سه‌ربه‌خۆیی‌و ده‌وڵه‌تی كوردستان

لە هاووڵاتییەوە

عه‌لی كه‌ریمی:

بیری سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی شتێكی تازه‌ نییه‌ له‌ ناو شۆڕشه‌كانی پێش كۆماری كوردستان زۆر جاران بووه‌ته‌ دروشم و ئامانجی سه‌ركرده‌كان و نه‌ته‌وه‌ی كورد، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك) وه‌ك رێكخراوه‌یه‌كی سیاسی مۆدێرن به‌ واتای حیزبی و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ چینی مامناوه‌ندی كوردستان زۆر به‌ ئاشكرا و به‌ بێ پێچ و په‌نا، دروشمی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردی و ته‌نانه‌ت كوردستانی گه‌وره‌شی به‌رز كرده‌وه‌.

به‌ڵام به‌ دوای ئه‌م مێژووه‌ و روخانی كۆماری كوردستان له‌ مه‌هاباد نه‌ته‌نیا له‌لایه‌ن هێزی‌ سیاسی و ئه‌حزابی كوردی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ به‌م دروشمه‌ بیندراوه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن زۆریانیشه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌م دروشمه‌ كراوه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوایان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌بووه‌ زۆربه‌ی جاران بوونه‌ جێگه‌ی لۆمه‌ و تانه‌ و تۆهمه‌ی دواكه‌وتووییان لێدراوه‌!

له‌ وتاره‌كه‌ی به‌ڕێز كاك كه‌مال ره‌ئوفدا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ زۆربه‌ی نووسه‌ران و خاوه‌ن رایه‌كان زۆر به‌ ره‌شبینی سه‌یری ئه‌م پرسه‌یان كردووه‌.

شك و گومان له‌وه‌دا نییه‌ به‌ گشتی خه‌ڵكی كورد وه‌دیهاتنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ئاواتێتی، به‌ڵام هه‌روه‌ك ده‌بینین و دیتراوه‌ ئه‌وه‌ كافی نییه‌ و ته‌نیا ئاوات نامانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌م هیوا و ئامانجه‌ پیرۆزه‌. ئه‌م موهیمه‌ پێویستێكی له‌ راده‌به‌ده‌ری به‌‌هێزی‌ ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌، ئه‌م ئیراده‌یه‌ له‌ كوێڕا دێت؟

نه‌ته‌وه‌ییبوون و ئیراده‌كه‌ی پرسێكی ته‌واو سیاسییه‌ و له‌ دونیای مۆدێرن و سه‌رده‌می ئه‌حزابی سیاسی بۆ هه‌موو كێشه‌ و بواره‌كانی سیاسه‌ت، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایی ئه‌م ئه‌رك و پرسه‌ به‌ بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی حیزبه‌ كوردییه‌كان.

ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئاست ئه‌م پرسه‌ له‌ روانگه‌ی نووسه‌رانه‌وه‌ بۆنی ره‌شبینیی و نائومێدیی لێدێت ئه‌وه‌ بێگومان له‌ ئه‌ستۆی حیزبه‌ كوردییه‌كانه‌ نه‌ك میلله‌ت. ئه‌وه‌ ئه‌حزابی سیاسین كه‌ میلله‌تێك و جیله‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كان به‌ موهیمه‌یه‌ك گۆش ده‌دا.

ئێوه‌ بنواڕن به‌ درێژایی 70 ساڵ كه‌ حیزبی سیاسی هاتووه‌ته‌ ناو ژیان و رۆژانه‌ی ئه‌م گه‌له‌، له‌لایه‌ن زۆربه‌ی هه‌ر زۆریانه‌وه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان یان به‌ ته‌واوی ئینكار كراوه‌ یان له‌ په‌راوێزی هه‌مو‌و كار و به‌رنامه‌كانیاندا بو‌وه‌.

له‌ ده‌ستپێكی ژیانی حیزبی له‌ كوردستان ئه‌وه‌ حیزبه‌ دیموكراته‌كان بوون كه‌ هاتنه‌ ناو ژیانی تاكی كورد و به‌رنامه‌ و ستراتیژیان بوونه‌ رێڕه‌و و به‌ سیاسیكردنی تاك و نوخبه‌ی ئه‌م گه‌له‌.

حیزبه‌ دیموكراته‌كان هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی ژیانی سیاسیان له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ و هه‌ژموونی ئه‌حزابی شیوعی و كۆمۆنیستی ‌وڵاته‌ داگیركراوه‌كانی كوردستان دابوون، ئه‌وانیش به‌ هه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت‌ حیزبه‌ رادیكاڵه‌ چه‌په‌كانی دوای ئه‌وانیش وه‌ك مائوئیسته‌كان و ئانتی سۆڤیه‌تییه‌كانیش دانی خێریان به‌ كورددا نه‌ناوه‌ و زۆرتر هێنانه‌دی دنیای سۆسیالیزم و دیكتاتۆرییه‌تی پرۆلیتاریای جیهانیان له‌ رۆژه‌فی سیاسه‌تی خۆیان داناوه‌.

به‌داخه‌وه‌ به‌ دوای حیزبه‌ دیموكراته‌كانیشدا كه‌ رۆژگارێكی زۆر و تا ئێستاش هه‌ژموونیان به‌ سه‌ر گه‌لی كورده‌وه‌ هه‌یه‌، حیزبه‌كانی تریش كه‌ به‌ دوای ئه‌واندا هاتنه‌ ناو ژیانی كورده‌واری نه‌ ته‌نیا ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ییان له‌گه‌ڵ خۆ نه‌هێنا، به‌ڵكو باس له‌ نه‌ته‌وه‌یی بوونیان به‌‌ حه‌رام و دواكه‌وتوویی داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م.

له‌ فه‌زایه‌كی 70 ساڵه‌ی ئه‌وتۆدا چلۆن تاكی كوردی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌یی بوونی تێدا دروست ده‌بێت؟!

من دڵنیام هه‌ركات به‌رنامه‌ و ستراتیژی ئه‌حزابی كوردی نه‌ته‌وه‌یی بێت، ئه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌بێته‌ ئه‌و‌ هه‌ژموونه‌ به‌هێزه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا كه‌ ئه‌م ئاواته‌ دێنێته‌ دی، به‌ڵام هه‌ركات ده‌وڵه‌تی كوردی وه‌ك موزایده‌یه‌كی سیاسی له‌ لایان ئه‌حزابی سیاسی به‌كارهاتووه‌ ئه‌وه‌ زیاتر و زیاتر پرسی سه‌ربه‌خۆیی و بونیاتنانی دوڵه‌ت سوكتركراوه‌ و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك لێی بێهیواتر بوون، به‌رچاوترین نموونه‌شی كۆكردنه‌وه‌ی دوو ملیۆن ئیمزا بوو له‌لایه‌ن بزو‌وتنه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌ كاتی مه‌جلیسی حوكمدا.

له‌سه‌رده‌می ئێستادا من وه‌ك خۆم زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ هه‌ست ده‌كه‌م و خوێندنه‌وه‌كانم بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ كاتی ئه‌وه‌ زۆر به‌ زوویی دێت كه‌ كورد له‌ عێراق ده‌بێ ئیعلانی ده‌وڵه‌تی كوردیی بكات، پرسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كێ ده‌بێ بیكات و چۆنی ده‌كه‌ن، ئایا به‌م سه‌رلێشێواویی و قه‌یرانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌م حكومه‌ته‌ لاوازه‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ناشارستانیانه‌ و بێبزه‌ییانه‌یان له‌گه‌ڵ هاوڵاتی ئازادیخواز و دژه‌ گه‌نده‌ڵ و گه‌نجی سه‌ر شه‌قام ده‌كرێت یان به‌ ئیراده‌ و به‌رنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ و دوور له‌ موزایه‌ده‌ی سیاسی.

ئه‌گه‌ر بێتو به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ ئێستا خۆی به‌ یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵات و حاكمی كوردستان ده‌زانێت، بۆ خۆ ده‌ربازكردن له‌ هه‌موو قه‌یرانه‌كانی ناوخۆیی و هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ بێ به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ خۆ له‌م ئیشه‌ بدا‌ ئه‌وه‌ ئومێدی سه‌ركه‌وتنی كه‌م ده‌بینم.

له‌لایه‌كی تر له‌ یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێز جێگری سكرتێری گشتی كاك كۆسره‌ت به‌ رۆژی رو‌وناك و له‌ كۆبو‌ونه‌وه‌یه‌كی فراوانی جه‌ماوه‌ریی بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات كه‌ زۆر جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سكرتێره‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌ و شه‌و و رۆژی له‌ سه‌ر یه‌ك داناوه‌ بۆ عێراقێكی یه‌كگرتو‌و و به‌‌هێز و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیشی زۆرتر پێ به‌ خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌!

من ره‌شبین نیم و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردی له‌دنیای سیاسه‌تی ئه‌مڕۆدا زۆر به‌ واقیعی و یاسایی ده‌بینم و هیچ كات و زه‌مانێك له‌ ئه‌مڕۆ له‌بارترمان نه‌بووه‌ بۆ وه‌دیهاتنی ئه‌م پرسه‌ موقه‌ده‌سه‌، ئه‌گه‌ر بێتو ده‌سه‌ڵاتی كوردیی ژیرانه‌ بیر بكاته‌وه‌ و ده‌ست له‌ تاكڕه‌ویی و به‌رژه‌وه‌ندی تاك حیزبیی و بنه‌ماڵه‌یی هه‌ڵبگرێت و ده‌ست له‌ ده‌ستی هه‌موو لایه‌كان بۆ خزمه‌ت به‌ كورد و كوردستان هه‌نگاو بنێت.‌‌‌

له‌ بیرمان بێت ئیعلانی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ به‌شداری هه‌موو لایه‌كان و تاك به‌ تاكی گه‌لی كوردستان دێته‌ دی.

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه