خاچ ومارو رۆژ ژمێرى شاعیرێ ... شێرکۆ بێکه‌س

 

تۆ خاچى مار تێ ئاڵاوى

تۆ ژانێکى قه‌لاَدزێى گه‌شاوه‌یت و

تۆ ئێستاکه‌ گوڵى دووکه‌ڵى نیسانى و

له‌به‌رى پێوه‌ تا ته‌وقى سه‌ر

به‌ئاسۆسدا هه‌ڵزناوى

ئه‌مه‌ نیوه‌رۆى نیسانه‌؟!

یان نیوه‌رۆى مه‌رگه‌ کاتێ دووکه‌ڵ سێبه‌ر

ئه‌کات بۆ کۆست ؟!

ئه‌مه‌ گولاَڵه‌ى نیسانه‌؟!

یان ده‌ست و په‌نجه‌و دوو لێوى مندالاَنى قه‌لاَدزێ؟!

ئمه‌ زانستگه‌ى نیسانه‌ سله‌یمانى؟!

یان کۆلیجه‌کانى خوێن و ده‌ستى په‌ریوى نیوتن و

سه‌رى بێ له‌شى گالیلۆ؟!

ئه‌مه‌ مێزه‌رى خانییه‌ ؟!یان کلاَوێکى قوتابى ؟!

ئه‌مه‌ شیعرێکى نالییه‌ په‌ریوه‌ته‌ ئه‌م گوزه‌ره‌؟!

یان سه‌رو ریشى مه‌وله‌وى ؟!

ئه‌مه‌ هه‌نارو لاولاوه‌؟!

یاخود مه‌مکى حه‌بیبه‌یه‌و پرچه‌کانى عه‌نبه‌ر خاتوون ؟!

یان ده‌فته‌رێکى قوتابى؟!

ئه‌ى ئه‌مه‌یان هیواى چاوشینى گۆرانه‌؟!

که‌تۆته‌ بن ئه‌و به‌رده‌وه‌؟!

یاخود ئه‌ستێره‌یه‌کى مردوو؟!

ئه‌ى ئه‌م عه‌ینه‌که‌ په‌ریوه‌ى که‌وتۆته‌ ئه‌م هه‌رێزه‌وه‌و

دوو دلۆپ خوێن له‌سه‌ر شووشه‌ى چاوه‌کانى ئىجریوێنن؟!

عه‌ینه‌که‌ى ئه‌نیشتاینه‌؟!

یان عه‌ینه‌کى کێوه‌ڕه‌شه‌؟!

یان عه‌ینه‌که‌که‌ى شیخ نورى؟!

کێ ئه‌یزانێ؟! که‌س نایزانێ

له‌سێ کۆچکه‌یه‌ک به‌و لاوه‌ که‌س نایزانێ

جگه‌ له‌خواو له‌به‌غدادو له‌کرملین......کێ ئه‌یزانێ؟!

که‌س نایزانێ!

له‌سێ کوچکه‌یه‌ک به‌و لاوه‌ کێ ئه‌یزانى ؟!

جگه‌ له‌خواو سه‌دام و له‌برجنیف.....کێ ئه‌یزانێ

جگه‌ له‌خواو سه‌دام و

جگه‌له‌خواو

جگه‌له‌

جگه‌؟

که‌س نایزانێ ؟! کێ ئه‌یزانێ؟!

سلاَو !برجنیف!سلاو!

سلاَوى دوو که‌ڵى نیسان

سلاَوى دووکه‌ڵى سوورم

وه‌ختێ له‌جه‌سته‌م هه‌ڵئه‌ستێ و

گه‌رماو گه‌رم

له‌ئاسماندا به‌گه‌وره‌یى

وێنه‌ى سه‌رى بڕوام و

به‌ژنى که‌رت که‌رتم ئه‌کێشێ !

سلاَوى مندالاَنى \"دێ\"

ئه‌و کاته‌ى له‌ناو کێڵگه‌دا له‌پۆله‌کانى خوێندندا

دواى رۆیشتنى میکه‌کانت..گه‌رماوگه‌رم

خوێن قردێله‌ى پرچ و قژ و

خوێن پشتێنیان بۆ ئه‌به‌ستێ!

سلاَو !برجنیف!سلاو!

سلاَوى گوڵى کوێره‌کان ..کوێرى دیاریت ..به‌سوپاسى گه‌لاَشه‌وه‌

سلاَوى داره‌شه‌له‌کان ..شه‌لى دیاریت .. به‌سوپاسى چڵیشه‌وه‌

سلاَو ئاوه‌لاڵه‌کان..لاَڵى دیاریت .. به‌سوپاسى هه‌واشه‌وه‌

له‌دوایشدا بریجنیف له‌دوایشدا ..

سلاَوى گوڕستانه‌کان،که‌له‌بازاڕى فرۆکه‌وتۆپه‌کانتا

گه‌وره‌بوون و گه‌شه‌یان کرد..

سلاَو پرسه‌و ره‌نگى ره‌ش .. که‌له‌بازارى فیشه‌ک و چه‌که‌کانتا

زیادیان کردو قازانجیان کرد..

سلاَوى تایبه‌تى مردن بریجنیف سلاَوى تایبه‌تى مردن!

سلاَوى گه‌رمتر له‌ناپاڵم و

گه‌رمتر له‌کاتیوشا و

گه‌رمتر له‌ئاگرى سۆخۆى

که‌ئه‌م هه‌موو سه‌رو باڵ و

سنگ و ڕان و

مله‌قۆرتانه‌ى منت وا..

وا به‌هه‌رزان و تالاَن پێ فرۆشت

وابه‌هه‌رزان و به‌تالاَن

وابه‌

وا!

 

 


تێبنى :

١-بیناى کرملین :له‌پایته‌خى مۆسکۆدا باره‌گاى حکومه‌تى یه‌کێتى سۆڤیه‌تى جاران بوو،بۆیه‌ش ئاماژه‌ به‌و بینایه‌ ئه‌کا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نىَ که‌ ئه‌و فرۆکه‌انه‌ى که‌ قه‌لاَدزىَى پىَ بۆمبا باران کراو له‌جۆرى سۆخۆى ژماره‌٧بوو ئه‌وان فرۆشتبوویان به‌سه‌دام .
٢-بیرجنیف:کاتى بۆمبابانکردنه‌که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى یه‌کێتى سۆڤیه‌ت بوو.

 

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه