٤/٢٤ و بەڵێنەکانی حکومەت

ھەرێم حەسەن:

گومانی تێدانی یە لەھەموو ئان و زەمانێکدا قەڵادزێ سەرچاوەو لانکەی دروست بوونی شۆڕش و حزبە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان بووە، ئەمە جگە لەوەی خەڵکی دلێری پشدەر بەسەروەت و سامانی خۆیان پشتگیرییان لەو حزب و شۆڕشانە کردووە. سەرەڕای ئەمانەش بەھەزاران شەھیدو خوێنی لەوپێناوەدا ڕشتووەو تادووا ھەناسەش دژی ھەموو سەرکوتکردنێک و چەوسانەوەیەک بووە.

یەکێک لەو سومبولە دیارو نەبەردانەی ئەو ناوچەیە بۆردوومانی [ ٢٤/٤ /١٩٧٤]و راپەڕینی [ ٢٤ / ٤/ ١٩٨٢ ]بووە کە بۆ ئەبەد شایانی بیرچونەوە نییە، ویژدانی مرۆڤایەتی لەئاست ئەو بۆردوومانە دەوەستێت لەبەرامبەر نەمانی دەیان خێزانی وەکو [ئەحمەدی حاجی سابیرو ...] شەھیدبوونی چەند کەڵە ژنێکی وەکو [دایکە ئامینەو خوشکە سنەوبەرو ...].ئەمەسەرەڕای بریندارو کەمئەندام بوونی دەیانی تر، کەھەندێکیان تاکو ئێستاش بەدەست برینەکەیانەوە دەناڵێنن. ھەروەھا بۆردوومان کردنی زانکۆی ئەم شارە[ئەوکاتە زانکۆی سلێمانی ھاتبووە قەڵادزآ]و شەھیدو برینداربوونی دەیان خوێندکاری تر، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە قەڵادزآ بۆ ھەمیشە کایەیەکی مەعریفی بووەو بەتایبەتیش ئەوکات وەک مەڵبەندێکی ڕووناکبیری بەرچاو و دیار لەکوردستان ڕۆڵی بینیوەو بوونیەتی خۆی سەلماندوو.

لەدووای ڕاپەڕینی [١٩٩١] خەڵکی دڵسۆز و خۆڕاگری قەڵادزآ بآ ئەوەی چاوەڕێی ئەوەبن حکومەت ئەوشارە ئاوەدان بکاتەوە [واتا خەڵک خۆیان ئاوەدانیان کردۆتەوە نەک حکومەت]، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بەڵام چۆن..؟!

ئەوساتەی ئەوشارەیان جێھێشت ئاوەدان و شارێکی تەواو بوو، بەڵام کاتآ ھاتنەوە، ئەوشارە بەدڕندانەترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا کرابوو، دوور لەھەموو بەھا ئاینی و ئەخلاقی یەکان. ھەموو خانووەکانی ئەم شارە بەشۆفڵ و کەل و پەلی وێرانکردن تێک درابوون، تەنانەت ئەو خانووانەی بەمانە بۆیان تێک نەدرابوو[T.N.T]یان لێ دانابوو و تەقاندبوویانەوە.

بۆئەوەی دوور نەکەومەوەو لوببی باسەکە بخەمە ڕوو دووای ئەو ھەموو کاولکاری و ڕاگواستن و ..ھیتری ئەم شارە وێرانە تەنھا لەکاتی یادکردنەوەی [٢٤/٤]ی ھەموو ساڵآ [بەھەمان شێوەی ھەڵەبجەو گەرمیان و...] ئەم شارە ستەم لێ کراوەیان بیردەکەوێتەوە. لەسەردانی بەرپرساندا [پێشم سەیرە بێزیان دێت بەو جادە قیرەی دەربەند-قەڵادزآ دا بێن چونکە لەوانەیە مەعیددەیان تێکچێ لەبەر خراپی رێگاکە]و لەویادەدا دوو سآ قسەی شیرین و باق و بریقمان بۆدەکەن. کاتآ دەزانن خەڵکی ئەم شارە بریندارەو گلەیی

دەکات، کۆمەڵآ بەڵێن و بڕیار دەدەن بآ ئەوەی خاوەنی قسەی خۆیان بن و جآبەجێی بکەن تەنانەت دووای ڕۆیشتنەوەیان لەم شارە نەک ھیچی بۆناکەن بەڵکو ناوەکەشان بیر دەچێتەوە.

تکا دەکەم بەسە پەیمانی درۆ خەڵکی قەڵادزآ لەھەموو ئەمانە بێزار بووە. گەنجانی ئەم شارە بەھۆی ھاوکێشەی [ درۆ دزی گوآ پێنەدان] کۆچیان نەکرد بەڵکو دەرکران لەم وڵاتەو خۆیان دایە دەست قەدەر. لەکۆتایی دا دەڵێم بایادەکان و بەڵێنەکان چاودێربن بەسەر وروژاندنی ویژدانمانەوە نەبا بکەوینە بۆسەوە لەکاتی بەڵێنەکانماندا.

 

(( په‌ڕه‌ی ٢٤ / ٤ ))

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه