چیرۆکى یه‌که‌م سرود بۆ بیست وچوارى چوار

د.عمر نوره‌دینى
دواى ڕاپه‌ڕینى ئازارى (١٩٩١) و ئازادبوونى به‌شێکى زۆرى باشوورى کوردستانى داگیرکراو له‌ ژێر ده‌سه‌لآتى ڕژێمى به‌عسى دیکتاتۆر , قه‌لآدزه‌یى و پشده‌ریه‌کان که‌ ئه‌وکات له‌ میانه‌ى پرۆسه‌ى به‌زۆر ڕاگواستنى زۆره‌ملێیى دژه‌ ئینسانى و ته‌واو ناکۆک له‌گه‌لأ یاساى نێوده‌وڵه‌تى مرۆیى و یاساى نێوده‌وڵه‌تى گشتى و جاڕى گه‌ردوونى مافى مرۆڤ و بڕوانامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان , به‌سه‌ر چه‌ندین کۆمه‌ڵگاى زۆره‌ملىَ دابه‌ش کرابوون و وه‌ک ئاردى نێو دڕووان په‌رش و بلآوکرابوون , ده‌ست به‌جىَ قۆڵى جوامێرى و باسکى ئازادیخوازانه‌ى خۆیان هه‌ڵماڵى و دروشمى (دوژمن پێى خۆش بآ یان پێى ناخۆش بىَ , ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆشاره‌که‌ى خۆم )یان به‌رزکرده‌وه‌و نه‌عره‌ته‌ى ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ى که‌لاوه‌ى شارو گونده‌کانیان لێداو پۆل پۆل گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر زێدى له‌ دایک بوونیان و خوێنى ئاوه‌دانیان خسته‌وه‌ ناوده‌ماره‌کانى قه‌لآدزىَ و پشده‌رو هه‌ناسه‌ى زیندووبوونه‌وه‌یان به‌ جه‌سته‌یان به‌خشى و له‌ناو که‌لاوه‌کاندا تۆوى ژیانێکى نوێ و قۆناغێکى نوێى دژوار به‌لآم ته‌ژى به‌ئازادى و سه‌ربه‌ستیان چاند .
ئه‌وکات کۆمه‌ڵێک ڕۆشنیر و ئه‌دیب هونه‌رمه‌ندو نووسه‌رانى به‌هه‌ڵوێست و پێشکه‌وتن خوازى شارى قه‌لآدزآ , به‌ جیاوازى ئینتیماى سیاسى وحزبى , له‌ده‌وورى یه‌ک کۆبوونه‌وه‌و بڕیارى دامه‌زراندنى ( یه‌کێتى نووسه‌رانى کوردستان _ لقى قه‌لآدزآ) یان دا , له‌و خوشک و برا به‌ڕێزانه‌ى به‌شداریان له‌دامه‌زراندن و پاشان چالاکى نواندن دا کردو خۆبه‌خشانه‌ و په‌رۆشانه‌ له‌ وبواره‌ گرنگه‌دا تواناکانى خۆیان وه‌گه‌ڕخست بریتى بوون له‌ به‌ڕێزان ( حمه‌ احمدجاف - ئارارات –شه‌پۆل فه‌تحى کریم –ساراخان- مامۆستا احمدشادى – مامۆستا هیوا أحمد – که‌ژاڵ ابراهیم – حسن احمد مسته‌فا - عمر یوسفى– حمه‌زرنگ – ڕێبوار محمد یوسف – عمرقاچ –عمرکاکل-مامۆستا هه‌ژارمحمدامین – که‌مال ئالانى- جه‌وهه‌ر میراوده‌لى – خدرمه‌ولان – عه‌بدولآى ڕه‌سام – و به‌نده‌ ) داواى بووردن له‌هه‌ریه‌کێک ده‌که‌م که‌ ئه‌و کات له‌ گه‌ڵمان به‌شدار بووبآ و ناوه‌که‌یم له‌بیر کردبآ , ده‌بآ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م که‌ له‌ ده‌رکردنى گۆڤارى (هه‌نگاو) که‌ له‌لایه‌ن لقى قه‌لآدزێى یه‌کێتى نووسه‌ران ده‌رده‌چوو شاعیرو نووسه‌ره‌ دیاره‌کانى سنووره‌که‌ وه‌ک به‌ڕێزان مامۆستا غه‌ریب پشده‌رى و محمد ڕه‌نجاو و مامۆستا ئازادبابان و جه‌بار جه‌مال غه‌ریب و ئه‌رسه‌لان حسن هاوکارو پشتیوان بوون . باره‌گاى یه‌کێتى نووسه‌ران له‌ شوێنى ئێستاى هۆڵى ( فه‌قآ ئه‌حمه‌دى داره‌شمانه‌ ) بوو , سه‌ره‌تا که‌پرێک بوو به‌داروو گه‌لأ درووستمان کرد و پاشان کردمان به‌ خانوویه‌کى دووژوورى سه‌ربان گڵ ودار . به‌هۆى کاروچالاکیه‌کانى و شێوازى کارکردنى یه‌کێتى نووسه‌ران , بووه‌ خاوه‌ن پێگه‌و ناوبانگێکى ئه‌وتۆ که‌ هه‌روه‌فدێکى سیاسى بالآ یان بیانى سه‌ردانى ده‌ڤه‌ره‌که‌ى کردبا ده‌بوو سه‌رێکى له‌ یه‌کێتى نووسه‌ران داباو کار به‌وه‌ گه‌یشت له‌ به‌ره‌ى کوردستانى نوێنه‌رى نووسه‌ران به‌شداربآ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى کارووبارى شار . به‌داخه‌وه‌ دواتر ئه‌م ڕه‌وته‌باشه‌ به‌لاڕآ دا بردراو دواتر وه‌ستا هۆکاره‌کان زۆرن و نامه‌وآ لێره‌دا باسیان بکه‌م و هه‌ڵى ده‌گرم بۆ ده‌رفه‌تێکى دى .
بۆساڵیادى ٢٤ى ٤ى ساڵى ١٩٩٢ , باره‌گاى یه‌کێتى نووسه‌ران بوو به‌ پووره‌ هه‌نگ و به‌شى زۆرى مشوور خواردن و کۆبوونه‌وه‌کانى تایبه‌ت به‌ویاده‌ له‌وآ کران و ئه‌ندامه‌کانى یه‌کێتى نووسه‌رانیش ده‌ورى سه‌ره‌کى و کارایان هه‌بوو له‌ پاڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى ناوبه‌ره‌ى کوردستانى , یه‌کێک له‌ بڕیاره‌کانى که‌ بۆ زیندووکردنه‌وه‌ى یادى کاره‌سات و ڕابوون درا بریتى بوو له‌ ئاماده‌کردنى سروودێک به‌ناوى سروودى ( بیستو چوارى چوار ) که‌نووسینى تێکسته‌که‌ى به‌من سپێردرا و دانانى ئاوازه‌که‌ى به‌ براى مۆسیقار مامۆستا هه‌ژار محمدامین , وه‌وتنه‌که‌ى به‌ هونه‌رمه‌ندى ده‌نگ خۆش کاک عومه‌ر گه‌رمکه‌یى , به‌ هۆى کارى هه‌رسآ لا سرووده‌که‌ له‌دایک بوو له‌ ڕێوڕه‌سمى ساڵیاده‌که‌دا به‌ جوانى له‌لایه‌ن تیپى مۆسیقاى قه‌لآدزآ و به‌سه‌رپه‌رششتى مامۆستا هه‌ژار پێشکه‌ش کرا . له‌م ماوه‌دا خه‌ریکى گه‌ڕان بووم له‌ناو ئه‌رشیفى نامه‌و به‌ڵگه‌نامه‌کانى خۆمدا وێڕاى دۆزینه‌وه‌ى چه‌ند ده‌قێکى شیعرى هه‌ردووبراى به‌رێزم کاک ئارارات و کاک ئه‌رسه‌لان حسن که‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و ده‌قانه‌یان لاى خۆیان نه‌مابآ ! ده‌قى ئه‌و سرووده‌شم دۆزیه‌وه‌ که‌ ئه‌و کات و بۆ بۆیه‌که‌م جار بۆ ڕێز گرتن له‌ ساڵیادى بیست و چوارى چوارى شارى قه‌لآدزێى ئازیز نووسیبووم , واجارێکى تر ده‌قه‌که‌ى ده‌خه‌مه‌وه‌ پێش چاوى خوێنه‌رانى به‌ڕێز:

سروودى بیست و چوارى چوار
ده‌ق : عمر نوره‌دینى
ئاواز : هه‌ژار محمدامین
وتنى : عمر گه‌رمکه‌یى


بیستوچوارى چوار زامه‌ زامێکى ئه‌به‌دیه‌
مۆرى سزاو تاوانى سه‌ر ته‌وێڵى فاشیه‌

که‌به‌بۆمباو ناپاڵم خوێنى گه‌شى شاریان ڕشت
خوێن و سه‌رى بآ لاشه‌ کۆشکى ئازادیان داڕشت

شارى دووجار شه‌هیدم شارى قه‌لآت و دووزىَ
به‌شى تۆ سه‌رکه‌وتنه‌و دیکتاتۆر هه‌ر ئه‌به‌زىَ


قه‌لآى شۆڕش و ڕاپه‌ڕین مه‌ڵبه‌ندى شادى و ئه‌وین
تۆ باجى خوێن نه‌به‌خشى ئه‌ى ئێمه‌ چۆن سه‌رکه‌وین ؟

تائه‌وڕۆژه‌ى فاشیه‌ت و دیکتاتۆر ئه‌بڕێته‌وه‌
بیستوچوارى چوار زامه‌و گشت ڕۆژى ئه‌کولێته‌وه‌

بیستو چوارى چوار زامه‌ زامێکى ئه‌به‌دیه‌
مۆرى سزاو تاوانى سه‌ر ته‌وێڵى فاشیه‌


ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه