیەوە بۆ بەری چۆمخڕکە، سۆفی فەتاح کە خەڵکی ناوچەی دوکان بوو لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی خۆی و بنەماڵەکەیان هاتن بۆ قەڵادزەو بوو بە سەرۆکی شارەوانی، ئەو پێاوەش پیاوێکی بەویژدان و مرۆڤ دوست بوو رۆڵێکی گرنگی گێرا لە دروستکردنی قەڵادزەدا، دانانی سەربازخانەی مەشق پێ کردنیش لەقەڵادزە، شارەکەی بەرەو قەڵەباڵگی و ئاوەدانی برد.

کۆچی جوتیارانی گوندەکان لەسەرەتای سەدەی رابردوو بۆ قەڵادزە، بەتایبەتی حاجی حەمە رەش، هەباسی سۆفی رەسول، مەلا محەمەدی گەورە، عەزە خەرتەل، خاڵەباسی بابی لەلتیف، کوێخا مستەفا، مەحمودی باوەمەر، بنەماڵەی میرانان، حاجی حەمە گوڵینگ و شۆڕیەکان، قەڵادزەیان بەرەو گەورە کردن برد، تاکو هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، لێرەوە ئەو شۆڕشە بەسەر قەڵادزەو ناوچەی پشدەردا شکایەوە، زەرەرێکی زۆری تیدا دیت و وەک پێویستیش لەبەروبوومەکەی نەخوارد.

بێجگە لەو هەموو میوانداریەی کە کەوتبۆ سەر ناوچەی پشدەر، لە ساڵی ١٩٦٣ دا قەڵادزە یەکەم شاری کوردستان بوو کە تەیارەی مێک و سۆخۆی عێراقی لێ داو زیاتر لە پەنجا کەسی شەهیدو بریندار کرد، باوکیشم لەو بۆردمانە بریندار بوو.

دوای گەرانەوەی دەوڵەتی عیراقی بۆ جاری دووهەم بۆ قەڵادزە لە ١٩٦٤ وە بۆ ١٩٧٠، قەڵاتەکەو گردی حوسنی کردە بنکەی سەرەکی خۆی و شەو و رۆژ لەوێوە ناو شارەکەی دەدایە بەر فیشەک و بەسەدان هاوشاریمان لەو هاتوتە لەناو چوو.

 

بێجگە لە بێویژدانی دەوڵەتی عێراقیش، بەرپرسێکی بێویژدانی شۆڕشی ئەیلول لەناوچەکە بوو بەناوی حەسۆ میرخان، ئەویش بەشی خۆی خەڵکی شارو ناوچەکەی کوشت و هەندێ دیهاتیشی سوتاند، من لەو کاتەدا لە ١٩٦٧ رۆیشتبوومە ناو ریزی پێشمەرگەو چەند دەورەیەکی تۆپخانەو مامۆستایم بینی، دێتە بیرم لە ساڵی ١٩٦٩ دا تۆپێکی ٢٥ رەتڵی ئینگلیزیمان بە ناتەواوی لە ئیرانەوە بۆ هاتببو، کاک حەسۆ تۆپەکەی دا بە من بۆ ئەوەی بەکاری بهێنم، منیش دوو گولە تۆپم بە رەبایەکانی دەربەندەوە نا، گولە تۆپەکان جێگای خۆیان نەپێکاو بەکاک حەسۆم ووت: ئەو تۆپە سێرڤس نەکراوەو ناتەواوەو کەس ناتوانێ بەباشی بەکاری بهێنێ، کاک حەسۆ کە بۆخۆی هیچی لە تۆپ نەدەزانی، ووتی تۆ لەو تۆپە نازانی، تۆپەکەی دایە پیاوێکی هەولێری بەناوی حەیدەر، جەلالی ئەحمەد خەلیل و خدری برای وسواغاو چەند پێشمەرگەیەکی لەگەڵ ناردن بۆ دارشمانە، لەوێ تۆپەکەیان دابەست و دەستیان کرد بە تۆپبارانی قەڵاتی قەڵادزەو گردی حوسنی، لەبەر ئەوەی تۆپەکە تەواو نەبوو، هەموو گوللە تۆپەکان بەناو شاری قەڵادزە دەکەوتن، رۆژانە خەڵکێکی زۆری دەکوشت و بریندار دەکرد لە خەڵکی قەڵادزە، خەڵکەکەش ناوی نابوو تۆپە کوێرە، تۆپچیەکان تۆپەکەیان لە بناری بادینباڵ دابەستبوو و شەوانەش بۆخۆیان دەرۆیشتنەوە گوندی دارشمانە بۆ خەوتن، شەوێک مەلا مەحمودی دێرێ لەگەڵ چەند چەکدارێک دەروات، تۆپە کوێرە دەتەقێنێتەوە، کاک حەسۆش لە تۆڵەی تۆپەکە، خدری برای وسواغا دەکوژێ و دەڵێ تۆ چاوساغیت بۆ کردوون، بەڵام وەک شاهیدێکی بەویژدان خدر ئەو کارەی نەکردنوو و بە ناحەق کوژرا.

کە بەیانی ١١ ی ئازاری داو پێشمەرگە هاتە ناوشار، کاک حەسۆ بەشێوەیەکی تر کەوتە خواردنی شارەکەو دزی و گەندەڵیەکی دەست پێکرد لەوەی ئەمڕۆ خراپتر بوو، وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن، ئێمە کۆمەڵێک لە خەمخۆرانی ناوچەکە بەئاغاو جوتیارو دوکانداران و پێشمەرگەوە، یەکمان گرت و لە کاک حەسۆ راست بوینەوە، دوای مل بەملەیەکی زۆر سەرکەوتنمان بەدەست نەهێناو هەر یەکەمان بەشێوەیەک تووشی بەدبەختی و کوێرەوەری هاتین.

لە هەڵگیرسانەوەی شەڕیشدا لە ساڵی ١٩٧٤ یشدا، بیجگە لە بۆردمانی تەیارەکانی عێراقی کە بەسەدها کەسیان لەناو شاری قەڵادزە شەهید کرد، کاک حەسۆ گەورەترین تۆپی ئیرانی هێنایە دەشتی کێلێ و ماوەی چوار مانگ لەسەر یەک شاری قەڵادزەی پێ تۆپبارن کرد، لەو تۆپبارانەشدا بەسەدان کەسی خەڵکی شارەکەو دەوروبەری شەهیدکران و بریندار بوون.

لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشیس لە دوای ١٩٧٦ وە، قەڵادزەو ناوچەی پشدەر بوو بە بنکەی سەرەکی بەرەوپێش چوونی ئەو شۆڕشەوە شارو ناوچەکە بەسەدان قوربابی دا، بەرێوەبەرانی ئەو شۆڕشەش ئاغاو جوتیاری لەیەک هانداو بەدیان کەسیش بەو هۆیەوە لەناو چوون، لە ١٩٨٨ یش شارو ناوچەکە وێران کراو خەڵکەکە دوور خرایەوە لەوڵات، لەساڵی ١٩٩١ دا بێجگە لە راپەرینی قەڵادزیەکان لە ئوردوگاکانی دارەتووی نزیک هەولێر، کاک حوسەینی حەمەسور ئاغاو قەڵادزەیەکانی ناوچەی بازیان، دەربەندی بازیانیان داگیر کردو رێگای سلەیمانی و کەرکوکیان داخست، و بەرەو سلەیمانی و کەرکوکیش بەرێ کەوتن و بەشداریان کرد لە بەدەستهێنانەوەی ئەو دوو شارەش، دەتوانم بلێم ٥٠% راپەرینەکە خەڵکی قەڵادزەو ناوچەی پشدەر بوو، بەڵام کە دزو موفتەخۆرەکان لەسەر کورسی دانیشتن، قەڵادزەو ناوچەی پشدەریان لەبیر نەما.

لە ساڵی ١٩٩٤ یشدا کوڕەکانی کاک حەسۆ لەقەڵادزە شەڕی خۆبەخۆیان هەڵگیساندو سەدان هاوشاری لەو شەڕەدا کوژران، لەم لایەشەوە کوڕکانی تری حەسۆ میرخا، تۆپی ئێرانیان هێنایەوە سەر سنورو شاری قەڵادزەیان پێ تۆپ باران کرد، لەو تۆپ بارانەشدا بە دەیان کەس شەهیدو بریندار بوون.

دوای ئەو هەموو بەدبەختیەی بەسەر شاری قەڵادزەو ناوچەکە هات، خەڵکەکە بەرەنج و توانای خۆیان شارو ناوچەکەیان دروست کردەوەو دەسەڵاتدارانی هەردوو شۆڕشیش وەک پێویست ئاوڕی لە شارو ناوچەی پشدەر نەداوەتەوە.

 

لەندەن ١٣ – ٣ – ٢٠١٢

(( په‌ڕه‌ی شار ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه