گورگه‌مێش

لە هەولێرەوە

عه‌لی نانه‌وازاده‌:

گورگه‌مێش به‌ سه‌گێکی دووڕه‌گه‌ ده‌کوترێ که‌ له‌ جووت بوونی سه‌گ و گورگ په‌یدا بووبێ.

ڕواڵه‌تی ئه‌م جۆره‌ سه‌گانه‌ وه‌ک سه‌گی ئاسایین به‌ڵام ڕه‌فتار و کرده‌وه‌یان وه‌ک گورگه‌ و به‌ دزی مه‌ڕ و بزنی ڕان ده‌خۆن و کاتێکیش که‌ گورگ که‌ مێگه‌ل و ڕان بده‌ن پێشیان ناگرن و ته‌نانه‌ت هاوکاریشیان ده‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.

ده‌ نێو کۆمه‌ڵگا دا گورگه‌مێش وه‌ک کینایه‌ به‌ که‌س و که‌سانی دووڕوو ده‌گوترێ که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دۆست بن و له‌ بنه‌وه‌ دوژمن، ڕواڵه‌تیان وه‌ک سه‌گ بێ و ده‌ ده‌روون دا دڕنده‌ وه‌ک گورگ. گورگه‌مێش پێکهاتووه‌ له‌ [گورگ + ئه‌ + مێش] که‌ له‌ ژێره‌وه‌ ده‌ینووسین.

گورگ

گیاندارێكی گوانداری كێوییه‌، گۆشتخۆر و دڕه‌، وه‌ك سه‌گه‌ به‌ڵام به‌هێزتر و دڕتره‌، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ڕان و مێگه‌ل و كاتی برسیایه‌تی مرۆڤیش ده‌دڕێ و پتر چه‌ند دانه‌ پێكه‌وه‌ راو ده‌كه‌ن.

Canis Lupus ناوی عیلمیی ئه‌م گیانله‌به‌ره‌یه‌. گورگ ده‌ ئه‌ساتیریی ئێرانیی و زه‌رده‌شتیی دا گیاندارێکی ئه‌هریمه‌نییه‌ و ئه‌هوورامه‌زدا بۆ به‌ربه‌ره‌کانی و به‌رگریی له‌ گورگ، سه‌گی ئافراند.

ڕیشه‌ی وشه‌ی گورگ به‌ له‌ به‌ر چاو گرتنی گۆڕانی ده‌نگی /ڤ/ به‌ /گ/ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر:

هیندیی کۆن: ڤركه‌ vrka

ئه‌وێستایی: ڤێهركه‌ vhrka

هه‌خامه‌نشیی: ڤه‌ركه‌ varka

په‌هله‌ویی: گورگ gurg

فارسیی: گرگ gorg

به‌لووچیی: گورگ gurg

گیله‌کیی: گۆرگ gorg

تاتیی: ڤه‌رگ varg

مازنده‌رانیی: ڤه‌رگ varg

سمنانیی: ڤه‌رک vark، ڤه‌رگ varg

گیله‌کیی: ڤرگ vırg

ئاسێتیی: وه‌رگ warg

یه‌غنابیی: ئورگ urg

باكووریی: گور gur، گورگ gurg

ناوه‌ندیی: گورگ gurg

باشووریی: گورگ gurg

هه‌ورامیی: وه‌رگ warg، ڤه‌رگ varg

زازایی: ڤارگ vārg، ڤه‌رگ varg

هه‌روه‌تر ده‌ زمانانی ئه‌وڕووپایی و ئیسڵاویی دا به‌ له‌ به‌ر چاو گرتنی ئاڵوگۆڕیی ده‌نگه‌کانی /ل/ و /ر/ ده‌گه‌ڵ یه‌کتر:

ئیسڵاویی کۆن: vılk

رووسیی کۆن: vılk

رووسیی: volk

پۆله‌ندیی: wilk

چێکیی: wlk

سویدیی: varg

 

مێش

مێش یا مه‌ڕ گیاندارێكی گوانداری جووت سمه‌، مرۆڤ كه‌ویی كردووه‌ و بۆ شیر، خوری و گۆشته‌كه‌ی رایده‌گرێ، Ovis aries ناوی عیلمیی ئه‌م گیانداره‌یه‌، په‌ز.

ڕیشه‌ی وشه‌ی مێش ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر:

هیندیی کۆن: مێشه‌ mēšá

ئه‌ویستایی: مه‌ئێشه maeša

په‌هله‌ویی: مێش mēš

به‌لووچیی: مێش meš

فارسیی: میش miš

گیله‌کیی: میش miš

په‌شتوویی: مه‌ژ maž

باكووریی: مێشن mešın

باشووریی: میش miš

زازایی: مه‌شنا mašnā، میه‌شنا myašnā

هه‌روه‌تر هه‌ر له‌و ڕیشه‌یه‌ ده‌ کوردییدا:

باكووریی: مه ma، مه‌هـ mah، می mi، مێهـ meh

ناوه‌ندیی: مه‌ڕ mař، مێ me

باشووریی: میه‌ mya، مییه‌ miya

هه‌ورامیی: مه‌ی may

زازایی: مه‌ی may، می mi

به‌م پێیه‌ گورگه‌مێش یانی سه‌گێک که‌ گورگی مه‌ڕ و ماڵات بێ، یا سه‌گێک که‌ به‌ ڕواڵه‌ت پاسگر و پاسه‌وانی ڕان و مێگه‌ل بێ‌ به‌ڵام ده‌ کردار و ڕه‌فتار دا وه‌ک گورگ و دزی خۆماڵی له‌ مه‌ڕه‌کانی خێوه‌که‌ی بدزێ و بیانخوا.

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه