کۆستی شارێک گەیشتە پارلمانی بەریتانیا

ماڵپەری قەڵادزێ:

بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو، لە کوردانی تاراوگەو تۆم برێک ئەندام پارلمانی بەریتانیا لە حزبی لیبراڵ دیمۆکرات لە ڕێکەوتی ٢٨/٤/٢٠١١ لە پارلمانی بەریتانیای یادی کارەساتە مەرگ ئامێزەکەی ٢٤/٤ی شاری قەڵادزێ کرایەوە، لە کردنەوەی ماتەمە کۆڕەکەدا، بەشداربووان دەقیقەیەک بۆ گیانی پاکی شەهیدان وەستان، دواتر بەرنامەی بۆنەکە، بە سەرەتایەک دەربارەی پشدەرو ناوچەکەو، ئەو ڕووداوو کارەساتانەی کە ڕووبەرووی ناوچەکە بوونەتەوە، دواتر شایەتحاڵی ڕووداوەکەو خانەوادەی شەهیدان، نەجیبە ڕەسوڵ ئەحمەد، بەشێک لەو مێژووەی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە، دواتریش ئەندام پارلمان تۆم برێک، چەند وتەیەکی پێشکەش کردو، تێێدا خەمباری خۆی نیشاندا سەبارەت بەم کارەساتە، کەلەسەر دەستی ڕژێمی پێشوو ڕووبەڕووی خەڵکی سڤیلی ناوچەکە بووەتەوە، هەروەها بەڵێنی دا کەکار لەسەر ئەم کەیسە بکات.

هەروەها مامۆستا ئاری عبدوڵلا ئەحمەد، وەک کەسوکاری شەهید، وتارێكی پێشکەش کرد، دواتر وتاری د.چیمەن مەحمود و قوبادی حاجی فەقێ، لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە خوێنراوەیەوە. بورهان مستەفای هونەرمەدنیش، کە لە کەنەداوە میوناداری کرابوو، بەشێک لە دۆکیومێنتەکانی سەبارەت بەم کارەساتە خستەڕوو.

لە کۆتاییدا وتەی ناوەندی قەڵادزێ  لەلایەن مامۆستا خالید ئاسنگەرەوە پێشکەش کرا، تێێدا جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی هەموو ئەو کەیسانە کرد بۆ دادگایەکی نێودەوڵەتی بێلایەن، کە دژ بەگەلی کورد ئەنجام دراوە.

ساڵح حەسەن خانم و هێمن حاجی خدر، وەک دوو بەشدار بووی ماتەمە کۆڕەکە ئاماژەیان دا، کە ئەمڕۆ دەنگی شارێک گەیشتە گوێی پارلمانی بەریتانیا، خۆشبەختانە لە رێکەوتی ٢٨/٤/٢٠١١  پارلمان دەرگای بەڕووی کۆستی شاری قەڵادزێدا کردەوە، تا هاوخەمانی ئەم کارەساتە، خەرمانی شیوەنی  ئازارەکانی ٢٤/٤/١٩٧٤ و ١٩٨٢ بەرز ڕابگرن.

 

 

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه