له‌یادی بۆردومانی قه‌ڵادزێ كاره‌سات و راپه‌ڕین و.... قسه‌یه‌كی دی

شه‌پۆل فه‌تحی كه‌ریم: 

قه‌ڵادزێ، خه‌م و ئازاره‌
قه‌ڵای سوری شه‌هیدانه‌...
هێماو ره‌مزی به‌رخودانه‌
سرودی ده‌م نه‌وه‌كانه‌

بۆردومانی قه‌ڵادزێ له‌ 24/4/1974 به‌چه‌كی ناپاڵمی  قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی رووداوێكی بێ وێنه‌و كاره‌ساتێكی خوێناوی بوو به‌عسیه‌ فاشسته‌كان چنگی خوێناویان لێ گیركردوو كردیانه‌ مه‌یدانی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌هێزترین فڕۆكه‌ی مه‌رگ بارین و سامناكترین بۆمبی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی.
ده‌ستپێكی جینوسایدكردنی گه‌لی كوردستان بوو بۆ تواندنه‌وه‌ و داگیركردنی خاكه‌كه‌ی.
له‌24/4/1982 خوێنی به‌ناهه‌ق رژاوی شه‌هیدانی 1974 له‌ده‌ماری شێره‌ ژنان و كوڕانی (قه‌ڵادزێ) كه‌وته‌وه‌ جووڵه‌و به‌خوێنێكی گه‌شترو ئاڵتر رێز له‌شه‌هیدانی بۆردومانه‌كه‌ی قه‌ڵادزێ گیرا.
راپه‌ڕینی ساڵی 1982 بۆ رێزگرتن له‌ قوربانیانی كاره‌ساته‌كه‌و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌می به‌عسیه‌كان، به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆكێشراو له‌لایه‌ن قوتابیانی ئاماده‌یی قه‌ڵادزێ به‌بێ جیاوازی بیروبۆچونی سیاسی ( كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران ، حزبی شیوعی ، پارتی، سیوشیالست) نه‌خشه‌كه‌ی دانرا، شێوه‌ تێكۆشانێكی جه‌ماوه‌ری نوێ و وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بوو له‌و سه‌رده‌مه‌ بۆ بۆ پشتیوانی تێكۆشانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دژی رژێمی شۆڤینیزم و ره‌گه‌زپه‌رستی به‌غدا.
سنوردانان بوو بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی نه‌خشه‌و پیلانه‌ ژه‌هراویه‌كانی، بۆردومانی قه‌ڵادزێ و یادی قوربانیه‌كانی كرایه‌ بۆنه‌ی رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سیاسه‌تی سێكوچكه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ( ته‌رحیل، ته‌بعیس – ته‌عریب) كه‌به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی ووردو حسابكراو دژی گه‌لی كوردستان رۆژانه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، گوندیه‌كانی ده‌گواسته‌وه‌، گونده‌كانی ده‌سوتاند وێرانی ده‌كردو هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیری و گولله‌ بارانكردن و پاكتاوی ره‌گه‌زی.. به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار درێژه‌ی هه‌بوو.
خۆپیشاندنی خه‌ڵكی قه‌ڵادزێ و رژانی رق و توڕه‌یی له‌ 24/4/1982 له‌و سه‌رده‌مه‌ی (به‌عس) و پیاوه‌كانی له‌ لوتكه‌ی به‌هێزی و ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕی دابوون، ده‌نگی زه‌نگێكی مه‌ترسیدار بوو و په‌یامێكی رون و ئاشكرا بوو بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیه‌كان له‌ كوردستاندا له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا بۆ پشتیوانی له‌راپه‌ڕینه‌كه‌ی هاوسۆزی خه‌ڵكی كوردستان، زۆربه‌ی شارو شارۆچكه‌كانی گرته‌وه‌.. بۆیه‌ من پێشنیار ده‌كه‌م یادی راپه‌ڕینه‌ پڕشكۆكه‌ی قه‌ڵادزێ خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر بكرێت ئه‌م شێوه‌ یادكردنه‌وه‌ راگوزارانه‌ی كه‌ ده‌چێته‌ كۆمه‌ڵێك جموجوڵ و  چالاكی و چه‌ند رۆژێك ده‌خایه‌نێت، دووایی كه‌س ئاوڕی لێناداته‌وه‌و له‌بیرده‌چێته‌وه‌، به‌ڕای من گرنگه‌ بۆردومانی قه‌ڵادزێ و یادی راپه‌ڕینه‌كه‌ی وه‌ك دوو بۆنه‌ی جودا یان هه‌ر جۆره‌ شێوازێكی تر كه‌ ده‌ربڕی كاره‌ساته‌كه‌و راپه‌ڕینه‌كه‌ بێت. یادبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یادی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵ (1982) كه‌ له‌سه‌رده‌م و قۆناغێكی هه‌ستیاری مێژوویدا ئه‌نجامدرا به‌رامبه‌ر دڕنده‌ترین ده‌سه‌ڵاتی فاشستی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ قه‌واره‌ی خۆی پێ بدرێ و له‌مێژووی سه‌روه‌ریه‌كانی گه‌لی كوردستان تۆمار بكرێ....
ماوه‌ته‌وه‌ بلێم پێویسته‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و ره‌سمی بیر له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌كی گونجاو بكه‌نه‌وه‌، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خێزانی شه‌هیدان له‌ساڵی (1974) و شه‌هیدانی (1982) ی راپه‌ڕینه‌كه‌، راگواستنی پشده‌ر له‌ساڵی (1989)، گرنگه‌ نییه‌ قه‌ربوو كردنه‌وه‌كه‌ ره‌مزی بێت یان مه‌عنه‌وی.

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه