سالم سوڵتان بۆ ئاواى له‌ قه‌ڵادزێ کرد؟

عومه‌ر ئیسماعیل باوزێیى
ڕائید سالم سوڵتان عه‌بدولاَ به‌سۆ ناوى ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌ مه‌رگ هێنه‌ره‌یه‌، که‌ ئه‌فسه‌رێکى عه‌ره‌بی ڕه‌گه‌ز په‌رستى موسلاَوى بوو، سه‌رکردایه‌تى ئه‌و چوار فڕۆکه‌ سیخۆیه‌ى کرد له‌ بۆمباباران کردنى شارى قه‌لاَدزێدا له‌ کاتژمێر(٤٥/٩)ده‌قیقه‌ى به‌یانى ڕۆژى چوارشه‌ممه‌(٢٤/٤/١٩٧٤). به‌ بۆمبا مه‌رگ چێنه‌کانى به‌عس، کۆلاَن و گه‌ڕه‌که‌کانى شارى قه‌لاَدزێیى خه‌ڵتانى خوێنى هاولاَتیانى بێتاوانى شاره‌که‌ کرد و ئاسمانه‌که‌شى به‌ ته‌م و دوکه‌ڵ ته‌نى. پلانى به‌عسییه‌کان بۆ(جینۆسایدکردن)ى نه‌ته‌وه‌ى کورد له‌سه‌ر خاکى ئه‌و ولاَته‌ى که‌ پێیى ده‌گوترێت عێراق له‌ساڵى(١٩٦٨)ئه‌وکاته‌ى که‌به‌عسییه‌کان ده‌سه‌لاَتیان له‌ عێراق گرته‌ده‌ست به‌ ئاشکرا ده‌ست پێده‌کات، ده‌توانین بۆمباباران کردنى شارى قه‌لاَدزىَ به‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێکردنى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین، که‌ دواتر سه‌رتاسه‌رى کوردستانى گرته‌وه‌. نیازى گلاَوى به‌عسییه‌کان نه‌هیشتن و سڕینه‌وه‌ى ناوى ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ بوو که‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خاکه‌ ده‌ژین، هه‌مووکاتێک دژى نه‌ته‌وه‌ داگیرکه‌ره‌کانى ده‌ورووبه‌ریان له‌ شۆڕش و ڕاپه‌ڕیندابوون. ئه‌وکاته‌ شۆڕشى ئه‌یلول یه‌که‌م شۆڕشى کورد بوو له‌سه‌رده‌مى به‌عس، شاخه‌ سه‌خته‌کانى قه‌ندیل و گونده‌کانى پشده‌ر په‌ناگه‌ و ماڵى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رکرده‌کانى شۆڕش بوون. ئه‌وکاته‌ پشده‌ر ناوچه‌یه‌کى ئارام و نیمچه‌ ئازاد کراو بوو، هه‌ر ئه‌و هۆیه‌ش بوو که‌ زانکۆى سلێمانى گوێزرابۆوه‌ بۆ شاره‌که‌، له‌هه‌مانکاتدا زوربه‌ى مامۆستا و خوێندکاره‌کانى زانکۆ ئه‌ندامى کارا، یاخود لایه‌نگرى شۆڕش بوون. ئه‌وه‌ مه‌ترسیه‌کى گه‌وره‌ بوو بۆ حکومه‌تى ئه‌وکاته‌ى عێراق له‌ شۆڕشى کورد، نه‌کا له‌ پشده‌ر و شارى قه‌لاَدزىَ وه‌ هه‌موو کوردستان به‌یه‌کجارى ئازاد بکه‌ن و ئه‌و ئۆتۆنۆمییه‌ى که‌ به‌ کورده‌کان دراوه‌ بیکه‌ن به‌ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان و به‌شیکى گه‌وره‌ له‌ عێراق داببڕن. له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ شارى قه‌لاَدزىَ کرایه‌ یه‌که‌م شوێنى تاقیکردنه‌وه‌ى بۆمبى ناپاڵم و چاندنى ترس و تۆقاندن له‌ ناوچه‌که‌، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و بۆردومانه‌دا چه‌ندین هاولاَتى بێتاوانى شاره‌که‌ و چه‌ندین خوێندکارى زانکۆکه‌ش شه‌هید و بریندار کران و خانو و بینایه‌کى زۆرى شاره‌که‌ش ویران و ته‌ختى زه‌وى کران. دواتر و دواى تێپه‌ڕ بوونى هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر کاره‌ساته‌ خوێناوییه‌که‌ى ساڵى(١٩٧٤)دا له‌ هه‌مان ڕۆژى ساڵى(١٩٨٢)ڕێکخستنه‌کانى یه‌کیتیى نیشتمانیى کوردستان له‌ناو شارى قه‌لاَدزىَ ڕێپێوانێکى جه‌ماوه‌رى گه‌وره‌یان به‌ره‌ و مه‌زارى شه‌هیدانى(٢٤/٤)ڕێکخست، بۆ به‌رز و پیرۆز ڕاگرتنى خوێنى شه‌هیدانى ئه‌و ساڵڕۆژه‌، به‌لاَم له‌ئه‌نجامدا و له‌به‌ر چاو سورکردنه‌وه‌ و ڕێگرییه‌کانى سه‌ربازه‌کانى به‌عس له‌ ماته‌م گێڕان و ته‌قه‌ کردن به‌ دۆشکه‌ و بیکه‌یسى و کلاَشینکۆف به‌سه‌ر خه‌ڵکدا، ڕێپێوانه‌که‌ گۆڕدرا بۆ ڕاپه‌ڕینێکى گه‌وره‌. سه‌رئه‌نجام دوو شێره‌ژن بوون به‌ سه‌روه‌رى ڕاپه‌ڕینه‌که‌ و چوونه‌ ڕیزى کاروانى شه‌هیدانى ڕێگاى ڕزگارى کورد و کوردستان. بۆ ڕێگرتن له‌و شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ حکومه‌تى به‌عس له‌ چوارچێوه‌ى سیاسه‌تێکى کار بۆ کراودا دواى ئه‌وه‌ى ڕاگۆێزانى گونده‌کانى بنارى پشده‌رى له‌ ساڵى(١٩٧٨)به‌ره‌ و کۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێکان ده‌ستیپێکرد، داگیرکه‌ره‌ به‌عسییه‌کان به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان هه‌تا سه‌رئه‌نجام له‌(٢٦/٦/١٩٨٩)قینى دڕندانه‌ى خۆیان به‌ دانیشتوانه‌ قاره‌مان و خۆڕاگره‌که‌ى ناوچه‌ى پشده‌ر و شارى قه‌لاَدزىَ ڕشت و ناوچه‌که‌یان به‌ یه‌کجارى ڕاگوێزا و کردیانه‌ شوێنێکى چۆڵه‌وانى و شارى قه‌لاَدزێشیان ته‌ختى زه‌وى کرد، ناوچه‌که‌ کرایه‌ شوێنێکى قه‌ده‌غه‌ کراو. هه‌ربۆیه‌ قه‌لاَدزێییه‌کان له‌ ئه‌نجامى ئه‌و زوڵم و زۆرى و پێشێلکارییانه‌دا له‌(٤/٣/١٩٩١)تۆڵه‌ى دڵى خۆیان له‌ داگیرکه‌رانى خاکى کوردستان کرده‌وه‌، له‌ کۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێکه‌ى(خه‌بات)و له‌ناوجه‌رگه‌ى ده‌سه‌لاَتى سوپاى به‌عسدا له‌ ده‌سه‌لاَته‌ داپڵۆسێنه‌ره‌که‌ى به‌عس ڕاپه‌ڕین و به‌خوێنى گه‌شى شه‌هید(به‌ختیار)هاولاَتیانى شارى قه‌لاَى شۆڕش و خۆڕاگرى، شارى قه‌لاَدزىَ تاجى سه‌رکه‌وتنى ڕاپه‌ڕینى سه‌رتاسه‌رى کوردستانیان له‌سه‌رنا.

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه