له‌سه‌ر كام بابه‌ت بنووسم؟ *

لە پیوکەی میدیاوە

مسته‌فا ساڵح كه‌ریم :

خوێنه‌رانی (الاتحاد) ده‌زانن كه‌ 16 ساڵه‌ گۆشه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ی به‌رده‌وامم هه‌یه‌، سه‌ره‌تا ناوی "گوڵه‌ گه‌نمه‌كان" بوو، پاشان بوو به‌ "به‌نده‌ری نوی"، ئه‌مجا "خه‌رمانی دووشه‌موان"و له‌وه‌دواش "سی یه‌مین ڕۆژ".

له‌كۆتایی ته‌مووزدا كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕامه‌وه‌، وه‌ك جاران خێرا نه‌چووم به‌په‌له‌ شتی بۆ گۆشه‌كه‌م بنووسم، تا دوو هه‌فته‌ تێپه‌ڕی. سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی سی یه‌م هاوڕی یه‌كه‌م كه‌یه‌كێكه‌ له‌خوێنه‌ره‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی ستوونه‌كه‌م یان بڵێین "گۆشه‌كه‌م" هاته‌ دیده‌نیم و وتی: دوو هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕاویته‌وه‌، كه‌چی هیچت بۆ (الاتحاد) نه‌نووسی وتم: ئه‌ری برا پێم ناڵێی له‌سه‌ر چی بنووسم؟ چونكه‌ بابه‌تی گه‌رماوگه‌رم ئه‌وه‌نده‌ زۆرن هه‌ریه‌كه‌یان پێویستیان به‌ له‌سه‌ر نووسینه‌، پاشان وتم: به‌ڵام به‌ڕای تۆ نووسین له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ باویان ماوه‌؟ ئایا ئه‌وانه‌ی كه‌نووسینه‌كان ده‌یانگرێته‌وه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر خوێندیانه‌وه‌ به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن؟ یان چاره‌سه‌ری بارودۆخه‌كه‌ به‌لای باشیدا ده‌كه‌ن!؟

درێژه‌م به‌وته‌كانم داو به‌هاوڕێكه‌مم وت:

* له‌سه‌ر كام بابه‌تیان بنووسم؟ ئایا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بنووسم كه‌ئێستا عێراقی هه‌ژاندووه‌؟ مه‌سه‌له‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی عێراق (نوری مالیكی) له‌لایه‌ن كۆنه‌ وه‌زیرێكی عێراقیه‌وه‌ كه‌له‌شاری فانكۆفه‌ره‌ له‌كه‌نه‌دا، له‌نامه‌كه‌یدا ئه‌و پیاوه‌ ده‌ڵی: "ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق له‌گه‌لڕ كۆمپانیای كاپچینتی كه‌نه‌داییدا به‌بلیۆنێك دۆلار مۆركراوه‌، به‌فیڕۆ چووه‌، چونكه‌ كۆمپانیای وا له‌م شاره‌دا نی یه‌، كه‌ من تێیدا ده‌ژیم. هه‌روه‌ها ده‌ڵی: گرێبه‌ستێكی تری وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌ 500 ملیۆن یۆرۆ كه‌ده‌كاته‌ (700 ملیۆن دۆلار) له‌گه‌لڕ كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانیدا كراوه‌ ئه‌ویش هه‌رناوه‌و به‌پێی واته‌ی كۆنه‌ وه‌زیرێكی دۆستم كه‌له‌شاری (كۆڵن) ده‌ژیی كۆمپانیای وا بوونی نی یه‌.

* له‌سه‌ر ئه‌م ئابڕووچوونه‌ بنووسم كه‌چۆن پاره‌ی عێراق به‌فیڕۆ ئه‌ڕوات و له‌گه‌لڕ ئه‌وه‌شدا هه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌رگریی له‌وه‌زیری كاره‌با ده‌كه‌ن و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ئه‌م گرێبه‌سته‌ نادروستانه‌ پینه‌ بكه‌ن.

* یان له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ نهێنی یه‌ بنووسم كه‌ڕۆژنامه‌ی (اوبزه‌رفه‌ر) ی له‌نده‌نی سه‌رپۆشی له‌سه‌ر لاداو بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌گرێبه‌ستێكی نهێنی له‌نێوان حكومه‌تی عێراق و كۆمپانیای (بریتش پترۆلیۆم) دا هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات به‌و كۆمپانیایه‌ ده‌دا 40%ی داهاتی نه‌وتی عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیا بی، دكتۆر ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی له‌كۆڕێكی ئابووریدا كه‌ڕۆژنامه‌ی (المدی) سازی كرد، له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دواو وتی: په‌رله‌مانی عێراق ئاگای له‌م گرێبه‌سته‌ نهێنیه‌ نی یه‌و نازانری كی كردی وچۆن كراوه‌؟

* كاكی برا له‌سه‌ر چی بنووسم؟ له‌سه‌ر تووڕه‌بوونی جه‌ماوه‌ری گه‌لی كوردستان بنووسم كه‌دراوسی خۆشه‌ویسته‌ نازداره‌كه‌مان به‌رده‌وام تۆپبارانی ناوچه‌ سنووریه‌كانمان ده‌كات و سه‌دان خێزانی كورد له‌ئه‌نجامیا وێڵ و سه‌رگه‌ردان و ماڵوێران بوون، نه‌به‌روبوومیان بۆ ده‌رچوو، نه‌مه‌ڕوماڵاتیش!!

* یان له‌سه‌ر تووڕه‌بوونی جه‌ماوه‌ری خانه‌قین بنووسم كه‌ئاو له‌شاره‌ جوانه‌كه‌یان بڕاوه‌و روباری (ئه‌ڵوه‌ن) وشك كراوه‌، ئه‌و ڕووباره‌ جوانه‌ی ئیلهام به‌خشی شاعیران و هونه‌رمه‌ندان بوو، ئێستا وا بێناز كه‌وتووه‌.

* ئازیزه‌كه‌م له‌سه‌ر چی بنووسم؟ وا به‌چاوی خۆم له‌ڕێی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ ده‌بینم چه‌ندین خێزانی كورد له‌جه‌له‌ولاو قزره‌بات جارێكی تریش تووشی كۆچی زۆره‌ملی ده‌بن و له‌ژێر فشاری تیرۆریستان مه‌نزڵگه‌ی باووباپیرانیان به‌جی ده‌هێڵن وحكومه‌تیش سه‌یركه‌رێكی باشه‌ كه‌به‌به‌رچاویه‌وه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌رلێوی مناڵانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ وشك ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌هاواریش ده‌كه‌ین، ده‌مڕاستانی سوپای عێراق پێمان ده‌ڵێن شتی وا نی یه‌، كه‌چی كار به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستا گه‌یشته‌ لی كوشتنمان.

* یان به‌لای تۆوه‌ وا باشه‌ له‌سه‌ر دووفاقیی هه‌ندی له‌گرووپ و پارت ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق بنووسم كه‌دێنه‌ كوردستان زمانیان ده‌بی به‌شه‌كرو، "گه‌لی كوردیان" به‌لاوه‌ دۆست و براو هاوسه‌نگه‌ره‌و شیاوی هه‌موو مافێكه‌، كه‌چی هه‌ر كه‌گه‌ڕانه‌وه‌ باره‌گاكانیان و چوونه‌وه‌ سه‌ر كورسی یه‌كانیان كه‌ده‌ستیان توند پێوه‌گرتووه‌ تا له‌ژێریان ده‌رنه‌هێنرێن، هه‌موو قسه‌كانی ئه‌م دیو حه‌مرینیان له‌بیر ده‌چێته‌وه‌و پاڵ ئه‌ده‌نه‌ پاڵ ئه‌و ده‌نگه‌ ناسازانه‌ی دژی مادده‌ی 140 ده‌دوێن و به‌چوارپه‌ل سه‌ما ده‌كه‌ن بۆ په‌رچدانه‌وه‌ی خواسته‌كانی كورد. هه‌ندێكیشیان ماده‌كه‌ به‌ئێكسپایه‌ر داده‌نێن، گوایا كاتی به‌سه‌رچووه‌، (بی گوێدانه‌ ئه‌و شه‌رعیه‌ته‌ی ده‌ستوور داویه‌تی).

* براده‌ره‌كه‌م وتی: ده‌باشه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌ی نێوانمان بنووسه‌، خۆ ئه‌م سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مانه‌ی باست كردن ئه‌مانه‌ ئێستا قسه‌وباسی ڕۆژن، ئه‌مانه‌ن گه‌ل به‌په‌رۆشه‌وه‌ به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕی و چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌كانیان ده‌كات.

وتم: باشه‌.. به‌ڵام هێشتا ماومه‌، ڕه‌نگه‌ له‌دانیشتنێكی تردا بۆت ته‌واو بكه‌م.

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه