چۆن پێشوازى له‌ مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان بكه‌ین

لە کوردیووە

سوهه‌یب ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حممود:

وه‌ك ده‌زانین كه‌متر له‌ ده‌ رۆژمان ماوه‌ بگه‌ینه‌ خزمه‌ت مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان و پێویسته‌ بپرسین كه‌ چۆن ده‌توانین پێشوازى له‌ مانگێگى پرپیت و به‌ره‌كه‌تى وه‌ك ره‌مه‌زان بكه‌ین بۆیه‌ چۆنێتیى پێشوازیكردنم له‌م مانگه‌ كردووه‌ به‌ چه‌ند خاڵێكه‌ ئه‌وانیش:

 

یه‌كه‌م: ( دووعا كردن )

وه‌ك پێغه‌مبه‌ر دروودى خواى له‌ سه‌ر بێت به‌ر له‌هاتنى ئه‌و مانگه‌ و هه‌روه‌ها كه‌ مانگى ره‌جه‌بیش ده‌هات هه‌میشه‌ ده‌ستى به‌ره‌و ئاسمانه‌كان به‌رزده‌كرده‌وه‌و ده‌پارایه‌وه‌و ده‌یفه‌رموو خودایا ده‌رفه‌تم پێ ببه‌خشى بۆ ئه‌وه‌ى به‌ خزمه‌ت مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان بگه‌م و له‌گه‌ڵ ئه‌و مانگه‌ بژیم وه‌ ته‌نانه‌ت هاوه‌ڵانى به‌رێزیشى به‌ ژن و پیاوو گه‌وره‌و بچوكیشه‌وه‌ زۆر جار به‌ شه‌ش مانگ پێش هاتنى ره‌مه‌زان خۆیان ئاماده‌كردووه‌و دووعاى ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ خوداى گه‌وره‌و میهره‌بان مۆڵه‌ت و یارمه‌تییان بدات كه‌ بگه‌نه‌ خزمه‌تى مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان، بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ریش دروودى خواى له‌سه‌ر بێت فه‌رموویه‌تى ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى بزانن چ خێر و خۆشى و پیت و به‌ره‌كه‌تێك له‌و مانگه‌ دا هه‌یه‌ ته‌مه‌ننایان ده‌كرد كه‌ هه‌موو مانگه‌كانى ساڵ ره‌مه‌زان بووایه‌، كه‌واته‌ با دووعا كردنمان بیر نه‌چێت و گه‌یشتن به‌و مانگه‌مان له‌ یاد بێت.

 

دووه‌م: ( ئاماده‌كردنى نییه‌ت )

دوووه‌م شت كه‌ پێویسته‌ پێش هاتنى مانگى ره‌مه‌زان بیكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ته‌واوى نییه‌تمان بۆى ئاماده‌ بكه‌ین چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر دروودى خواى له‌سه‌ر بێت ده‌فه‌رموێت ئه‌گه‌ر مرۆڤ نیه‌تى كردنى كرده‌وه‌یه‌كى باشى هه‌بێت و دوایى بۆى نه‌كرا ئه‌وا خواى په‌روه‌ردگار نیه‌ته‌ باشه‌كه‌ى بۆ ده‌نوسێت وه‌ پێویستیشه‌ نیه‌تمان به‌ جددی و وا ئاماده‌بكه‌ین كه‌ به‌ نیازبین هه‌موو رۆژه‌كانى ره‌مه‌زان به‌ رۆژوو بین و شه‌وانه‌ نوێژى سووننه‌تى ته‌راویح ئه‌نجام بده‌ین و خه‌تمى قورئانى پیرۆزى تێدا بكه‌ین و شه‌وانى قه‌درى پیرۆزیش زیندوو بكه‌ینه‌وه‌و خێرو خێراتیكى باش بكه‌ین و خزمه‌تى خه‌ڵكى بكه‌ین به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر نیه‌تمان به‌وشێوه‌یه‌ ئاماده‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر خواى گه‌وره‌ش ته‌مه‌نى لێسه‌ندینه‌وه‌و نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌ ئه‌وا نیه‌ته‌ باشه‌كه‌مان به‌ ئه‌جر بۆ بنوسێت.

 

سێیه‌م: ( دڵ و ده‌روونێكى پاك )

ئه‌وه‌ى پێویسته‌ له‌م خاڵه‌دا ئه‌نجامى بده‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ دڵێكى زۆر پاك و چاوێكى پاك و ته‌نانه‌ت ماڵ و شارو كوچه‌و كۆڵانێكى پاكه‌وه‌ پێشوازى له‌م میوانه‌ ئازیزه‌ بكه‌ین و بچینه‌ خزمه‌تى، وه‌ ناشكرێت به‌ پیسى پێشوازى لێ بكه‌ین و پێویسته‌ به‌ر له‌هه‌موو شتێك دڵ و ده‌روونمان خاوێن بكه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ر دروودى خواى له‌سه‌ر بێت ده‌فه‌رموێ ئه‌و شه‌وه‌ى كه‌ به‌یانیه‌كه‌ى پانزه‌ى شه‌عبانه‌ واته‌ شه‌وى به‌راتى لاى خۆمان، خواى گه‌وره‌ به‌ چاوى ره‌حمه‌ت ته‌ماشاى هه‌موو مه‌خلوقاته‌كانى ده‌كات و له‌ هه‌موویان خۆش ده‌بێت ته‌نها دوو كه‌س نه‌بێت ئه‌وانیش یه‌كه‌م هاوبه‌ش دانه‌ر بۆخودا ( موشریك ) و ئه‌ویتریشیان دڵێكه‌ كه‌ بوغزو قین و رقى به‌رامبه‌ر كه‌سێكى تر له‌ دڵدابێت به‌ تایبه‌تیش به‌رامبه‌ر موسوڵمانان. بۆیه‌ خاوێن كردنه‌وه‌ى دڵ و ده‌روونمان پێش هاتنى ئه‌م مانگه‌ كارێكى زۆر پێویست و گرنگه‌.

 

چواره‌م: ( هه‌ڵدانه‌وه‌ى په‌رِه‌یه‌كى نوێ )

پێویسته‌ لاپه‌ره‌یكى نوێ له‌ نێوان هه‌موو چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانى كۆمه‌ڵگا به‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ند و فه‌قیر و ژن و پیاو و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى ناو كۆمه‌ڵگه‌ و خێزانه‌كان هه‌ڵبدرێته‌وه‌ و به‌گه‌ردن ئازادیى یه‌كتره‌وه‌ بچینه‌ خزمه‌ت و ناو مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خواى په‌روه‌ردگار هه‌موو عیباده‌ت و هه‌نگاوه‌ باشه‌كانمان به‌ ئه‌جر و پاداشت بۆ بنوسێت.

بۆیه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و چوار خاڵه‌ ره‌نگه‌ بتوانین تا راده‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كى جوان پێشوازى له‌م میوانه‌ به‌ریز و ئازیزه‌ بكه‌ین.

هه‌روه‌ها ده‌بێت بشزانین رۆڵ و ئه‌ركى حكومه‌ت و دام و ده‌زگا و راگه‌یاندنه‌كانیش چى ده‌بێت وه‌ یان ده‌بێت چى بكه‌ن له‌ پێشوازى ئه‌م مانگه‌دا...

 

كار و ئه‌ركى حكومه‌ت له‌ پێشوازى مانگى ره‌مه‌زاندا..:

به‌وسیفه‌ته‌ى كه‌ حكومه‌ت نوێنه‌رى خه‌ڵكه‌ و هاوڵاتیان ده‌نگیان بۆداوه‌و هه‌روه‌ها زۆرینه‌ى هاوڵاتیانى هه‌رێمیش موسوڵمانن ئه‌وا ده‌بێت و پێویسته‌ رێز له‌ مه‌شاعیرى ئه‌و خه‌ڵكه‌ بگیرێت و له‌ سه‌ر حكومه‌ت پێویسته‌ كه‌ له‌ رێى دام و ده‌زگاكانیه‌وه‌و جگه‌ له‌ ناردنى پیرۆزبایى بۆ هاوڵاتیانى هه‌رێم كه‌ساڵانه‌ دووبارى ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌یاننامه‌ و روونكردنه‌وه‌ى هه‌بێت وهه‌موو ده‌زگا ئیداریه‌كانى خۆى ئاگادار بكاته‌وه‌ كه‌ رێز و حورمه‌تى فراوان له‌م مانگه‌ بگرن و مه‌شاعیرى رۆژوه‌وانان و موسوڵمانان بپارێزن و نیگه‌رانیان نه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها حكومه‌ت پێویسته‌ به‌ جوانترین شێوه‌ له‌ پێشوازى ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌ و میوانه‌ خواداییه‌دا بێت هه‌ر هیچ نه‌بێت چۆن پێشوازییه‌كى بێ وێنه‌ له‌ میوانانى وڵاتانى تر ده‌كه‌ن و ئه‌وپه‌رى ماندووبونى خۆیان نیشان ئه‌ده‌ن بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان رێزى لێده‌گرن ئاوهاش رێز له‌م میوانه‌ خوداییه‌ بگرن كه‌ ساڵێك یه‌ك جار پیت و به‌ره‌كه‌تى خۆى به‌ سه‌رماندا ده‌بارێنێت و ده‌روات.

 

ئه‌ركى راگه‌یاندن و میدیاكان له‌ پێشوازى مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زاندا..:

وه‌ك ده‌زانین راگه‌یاندن رۆڵێكى گرنك و كاریگه‌ریى هه‌یه‌ له‌ ژیانى رۆژانه‌ى خه‌ڵك و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌شدا وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه‌ ئه‌گه‌ر میلله‌تانى دیكه‌ بیانه‌وێت ئیمه‌ى كورد بناسن ئه‌وا له‌ رێگاى كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ ده‌رِوانن بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م ده‌زگاكانى راگه‌یاندن به‌ بێ جیاوازیى، به‌رنامه‌و پرۆگرامێكى باش و به‌هێز بۆ ئه‌م مانگه‌ دابنێن و هه‌موو بۆنه‌ و یاد و مه‌سائیلى تایبه‌ت به‌ ره‌مه‌زانى پیرۆز و هه‌روه‌ها وتارى مامۆستایانى ئایینى و شه‌وانى ره‌مه‌زان بۆ خه‌ڵكى به‌گشتیى بگوازنه‌وه‌ واته‌ ره‌مه‌زان به‌ شێوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى خۆى نیشانى خه‌ڵك بده‌ن نه‌ك به‌ كاڵ و كرچیى هه‌رچه‌نده‌ ئێستاش كه‌ناڵه‌كان ریكلام بۆ پرۆگرامى ئاماده‌كراوی مانگى ره‌مه‌زان ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندىَ له‌ كه‌ناڵه‌كان ئه‌و به‌رنامه‌ وپرۆگرامه‌ى كه‌ ئاماده‌یان كردووه‌ دووره‌ له‌ به‌ها به‌رزه‌كانى ئیسلام و عورف و عاداتى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى خۆیشمان، به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌ رۆژ رۆژووه‌وان خواپه‌رستى و عیباده‌ت كۆ ده‌كاته‌وه‌ و به‌ شه‌ویش ئه‌و كه‌ناڵانه‌ پێى به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌ ده‌بێت و له‌ سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵانه‌ش پێویسته‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رنامانه‌شیان لانه‌به‌ن ئه‌وا كه‌مى بكه‌نه‌وه‌و له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكیدا بن به‌گشتیى بۆئه‌وه‌ى متمانه‌یان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن و خه‌ڵكى به‌ ته‌واوى لێیان دوور نه‌كه‌ونه‌وه‌.

 

رۆڵى مزگه‌وت و مامۆستایانى ئایینى له‌ پێشوازى مانگى ره‌مه‌زاندا...:

هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن له‌ ره‌مه‌زانى پیرۆزدا خه‌ڵكێكى زۆر به‌ گه‌رم و گورِییه‌وه‌ روو له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن و قه‌ڵه‌باڵغیه‌ك درووست ده‌بێت بۆیه‌ پێش هه‌موو شتێك مامۆستایانى ئایینى به‌ریز و ته‌نانه‌ت نوێژ خوێنانیش نابێت نیگه‌ران ببن چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌ میوانى ره‌مه‌زانى پیرۆز و خوادى گه‌وره‌و میهربانن، هه‌روه‌ها ده‌بێت زانایانى ئایینى به‌ فرسه‌تێكى گه‌وره‌ى بزانن كه‌ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ كه‌ هه‌موو جۆره‌ بیرێكى تێدایه‌ هاتۆته‌ به‌رده‌ستیان و بتوانن سودیان پێ بگه‌یه‌نن و زۆر به‌ گه‌رم و گورییه‌وه‌ به‌خێرهاتنیان بكه‌ن و به‌رنامه‌یه‌كى وایان هه‌بێت كه‌ ئیسلام و دینیان له‌ لا شیرین بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن جارێكى تر بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر تاوان و گوناهانى پێشوویان چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین زۆرێك له‌ خه‌ڵكى ته‌نها له‌ ره‌مه‌زاندا روو له‌ مزگه‌وت و ته‌نانه‌ت نوێژ و دینیش ده‌كه‌ن بۆیه‌ له‌ سه‌ر مامۆستایانى به‌ریزى ئایینى پێویسته‌ به‌رنامه‌ و پلانێكى به‌هێز و باش و چاكیان هه‌بێت تا بتوانن ئه‌و خه‌ڵكه‌ى هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌ستان ساڵح و رێك بكه‌نه‌وه‌.

رۆڵى بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌ پێشوازى ئه‌م مانگه‌ دا چى ده‌بێت...:

چین و توێژى بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان لایه‌نێكى گرنگ و به‌هێزى ناو كۆمه‌ڵگه‌ن وه‌ خواى گه‌وره‌ش ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى تاقى كردۆته‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ ماڵى پێداون و ئه‌و ماڵه‌ش موڵكى خۆیان نیه‌ و موڵكى په‌روه‌ردگاره‌ له‌ بنه‌رِه‌تدا، وه‌ له‌م مانگه‌دا ده‌بێت ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌ستیان كراوه‌ بێت و زیاتر چاویان له‌ هه‌ژاران و نه‌داران بێت و پلان و به‌رنامه‌یه‌كى باشیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر بتوانن خزمه‌تى ئه‌و توێژه‌ كه‌مده‌رامه‌ت و نه‌خوش و پیر و په‌ككه‌وته‌یه‌ بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ بازرگانانیش پێویسته‌ له‌ سه‌ریان له‌ كاروباره‌كانیاندا سادق و راستگۆ بن و له‌ جێگاى گرانكردنى شتومه‌كه‌كانیان داشكاندن له‌ نرخه‌كانیاندا بكه‌ن و رێز له‌ هاوڵاتیان بگرن چونكه‌ ده‌زانین خه‌ڵكى له‌م مانگه‌ زیاتر پێویستى به‌ كه‌ل و په‌ل و خوارده‌مه‌نى هه‌یه‌ و ده‌بێت پێداویستیه‌كانى هاوڵاتیان جێبه‌جێ بكه‌ن و شتى باش و به‌سوود بخه‌نه‌ بازاره‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاسانكاریى بۆ خه‌ڵكى بكه‌ن نه‌وه‌ك شتى به‌سه‌ر چوو و ئێكسپایه‌ر كه‌ لاى خۆمان زۆر جاران وا ده‌كرێت بخه‌نه‌ بازاره‌كانه‌وه‌.

وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر یه‌كه‌مان پێویسته‌ ئه‌گه‌ر به‌ بچوكترین شێوه‌و شتیش بێت خۆمان بۆ پێشوازى ئه‌و مانگه‌ پرِ پیت و به‌ره‌كه‌ته‌ ئاماده‌ بكه‌ین و نیه‌ت و دڵ و ده‌روونمان به‌ پاكى بێگه‌ردیى و له‌ چاوه‌رِوانیى گه‌یشتن به‌و میوانه‌ ئازیزه‌دا بێت.

خواى گه‌وره‌ ده‌رفه‌ت و مۆڵه‌تمان پێببه‌خشێت كه‌ بگه‌ینه‌ خزمه‌تى مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رجه‌م تاوان و گوناهه‌ ئاشكرا و نهێنیه‌كانمان خۆش بێت.. إنشاڕلله‌.

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه