زامه‌کانی قه‌ڵادزێ ئێستاش خوێنیان لێده‌تکێ

ساڵح میراوده‌لی: 
ده‌زانم و دڵنیام ئه‌مساڵیش یادی کاره‌ستی ٢٤ی ٤ی ساڵی حه‌فتا و چوار و ڕاپه‌ڕینی سالی ١٩٨٢ی قه‌ڵادزێ، وه‌ک هه‌مو ساڵانی دی به‌ چه‌ند تۆپ قوماش و چه‌ند لیتر بۆیاغێک ده‌کرێته‌وه‌، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ پێداهه‌ڵدانی میدیاکانی ده‌سه‌ڵات به‌و شاره‌ و هه‌ندێکی دیکه‌ش به‌ بروسکه‌ و قسه‌ و گفتی سواوی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، ئه‌وه‌ ئه‌و میکانیزمه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت کۆستی شارێکی وه‌کو قه‌ڵادزێی پێبشارنه‌وه‌، جارجاره‌ش به‌و پڕۆژۆکانه‌وه‌ که‌ جارجار له‌ ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌کانه‌وه‌ ده‌یبینین و ده‌یبیستین، په‌رۆشی ده‌سه‌ڵات بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌ی پشده‌ر و قه‌ڵادزێ ده‌رده‌بڕن و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و په‌رۆشیه‌شه‌وه‌ هه‌ندێ کاری خزمه‌تگوزاری ده‌که‌ن و به‌ ده‌یان ده‌نگ و به‌ چه‌ندین ڕه‌نگ به‌خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ی ده‌فرۆشنه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ڕۆڵ و کاریگه‌ریان ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوبێت له‌و بارودۆخه‌ی ئێستادا، که‌ له‌هه‌رێمی کوردستان هاتۆته‌ دی،یان بایی ئه‌وه‌نده‌ قوربانیان نه‌داوه‌ له‌و پێناوه‌دا،یان ده‌یانه‌وێت به‌ناوی پڕۆژه‌کانه‌وه‌ زۆر شتی دی ده‌ فکری ئه‌و خه‌لکه‌دا بسڕنه‌وه‌ و که‌سیش باسی ئه‌و هه‌مو زامانه‌ نه‌کات، که‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ کراونه‌ته‌ جه‌سته‌ی شاری قه‌لادزێ، له‌سه‌رده‌ستی ده‌سه‌لاتدارانی کوردستان، هه‌مو ئه‌و زامانه‌ هیچیان که‌متر نیه‌ له‌ کاره‌ساتی بۆردومانه‌که‌ی سالی ٧٤ ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت،لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌هه‌ندێک له‌و تاوان و پێشێلکاریانه‌ بکه‌م که‌ له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌و ناوچه‌ی پشده‌ردا هاتوه‌ و کاریگه‌ریه‌کی نێگه‌تیڤی کردۆته‌ سه‌ر ڕه‌وتی به‌ره‌و پێشچون و گه‌شه‌کردنی ئه‌م شاره‌، له‌ڕوی ئابوری وفه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ تایبه‌تی و زۆر لایه‌نی تریش، به‌شێکی زۆری ئه‌و که‌م و کورتیانه‌ی له‌و شاره‌ هه‌ن و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ گیرۆده‌بون، خاڵی هاوبه‌ش و پێداویستی سه‌رچه‌م شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیشه‌، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیه‌که‌ لێره‌دایه‌، که‌ قه‌ڵادزێ و ناوچه‌ی پشده‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌ڤه‌رێکی تردا، له‌دوای ڕاپه‌رینه‌وه‌ ئاوه‌دان کراونه‌ته‌وه‌، کاتێک دانیشتوانه‌که‌ی گه‌ڕاونه‌وه‌ ته‌نها زه‌ویه‌کی ته‌خت بوه‌ و به‌س، که‌واته‌ ده‌بوایه‌ هه‌ر له‌دوای ڕاپه‌رینه‌وه‌ هه‌وڵ درابایه‌ یاسایه‌کی تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ ده‌ربکرێت، بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانه‌ ئابوریه‌که‌ی و سڕینه‌وه‌ی سیماکانی وێرانکاری، ناکرێت شارێک یان شوێنێک که‌ هه‌رگیز زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوه‌، به‌یه‌ک به‌رنامه‌ و ستراتیژ له‌گه‌ڵ شارێکی تردا که‌ ته‌نها خاشاکه‌که‌ی ماوه‌ پلانی بۆ دابنرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ش نه‌کراوه‌، به‌ڵام به‌دیوه‌ پێچه‌وانه‌که‌یدا، زۆر زامی تری هاوشێوه‌ی بۆردومانی ساڵی حه‌فتاو چوار له‌ جه‌سته‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ کراوه‌، که‌ تائێستاش ئه‌م زامانه‌ خوێنیان لێده‌تکێت،به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژویه‌کی نزیکی ئه‌م ناوچه‌یه‌، به‌ گه‌واهی به‌شی زۆری دانیشتوانه‌که‌ی ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی ململانێی ده‌سه‌ڵات له‌نێو حیزبه‌کاندا، کاریان بۆ مکومکردنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان کردوه‌، هه‌رگیز به‌ نیوه‌ی ئه‌وه‌ش کاریان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک نه‌کردوه‌ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌،به‌ ماوه‌یه‌کی کورت له‌دوای ڕاپه‌ڕین وله‌ژێر کاریگه‌ری سیاسه‌تی په‌نجا به‌ په‌نجا، هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ستان به‌ زیندوکردنه‌وه‌ی هه‌ستی چینایه‌تی و خێڵگه‌رایی و ناوچه‌گه‌رێتی، له‌ژێر ناوی جیاجیادا، ئه‌مه‌ش کاره‌ساتی به‌دوای خۆیدا هێناو ناوچه‌که‌ واته‌ پشده‌ر به‌گشتی گیرۆده‌ی شه‌ڕی نێوخۆ بۆوه‌، له‌و کاته‌دا قه‌ڵادزێ و ناوچه‌که‌ له‌سه‌ره‌تای قۆناغی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ دابو،هه‌ندێک له‌و لادێ و ئاواییانه‌ی به‌ مه‌چه‌کی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ خۆی ئاوه‌دانکرابۆوه‌، جارێکی دی توشی سوتان و له‌ناوچون چون،هاوکاتیش وه‌کو سۆزێکی مرۆڤانه‌ کۆمه‌ڵێک ڕێکخراوی بێگانه‌ ،که‌ کاری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یان ده‌کرد، به‌هۆی نائارامی ئاسایشی ناوچه‌که‌وه‌ بارگه‌و بنه‌یان تێکنا و پڕۆژه‌کانیان گواستنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌کانی تر،که‌ تائێستاش ئه‌و کێشانه‌ بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که‌ وه‌کو کارتێک هێشتویه‌تیه‌وه‌ بۆ به‌کارهێنانی، له‌هه‌ر کاتێکدا گه‌ره‌کیان بێت، له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و کێشانه‌دا بو که‌ یه‌که‌م چه‌خماخه‌ی شه‌ڕی کورد کوژی له‌م شاره‌دا ده‌ستی پێکرد و له‌وێشه‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا ئاگرو دوکه‌ڵی ئه‌م شه‌ڕه‌ ماڵوێرانکه‌ره‌، سه‌رجه‌م کوردستانی گرته‌وه‌،هه‌رچه‌نده‌ چوار مانگ و نیو پێش، ئه‌م شه‌ڕه‌ش،له‌ شاری ڕانیه‌ شه‌ڕی بزوتنه‌وه‌و یه‌کێتی ڕویدابو، ئه‌نجامه‌که‌شی وه‌ده‌رنانی بزوتنه‌وه‌ بو له‌ کوردستاندا، ئه‌وان له‌و ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر سنوره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ ده‌که‌وێته‌ سنوری ناوچه‌ی پشده‌ر خۆیان ڕێکخستبۆوه‌ و هێزه‌ په‌رته‌وازه‌که‌یان له‌وێدا کۆکردبۆوه‌، به‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی پارتی و یه‌کێتیش له‌و ناوچه‌یه‌دا، هه‌ندێک له‌ هێزه‌کانی پارتیش به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌ سنوریانه‌ چوبون، ئه‌مه‌ش وای له‌ هه‌ردو لایه‌نی پارتی و بزوتنه‌وه‌ کرد، که‌ به‌یه‌که‌وه‌ به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌شی شه‌ڕ دژی یه‌کێتی پێک بهێنن، هۆکاری سه‌ره‌کی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش وه‌کو به‌ره‌یه‌کی شه‌ڕ بۆ چه‌ند هۆیه‌ک ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، یه‌کێک له‌وانه‌ که‌ هاوسنور بو له‌گه‌ڵ وڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌کو ئێران و ده‌یانتوانی له‌وێوه‌ پێداویستی لۆجستیکیان به‌ ئاسانی پێبگات و برینداره‌کانیشیان بگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌کانی ئه‌وێ، هۆکارێکی تر،هه‌ڵکه‌وته‌ی جیۆپۆلۆتیکی ناوچه‌که‌، که‌ ناوچه‌یه‌کی فراوان و شاخاوی بو بۆ شه‌ڕکردن و چه‌ندین هۆکاری تریش، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردو لا هێزه‌کانیان ڕێکخسته‌وه‌، به‌ پشتیوانی هێزی تۆپ هاوێژی ئێرانیه‌کان ده‌ستیان کرد به‌ هێرشکردن، من وه‌کو شایه‌تحاڵێک ڕۆژانه‌ چه‌ندین جار ڕه‌تڵی ڕاجیمه‌و تۆپه‌کانم ده‌دیتن و ده‌بیستن، که‌ هه‌ر چه‌ند سه‌ت مه‌ترێک له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و گوندانه‌ی ئێمه‌ی ده‌داو به‌شی زۆری ئه‌و بۆردومانانه‌ش کوێرانه‌ بون و بۆ زیاتر ترس خستنه‌ ناو خه‌ڵک وئاڵۆزترکردنی دۆخه‌که‌ بو، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی شه‌ڕ بۆردومانه‌کان ئنجا زۆر به‌خه‌ستی ناو شاریشی گرته‌وه‌، ته‌نها ڕۆژێکیان زیاتر له‌ بیست که‌س له‌ سێ خێزان بونه‌ قوربانی که‌ زوربه‌یان ژن و مناڵ بون،له‌بیرمه‌ ڕۆژێکیشیان بارودۆخه‌که‌ تۆزێ ئارامتر بو، به‌ پیاده‌ له‌گه‌ڵ هاو ئاواییه‌کی خۆمد اهاتمه‌ شار، دوای گه‌یشتنمان بۆردومان ده‌ستی پێکرد و دوای کپ بونه‌وه‌ی دۆخه‌که‌، هه‌واڵی ئه‌وه‌ هات که‌ تۆپێک له‌ پاسێکی بیست و یه‌ک نه‌فه‌ری داوه‌ و یانزه‌یان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ جگه‌ له‌ برینداره‌کانیش، هه‌ر هه‌مان ڕۆژ له‌ناو شاردا چه‌ند قوربانیه‌کی تریش هه‌بون، هه‌مو ئه‌و قوربانیانه‌ش خه‌لکی سڤیل بون ، له‌ نێویشیاندا به‌شی زۆریان ژن و منداڵ بون،ئه‌مانه‌ چه‌ند نمونه‌یه‌کی کارو کرداری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ که‌ ئێستا حوکمی ئه‌و شاره‌ ده‌که‌ن و فرمێسکی تیمساحی بۆ ده‌ڕێژن،که‌واته‌ به‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی لۆژیکیانه‌، به‌ پێی ڕوداوه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردو له‌وه‌ تێده‌گه‌ین، که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌بری ساڕێژکردنی زامه‌کانی ئه‌م شاره‌،چه‌ندین زامی تری خستۆته‌ جه‌سته‌ی ئه‌م شاره‌وه‌،ئه‌وشوێنه‌ی که‌ زانکۆی تێدابو، له‌ کاره‌ساتی ساڵی حه‌فتا چوار به‌ر ئه‌و بۆردومانه‌ که‌و ت و چه‌ندین مامۆستا و خوێندکاری تێدا بونه‌ قوربانی، دوای ڕاپه‌ڕین ده‌ستبه‌جێ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ داگیرکراو هه‌رکه‌س به‌ ئاره‌زوی خۆی خانوی تێدا کرد، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ده‌کرا بیکه‌نه‌ شوێنی یاده‌وه‌ری کاره‌ساته‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه‌و ئه‌رشیفی ئه‌م شاره‌ی تێدا کۆ بکه‌نه‌وه‌،هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاونه‌وه‌،به‌شی زۆری ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ پێشتر موڵکی گشتی بون و دام و ده‌زگاکانی به‌ڕێوه‌بردنی تێدا بوه‌، هه‌موی له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌ وه‌ داگیر کراوه‌، بۆ خۆیان کردونه‌ خانوی نیشته‌جێبون و ڕیزه‌ دوکانیش بۆ کرێ، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م نوسینه‌وه‌ داوا له‌ خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری شاری قه‌ڵادزێ و ناوچه‌ی پشده‌ر ده‌که‌م، له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌ وه‌،که‌ پشتگیری ئه‌و کۆمیته‌یه‌ی بکه‌ن له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ پشتگیری که‌یسه‌کانی ناوچه‌که‌ دامه‌زراوه‌ و کۆمیته‌ی هاوشێوه‌ دروست بکه‌ن بۆ هاوبه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کتری و هه‌وڵدان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌مو که‌یسه‌کانی قه‌ڵادزێو پشده‌ر، بۆ دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراک و دادگای لاهای نێده‌وڵه‌تی، جگه‌ له‌و کاره‌ساتانه‌ی له‌سه‌رده‌ستی ڕژێمی فاشستی به‌عس به‌سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ هاتوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و که‌یسانه‌ش که‌ له‌دوای ڕاپه‌رینه‌وه‌، له‌سه‌رده‌ستی لایه‌نه‌ کوردیه‌کان به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا هاتون، هاوپێج بکرێن و تاوانبارانی بدرێنه‌ دادگا،ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ بڵێم که‌ به‌رپرسانی قه‌ڵادزێ و پشده‌ر به‌گشتی،ئه‌گه‌ر دڵسۆزی ناوچه‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت زامه‌کانی ئه‌م شاره‌ ساڕێژ بکه‌ن، با به‌ کردار کار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ بکه‌ن و چیدیکه‌ نه‌یکه‌نه‌ قوربانی ململانێی ناسه‌رده‌میانه‌. درود بۆ شه‌هیدانی ٢٤ی ٤ی ٧٤ و ٨٢ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کوردو کوردستان.

 

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه