سایکۆلۆژیای بێوه‌ژن بوون

لە کۆمەڵنیوزەوە

إحسان برهان الدين:

بێوه‌ژنى قه‌یرانێكى ده‌روونى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى تووشى ده‌بێت. جا چۆن تێپه‌ڕێت به‌ سه‌لامه‌تى و بێوه‌ژنان بتوانن درێژه‌ به ‌ژیانیان بده‌ن؟! كاتێك مێرد یان هاوسه‌ره‌كه‌ى وه‌فات ده‌كه‌ن، هه‌مووان به‌ مه‌به‌ستى دڵنه‌وایى و سه‌ره‌خۆشى ده‌وره‌یان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى ڕۆژانى ماته‌مینى و ته‌عزێ، ئه‌و كه‌سه‌ ته‌نها ده‌بێته‌وه ‌و له‌گه‌ڵ یادگارییه‌كانیدا ده‌ژێت و تاڵى ته‌نهایى و دڵه‌ڕاوكێ له‌ داهاتوو ده‌چێژێت. ئینجا بێوه‌ژنى یان مردنى یه‌كێك له‌ هاوسه‌ره‌كان له‌كاتى پیریدا كاره‌ساتێكى زۆر ناخۆشه‌ و ڕووداوێكى دڵته‌زێن و گرفتێكى قورسه‌، چونكه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ ئه‌وپه‌ڕى پێویستیدایه‌ به‌ هاوڕێ و هاوده‌م و یارمه‌تیده‌ر؛ به ‌شێوه‌یه‌كى گشتیش پیاوان زیاتر تووشى په‌ژاره‌ و كاریگه‌ری ده‌بن، بۆیه‌ ده‌بینى زووتر ده‌گه‌نه‌ هاوسه‌ره‌كانیان پاش له‌دونیاده‌رچوونیان.

به‌ڵام له‌ واقیعدا قه‌یرانى بێوه‌ژنى بارێكى قورسه‌ به‌سه‌ر ئافره‌تانه‌وه‌ تاكوو پێاوان. زۆر جاریش مێرده‌كان له‌پێشدا ده‌مرن، بۆیه‌ هاوسه‌ره‌كانیان ناچار ده‌بن ڕۆڵى ئه‌وانیش ببینن و مناڵ به‌خێو بكه‌ن و ئارام بگرن سه‌باره‌ت به‌ دیدى كۆمه‌ڵگا بۆ ئافره‌تێكى بێمێرد، كه‌ ده‌بینیت چاودێریى هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێستێكیان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌كانیشیان له‌سه‌ر ده‌ژمێرن!

به‌لاى هه‌ندێكه‌وه‌ ژیانى ئافره‌ت بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك چاوه‌ڕوانى، چاوه‌ڕوانیی شووكردن ده‌كات، ئینجا مناڵبوون و گه‌وره‌بوونیان و ژنهێنان و شووكردنیان. بۆیه‌ ئافره‌ت -به‌تایبه‌تى له‌ كۆمه‌ڵگاى خۆماندا- زۆرێك له‌ هیواكانى ده‌به‌سێته‌ هاوسه‌رگیرییه‌وه‌، له‌و هاوسه‌ره‌ش چاوه‌ڕوانه‌ كه‌ ببێته‌ به‌خێوكه‌ر و پشتیوان و هه‌مووشتێك. ئا لێره‌وه‌ ده‌بینین هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هاوسه‌رێتى –واته‌ بێوه‌ژن-بوون- ده‌بێته‌ مایه‌ى تاڵیچه‌شتنێكى ده‌روونى و عاتیفى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى، قووڵتر له‌وه‌ى كه‌ له‌لاى مێرد دروست ده‌بێت له‌كاتى مردنى هاوسه‌ره‌كه‌ى. پیاو به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر پیر بێت، به‌ مردنى خێزانه‌كه‌ى تووشى ناڕه‌حه‌تى و گیروگرفتى به‌ڕێوه‌بردنى ماڵ و شتى له‌و جۆره‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بینیت ناچار ده‌بێت ژن بهێنێت. به‌ڵام ئافره‌ت به ‌مردنى مێرده‌كه‌ى قۆناغێك له‌ ناهاوسه‌نگى و گۆشه‌گیرى بۆ دروست ده‌بێت، بۆیه‌ یان ده‌بێت خۆڕاگر بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت هه‌ڵسێت به‌ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانى و به‌خێوكردنى مناڵەكانى به‌ هه‌وڵ و كۆششێكى زۆر بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و شپه‌قانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ڕۆڵى دایك و باوك پێكه‌وه‌ ببینێت یان ئه‌وه‌یه‌ تووشى هه‌ره‌س و ڕووخان بێت و خۆى به‌ ده‌ستى زۆرێك له‌و ئازارانه‌وه‌ بدات.

بێوه‌ژن تووشى ئازار ده‌بێت له‌ڕێگه‌ى زۆر پرسیار كه‌ له‌لایه‌نى مناڵه‌كانییه‌وه‌ ئاراسته‌ى ده‌كرین و نازانێت چۆن وه‌ڵامیان بداته‌وه. ئه‌وان ده‌پرسن باشه‌ بۆ باوكمان دواكه‌وت؟ قه‌ی ناكا با به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌م، ئایا باوكم له‌ ئێمه‌ عاجز بووه‌، بۆچى باوكم كوژرا؟ دایه‌ پێى بڵێ بابگه‌ڕێته‌وه‌ زۆر بیرى ده‌كه‌ین، ئایا له‌ جه‌ژن دێته‌وه‌ له‌گه‌ڵمان بێت؟ كوا سه‌یاره‌كه‌ى؟ باوكم مۆبایله‌كه‌ى له‌ ماڵ به‌جێ هێشتووه‌، بۆچى جله‌كانى باوكمیان برد؟ بۆچى باوكى هاوڕێكانم له‌ دایه‌نگه‌ یان له‌ قوتابخانه‌ دێن ده‌یانبه‌نه‌وه‌ به‌ڵام باوكم نایه‌ت؟ تا كۆتایى ئه‌و پرسیاره‌ ئازاربه‌خشانه‌.

جارێكى تر ده‌یبینین ئازار ده‌چێژێت به‌هۆى ته‌ماشاكردنى به‌زه‌ییئامێزى هه‌ندێك له‌وانه‌ى ئاماده‌ى ماته‌مینییه‌كه‌ ده‌بن یان له‌و كاته‌ى وه‌فاتنامه‌ى مێرده‌كه‌ى وه‌رده‌گرێت و كێشه‌ى دارایى بۆ دروست ده‌بێت و جارى وا هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ خزمان ته‌ماعى میراتى مێرده‌كه‌ى ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها تووشى ئازار و فشارى ده‌روونى ده‌بێت كاتێك ده‌چێته‌ نێو كۆمه‌ڵگا به‌بێ هه‌بوونى مێرد كه‌ ڕۆڵى پۆشاكێك ده‌بینێ بۆ داپۆشینى كه‌موكوڕییه‌كانى، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ترسێت خه‌ڵكى به‌ خراپه‌ ته‌ماشاى بكه‌ن و باسى بكه‌ن، ڕۆژانه‌ش یادگارییه‌كانى مێرده‌كه‌ى ئێش و ئازارى ده‌ده‌ن له‌كاتێكدا هه‌مووشتێك له‌ ده‌وروبه‌رى ئه‌وى وه‌بیر ده‌هێننه‌وه‌، هاوكات تووشى گیرۆده‌یییه‌كى سه‌خت ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر له‌ به‌هارى ته‌مه‌نیدا بێت. له‌نێوان شووكردن و ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌سه‌ر دواڕۆژى مناڵه‌كانى.

له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كێشه‌ و فشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى له‌سه‌ر لابه‌رێت، ئه‌وه‌ بێت باوك و دایكى بێوه‌ژنه‌كه‌ یان یه‌كێكێكیان له‌ ژیاندا بن، چونكه‌ كۆمه‌ڵگا جارى وا هه‌یه‌ شووكردنى بێوژن به‌ جۆرێك له‌ بێوه‌فایى به‌رانبه‌ر مافى ئه‌و مێرده‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. بێ گومان ئه‌م دیده‌ش له ‌ڕووى شه‌رعییه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئینجا ئه‌گه‌ر بیه‌وێت شوو بكات و مناڵى هه‌بێت، كێشه‌ى به‌خێوكردنى مناڵه‌كه‌ى بۆ دروست ده‌بێت یان جارى وا هه‌یه‌ كه‌سوكارى مێرده‌ مردووەكه‌ بەهۆى مناڵەكانه‌وه‌ داوا له‌ بێوه‌ژنه‌كه‌ ده‌كه‌ن شوو به‌ یه‌كێ له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ بكات. له‌وانه‌شه‌ خۆشه‌ویستى بۆ مناڵه‌كانى و ترسى له‌سه‌ر دواڕۆژیان زاڵ بێت بەسه‌ریدا. ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نى بۆ ئه‌وانى ته‌رخان بكات و شوو نه‌كات. هاوكات ده‌شترسێت پاش هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ى له‌ چاودێریكردنى مناڵەكانیدا به‌سه‌ری برد، ژن بهێنن و به‌ته‌نها به‌جێى بهێڵن یان له‌گه‌ڵیاندا بژى به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ كه‌ میوانێكى قورس بێت له‌لاى خێزانێك با خێزانى یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانیشى بێت. به‌هۆى ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ده‌بینین زۆرێك له‌ بێوه‌ژنان (٣٥% به‌پێى هه‌ندێك لێكۆڵینه‌وه‌) دووچارى چه‌ندین نه‌خۆشیى ڕووداو ده‌بن.

چۆن بێوه‌ژن به‌سه‌ركه‌وتوویى درێژه‌ به‌ ژیانى بدات؟

- سه‌ره‌تا پێویسته‌ له‌سه‌ریان هاوسه‌نگى و جێگیربوون و هێمنى بۆ خۆیان به‌دی بهێنن له‌ڕێگه‌ى عیباده‌ت و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانى دڵه‌ڕاوكێ و ئاڵۆزبوون، چونكه‌ ژیان به‌ مردنى مێرده‌كه‌ى كۆتایى پێنایه‌ت. هه‌موو ساتێكى ئه‌م ژیانه‌ش نیعمه‌تێكى خوایى به‌نرخه‌. سته‌مه‌ به‌زایه‌ بدرێت له‌ڕێگه‌ى خه‌م و ئازاره‌وه‌. ده‌رگاى خه‌مه‌كان دابخه ‌و په‌نجه‌ره‌ى ڕازیبوون بكه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تیشكى هێمنى و دڵنیابوون و ئارامی بۆ خۆت و مناڵه‌كانت بێته ‌ژووره‌وه‌.

- پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى زانیارى ئه‌وتۆ كه‌ یارمه‌تییان بدات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ واقیعى تازه‌دا به‌سه‌ركه‌وتوویى، پێویسته‌ بیرۆكه‌ى بێده‌سه‌ڵاتی و بێچاره‌یى ڕاو بنێن و بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیى و پشتنه‌به‌ستن به‌ كه‌سانى تر بكه‌نه‌وه‌.

- بێوه‌ژنان پێویستیان به‌ هه‌ندیك كاته‌ بۆ ڕاهاتن له‌گه‌ڵ ژیانى نوێیاندا، پێویسته‌ له‌سه‌ر مناڵەكانیش جۆره‌كانى چاودێرى بۆ دایكیان بڕه‌خسێنن و چاكه‌ى باوكیشیان له‌م قۆناغه‌ ناڕه‌حه‌ته‌دا بگێڕنه‌وه‌ و خۆشه‌ویستى و سۆز بۆ دایكیان بنوێنن و بازنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان فراوان بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌و بۆشاییه‌ى كه‌ دروست بووه‌ پڕى بكه‌نه‌وه‌.

- بێوه‌ژن -له‌جیاتى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ یادگارییه‌كانیدا بژێت- پێویسته‌ له‌سه‌رى هه‌ندێ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ خۆى ساز بدات، وه‌كوو فریاگوزاریی په‌له‌ بۆ سارێژكردنى برینه‌كانى.

- ئه‌گه‌ر ده‌سته‌به‌رى گونجاو ده‌ست نه‌كه‌وت له‌ كوڕ و باوك و برا و كه‌سانى تر و پێویستىی مادى هه‌بوو، خۆیشى تواناى ئیشى هه‌بوو، با بگه‌ڕێت بۆ كارێكى گونجاو له‌گه‌ڵ توانا و شاره‌زایییه‌كانیدا، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجى پێویست بۆ خێزانه‌كه‌ى دابین بكات.

- ئه‌گه‌ر بێوه‌ژن به‌ئه‌مه‌ك بێت بۆ مێرده‌كه‌ى و كۆشش بكات له‌پێناوى مناڵه‌كانیدا، سۆز و یارمه‌تى و پشتگیری به‌ده‌ست ده‌هێنێت بۆ ته‌واوكردنى گه‌شته‌كه‌ى له‌ په‌روه‌رده‌كردن و چاودێریى مناڵه‌كانى.

- شووكردن بۆ ئافره‌ت مافێكى شه‌رعییه‌ پاش تێپه‌ڕبوونى عیدده‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى گه‌نجیدا بێت و مناڵى هه‌بێت پێویستى به‌ چاودێرى بێت له‌چوارچێوه‌ى خێزانێكى ئاساییدا، بۆى هه‌یه‌ شوو بكات و مێردێكى باش هه‌ڵبژێرێت كه‌ له‌گه‌ڵیاندا باش بێت و لێپرسراوێتییان هه‌ڵگرێت. ئه‌و كه‌سه‌ش له‌ ماڵى خۆیدا هه‌تیو به‌خێو ده‌كات، پله‌وپایه‌كى هه‌ره‌به‌رزى هه‌یه‌ له‌ دونیا و دواڕۆژدا، پێویسته‌ له‌سه‌ر مناڵى پێگه‌یشتوویش بایه‌خ به‌دایكیان بده‌ن و چاكه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن و پشتگیرى بكه‌ن ئه‌گه‌ر ویستى شوو بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌ له‌ كتێب و ڕۆژنامه‌كاندا ده‌رباره‌ى مێردى ئه‌و بێوه‌ژنه‌ى مناڵه‌كانى ده‌ركردووه‌ یان دایكى بێوه‌ژنه‌كه‌ مناڵكانى به‌خێو ناكات، ئه‌وانه‌ حاڵه‌تى ده‌گمه‌نن و پێوه‌ر نین بۆ هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگا له‌ شووكردنى بێوه‌ژن.

- ئه‌گه‌ریش بێوه‌ژن بڕیارى شوونه‌كردنی دا، با به‌باشى چاودێریى مناڵه‌كانى بكات و بزانێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و له‌ كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت. با زۆر به‌سۆز و وردبین بێت له‌ كاروباره‌كانیدا و ببێته‌ پێشه‌نگ بۆیان.

- له‌ڕووى هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، پێویستى زۆرمان به‌ به‌رنامه‌ى ڕۆشنبیریى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه‌ به‌ ئامانجى گۆڕینى تێڕوانینى سه‌لبى بۆ بێوه‌ژنان.

- له‌كۆتاییشدا له‌سه‌رمانه‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كى وا بدۆزینه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نها ببێته‌ مایه‌ى چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى قه‌یرانى بێوه‌ژنى، به‌ڵكوو ببێته‌ مایه‌ى په‌یداكردنى ژیانێكى ئاسووده‌ بۆى. له‌جیاتى ئه‌وه‌ش كه‌ بێوه‌ژن بار و كێشه‌یه‌ك بێت یان له‌ په‌راوێزى كۆمه‌ڵگادا بێت، له‌كاتێكدا خودى كۆمه‌ڵگا له‌و جۆره‌ى زۆر تێدایه‌، با ببێته‌ فاكته‌رێكى كاریگه‌ر بۆ دروستكردنى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ و هه‌ستیش نه‌كات جێگه‌ى به‌زه‌یییه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌، به‌ڵكوو هاوبه‌شێكه‌ له‌نێو ئه‌ندامه‌كانیدا و پێویسته‌ سوودمه‌ند بێت له‌ هه‌مواركردنى ژیانێكى سه‌ربه‌رزانه‌.

 

ئه‌م بابه‌ته‌م به‌ ده‌ستكارى و پوخته‌كردنه‌وه‌ له‌ بابه‌تێكى (ا.د. ناصر احمد سنه‌) وه‌رگرتووه‌

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه