هه‌فته‌ چالاکیه‌ک بۆیادى کاره‌ساته‌کانى قه‌ڵادزێ

هۆشمه‌ند چه‌کوانى
په‌شێوى شاعیر له‌ شیعرى(سه‌ربازى وندا)زۆر جوان پێناسه‌ى خاکى کوردستانى کردوه‌،کاتێک ده‌لێ:
(......له‌سه‌ر هه‌ر بسته‌ زه‌مینىَ..له‌ژێر هه‌ر گه‌زه‌ ئاسمانێ..مه‌ترسه‌ که‌مێ سه‌رداخه‌و..تاجه‌گوڵینه‌که‌ت دانێ).
به‌دیدى من یه‌کێک له‌گوزارشته‌کانى ئه‌و هۆندراوه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌،که‌ خه‌ڵکى کوردستان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ماف و ئازادیه‌کانى و ڕزگارکردنى خاکه‌که‌یدا،فیداکارى زۆرى کردوه‌و له‌بن هه‌موو به‌ردو ده‌وه‌نێک خوێنى ڕشتوه‌.

بۆیه‌ له‌ڕاستیه‌وه‌ نزیکم گه‌ر بڵێم هه‌موو ناوچه‌کانى کوردستان به‌خوێنى گه‌شى ڕۆڵه‌کانى پیرۆزو شکۆداربووه‌،که‌واتا هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانى کوردستان له‌شۆڕش وبه‌رخودانه‌کاندا،له‌ چه‌شتنى ئازارو مه‌ینه‌تیه‌کاندا،پشکیان به‌رده‌که‌وىَ،بۆیه‌ ده‌شىَ هه‌موومان خاوه‌نى ئه‌وده‌ستکه‌وتانه‌بین که‌ئێستا ئێمه‌مانان له‌سایه‌یدا ژیان گوزه‌رده‌که‌ین،به‌لاَم ده‌شگونجىَ،زامى هه‌ندىَ له‌کاره‌ساته‌کان و برینى هه‌ندىَ له‌ ناوچه‌کانى کوردستان له‌هى هه‌ندىَ ناوچه‌ى تر گه‌وره‌تر بێت.
له‌ئێستادا که‌یادى(٣٦)ساڵه‌ى کاره‌ساتى بۆردومانکردنى قه‌لاَدزىَ ده‌که‌ینه‌وه‌،ئه‌وکاره‌ساته‌ى که‌ له‌یه‌ک کاتدا،زانکۆو پێشمه‌رگه‌وشۆڕش و خه‌ڵکى سڤیلى کرده‌ ئامانج،له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵوه‌سته‌کردنێکى زێده‌ترى گه‌ره‌ک بێت.
له‌کاره‌ساتى٢٤/٤/١٩٧٤ دا،که‌ به‌چه‌کى قه‌ده‌غه‌کراوى(ناپاڵم)هێرش کرایه‌ سه‌رشارى قه‌لاَدزىَ، ده‌کرىَ ئه‌وه‌ بگوترىَ که‌هێرشه‌و په‌لاماردانه‌که‌ چه‌ند لایه‌نه‌ بوو. ئه‌وکات هه‌موو کورد له‌پێناو یه‌ک ئامانجى دیاریکراودا،له‌ژێرسایه‌ى یه‌ک شۆڕش ویه‌ک ڕابه‌رایه‌تیدا بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان تێده‌کۆشان وخه‌مى هه‌مووان گه‌یشتن بوو به‌ئامانجه‌کانى شۆڕش.
گواستنه‌وه‌ى زانکۆى سلێمانى بۆ باوه‌شى قه‌لاَدزىَ وگوێڕایه‌ڵى هه‌موولاێک بۆڕێنماییه‌کانى شۆڕش وسه‌رکردایه‌تى ئه‌وساى کوردستان،بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌له‌هه‌موو ناوچه‌و شاره‌کانى کوردستانه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌وخه‌ڵکى شۆڕشگێڕو قوتابى ومامۆستایان ڕوو له‌قه‌لاَدزىَ بکه‌ن،سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌کان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن،که‌م و زۆر،له‌ناو شه‌هیدو برینداره‌کاندا هاولاَتیانى ته‌واوى ناوچه‌کانى کوردستان به‌دى کراون،چونکه‌ ئه‌وکات قه‌لاَدزىَ گه‌وره‌ترین پێگه‌و مه‌نزڵى شۆڕش بووه‌و له‌که‌رکوک و دهۆک و سلێمانى وهه‌ولێره‌وه‌ پۆل پۆل خه‌ڵکى کوردستان په‌یوه‌ندیان به‌شۆڕشه‌وه‌ کردوه‌،هه‌ربۆیه‌ ده‌کرىَ ئه‌وپه‌لاماره‌ى سه‌رشارى قه‌لاَدزىَ له‌وکاته‌دا وه‌ک هێرشێک بۆسه‌ر ته‌واوى کوردستان هه‌ژماربکرێت،هه‌ربۆیه‌ش دوابه‌دواى ڕوداوه‌که‌ بارزانى نه‌مر،ئه‌و ڕۆژه‌ى وه‌ک ڕۆژى ماته‌مینى گه‌لى کورد ناوبردوه‌،چونکه‌ له‌ڕووى گه‌وره‌یى تاوانکاریشه‌وه‌،له‌وده‌مدا ئه‌وتاوانه‌ گه‌وره‌ترین تاوانى له‌مجۆره‌بوو که‌ده‌رهه‌قى گه‌لى کوردوشۆڕشه‌که‌ى ئه‌نجامدرابیت. بۆیه‌ مادام له‌و ڕۆژگاره‌دا،ئه‌و هێشه‌ وه‌ک چاوترساندن وشکاندنى شکۆى ته‌واوى خه‌ڵکى کوردستان ئه‌نجامدرابێت،جێى خۆیه‌تى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان له‌یادکردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆنه‌ ماته‌مینه‌دا به‌شدارى بکه‌ن و هه‌موان له‌وێدا یادى شه‌هیدو قوربانیه‌کان بکه‌ینه‌وه‌،یادى ڕۆژگارو سه‌رده‌مانى یه‌ک هه‌ڵوێستى ودڵسۆزى جوامێرو شێره‌ ژنانى ئه‌و شۆڕشه‌ بکه‌ینه‌وه‌. بۆئه‌مه‌ش من پیِشنیارێک ده‌خه‌مه‌ ڕوو،هیوادارم لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌حکومه‌تى هه‌رێم و ده‌سه‌لاَتى خۆجێیى شارى قه‌لاَدزىَ وبه‌رپرسانى کارگێرى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌و خه‌ڵکى کوردستان و که‌سو کارى قوربانیان به‌هه‌ندى وه‌ربگرن. به‌باشى ده‌زانم که‌ یادکردنه‌وه‌ى ئه‌و کاره‌ساته‌ له‌و فۆڕم و شێوه‌ خوو پێوه‌گرتوه‌ ده‌ربچێت و سالاَنه‌  له‌و یاده‌دا،که‌رنه‌ڤاڵێکى مه‌زن،که‌چالاکى جۆراوجۆر له‌خۆى بگرێت،ئه‌نجام بدرێت، هه‌وڵبدرێت گه‌شه‌ به‌چالاکیه‌ ئابوورى و هونه‌رى و کلتورى وڕۆشنبیرى وفه‌رهه‌نگى و وه‌رزشیه‌کان ....هتد بدرێت،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ته‌واوى کوردستان و له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستانیش بانگهێشتى به‌رپرسانى بالاَى میرى وکه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌کان و هونه‌رمه‌ندان و ڕوناکبیران بکرێت،چالاکى گه‌وره‌ى وه‌کو کردنه‌وه‌ى خولى وه‌رزشى وپێشانگه‌ى کتێب وزنجیره‌ کۆڕو ئاهه‌نگ و کۆنسێرت وشانۆو نیشاندانى فیلم و....هتد ئه‌نجام بدرێن،گه‌شتى ناساندنى شوێنه‌ گه‌شتیارى و شوێنه‌واریه‌کان بۆمیوانانى ئاماده‌بوو ئه‌نجام بدرێن،ده‌کرێت هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌چوار چێوه‌ى هه‌فته‌ چالاکیه‌کدابن له‌ژێر ناوى هه‌فته‌ى چالاکیه‌کانى یادکردنه‌وه‌ى ٢٤/٤/٧٤ و ٨٢ ،یان هه‌ر ناوێکى تر.
من پێم وایه‌ ئه‌م جۆره‌ چالاکیانه‌ که‌ هه‌فته‌ێک یان پتر له‌ ڕۆژێک به‌رده‌وام بن،چه‌ندین لێکه‌وته‌ى ئه‌رێنى هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا دێنن.چونکه‌ سروشتى ناوچه‌که‌و ماندوویى خه‌ڵکه‌که‌و توانستى دانیشتوانه‌که‌ى شایه‌نى له‌وه‌ش زیاترن.



ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه