شێوازەکانی یادکردنەوەی ٤/٢٤ دەڤەری پشدەر

سارا فه‌قێ‌ خدر:

كاره‌سات و راپه‌ڕینه‌كان له ‌مێژوی‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا گرنگی‌ خۆیان هه‌یه‌، ده‌بێ‌ هه‌وڵبدرێ‌ به‌زیندویی‌ بۆ نه‌وه‌كان بمێننه‌وه‌ و ببنه‌ هه‌وێنی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ستی‌ نیشتمانپه‌روه‌ری‌ و مرۆڤدۆستی‌ و پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتیانه‌، ببنه‌ پاڵنه‌ر بۆ خزمه‌تكردنی‌ زیاتری‌ وڵات و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌.

له‌دوای‌ روداوی‌ بۆردومانی‌ شاری‌ قه‌ڵازێ‌ له ‌24 /4/1974 له‌لایه‌ن رژێمی‌ دیكتاتۆری‌ عێراقه‌وه‌، هه‌مو ساڵێ‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ به‌نهێنی‌، به‌پۆشینی‌ جلوبه‌رگی‌ ره‌ش و سه‌ردانی‌ مه‌زاری‌ شه‌هیدان، یادی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌یان ده‌كرده‌وه‌. ‌تا له‌ ساڵی‌ 1982دا خه‌ڵكی‌ خه‌باتگێڕی‌ ئه‌و شاره‌ و ده‌وروبه‌ری‌ یادی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌یان به‌خۆپیشاندانێكی‌ مه‌زن كرده‌وه‌، كه‌ ده‌كرێ‌ به‌شێوازێكی‌ نوێی‌ خه‌باتی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بۆ سه‌رده‌می‌ خۆی‌ له ‌قه‌ڵه‌م بدرێ‌.

ئه‌و روداوه‌ جارێكی‌ دیكه‌ سه‌لماندی‌ كه‌ كوشتنی‌ به‌كۆمه‌ڵ و ئاگر و ئاسن، چۆك به‌ خه‌ڵكی‌ دڵسۆز و تێكۆشه‌ر دانادات، ئه‌وه‌بو دوای‌ چه‌ندان قوربانی‌ له‌ شه‌هید و بریندار و گیراوی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاویان ژن بون، خۆپیشاندانه‌كه‌ كپكرا! له‌و رۆژه‌ به‌دواوه‌، هه‌مو ساڵێك رژێمی‌ داگیركه‌ر له‌پێش خه‌ڵكدا ئاماده‌كاری‌ ده‌كرد، به‌وه‌ی‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌و رۆژه‌دا ده‌بابه‌ی‌ ده‌ناردنه‌ نزیك خوێندنگه‌ ناوه‌ندی‌ و ئاماده‌ییه‌كانی‌ شار، روی‌ لوله‌كانی‌ له‌ ده‌روازه‌ی‌ قوتابخانه‌كان ده‌كرد، له‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بادا قوتابیانی‌ چاونه‌ترسی‌ شار جارێكی‌ دی‌ خۆپیشاندان بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و دۆخه‌ ئاوا مایه‌وه‌ هه‌تا دوای‌ راپه‌رینی‌ ئازاری‌ 1991، ئینجا مۆدێلێكی‌ دیكه‌ له‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ 24/4 له ‌كه‌شوهه‌وای‌ ئازادیدا په‌یدابو، ئه‌ویش دابه‌شكردنی‌ بو به‌سه‌ر هه‌ردو ره‌نگی‌ سه‌وز و زه‌رددا...

لایه‌نێك ده‌یویست ساڵیاده‌كه‌ پایزی‌ بكا و مۆركێكی‌ خه‌مئامێزی‌ هه‌بێ‌، ئه‌وی‌ دیكه‌ ده‌یویست به‌هاری‌ بێ‌ و شێوازێكی‌ ئاهه‌نگئامێز له‌خۆبگرێ‌، هه‌رچه‌ند رۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندانی‌ ناوچه‌كه‌ به ‌سه‌رپه‌رشتی‌ ئیداره‌ی‌ پشده‌ر، ڤیستیڤاڵیان به‌ناوی‌ (كاره‌سات و راپه‌ڕین)ه‌وه‌ سازده‌كرد، بۆئه‌وه‌ی‌ ده‌ربڕی‌ هه‌ردو مێژوه‌كه‌ بێ‌، به‌ڵام ئه‌م ناولێنانه‌ نه‌یده‌توانی‌ كێبڕكێ‌ و دژایه‌تیه‌كانی‌ زه‌رد و سه‌وز كۆتایی‌ پێبێنێ‌، بێئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ به‌ هه‌ست و نه‌ستی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان و ئاماده‌بوان و ئاماده‌كاران بده‌ن، به‌هۆی‌ ده‌مه‌قاڵێی‌ نێوانیانه‌وه‌.

چه‌ند جارێك فیستیڤاڵی‌ ئه‌و ساڵیاده‌، به‌ بڵاوه‌پێكردن و راكردنی‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كۆتایی ده‌هات!

دوای‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ و له‌تكردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پێكهاتنی‌ دو حكومه‌تی‌ سه‌وزو زه‌رد، شێوازێكی‌ دیكه‌ی‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ 24/4 په‌یدابو، حكومه‌تی‌ زه‌رد له ‌دوره‌وه‌ له ‌هه‌ولێر قه‌ڵادزه‌یییه‌كانیان كۆده‌كرده‌وه‌ و به‌دڵی‌ خۆیان مه‌راسیمیان سازده‌كرد، حكومه‌تی‌ سه‌وزیش هه‌مو ساڵێ‌ به‌هاتنی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ حیزبی‌ یاده‌كه‌یان قه‌ره‌باڵغ ده‌كرد، تاوایلێهات خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ و كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان له‌و رۆتینه‌ بێزاربون و ته‌مه‌نی‌ حكومه‌تیش له‌ساوایی‌ تێپه‌ڕاند، بۆیه‌ داوای‌ خزمه‌تگوزارییان ده‌كرد، ئه‌م داوایانه‌ پانتاییه‌كی‌ فراوانیان له ‌وتار و پێشنیاره‌كانی‌ نوسه‌رانی‌ ناوچه‌كه‌ داگیركرد كه ‌له‌و ساڵَیاده‌دا له ‌گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بڵاوده‌كرانه‌وه‌، ئه‌وجار حكومه‌ت هه‌رچی‌ پرۆژه‌یه‌ك كه ‌له‌و ساڵه‌دا ته‌واو بوبا هی‌ حكومه‌ت با یا هی‌ رێكخراوی‌ خێرخوازی‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێشتریش كرابایه‌وه‌، واته‌ (افتتاح)كرابا، ئه‌وا له‌ رۆژی‌ 24/4 دا دوباره‌ قردیڵه‌ی‌ كردنه‌وه‌یان بۆ ده‌بڕی‌، یان به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كیان داده‌نا و له‌سه‌ر شانۆی‌ یادكردنه‌وه‌كه‌ش، به‌ڵینی‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی‌ دیكه‌یان به ‌خه‌ڵك ده‌دا، به‌ڵام زۆربه‌یان ته‌نیا هه‌رقسه‌ بون و له‌بیرده‌چونه‌وه‌!

ئه‌م شێوازی‌ ساڵیاده‌ كه ‌بریتییه‌ له‌ (یادكردنه‌وه‌ له‌پێناوی‌ یادكردنه‌وه‌دا)، مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كی‌ ژێرپێ‌ ده‌خا و له‌ سیفه‌ته‌ مێژوییه‌كانی‌ داده‌بڕێ‌، هه‌مو ئه‌وسیما نه‌رێنیانه‌ی ساڵیاده‌كه‌ وای‌ له ‌به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌، كه ‌له‌به‌رامبه‌ریدا ساردی‌ بنوێنن، گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ كه‌ پێویست ناكا چیدی‌ به‌رپرسان سه‌ردانی‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن و به‌ڵێنی‌ زه‌ردوسور به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ببه‌شنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ لێره‌دا گرنگه‌ به‌رزنرخاندنی‌ هه‌وڵی‌ هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌ران و رۆشنبیران و مامۆستایان و خوێندكارانی‌ زانكۆ و قوتابخانه‌كان و سه‌رجه‌م توێژه‌كانه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ساڵانه‌ی‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا، هه‌ر له‌ سازدانی‌ ئاهه‌نگ و كردنه‌وه‌ی‌ پیشانگا و به‌ستنی‌ كۆڕ و سیمینار و ده‌ركردنی‌ ساڵنامه‌ی‌ رۆشنبیری‌ و به‌یاننامه‌ی‌ تایبه‌ت و سازدانی‌ رێ رۆیشتنی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بۆ سه‌رگۆڕی‌ شه‌هیدان و...هتد، هه‌روه‌ها ئه‌و چالاكیانه‌ی‌ كه‌ هه‌مو ساڵێ‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ له‌و رۆژه‌دا ئه‌نجامی‌ ده‌دات.

مایه‌ی‌ خۆشحاڵییه‌ كه ‌ئێستا زۆرێك له‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، له ‌ده‌لاقه‌یكی‌ دیكه‌وه‌ بۆ مه‌راسیم و بۆنه‌كان ده‌ڕوانن، پێیانوایه‌ گرنگی‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ كاره‌سات و راپه‌رین و بۆنه‌كان له‌وه‌دایه‌، كه‌ ببنه‌ مایه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ نوێی مێژوی‌ نه‌ته‌وه‌ و گه‌شه‌ی‌ كه‌لتور و خزمه‌تی‌ هاوڵاتیان و خۆشگوزه‌رانی‌ و به‌دیهاتنی‌ خه‌ونی‌ گه‌نجان و گۆڕانی‌ ژیانیان و ده‌سته‌به‌ربونی‌ دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.

 

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه