ڕۆمان و باوەڕ

لە هەولێرەوە

د. هاشم ئەحمەدزادە:

پێشینەی گێڕانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە پێوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەوروبەری بە هۆی زمان و لە ڕێگای زمانەوە بە شێوەیەکی ڕادیکال گۆڕانی بەسەردا هات. دەبوایە بینینی مرۆڤ لەسەر جیهانی ڕاستەوخۆ گرێدراو بە ئەوەوە بکرێت بە سووژە و هەوێنی گواستنەوەی ئەزموونەکان لە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا. پێوەندیی وشە و دیاردە و چڵۆنایەتیی گۆڕانگکاریی ئەم پێوەندییە لە ڕێگوزەری خۆیدا باسێکی لەمێژینەی ئافراند و ئەویش ڕاستبوون یان ڕاستنەبوونی گێڕانەوەکان بوو کاتێک لە دەمی گێڕەرەوەوە دەردەچوو و بە شێوە و میکانیزمی تایبەت بە هەر دەورەیەکی زەمەنی و شوێنی، تێکەڵاوی شەپۆلی بیرەوەری و زەینیی مرۆڤەکان دەبوو.

 

ڕەنگە گێڕانەوە هەر لە سەرەتاوە بە هۆی بێدەرەتانیی مرۆڤەکان لەهەمبەر ئاڵۆزیی و زۆریی دیاردەکان و کەمیی پەیڤەکان و گرفتەکانی زمان ئەو دەروازەیە بووبێت کە مرۆڤی لە پێداویستیی فانتێزیا بۆ گوزارەکردن لە واقیع ئاگادار کردبێتەوە. گوزەری هەزاران ساڵ بەسەر تەمەنی گێڕانەوە بە یارمەتیی پەیڤ، چ لە شیوەی زارەکیدا و چ بە هۆی نووسینەوە، هێشتا پرسی هەڵسوکەوتی مرۆڤی لەگەڵ گێڕانەوەدا یەکلا نەکردووەتەوە. ئەوەی کە گەلۆ منی بیسەر و خوێنەرەوە باوەڕ بەو شتە دەکەم کە دەیبیسم یاخود دەیخوێنمەوە پرسێکە بە درێژایی تەمەنی گێڕانەوە. کاتێک مرۆڤ سەرنج دەداتە ڕەوتی گەشەی بیری ئابستراکت و هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ گەڵالەکردنی پێوەندیی گێڕانەوە بە واقیعەوە، دەبینێت کە هەر لە پۆئێتیکای ئەرەستوڕا ئەمە دیاردەیەک بووە خۆی خزاندووەتە جیهانی تیۆرییەوە و هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ئەم دیاردەیە جێگای مشتومڕی بیرمەندانی ژانرە جیاوازەکانی مێژوونووسی و ئەدەبییە. بە کورتی، متمانە و باوەڕکردن بە گێڕانەوەیەک و دڕدۆنگبوون لەهەمبەر ڕاستبوونیدا و یان ئامادەبوونی ئاستێکی دیاریکراو لە ڕاستی لە گێڕانەوەیەکی خەیاڵیدا ئەو پرسیارانەن کە هیچ خوێنەرەوەیەک و بیسەرێک ناتوانێ کەم تا زۆر خۆی لێ دەرباز بکات. ئەو جێگایەی کە پێی هونەر و ئەدەب دێتە پێشەوە و جوانکاری دەبێتە لایەنی سەرەکیی پێکهێنەری بەرهەمێک، بابەتی باوەڕکردن یان نەکردن بە گێڕانەوەیکی هونەری زیاتر لک و پۆپی لێ دەبێتەوە و بابەتەکە تووشی ئاڵۆزی زیاتر دەبێت.

 

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم دیاردەی باوەڕکردن بە گێڕانەوە لە شێوەی مۆدێرنی خۆی واتا ڕۆماندا هەڵسەنگێنم. دوای پێشەکییەکی کورت لەم بارەوە و شیکردنەوەی چەمکێکی گرێدراو بەم باسەوە ئاوڕێک لە نوێترن ڕۆمانی بەختیار عەلی، جەمشیدخانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، دەدەمەوە و هەوڵ دەدەم لۆجیکی گێڕانەوەیی ڕۆمانەکە و هێندێک لایەنی تر کە یارمەتیدەری خوێنەرەوەن بۆ باوەڕکردن بە دەقێکی ئەدەبی،بخەمە بەرباس. بە مەبەستی زیاتر ڕوونکردنەوەی باسەکە ئاماژەگەلێکی بڵاو بە سێ ڕۆمانی ڕۆژاواییش دەکەم کە دەتوانن وەک نموونەی سەرکەوتووی شێواز و ژیربێژیی گێڕانەوەیی سەیر بکرێن. ئەم سێ رۆمانانەش بریتین لە تاعونی (The Plague) ئالبێر کامو، کوێریی (Blindness) خۆزێ ساراماگۆ و نادیاری (Invisible) پۆل ئاستر. پێویستە بگوترێت کە لێرەدا بە هیچ شێوەیەک مەبەستی ئەوەم نییە ئەم سێ ڕۆمانە ڕۆژاواییە بە خوێندنەوەیەکی بەراوردکارییانەوە لەگەڵ جەمشیدخانی ...بەراورد بکەم. مەبەست تەنیا دەستنیشانکردنی نموونەی سەرکەوتووە لە ئەدەبی جیهانیدا کاتێک پێویستمان بە نموونەی باشە بۆ لێفکرین و تێفکرین و لێفێربوون. خاڵێکی پێویستی تریش کە دەبێ ئاماژەی پێبکرێت جیاوازیی کاری نووسەر و ڕەخنەگرە. نووسەر کە ڕۆمانێک دەنووسێت بە شوێن کۆکردنەوەی شتە وردەکانە بۆ ئاراستەکردنی دەقێکی تۆکمە. ڕەخنەگر بە پێچەوانەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوەکە بە شوێن دۆزینەوەی وردەکارییەکاندایە بۆ ئاشکراکردنی لایەنە لۆجیکی و نالۆجیکییەکانی ڕەوتی گێڕانەوەکە. هۆکاری سەرەکیی بۆ هەڵبژاردنی ئەم سێ ڕۆمانە لە پلەی یەکەمدا ئەوەیە کە هر کام لەم ڕۆمانانە باس لە دیاردەیەک دەکەن کە باوەڕپێکردنی لەلایەن خوێنەرەوەوە کارێکی ئەستەمە. بە واتایەکی تر ڕووداوی سەرەکیی ئەم سێ رۆمانە لە دەرەوەی باوەڕی باوی مرۆڤدایە. پرس ئەوەیە نووسەرانی ئەم سێ ڕۆمانە چ تێکنیک و شێوازێکی گێڕانەوەیی دەکار دێنن کە خوێنەرەوە بە متمانەوە بەرهەمەکانیان بخوێنێتەوە و چیژیان لێ وەرگرێت و بۆ خولەکێکیش تووشی ڕاڕایی نەیەت کە ئەوەی ئەو دەیخوێنێتەوە زۆر جیاوازە لەگەل ئەو واقیعەی خوی پێگرتووە.

 

 

 

ڕاستینوێنی/وێکچوویی لەگەڵ واقیع

 

وێکچوویی ڕووداوەکانی گێڕانەوەیەکی داستانی لەگەڵ واقیع و ئامادەیی ئاستێکی دیاریکراو لە واقیع لە گێڕانەوەی داستانیدا، بە هۆی چەمکێک لە تیۆری ئەدەبیدا بە ناوی واقیع/ڕاستینوێنی (verisimilitude) پێناسە دەکرێت و لێکدەدرێتەوە. بە گوێرەی ئەم چەمکە خوێنەرەوە/بیسەر/بینەری ڕووداوەکانی گێڕانەوەیەکی داستانی یا بەپێی ئەزموون و ژیربێژی و زانستی خۆی باوەڕ بە گێڕانەوەکە دەکات، یانیش بە گوێرەی جۆرێک لە قەراردادی نەنووسراو لەنێوان نووسەر/گێڕەرەوە/دەق و بیسەر/خوێنەرەوە/بینەردا جۆرێک لە متمانەی کاتی دێتە ئاراوە کە بۆ نموونە خوێنەرەوە بتوانێت لە خوێندنەوی دەقێک بەردەوام بێت و گرفتی باوەڕنەکردن بە گێڕانەوەکە پەیتاپەیتا وەپاش بخات. تایبەتمەندیی جۆرەیی و ژانرییانە لەم پێوەندییەدا کارتێکەرییەکی بڕیادەری هەیە. کاتێک ئێمە ڕۆمانێکی زانستی-خەیاڵی، ڕێئالیزمی جادوویی یاخود دەقێکی سورڕێئالیستی دەخوێنینەوە دەبێ بەردەوام ناباوەڕییەکانمان بە ڕەوتی ڕووداوەکان بە هێزی لۆجیکی گێڕانەوە هەڵپەسێردرێن و بە واتایەک فریوی دەق بخۆین بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە خوێندنەوە. لێرەدا دەقی گێڕانەوە بە خوڵقاندنی دونیایەکی تایبەت بەخۆی بە هەموو لۆجیکە تایبەتییەکانییەوە، خوێنەرەوە هان دەدات باوەڕ بە گێڕانەوەکە بێنێت. لەڕاستیدا ئێمە دەزانین کە ئەدەبی گێڕانەوەیی دواجار کۆپیکردنی واقیع نییە و بە دەربڕێنێکی ساکار شتێک نییە جگە لە بەرهەمی خەیاڵی نووسەر و دواجار ئەوە کۆنتراکتی شاراوەی خوێنەرەوە و نووسەر/دەقە کە زەمینەی بەردەوامیی کردەی خوێندنەوە مسۆگەر دەکات، ئەگینا هیچ کەسێک نایەوێت کاتی خۆی بە خوێندنەوەی “درۆ” بکووژێت. لەڕاستیدا ڕۆمان لە پێناسەیەکی گشتیدا بریتییە لە گێڕانەوەیەک کە یان ڕوویدا بێت و یان ئیمکانی هێزەکییانەی ڕوودانی هەبێت.

 

بەڵام ئەم تایبەتمەندییەی ڕۆمان نابێتە هۆی چاوپۆشین لەو ڕاستییە کە ڕۆمان دواجار دوورە لە ڕاستی و بە بەیانێکی ساکار شتێک نییە جگە لە “درۆیەکی” ڕێکوپێک و هونەرمەندانە. کەسانێک هەن کە ئەم لایەنە زۆر بەرجەستە دەکەنەوە و دواجار ڕۆمان وەک گەشەکردووترین شێوازی گێڕانەوەی داستانی، بە درۆیەکی گەورە دادەنێن و مل بە خویندنەوەی نادەن. مێژوونووسی ناوداری ئێرانی، ئەحمەدی کەسرەوی، یەک لەو کەسانە بوو کە هەرگیز تەسلیمی باوەڕهێنان بە خوێندنەوەی ڕۆمان نەبوو و وازی لە باوەڕ بە درۆبوونی ڕۆمان و تەنانەت بێکەڵکبوونی نەهێنا. بەڵام وەک دەزانین ئەمە بۆچوونێکی ڕیزپەڕە و ڕۆمان لە چوارسەد ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆدا بووەتە پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ڕەنگە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتووبوونی ڕۆمانگەلێک بەسەر ڕۆمانگەلی تردا ڕادەی سەرکەوتوویی گێڕانەوەکان بێت لە باوەڕپێهێنانی خوێنەرەوە بە باوەڕپێکردنی بە دەق و لۆجیکی تایبەتیی دەقێکی دیاریکراو. ئەگەر لە کاتی خۆیدا ئەرەستو لە پۆئێتیکدا لەسەر ڕەنگدانەوەی سرووشت لە ئەدەبدا پێداگری دەکات و دەڵێت کە زەینیترین کەسایەتییەکانی ئەدەبی دەبێ خاوەنی تایبەتمەندیی مرۆڤەکان لە ژیانی واقیعیدا بن، بەردی بناغەی ئەم باوەڕە دادەڕێژێت کە لەنێوان ئەدەب و واقیعدا پێوەندییەکی زەریف لە ئارادایە. هەڵبەت لایەنی لاساکەرەوەیی لە سرووشت و کۆمەڵگە بەر لە ئەرەستو لە بۆچوونەکانی ئەفلاتونیشدا لە چوارچیوەی چەمکی لاساییکردنەوەدا (Mimesis) ڕەنگدانەوەی هەبووە. ئاستی تێکهەڵکێشی و وێکچوویی دونیای گێڕانەوە و دونیای واقیعی لە دەورە جیاوازەکانی مێژووی ئەدەبیدا هەم لە دەقدا و هەم لە تیۆریزەکردنی ئەم وێکچوویی و پێوەندییانەدا تووشی جیاوازیی بنەڕەتی هاتووە. لە سەردەمی ڕێنێسانسدا دیاردەی لاساییکەرەوەیی لە سرووشت و مرۆڤ پتر لە جاران پەرە دەگرێت و کەسانی وەک لۆدۆڤیکۆ کاستێلڤێترۆی ئیتالیایی بە ڕاشکاوی ئاماژە بە دیاردەی لاساکردنەوەی شتەکان و مرۆڤەکان لە گێڕانەوەی ئەدەبیدا دەکەن.

 

بەڵام لەو سەردەمەدا گۆڕانکارییەکی چەمکییانە ڕاستنوێنی (Verisimiltude) لەهەمبەر لاسایکردنەوە جێگیر دەکات. لە سەدەی نۆزدەهەمدا و بە هاتنە کایەی ڕێئالیزمی ئەدەبی، دیاردەی وێکچوویی وردی کاراکتێرەکانی ڕۆمان و مرۆڤە ڕاستەقینەکان و شێوەی ئاخافتن و ژیانیان دەبێت بە تایبەتمەندیی زاڵی ئەدەبی. گۆڕانکارییەکانی شێوازی و ناوەرۆکی و دونیابینانەی ئەدەبی بە درێژایی سەدەی بیستەم سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیان و شێوەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ واقیع، هەرگیز بە دوور نەبوونە لە ڕەنگدانەوەی واقیع بە شێوەیەک لە شێوەکان لە دەقی ئەدەبیدا. بە باوەڕی من ئامادەبوونی واقیع و پێداویستیی گەڕانەوە بۆ دونیای دەرەوەی دەق دواجار لە پێداویستیی دەستەبەرکردنی زەمینەی باوەڕهێنانی خوێنەرەوە بە خوێندنەوەی دەقی گێڕانەوەیی ئاو دەخواتەوە. ئامادەیی ئەدەبی پۆستمۆدێرنیستی و بانگەشە بۆ ئەوەی کە ڕاستینوێنی پێششەرتی گێڕانەوە نییە و لە ڕۆماندا ئەرکی سەرەکی بریتتیە لە ئەوەی کە دەق وەپێش واقیع کەوێت و لەڕاستیدا دەبێ واقیع ملکەچی دەق بکرێت و ببێت بە سەرەچاوەی لاساکردنەوەی واقیع لە گێڕانەوە، بە باوەڕی من نەیتوانیوە بە کردەوە ببێت بە بۆچوونێکی ئەوتۆ لە تیۆری ئەدەبیدا بە جۆرێک کە توانیبێتی ئافرێنەری دەقێکی ترازاو لە واقیع بێت کە لە هەمان کاتدا واقیعی کردبێتە پاشکۆی خۆی.

 

 

جەمشیدخانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد

 

گێڕەرەوەی ڕۆمانی جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد (لێرەوە جەمشیدخانی ...)، سالار، لە کاتی دەستپێکردنی گێڕانەوەکەدا کە دەکەوێتە کۆتایی ڕۆمانەکە، دەڵیت، “ئەوانەی جەمشید خانیان بە ڕاستی نەبینیوە نە هەرگیز باوەڕی پێدەکەن و نە هەرگیز تێیدەگەن” (ل. ١٥١). ئەو دەربڕینە بە شیوەیەک گوزارە لە هەبوونی دڕدۆنگییەک لە ئەستەمبوونی باوەڕکردن بە سەرتاپای گێڕانەوەکە دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە جەمشید خانی .. بە باوەڕی من ڕێئالیستیترین ڕۆمانی بەختیار عەلییە و ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە کات و شوێن و کەسایەتیی سیاسی و حیزبیی جەمشید خان هیچ گرفتێک بۆ خوێنەرەوەی شارەزا بە مێژووی نوێی عێراق و باشووری کوردستان لە باری ناسینەوەی شوێنکاتی ڕۆمانەکە ناهێڵێتەوە. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە ڕۆمانی جەمشید خانی .. وەک ڕۆمانێکی ڕێئالیستی ناوزەد بکەم، بەڵکو ئەم ڕۆمانەش وەک هەموو ڕۆمانەکانی تری کاک بەختیار دواجار دەکەوێتە خانەی ڕێئالیزمی جادووییەوە و بگرە زیاتر لە ڕۆمانەکانی تری ئەو هەڵگری پێناسەی ئەم ژانرەی نووسینە، کاتێک دەبینین کەسانی وەک کۆوان و کانادی لە پێناسەی ڕێئالیزمی جادووییدا باس لە تێکهەڵکێشانی واقیع و خیاڵ دەکەن.

 

پێمخۆشە ئەوەش بڵێم کە ڕۆمانی جەمشید خانی .. وەک هەموو ڕۆمانەکانی تری کاک بەختیار نیشاندەری توانای بەرزی ئەوە لە فانتێزیایەکی دەوڵەمەند و سەرنجڕاکێش. پرس ئەوەیە بۆ دەبێ سەرەڕای دەوڵەمەندیی فانتێزی و ئەم ئاماژە دیار و ڕوونانە، خوێنەرەوە لە باوەڕپێکردنی گێڕانەوەکە تووشی گرفت بێ و لە کاتی خوێندنەوەدا تۆزی ناباوەڕی پێش چاوەکانی بگرێت؟ بە باوەڕی من دوو هۆکاری سەرەکی ڕێگا بۆ دڕدۆنگیی خوێنەرەوە سەبارەت بە باوەڕپێکردن بە ڕەوتی ڕووداوەکان خۆش دەکەن: ١) شێوازی گێڕانەوە و لۆجیکی لاوازی داڕشتنی پێکهاتەی ڕۆمانەکە لە کەسایەتیی گێڕەرەوەڕا بیگرە هەتا نامۆیی و نەبوونی باڵانس لەنێوان شێوازی ئاخافتنی کاراکتێرەکان و سەرمایەی فەرهەنگیی و پێگەی کۆمەڵایەتی و خوێندەوارییاندا. ٢) قورسایی باری ڕەخنەگرانەی ڕۆمانەکە لە هەلومەرجی کۆمەلگەی باشووری کوردستان و بەسەرهاتی مرۆڤی کورد لە سێ دەیەی ڕابردوودا لایەنی جوانیناسانەی ڕۆمانەکەی خستووەتە ژێر سێبەری خۆی و دواجار ڕۆمانەکە وەک مانیفێستی بەسەرهاتی مرۆڤی کورد خۆی دەنوێنێت و ناموواندنی ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان تا ڕادەیەکی زۆر فەرامۆش کراوە.

 

خوێنەرەوە هەست دەکات کە ڕۆمانەکە بۆ ڕەخنەگرتن لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی کوردستان ئامادە کراوە و تەنیا ڕوواڵەتێکی داستانی، بەرهەمەکە لە دەربڕینێکی تەواو سیاسی و ئایدۆلۆژیکانە جیا دەکاتەوە. زاڵبوونی لایەنی ڕەخنەییانەی ڕۆمانەکە لە واقیعی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی وڵات وای کردوەە کە گێڕەرەوە لۆجیکی تایبەتیی گێڕانەوە وەپشت گوێ بخات و ورووژاندنی خوێنەرەوەی شارەزا بە هەلومەرجی ئێستای کوردستان ببێت بە ئامانجی نووسینی ڕۆمانەکە. من لەو نووسینەدا هەوڵ دەدەم تەنیا لەسەر لایەنەکانی شێوازی و لۆجیکی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە بدوێم و لایەنگەلی فکریی و زمانی و جوانیناسانە بۆ دەرفەتێکی تر هەڵگرم.

 

جەمشیدخانی حەڤدە ساڵانە کتێبی ئەسڵی چەشنەکانی چارلز داروین دەخوێنێتەوە و لەگەڵ چەند پڕۆفیسۆری زانکۆی بەغدا نامە دەگۆڕیتەوە و دەیەوێت بیسەلمێنێ مرۆڤ نەک لە نەسلی مەیمون بەڵکو لە نەسلی باڵندەیە. گێڕەرەوەی ئەم بەسەرهاتە سالاری کوڕی مامی جەمشید خانە کە سێ ساڵ لە جەمشید بچووکترە، ڕقی لە خوێندنگەیە (ل. ١٠)، مرۆڤێکی سەرەڕۆ و خانمباز و تەمبەڵە، عەرەبی نازانێت و دواتریش جگە لە چەند وشە هیچ فێر نابێت (ل. ٢٧). سالار دوای کوژرانی سمایلی مامی بڕیار دەدات زۆرتر بخوێنێتەوە تا بتوانێت چیرۆکی جەمشید خان بنووسێتەوە (ل. ١٣٤) و ئەوەش کاتێکە کە تا کۆتایی چیرۆکەکە زەمەنێکی ئەوتۆ نەماوە. سمایلیش کە دەبێ لە بەرەی شەڕدا بەردەوام لە ئامادەباشدا بێت “تەواو” خۆی فێری ئینگلیسی دەکات، ئەویش لە ڕیگای لەبەرکردنی بەرگ بە بەرگی فەرهەنگگەلی گەورەی وەک “مەورید” و “کێمبێردج”ەوە (ل. ٣٥).

 

سالار بە پاشخانێکی هەژاری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و خوێندەوارییەکی کەم و بێ هەبوونی هیچ ئەزموونێک لە نووسیندا دەبێتە نووسەری ژیان و بەسەرهاتی جەمشید خان. هەر بۆیە سەیر نییە سەرتاپای گێڕانەوەکە لە هێڵێکی ڕاستدا دەخوشێت و زمانێکی وەسفی کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پاشخانی فەرهەنگیی و کەسایەتی ئەودا نایەتەوە، دەبێتە دەنگی زاڵی گێڕانەوەکە بەبێ هیچ ترازانێک لە هێڵێکی زەمەنیی هێگێلییانە و بەبێ هیچ دەستاودەستکردنێکی گۆشەنیگای گێڕانەوە. ئەوە ڕاستە کە لە سەرەتادا سالار و سمایل لەگەڵ جەمشیدخاندان و لە نزیکەوە ئاگاداری لێدەکەن و بەمجۆرە هەرچی لەسەر هەڵسوکەوتی ئەو دگوترێت دەکرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە کە بۆ نموونە گێڕەروەی رۆمانەکە واتا سالار بۆ خۆی بینیویێتی. بەڵام بەشێکی زۆری ساڵانی فڕێن و نیشتنەوەی جەمشیدخان لە دەرەوەی قەڵەمڕەوی نیگای سالاردا ڕوو دەدات و مرۆڤ نازانێت کاناڵی زانیاریی سالار چ میکانیزمێکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە جەمشیدخان دوای هەرجار کەوتنێک یادەوەرییەکانی لەدەست دەدات. هەڵبەت شتێکی سەیر ئەوەیە کە کوردبوون هەرگیز لە یادەوەریی ئەو ناچێتەوە (ل. ١١٤) و ئەمەش بەپێی لۆجیکی داستانەکە هیچ پاساوێکی بۆ نییە و مرۆڤ نازانێت هۆکاری ئەم دیاردەیە چییە. ئایا کوردبوون شتێکی جەوهەری و زاتییە، یان وەک هەر جۆرە ناسنامەیەکی تر شتێکی سازکراوە و بە دوور لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سووژەیی خۆی کارکرد و هەبوونی نامێنێت؟ تواناییە ڕیزپەڕەکانی جەمشیدخان نەک ئاکامی پەروەردە و بارهێنانی ئەو، بەڵکو هەموو دەمێ وەک ئیعجازێک دەرخواردی خوێنەرەوە دەدرێن کە ناتوانێ باوەڕ بکات مرۆڤێک چۆن دەتوانێت لەو هەموو کایە و پیشەیەدا سەرڕشتەی هەبێت. بۆ کەسێک کە دوای هەرجار کەوتنەوەیەک بیرەوەرییەکانی لە دەست دەدات، نووسینەوەی بیرەوەری پتر لە نوکتەیەک دەچێت هەتا بڕیارێکی خاوەن لۆجێک.

 

هەنگاو بە هەنگاوی ژیانی گێڕدراوەی جەمشیدخان لەگەڵ قۆناغەکانی ژیانی سیاسیی باشووری کوردستان بە شێوەیەکی ڕۆژژمێرانە هاوتەریبە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا دوو ساڵ بەشداری لە شەڕی ئێران و عێراق لە بەرەی عێراقییەکاندا، دوو ساڵ لە بەرەی ئێرانییەکاندا، هاتنەوە بۆ بارانۆک، ڕزگاریی باشوور و گەڕانەوەی جەمشیدخان بۆ شار و عاشقبوون و زەماوەندکردنی لەگەڵ سافیناز و دواتر خیانەتی سافیناز و بەرەو ئاسمانناردنی و جارێکی تر بابردن و کەوتنەوە خوارەوەی لە بەرەکانی پەکەکە و ساڵێک (ل. ٧٨) یان دوو ساڵ (ل. ٨١) لەلای ئەوان مانەوە. دیسان هاتنەوە و ئەمجارەیان بوون بە ئیسلامی و دوایە برینداربوونی بەدەست هێندێک ئیسلامیی تر و دواتر لەبیرکردنی خوا و بوون بە مرۆڤێکی هێدۆنیستی خۆشگوزەران و چوونە تورکیا و دواتر بوون بە قاچاخچی لەنێوان سنوورەکانی تورکیا و یونان و دەوڵەمەندبوون و دوایە هەڵاتنی لە دەست تورکەکان و خولانەوە بۆ ماوەی دە ساڵ بە ئاسمانی دەیان وڵاتدا و ... ڕووداوەکان درێژەیان هەیە و جەمشیدخان ئەگەرچی جانتایەکی قورسی بە کۆڵەوەیەو سەرەڕای ئەمەش کاتێک دەکەوێتە ناو زریاکانیش قەت ناخنکێت و دواجار لە تابوتێکدا بۆ “نیشتمان” دەنێردرێتەوە. ئەمجارەیان جەمشیدخان لە شێوەی فیلەسوفێک قسان دەکات (ل. ١٢٠) و بە دامەزراندنی ئاژانسێک دەیەوێت هەم نهێنی جیهان بدۆزێتەوە و هەمیش پارە پەیدا بکات (ل. ١٢٢). دەبێتە نووسەر لەسەر ماڵپەڕە کوردییەکان و دەیەوێت “دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لەناو ئینتەرنێتدا دابمەزرێنێت.” (ل. ١٣٢). کاتێک قسە لەسەر جیهانی ئینترنێت دەکات زیاتر لە فیلەسوفێک دەچێت (ل. ١٣١). دوای کۆمەڵێک ڕووداوی تر دەبێتە کەرەسەی پێڕابواردنی “بەرپرسانی” وڵات و وەک “مەیمونە باڵدارەکە” بە تورکەکان دەفرۆشرێت و ئەوانیش لە شاری یاری نمایشی دەدەن و دواجار سالار لە شاری یاری دەیدزێت و بە ئاسماندا بەڕێی دەکات کە بڕوات. دوو ساڵ دواتر سالار هەواڵی لە جەمشیدخانەوە پێدەگات کە کە لە شوێنێکی دوورە، خەریکە کێشی زیاد دەکات و ئیتر با نایبات. وەک دەبینین لیستی ڕووداوەکان زۆر درێژە و لە ڕۆمانێکی ١٥١ لاپەڕەییدا ئەو هەمووە وردەکارییانە لە زمان سالارەوە گێڕدراونەوە.

 

ئەگەر جیاوازییەکی سەرەکیی ڕۆمان لەگەڵ مێژوو بریتی بێت لە هەوڵی ڕۆمان بۆ دۆزینەوەی هەموو لایەنە دیار و نادیارەکانی کەسایەتیی دەروونی مرۆڤ، دەبێت دونیای کاراکتێرەکان بکەوێتە بەر نەشتەرگەرییەکی ئەوەندە وردەوە کە ئەم لایەنانە لە پێوەندیی لەگەڵ چەند ڕووداوی دیاریکراودا بەرجەستە بکرێن. زۆریی ڕووداوەکان گێڕەرەوە تووشی بەسەرداتێپەڕینی زۆر لایەنی کەسایەتیەکان بە شێوەیەکی خێرا دەکات و ئەوەش خوێنەرەوە لە ئاگاداربوون لە هەموو هەڵکشان و داکشانی ناوەوەی کاراکتێرەکان لە بەرامبەر ڕووداوەکاندا بێبەش دەکات. سەپاندنی ڕووداوی زۆر بەسەر ڕۆماندا و درێژکردنەوەی ڕەوتی زەمەنیی و شوێنیی پێکهاتەی ڕۆمانێک دەرفەتی شارەزابوونی خوێنەرەوە بە زیکزاکی بیری کاراکتێرەکان تووشی گرفت دەکات. جێگیرکردنی هێڵێکی زەمەنیی ڕاست و ڕیزکردنی ڕۆژژمێرییانەی ڕووداوەکان بەوجۆرەی لە واقیعی دەرەوەی ڕۆماندا هەبوونیان هەبووە وڕوویان داوە، کارتێکەریی نەرێنی لەسەر ئاستی هونەریی بەرهەمەکە دادەنێت. ئەستەمە تۆمارکردنی هەموو ئەو شتانەی ڕوو دەدەن و لە فیلتێری هونەرییانەی نووسەردا ناپاڵاوترێن بتوانن ببنە هەوێنی هونەریی بەرهەمێک. کامێرای کراوەی چاوەکانی نووسەری ڕۆمان بە ڕووی واقیعی دەرەوەدا، دواجار بە لەبێژینگدانی دیمەنەکان تەنیا ئەو دەگمەن دیمەنانە تۆمار دەکات کە نیشانەگەلی ئافراندنی هونەرییان پێوە دیارە و خوێنەرەوە دەبێ بە سانایی شوێنپەنجەی نووسەر بەسەر ناموواندنی دیاردەکانی ناو ڕۆمان لە دیاردەکانی دەرەوە، بناسێتەوە. ئەگەر ڕۆمان بەوجۆرەی کۆندێرا دەینرخێنێ بریتی بێت لە ڕۆحی سەردەمی مۆدێرن، ئەوە دەبێت دەرفەتی ئاخافتن بۆ هەموو لایەنەکانی بەشدار لە فەزای گێڕانەوەدا بە شێوەیەکی بەرامبەر بڕەخسێت. لە جەمشیدخانی ..

 

دا ئەوەندەی کە گێڕانەوەی سالار بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵە ئەوەندە دەرفەت بۆ جەمشیدخان نەڕەخساوە کە بۆخۆی گوزارە لە خۆی بکات. هەر بەمجۆرەش سمایل و لەیلا و سافیناز و ئیحسان بایەزید و قەرە بیبەر ئەوەندە کەوتوونەتە بەر سێبەری گێڕانەوە کە دەرفەتی بیستنیان و هۆکاری بوونیان لە پێکهاتەی ڕۆمانەکەدا بۆ خوێنەرەوە ناڕەخسێندرێت. بۆ نموونە ئێمە هەرگیز گوێمان لە سافیناز نابێت کە چی بە جەمشیدخان دەڵێت و سیمایەک کە لە زەینماندا دەمێنێتەوە شتێک نییە جگە لەو خوێندنەوەیەی کە سالار بۆخۆی لە دیاردە بینراوەکان هەیەتی. نازانین پێوەندیی سافیناز و “عەشیقەکەی” و بەجێهێستنی جەمشیدخان و بەڕەللاکردنی بە ئاسماندا لەلایەن ئەوەوە و دواتر دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی جەمشیدخان و دەرچوونی بۆ دەرەوەی وڵات، چۆن لە زەینی خودی سافینازدا شکڵ دەگرێت. هەرگیز نابیسین کە دەبێ سافیناز لە پێوەندیی لەگەڵ پیاوێکی سەیر و سەمەرەی وەک جەمشیدخاندا چی بە بیردا هاتبێت و چۆنی شتەکان بینیبێت.

 

بە کورتی ڕۆمان ئەو ژانرەیە کە دەروونی کۆمەڵێک کاراکتێر لە پێوەندیی لەگەڵ کۆمەڵێک ڕووداوی دیاریکراودا دەخاتە بەر لێکۆڵێنەوەیەکی ورد و زۆربوونی ڕووداوەکان ئەو مەجالە نادات بە نووسەر کە هەموو ئاستەکانی زەینی و کرداریی کاراکتێرەکانی بخاتە ژێر چاودێریی ورد و مووقەڵێشانە.

 

بە باوەڕی من گرفتێکی سەرەکی کە سەرتاپای گێڕانەوەکە دەتەنێتەوە هەڵفڕینی جەمشیدخانە بەو جۆرەی کە لە ڕۆمانەکەدا وێنا دەکرێت. کێشی کەمی جەمشیدخان وا دەکات کە ئەو با بیبات. بۆ بەرگریکردن لە بابردنی ئەو سالار و سمایلی ئامۆزا بەرپرسی ئەوەن کە بە گرێدانی گوریسێک لە جەمشیدخان و بەستنەوەی بە خۆیانەوە پێش لە بابردنی ئەو بگرن. بە واتایەکی تر ئەگەر ئەم کارە نەکرێت ئەوە جەمشیدخان با دەیبات.

 

بەڵام ڕوون نییە لەو هەموو ساڵانەی جەمشیدخان لە ئاوارەییدا بووە چۆن لە بەباداچووندا ڕزگاری بووە، کاتێک ئێمە دەزانین کەس یارمەتیدەری نەبووە بۆ پێشگیریکردن لە فڕین و بەباداچوونی. ئەوە چ لۆجیکێکە کە دوای ئەو هەموو فڕینانە بەردەوام ڕێگای کەوتووەتەوە “نیشتمان”؟ ڕێگایەک کە دوای ئەو هەموو کەوتن و فڕینانەوە بۆ ناسینەوەی جەمشیدخان دەدۆزرێتەوە ئەوەیە کە هەموو گیانی خاڵکوتی بکەن و بەسەرهاتی جەمشیدخانی لێ بنووسنەوە بۆ ئەوەی ئەگەر ون بوو ئەوانەی دەیدۆزنەوە بزانن کێیە. بەڵام ئەگەر وەسفی جەستەی بێکێشی جەمشیدخانمان لەبیر بێت کە لە کاغەزێک دەچێت دەکرێ بپرسین ئەم لەشە کوا بۆ کارێکی وا دەست دەدات؟ جەمشیدخان بۆخۆی دەڵێت کە ئەم زمانەی بۆ خاڵکوتییەکە دەکار دێت، واتا زمانی کوردی، کەس تێی ناگات (ل. ١٤٨). بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە جەمشیدخان بۆخۆشی ناتوانیت نووسراوەی سەر پشتی خۆی بخوێنێتەوە، خوێنەرەوە نازانێت لۆجیکی ئەم کارە لە چیدایە. فڕین لە ڕۆمانگەلی ڕێئالیزمی جادووییدا شتێکی ناباو نییە. ڕێمێدیۆسە جوانەی سەد ساڵ تەنیایی و بەرەو ئاسمان بەرزبوونەی کۆڕی هەڵپەڕکێی گەنجانی مەیدانی شاری پێکەنین و فەرامۆشی لەو فڕینانەن کە لە چوارچیوەی لۆجیکی داستانیی ڕۆمانەکاندا تەواو خۆزایی دەنوێنن و هەر وەک دەگمەنبوونی توانایی فڕینی مرۆڤ بە دگمەنی هەڵدەفڕن و کاتێکیش هەڵدەفڕن پێشزەمینەی باوەڕکردن بەو کردە شازە لە فەزای گێڕانەوەدا خوڵقاوە و خوێنەرەوە تووشی ناباوەڕی نایە و دەزانێ ڕێمێدیۆس و گرووپی لاوانی سەماکار نەک لەبەر بێکێشی بەڵکو لەبەر پێداویستیی گێڕانەوە بە فڕین تووشی ئەم سێحر و جادوویە دەبن و ڕەوتی ڕووداوەکان گومانی بێباوەڕیی خوێنەرەوە دەوەستێنن. نموونەی جەلادەتی کۆتر لە شاری مۆسیقارە سپییەکاندا و کاتێک بە سواری ئەسبەکەی دێت و دەچێت، زۆر سەرکەوتووانەتر لە فڕینەکانی جەمشیدخان متمانەی خوێنەرەوە دەستەبەر دەکات.

 

وێدەچێت ئەگەر هەر لە سەرەتاوە جەمشیدخان بۆ فڕین و نیشتنەوە و یان پێشگیری لە بابردنی پێویستی بە سالار و سمایل و گوریس نەبووایە، دەکرا هەڵوەدابوونی ساڵانی دوور و درێژی و زیندوومانەوەی لەو هەموو کەوتن و هەستانەوانە لە دەریا و وشكاییەکاندا زیاتر جێی پاساو و باوەڕپێکردن بووبایە. ئەگەر لە جیاتی پێداویستی بە ئامرازێکی وەک گوریس بۆ فڕینی جەمشیدخان شێوەیەکی تر ڕەچاوکرابایە، گرفتی باوەڕکردن بە گێڕانەوەکە تا ڕادەیەکی زۆر کەم دەبووەوە. بۆ نموونە ئەگەر جەمشیدخان هەر کاتەی ویستبای بفڕێت، توانیبای ئەم کارە بە ویستی خۆی ڕاپەڕێنێت، خوێنەرەوە دەیتوانی لە باوەڕکردن بە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکە و گەڕانەوەی جەمشیدخان لە دوای دوو ساڵ لە ئێران و دوای دە ساڵ لە هەندەران، لە کاتێکدا دەزانین کەسێک بۆ یارمەتیدانی ئەو بۆ فڕین و نیشتنەوە لە ئارادا نەبووە، کەمتر تووشی گرفت ببوایە.

 

هەڵبەت ئەگەر قەرار بێت هەر ڕۆمانەی دواجار تێمێکی سەرەکی هەبێت و لەوەش گرنگتر پەیامێکی تایبەت بگەیەنێت مرۆڤ دەتوانێ پرسیار بکات ئایا چارەنووسی تاڵی جەمشیدخان سیمبۆلێکە بۆ بێدەرەتانی و بێئیرادەیی مرۆڤی کورد کە تەنیا لە هەڵاتن و دواجار حاوانەوەی لە دەرەوەی کوردستاندا ڕووی ئاسوودەیی دەبینێت؟ شک لەوەدا نییە کە جەمشیدخانی .. لایەنێکی بەهێزی ئالیگۆریکییانەی هەیە بۆ گوزارەکردن لە مێژووی سێ دەیەی ڕابردووی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کورد لە باشووری کوردستان. بەڵام پرس ئەوەیە ئایا لۆجیکی ڕۆمانی و گێڕانەوە دەتوانێت بە گواستنەوەی جیهانی خۆی بە جیهانی دەرەوە پاساوی خۆی بدات؟ ئەزموونی ڕۆمانگەلی سەرکەوتوو، سەرەڕای هەڵگرتنی پەیامی فکریی و زۆرجاران فەلسەفیی قووڵ، نیشان دەدات کە هێزی ڕۆمان لە ئافراندنی جیهانێکی سەربەخۆ و تایبەت بەخۆیدایە کە وێڕای پێوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە، دواجار بە لۆجیکی نێو هەناوی خۆی شەرتومەرجی باوەڕپێهێنانی ڕووداوەکان و گێڕانەوەکە بۆ خوێنەرەوە بڕەخسێنێت. بۆ تیشکخستنە سەر ئەم بابەتە ئاوڕێک لە سێ ڕۆمانی سەرکەوتووی ڕۆژاوایی دەدەمەوە.

 

 

تاعون

 

هەر لە کاتی چاپ و بڵاوبوونەوەی تاعون، ڕۆمانی بەناوبانگی ئالبێر کامو، لە ساڵی ١٩٤٨دا هەتا ڕۆژگاری ئێستا، هۆگرانی ڕۆمان نەیانتوانیوە خۆ لە خوێندنەوەی ئەم دەقە سەرکەوتووە کە وەک بەرهەمێکی کلاسیکی بیری ئێگزیستانسیالیزم یاخود ڕەسەنایەتیی وجود، خۆی چەسباندووە، ببوێرن. ساڵانی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و نزیکەی پێنج ساڵ مانەوەی فەڕانسە، وڵاتی نووسەر، لەژێر داگیرکاریی نازییەکاندا لەنێوان ساڵانی ١٩٤٠-٤٤دا، ناو و ناوەرۆکی ڕۆمانەکەی وەک ئالیگۆرییەک بۆ پەتای داگیرکەریی فەڕانسە خستە بەرچاوی خوێنەرەوان. بڕینی پێوەندییەکانی وڵاتی فەڕانسە بە دونیای دەرەوە دەتگوت سەرچاوەی ئیلهامی نووسەرە بۆ خوڵقاندنی شارێک، ئۆران، کە بە هۆی نەخۆشیی کوشەندەی تاعونەوە هەموو پێوەندییەکانی بە جیهانی دەرەوە پچڕاوە. بەڵام ئەمە تەنیا خوێندنەوەیەک بوو لە بێژمار خوێندنەوەی تر لەو بەرهەمە ئەدەبییە. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شێست ساڵ بەسەر تەمەنی ئەم ڕۆمانەدا مرۆڤ دەتوانێت خوێندنەوەی تازەی لێ هەبێت و لە دونیای تاعونلێدراوی ئۆراندا کەسایەتیی مرۆڤ و شێوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان لە کاتی نائاساییدا ببینێت و دڵنیا بێت گوزەری زەمەن ناتوانێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، واتا ترس، ئەڤین، هاوکاری، خۆویستی و فیداکاریدا بەدی بێنێت. سرنجدان بە کەسایەتیی مرۆڤەکان لە کاتی تەنگانە و مەترسی و دەرکەوتنی زەقی سیمای مەرگدا ڕەنگە زیاتر لە هەلومەرجی ژیانی ئاسایی، پێشاندەری هێزە ڕاستەقینەکانی دونیای ناوەوەی مرۆڤەکان بێت. کامو لە تاعوندا بێبەزەییانە لەگەڵ هەڵوێست و کردەوە و زەینی مرۆڤەکان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دێوەزمەی مەرگدا دەدوێت. ئەو دونیایەکی بەرتەسک و قەتیسماو دەخوڵقێنێت تا ڕووی شاراوە و دیاری مرۆڤ لەقاو بدات. بۆ ئەم کارەش هەست دەکەی بەر لە هەڵبژاردنی شارێکی بەندەریی وڵاتی جەزایر واتا ئۆران، بە ساڵان بیری کردووەتەوە. شارێک کە هەر دوابەدوای داگیرکرانی کۆلۆنیالیستانەی فەڕانسەوییەکان لە ١٨٤٩دا بە ڕاستی تاعون لێی دەدا و هەژمارێکی زۆر لە دانیشتوانی لەناو دەبات.

 

سەد ساڵێک دوای ئەم تاعونە ڕاستییە ئێستا دیسانەوە کامو لە چلەکانی سەدەی بیستەمدا بەڵای تاعون دەکاتە میوانی ئەم شارە، هەڵبەت ئەمجارەیان بەڵایەکی خەیاڵی لە شارێکی خیاڵاندراودا. بەڵام ئەگەر تاعونی ١٨٤٩ تەنێ لە بیرەوەریی مێژووییدا مابێتەوە، تاعونی چلەکانی سەد ساڵ دواتری ئەم ڕووداوە بە هۆی بەرهەمی هونەریی کامو بۆ هەمیشە و بەرجەستەتر لە واقیع ناوی ئۆران و بەڵای تاعونی بە زیندووی ڕاگرتووە. ڕەنگە هەر تاعونی کاموش بوو بە هۆی ئەوەی لێکۆلەرەوەکان بە شوێن مێژووی ئەم شارەدا بچن و ڕوونی کەنەوە کە ئۆران لە نیوەی دووهەمی سەدەی شانزدەهەمەوە هەتا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم پێنج جار تووشی نەخۆشیی تاعون بووە.

 

سەرەڕای ئەوەی کە گێڕەرەوەی ڕۆمان هەر لە سەرەتاوە خۆی وەک شاهیدی ڕازهەڵگری ڕووداوەکان دەناسێنێت و دەریدەخات کە ئاگای لە هەموو کەلێن و قوژبنی ڕووداوەکان هەیە، هەتا کۆتاییەکانی گێڕانەوەکە هیچ چەشنە نزیکایەتییەکی ئەوتۆ لەگەڵ هیچ کام لە کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە نیشان نادات. بە واتایەکی تر ئەو وەک گێڕەرەوەیەکی بێلایەن مەجالی ئاخافتن و دەرخستنی کاراکتێرەکان بۆ ئەوان بەجێ دێڵێت و بەمجۆرەش خوێنەرەوە دەباتە ناو دونیایەکی ئەگەرچی خەیاڵی بەڵام تا ئەوپەڕی ئیمکان واقیعی کە تێیدا دیالۆگەکان و گێڕانەوەکان تەواو متمانەی خوێنەرەوە وەدەست دێنن. سەرەڕای بیری فەلسەفیی نووسەر و ئامادەبوونی ئەم بیرە لە سەرتاپای ڕۆمانەکەدا خوێنەرەوە هەست بە قورسایی و دەستکردبوونی ئاخافتنەکان ناکات. ئەگەر دواجار خوێنەرەوە دێتە سەر ئەم باوەڕە کە جۆرێک لە ناعەقڵانییەتی ژیان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ئەگەر مرۆڤ دواجار کۆنترۆلێکی بەسەر ژیاندا نییە و دەبینێت چۆن پووچی تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنێت، ئەمانە هەموو وەک دەرەنجامی فەلسەفیی ڕۆمانەکە دەبینێت کە وەک لایەنێکی گشتی لە سەرجەم ڕووداوەکان و هەڵسوکەوتەکاندا خۆی دەردەخات، نەک لە ئاخافتنی دروشمیانەی کاراکتێرەکاندا. کاتێک دکتۆر ڕیۆ لەگەڵ پانێلۆی قەشەدا لەسەر گوناھ و سزا قسە دەکات و گوێبیستی ئەوە دەبیت کە ئەمە سزایەکی خوداییە بە هۆی گوناهباریی مرۆڤەکان، لە میانەی ئاخافتنێکی سادە، نەک قووڵی فەلسەفییەوە، بەپەرچی قشە دەدرێتەوە. بۆ دەبێ مناڵێکی بێگوناھ تووشی ئەم نەخۆشییە بێت؟ دواجار کە قەشە بۆخۆشی تووشی نەخۆشییەکە دەبێت، خوێنەرەوە هەست بە تەنزێکی تاڵ و کارتێکەریی بۆچوونی دکتۆر ڕیۆ دەکات و ئەنجامی فەلسەفییانەی خۆی، بێئەوەی پێویستیی بە هیچ درێژدادڕییەکی ماندووهێنەر بێت، هەڵدێنجێت.

 

لە بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەدا خوێنەرەوە هەزاران مشکی منداربووەوە لە شەقامەکانی ئۆراندا دەبینێت. کاتێک دکتۆر ڕیۆ لە ئاپارتمانەکەی خۆیدا دەبینێت کە میشێل لە ئاکامی تایەکدا دەمرێت، لەگەڵ دکتۆر کاستلی هاوڕێیدا بەو ئاکامە دەگات کە خەریکە تاعون بە شاردا بڵاو دەبێتەوە. بەڵام مردنی یەک کەس بۆ دەسەڵاتداران بەس نییە کە باوەڕ بە پێشبینییەکەی دکتۆر ریۆ و دکتۆر کاستل بکەن. بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی مردوەەکان پێشبینی دکتۆرەکان دەسەلمێنێت و لە کاتێکدا ژمارەی مردووەکان لە ڕۆژدا دەگاتە سی کەس، هێشتا بەرپرسانی شار لە تەدبیر و چارەسەرییەکی شیاو بەکاوەخۆن. لە بەشی دووهەمی ڕۆمانەکەدا ئیتر تاعون هەموو شاری داگرتووە و پێوەندیی شار بە جیهانی دەرەوەوە نەماوە. ئێستا ئیتر کاتی دەرخستنی هەڵسوکەوتی کاراکتێرەکان لە بەرامبەر ئەو پەتایەدا خۆی دەردەخات. لێردا مرۆڤەکان ڕووبەڕووی ئەزموونێکی گەورە دەبنەوە و دونیای ڕۆمانەکە لە دونیای دەروونی کەسایەتییەکان گرێ دەدرێت. ڕەیمۆن ڕامبێری ڕۆژنامەنووس خەریکی پلانداڕشتنە بۆ هەڵاتن لە شار و چوونە پاریس بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکەی. قەشە پانێلۆ خەریکی پاساوی مەرگە وەک کاری خودا دژ بە گوناهی بەندەکانی. کۆتاری جینایەتکار خەریکی قاچاقچێتی و دەوڵەمەندبوونە. دکتۆر ڕیۆ، ژان تاروی واکسەنچی و ژۆزێف گراندی کارمەند لە ماڵ و لە خستەخانە خەریکی عیلاجی نەخۆشەکانن. ڕامبێر لە پلانی هەڵاتن پەژیوان دەبێتەوە و دەچێتە ناو گروپی دکتۆر ڕیۆ.

 

دانیشتوانی شار لەهەمبەر تاعوندا واز لە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانیان دێنن و دەبن بە هاوکار و هاوخەمی یەکتر. کاتێک تاعون تەواو دەبێت مرۆڤەکان دەگەڕینەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان و دیسانەوە گیرۆدەی ژیانی تاکەکەسی و بەرژەوەندییەکانی تایبەتی خۆیان دەبنەوە. ڕامبێر لەگەڵ ژنەکەی یەک دەگرێتەوە. كۆتار کە لە فەزای پڕ فەوزای تاعوندا نەبێت کاسبێکی بۆ ناکرێت، لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت. تارو بەر لە کۆتایهاتنی پەتایەکە دەمرێت. دکتۆر ڕیۆ ئاگادار دەکرێت کە ژنەکەی هەرچەند لە دەرەوەی ئۆراندا بووە، مردووە. کۆتایی ڕۆمان کاتێکە کە دکتۆر ڕیۆ دەڕوانێتە ڕێوڕەسمی شادمانی خەڵک بەبۆنەی تەواوبوونی تاعون و تەقەی خۆشی. دکتۆر ڕیۆ بیر دەکاتەوە کە تاعون نەمردووە، بەڵکو تەنیا کۆنترۆل کراوە.

 

شێوازی سادەی ڕۆمانەکە هەر وەک ڕۆمانی بێگانە سەرنجی خوێنەرەوە ڕا دەکێشێت. ڕستەی کورت و ساکار بە هەموو ئاهەنگ و تۆنی شیاو بە خاوەنی هەر دەنگێکەوە کردەی خوێندنەوەی دەقێکی ترسێنەر بۆ خوێنەرەوە ئاسان دەکاتەوە. وەک بەرهەمێکی ئەدەبی جێپێی نێواندەقێتی بە ئاشکرایی دیارە. کۆتار ئاماژە بە دادگایی کافکا دەکات و لە ڕاستیشدا شێوازی تاعون زۆر وە شێوازی دادگایی دەچێت. ئاماژە بە عەرەبێکی جەزایری کە لە قەراغ ئاوێکدا لە ڕۆمانی بێگانەدا دەکوژرێت، نەک هەر نێواندەقێتییەکی سەرنجڕاکێش، بەڵکو یارمەتیدەریش بۆ ناسینەوەی دونیای ئەدەبی، وەبیر خوێنەرەوە دێنێتەوە. لەم جیهانە خیاڵییەدا مرۆڤ وەک خوێنەرەوە هەست بە دۆزینەوەی خۆی دەکات کە هاوتەریب لەگەڵ گەڕان و گۆڕانی کاراکتێرەکانی ڕۆمانەکە لە خۆی دەڕوانێت و تێکەڵاوێک لە هەستی بێزاری و هێندێکجاریش ئاشتبوونە لەگەڵ خۆی ختۆکەی دەدات. دونیای تاعون ترس و مەرگ بە داڵانەکانی زەینی خوێنەرەوەدا بڵاو دەکاتەوە. لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی کاراکتێرەکاندا و بەتایبەتی لە دیالۆگە کورت بەڵام بەهێزەکانی ئەواندا خوێنەرەوە هەست دەکات تا تاریکترین کۆڵانەکانی دەروونی کاراکتێرەکان دەڕوات، هەستیان پێدەکات و دەیانناسێت و لەگەڵ دونیای مێلانکۆلیی ئەواندا تێکەڵاو دەبێت.

 

 

 

کوێری

 

بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانی ئینگلیزیی ڕۆمانی کوێری لە ساڵی ١٩٩٧ لە نووسینی وەرگری خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل لە ساڵی ١٩٩٨، خۆزێ ساراماگۆ، باسێکی کۆنی ئەدەبی لەمەڕ هەڵوێستی خوێنەرەوە بەرامبەر بە دەقێک کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی میکانیکی بە واقیعی بەرچاوەوە نییە، دووبارە ژیاندەوە. ڕۆمانێک کە باسی کوێربوونی هەموو دانیشتوانی شارێک دەکات لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کوێریی سپیدا، دەبێ چ شیوازێک و ژیربێژییەکی گێڕانەوەیی دەکار بێنێت کە ببێتە جێگای باوەڕی خوێنەرەوە و دواتر تەنانەت لە ساڵی ٢٠٠٨دا ببێت بە هەوێنی فیلمێکی سینەمایی سەرکەوتووش لە دەرهێنانی فێرناندۆ میرێلێس؟ ڕۆمانێک کە تەنانەت یەک کەس لە کاراکتێرەکانی خاوەنی ناو نین و هەر کەسەی بە گوێرەی تایبەتمەندییەکی پیشەیی یاخود جلوبەرگەوە دەستنیشان و ناودێر دەکرێت، چۆن دەتوانێت لە دونیای ئەمڕۆدا سەرکەوتووییەکی ئاوا بەرچاو وەدەست بێنێت؟ دکتۆر، ژنی دکتۆر، ژنی چاویلکەڕەش، پیاوی یەکچاو، سەگی فرمێسک، مناڵێکی خێل، یەکەم نابینا یاخود پیاوی ژاپۆنی، هەموو ئەو نیشانانەن کە کاراکتێرەکانی ڕۆمانەکەی پێ بانگ دەکرێن و دەناسرێنەوە. وێدەچێت ساراماگۆ باوەڕی وا بووبێت کەسێک کە دونیا نابینێت ناتوانێ ناویشی هەبێت. بەڵام کاتێک ئەم دیاردەیە لە ڕۆمانی بینینیشدا (Seeing) دووپات دەبێتەوە، هەست دەکەی نووسەر لە خەمڵاندنی کەسیاتییەکانیدا هێندە توانایە نایەوێت ناوێک هەڵگری تایبەتمەندییەکانی کاراکتێرەکانی بێت و کردەوە و بیری بە زمانداهاتووی ئەوان باشتر دەتوانێت هەبوونیان بگوێزێتەوە ناو هەناوی خوێنەرەوە. خوێنەرەوە هەست دەکات کاراکتێرەکان لە ڕێگەی شێوەی ئاخافتن و هەڵسوکەوتەکانیانەوە دەناسێتەوە و پێویستی بەوە نییە کەسێک پێی بڵێت کە قسە دەکات و ڕووی قسەی لە کێیە. ئەگەر لە ناوەرۆکی بەرزی ئەم ڕۆمانە کە بریتییە لە تاقیکردنەوەی مرۆڤ لە کاتی لادانی دەمامکەکاندا بگوزەرێین، ئەوە تەنیا تێکنیکی گێڕانەوەیە کە خوێنەرەوە پێبەپێی ڕووداوەکان، بە تامەزرۆییەوە پەلکێشی خۆی دەکات. گێڕانەوەیەک کە هەر لە سەرەتاکانەوە خوێنەرەوە دێنێتە سەر ئەم باوەڕە کە لەگەڵ دەقێکی نامۆی شازی بەربەرەکانیخوڵقێنەر ڕووبەڕووە. زمانێکی سادە بەڵام پڕ لە ئاماژە و مانا لە نۆڕمی باوی نووسین دەترازێت و خاڵبەندیی ئاسایی جێگای خۆی دەدات بە چەندین لاپەڕەی بێ خاڵی کۆتایی ڕستە. ئەمە دیاردەیەکە کە لە بینیندا چڕتر دەبێتەوە. لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا بیرم دەکردەوە کە دەبێ وەرگێڕانی دەقێکی لەم چەشنە بە زمانگەلی وەک عەرەبی، فارسی و کوردی کە جیاوازیی نێوان ڕستەکان تەنیا بە خاڵی کۆتایی دەستنیشان دەکرێت، چۆن بتوانێت دەروەستی گواستنەوەی مانا و فۆڕم بێت و لە هەمان کاتدا ئەمانەتداریی بە دەقی سەرەکییەوە بپارێزێت.

 

لە وڵاتی نابینایاندا چۆن دەکرێت گێڕانەویەک بخوڵقێت کە تۆ نەک هەر دەنگ دەبیسی بەڵکو دیمەنیش دەبینی. کارتێکەریی مۆسیقا لەسەر ئەو کەسانەی هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە تووشی نابینایی بوونە، بێئەوەی گێڕەرەوە لەسەر ڕۆلی مۆسیقا لە ژیانی مرۆڤەکاندا درێژدادڕی بکات، هیندە بەرچاوە کە خوێنەرەوە بە هەموو وجودییەوە هەستی پێدەکات. ساراماگۆ بە شێوەیەکی باڵکێش کەسێک لەو شارە لە کەوتنە ژێر کارتێکەریی نەخۆشییەکە ڕزگار دەکات و ئەویش ژنی دکتۆرە کە بە ڕوواڵەت خۆ لە نابینایی دەدات، بەڵام بە کردەوە دەبێت بە ئاڵقەی پێوەندیی دونیای ڕۆمانەکە و چاوساخی خوێنەرەوە و گێڕەرەوەی بەسەرهاتەکان. خاڵی سەرەکیی تێکنیکی ئەم ڕۆمانە دەکارهێنانی ژنی دکتۆرە بۆ بینینی دونیای تاریکی ڕۆمانێک، تێکنیکێک کە سەرەڕای بەدووربوونی لە پێچەڵپێچی و جادوو، لەوپەڕی ساکارییەکی ئەدەبییانەدا پارێزەری پاراستنی لۆجیکی گێڕانەوە و خوڵقاندنی متمانە لای خوێنەرەوەیە.

 

ڕەنگە ئێپیگرامی کتێبەکە بە گواستنەوەی ڕستەیەک لە کتێبی ئێکسۆرتاسیۆن پەیامی سەرەکیی ڕۆمانەکە بە خۆیایی بگەیەنێت: “ئەگەر دەتوانی ببینی، بڕوانە. ئەگەر دەتوانی بڕوانی، ورد بەوە.” ئەم پەیامە لەگەڵ پەیامگەلی تری کتێبەکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگا لە بەردەم لێکدانەوەی بێ ئەژماری گێڕانەوەکە نابەستێت. دەکارهێنانی پەند و یاریی بەربڵاو لەگەڵ وشە و هێندێکجار ڕیزکردنی دەیان وشە بەدوای یەکتردا، بێئەوەی تووشی ماندوویی خوێندنەوەت بکات، دەقەکە دەکات بە نوێنەری بێئەملاوئەولای دەقێکی “نووسراوانە”، بە گوێرەی بارت، و دەروازەی شرۆڤە بەربڵاوەکان بە ڕووی زنجیرەی لە کۆتایینەهاتووی ماناکاندا دەکاتەوە. لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا خوێنەرەوە تووشی جۆرێک لە پێناسەکردنی خۆی و جێگۆڕکێی لەگەڵ فەزای گێڕانەوە دەبێت و بێئیرادە لەخۆی دەپرسێت، ڕاستی چی دەبێت ئەگەر هەموو مرۆڤەکان بیناییان لەدەست بدەن؟ نابینایی هەموو دانیشتوانی شاری پێکاوە، بەڵام زوڵمی مرۆڤ لە مرۆڤ، تەنانەت زوڵمی نابینا لە نابینا، وەک لایەنێکی دڕندانەی مرۆڤ، وەک هەمیشە لە کارکردی خۆی بەردەوامە. هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ یەکەم گروپگەلی نابینادا شتێک نییە جگە لە درێژبوونەوەی بۆرۆکراسی و وەبیرهێنەرەوەی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانە لەگەڵ خەڵکە تاعونلێدراوەکەی ئۆرانی کامو. ڕۆمانێک کە کات و شوێنی ڕووداوەکانی وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ژانرییانەی ڕۆمان، دیار نییە چۆن دەتوانێت ئاوا نوێنەرایەتیی سەردەمێک بکات کە ئاڵۆزی و پێچەڵپێچی بووەتە پێناسە سەرەکییەکەی؟

 

چەمکگەلی وەک سەرمایە، دەسەڵات، سێکس، بەبێ هیچ ئاماژەیەکی زەق وەک بەشگەلێک لە تێمی ڕۆمان بە درێژایی گێڕانەوەکە خۆیان دەردەخەن. کاتێک باندێکی نابیناکان لە خەستەخانە هەوڵی کۆکردنەوەی پارە و زێڕی نابیناکان دەدەن، هەست دەکەی سەرمایە بینا و نابینا، بینین و نەبینین ناناسێت و لە هەموو شوێنێک وەک ئامرازێکی دەسەڵات ختۆکەی زەینی مرۆڤەکان دەدات. کاتێک تەنیا دەمانچەیەکی ناو خەستەخانە لەلایەن یەکێک لە ئەندامەکانی باندەکەوە بۆ تۆقاندن کەڵکی لێوەردەگیرێت، ڕۆل و کارتێکەریی داپڵۆسین و کوشتن لە سەقامگیریی دەسەڵاتدا زیاتر ڕووی خۆی دەردەخات. کاتێک کە پارە و زێڕ و دارایی نابیناکان تەواو دەبێت، ئەمجارەیان کەڵکی سێکسیی ژنان و دەستدرێژیکردن بۆ سەر جەستەیان دەبێت بە نیشانەیەک لە کارکردی دەسەڵات.

 

کاتێک کاراکتێرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە لە خەستەخانەکە دێنە دەر و دەچنە ناو شار و خوێنەرەوە لە سیلەی چاوی ژنی دکتۆرەوە ڕووداوەکانی ناو شاریکی لێکهەڵوەشاوە دەبینێت، بە هاسانی بۆی ڕوون دەبێتەوە کە مرۆڤەکان بۆ ڕزگاریی خۆیان لە برسێتی ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێت گیانی هاوڕەگەزەکانیانە. شەڕی هەرمان بۆ زیندوومانەوە بە هەر بەهایەک، تەنانەت کوشتن و برسیهێشتنەوەی ئەوانی تر. ساراماگۆ بۆخۆی دەڵێت “ڕەنگە تەنیا لە دونیای نابیناکاندا شتەکان بەو جۆرەی کە لەڕاستیدا هەن خۆ دەربخەن.” ساراماگۆ پێیوایە ئەگەر دەسەڵاتی چاو واتا “پەنجەرەی ڕۆح؟” لە مرۆڤ بستێنییەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە شتێک نییە جگە لە کێبەرکێی کوشەندە و حەیوانانەی مرۆڤەکان بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە نەمان.

 

کوێری گێڕانەوەی کوێربوونی دانیشتوانی شارێکە. وەک هەر دەقێکی تری سەرکەوتوو دەکەوێتە بەر ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی خوێنەرەوە. ئایا ئەمە ئالیگۆرییە بۆ شتێکی تر؟ خوێنەرەوە هەست دەکات دۆزینەوەی مەدلولێک لە دەرەوەی گێڕانەوەکەدا زۆر گرنگ نییە. پرسی سەرەکیی خوێنەرەوە، دەکرێت بڵێین تەنانەت ترسی سەرەکیشی، ئەوەیە ئەگەر تراژێدیایەکی لەم چەشنە ڕوو بدات مرۆڤەکان چی دەکەن. لە هەلومەرجێکی ئاوادا خوێنەرەوە بۆخۆی چی دەکات؟ ئایا لە کاتی ڕووداوێکی لەم چەشنەدا پاراستنی نەزم یەکەم پێداویستیی مرۆڤەکان نابێت؟ ئایا ئەمە لێڤیاتانی توماس هابز ناخاتەوە یادی مرۆڤ؟ ژنی دکتۆر، واتا تەنیا چاوساغی ڕۆمانەکە، نوێنەرایەتیی چی دەکات؟ بینین؟ دەسەڵات؟ ڕۆشنبیری؟ جوانی؟ یارمەتی؟

 

ڕێبەرایەتی؟ ئەوانە هەموویان و زۆر شتی تر دەتوانن ئەو ڕۆڵانە بن کە ژنی دکتۆر دەیانگێڕێت، بەڵام گرنگتر لە هەموویان ڕۆلی ئەوە بۆ هەڵسووڕانی لۆجیکی گێڕانەوە و بۆ ئەوەی کە خوێنەرەوە بتوانێت بەردەوام بێت لە خوێندنەوە و هەست بە ڕاستبوونی گێڕانەوەکە بکات. بەو ئەنگێزەیە خوێنەرەوە دەکەوێتە شوێن هەڵسوکەوتی کاراکتێرەکان. دەروونناسیی کاراکتێرەکان دەبێت بە ئاوێنەیەک کە خوێنەرەوە خۆی تێدا ببینێتەوە و گێڕەرەوە لە مسۆگەرکردنی هەلومەرجێکی لەو چەشنە بۆ خوێنەرەوە تەواو سەرکەوتووە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو پەژارە و تراژێدیایە، هیوا بە تەواوی نەمردووە. کاتێک پیاوە ژاپۆنییەکە، یەکەم کەس کە تووشی نابینایی بوو و هەر زوو هەستی بە دڕەندەیی مرۆڤێکی تر کرد کە گۆیا یارمەتیی دەدا بیگەیەنێتەوە ماڵ، بەڵام سەیارەکەی لێ دەدزێت، چاک دەبێتەوە و ڕووناکی دەبینێتەوە، مۆسیقای شادی و هاواری ئەو و ڕووناکی، وەک قیژەی هیوا هەموو شتە ناخۆشەکان لەبیر دەبەنەوە. نابیناکان چاک دەبنەوە. هەر وەک چۆن کامو دوای بینینی ئاهەنگی خۆشیی ڕزگاربووانی لە تاعون دەچێتە ناو بیرکردنەوەیەکی قووڵەوە، یەک لە کاراکتێرەکانی کوێرییش دەڵێت، “من پێموانییە ئێمە کوێر بووین، پێموایە ئێمە کوێرین، بەڵام دەبینین. ئێمە خەڵکێکی کوێرین کە دەتوانین ببینین، بەڵام نابینین” (ل. ٢٩٢). ئەم دەرەنجامە ساکار و پوختە تەواو لەگەڵ ئێپیگرامی دەستپێکی کتێبەکە دێتەوە.

 

نادیار

 

سێزدەهەمین ڕۆمانی پۆل ئاستر، نادیار (Invisible)، ڕەنگە یەک لەسەرکەوتووترین ڕۆمانەکانی دەیەی ڕابردوو بێت بۆ دەرخستنی جوانیی تێکنیک و شێوازی ئافراندنی گێڕانەوەیەکی فرەدەنگ لە قەوارەی پێکهاتەیەکی جوان و سەرسوڕمێنەردا. ڕۆمانێک کە هەر لە ناوەکەیڕا خوێنەرەوە دەباتە جیهانی لێکگرێدانی دەقێکی ئەدەبیی نوێ بە سەرمایەی فەرهەنگیی ئەدەبی دەوڵەمەندی جیهانی. نێواندەقێتی لە ناوی کاراکتێرەکان، بۆ نموونە بۆرن وەک شاعیری کۆن و بۆرن وەک کاراکتێرێکی ئامادە لە ڕۆمانەکەدا، و ئاماژەی چڕوپڕ و چەندبارە بە شیعری کلاسیکی ڕۆژاوایی لە جێجێی ڕۆمانەکەدا خۆی دەردەخات. هەڵبەت ئەم نێواندەقێتییە بە تەواوی خراوەتە خزمەت گەشەی ڕەوتی ڕووداوەکان و زەمینە خۆشکەرە بۆ شۆڕبوونەوە بە نێو ناخی کەسایەتییەکاندا. نادیار وەک ناوی ڕۆمان بە تەنیایی زنجیرەیەک پێوەندیی نێواندەقییانە لەخۆدا حاشار دەدات. ئاماژە بە ئەدۆنێس وەک نازناوێک بۆ کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمان، ئادام واکێر، بە تەنیا بەسە بۆ دەرخستنی شارەزایی و توانایی نووسەر لە گرێدانی ڕووداوەکانی ژیانی کەسێکی سەردەمی شێستەکانی سەدەی بیستەم بە ئەفسانەکانی یونانی کۆنەوە. ناوی ڕاستەقینەی کاراکتێرەکەش هەر هەڵگری ناوەرۆک و تایبەتمەندیی ژیانی کەسێکە کە وەک یەکەم مرۆڤ واتا ئادام ڕووبەڕووی ئەرکی قورسی ژیان دەبێتەوە و پاشناوەکەشی، واکێر، گوزارە لە پیاسەی پڕدەرد و ئازاری مرۆڤ دەکات بە کۆڵانەکانی ژیاندا. ئەگەر ئەدۆنێس، بە هۆی پێوەندیی جینسی لەگەڵ مەحڕەم، بە تێپەڕکردنی نیوەی ساڵ لەژێر عەرد و نیوەکەی تریشی لەسەر عەرد سزا دراوە و نادیاری دەبێتە تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ئەو، ژیانی ئادام واکێریش بە شیوەیەک لەو سزایە دەچێت. ئەدۆنێس بەرهەمی پێوەندیی سیسینرا شای قیبریسە لەگەڵ کچی خۆی میترا. ئەدۆنیس ئەو خودایەیە کە نوێنەرایەتیی گۆڕینی وەرزەکان دەکات. ئەم فاکتا مێژوویی و ئەفسانەییانە لە نادیاردا تووشی نامواندن دێن و ئادام نە بەرهەمی پێوەندیی جینسیی دوو کەسی بە یەکتر مەحڕەم، بەڵکو بۆخۆی سووژەی پێوەندییەکی لەم چەشنەیە لەگەڵ گویینی خوشکی. ڕۆمانی ئادام کە وەک ڕۆمانێکی سەربەخۆ لە نادیاردا دەکرێت ببیندرێت بە لاساییکردنەوەی توانایی ئەدۆنیس بە سەر وەرزەکاندا دابەش دەکرێت و هاوین و پاییزی ڕۆمانەکە جێپێی ڕاستەوخۆ بەڵام پڕپێچی خوداوەندیی ئەدۆنیسیان پێوە دیارە. ئەگەر سزای ئەدۆنیس شیوەیەکی ئەفسانەیی هەیە، سزای ئادام تەنیاییەکی پڕئازاری دونیای مۆدێرنی تێدا بەرجەستەیە کە دواجار شێرپەنجەوار دەیتوڵێنێتەوە.

 

وێکچوویی نێوان ژیانی ئاستر، نووسەری ڕۆمان، و ئادام نووسەری ڕۆمانێکی ناو ئەم مێتاڕۆمانە، زۆر بەرچاوە. بەڵام ئاستی شارەزایی نووسەر بە تیۆریی ئەدەبی واها هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم وێکچووییە دەکات کە خوێنەرەوە دواجار نازانێت کێ کێیە و ئادام و جەیمز و ئاستر کامیان ڕاستن و کامیان دەستکردی نووسەرن. ئاستر بێ بەدەستەوەدانی خۆی و دەرخستنی هیچ خۆ هەڵکێشانێک، زاڵبوونی قاڵبۆوەی خۆی بەسەر نووسین و جیاوازیی ژاک دێریدادا نیشان دەدات و ئەمەش تەنێ بە بەرجەستەکردنی گەمە هەموولایەنەکانی زمانە کە خوێنەرەوە هەست دەکات نووسەر تەواو ئاگاداری تیۆریی هەڵوەشانەوە و پێکهاتەشکێنیی دێریدایە. ئەگەر بێتوو لە ئاکامی پرسیارکردنیشدا لێکۆلەرەوەیەک بۆی دەرکەوێت کە ئاستر دێریدا و پۆل دومان ناناسێت و ئاگاداری تیۆرییەکانیان نییە، ئەوە دەقی وەستایانەی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە دەبێت بە شاهیدێک بۆ نیشاندانی درووستی تیۆرییەکانی دێریدا و دومان لەمەڕ پێچ و پەنای زمان لە دەربڕین و نوێنەرایەتی کردن لە دالگەلێکی بێ مەدلوول.

 

پێوەندیی جینسی لەگەڵ مەحڕەم، وەک تێمای سەرەکیی ڕۆمانەکە یان باشترە بڵێێن یەک لە ڕۆمانەکان، نابێتە جێگای متمانەپێکردن و باوەڕپێهێنانی خوێنەرەوە، ئەگەر دەقی گێڕانەوەکە تەنیا مەکۆی تێخزینی گفتوگۆی سواو و وێکچوو بێت. ئاستر بە ئامادەکردنی پتر لە داستانێک و گێڕەرەوەیەک و بە تێکهەڵکێشانی پەنجەڕەنگینانەی مێتاداستانەکان و دەرفەتی ئاخافتندان بە چاک و خراپی داستانەکان وەستایانە دیاردەی فرەدەنگی دەئافرێنێت و خوێنەرەوە دێنێتە سەر ئەم باوەڕە کە بێت و نەبێت ئەم شتە ڕوویداوە. چاك و خراپ؟ لەم ڕۆمانەدا کێ چاکە؟ كێ خراپە؟ ڕەش و سپی؟ کێ ڕەشە؟ کێ سپییە؟ ڕاست و درۆ؟ کێ ڕاستە؟ کێ درۆیە؟ ئاستر کۆمەڵێک ڕەهەندی تر دەخاتە نێو هەموو ئەو دووانە دژبەرانە و بە کردەوە خوێنەرەوە لە تەسلیمبوون بە مێتافیزیکی دووانە دژبەرەکان ڕزگار دەکات و بەرچاویان بە سەدان ڕەنگی تۆخ و کاڵ دەخەمڵێنێ و “ڕاستی” دەکات بە گەوهەری شاراوەی قوڵایی زریاکان و دۆزینەوەی تەنێ بۆ مەلەوانە لێهاتووکان مسۆگەر دەکات. دەنگی شیاو و تایبەت بە هەر کاراکتێرێک توانایی بێوێنەی ئاستێر لە جیاکردنەوەی ئاخافتنەکاندا دەردەخات و خوێنەرەوە هەست دەکات تاکەکانی نێو ڕۆمانەکە بە دەنگ قسەی لەگەڵ دەکەن و هەموویان بەبێ تێهەڵقوڵانی وەسفییانەی گێڕەرەوە دەناسێتەوە. کاتێک نووسەر بتوانێ بە درێژایی کتێبێکی پڕ لە دیالۆگ بێئەوەی بە شێوەی باو ناوی کاراکتێرەکان بێنێت و بڵێ کێ چی دەڵێت و چی ناڵێت، بەڵکو تەنیا بەپێی تایبەتمەندیی کەسایەتییەکان هەلی لێکهەڵاواردنی دیالۆگەکان بۆ خوێنەرەوە بڕەخسێنێ، ئەودەم تۆ وەک ئەوەی لە دونیای واقیعدا بی، هەر کەسە و بە دەنگی خۆی دەناسییەوە و هەست دەکەی دەنگی کەسایەتییەکان دەبیسی و بەپێویستی نازانی پاش و پێشی ڕستەی کاراکتێرەکان بە ڕستەی زیاتری گێڕەرەوە قورس بکرێن و پێت بگوترێ کێ چ دەڵێت و کێ چ وەڵامێک دەداتەوە. ئاستی بەرزی باسەکان لەگەڵ پێگەی کۆمەڵایەتی و خوێندەواریی کاراکتێرەکان تەواو و یەکانگیرە و ئەوەی کە جەرگەی سەرەکیی کاراکتێرەکان خوێندکاری زانکۆ ناسراوەکانی فەڕانسە و ئامریکان و هەموویان دەستیان لە نووسین و لێکۆڵینەوەدا هەیە دەبێتە هۆی ڕەسەنایەتی و سرووشتیبوونی باسەکان.

 

لەڕاستیدا نادیار نە بەرهەمی گێڕانەوەی گێڕەرەوەیەکی باوەڕپێنەکراوی هەمووشتزان، بەڵکو ئەنجامی تێکهەڵکێشانی گێڕانەوەی لانی کەم پێنج کاراکتێرە کە هەر یەکە و بە شێوەیەک تیشک دەخەنە سەر لایەنە شاراوەکانی گێڕانەوەکە. گێڕانەوەی ڕووداوگەلی شێستەکانی سەدەی بیستەم لە ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بگرە هەتا بەسەرهاتی تاکەکەسی و خێزانییەوە، گەمەی بیرەوەری و مەوداگرتن لە ساتەوەختی ڕوودانی شتەکان پڕ دەکات لە ڕەمز و ڕاز و پێچەڵپێچیی سەرنجڕاکێش. پێکهاتەی خۆشفۆڕم و جواندارێژڕاوی ڕۆمانەکە چیرۆکی کۆنی جیاوازیی فۆڕم و ناوەرۆک بەرپەرچ دەداتەوە و یەکبوونی ئەم دوو لایەنە وەک دوو ڕووی دراوێک زیاتر لە هەر دەقێک بەرجەستە دەکات. گەمەی پڕ لە جوانکاریی گۆڕینی گۆشەنیگاکان لەنێوان یەکەم کەس، دووهەم کەس و سێهەم کەسەدا ڕیتمی مۆسیقایەکی پڕ لە هارمۆنی و سەمایەکی پڕ لە لەنجەولاری ڕێکوپێک دەخاتە بەر چاوی خوێنەرەوەوە. بەشداریی کاراکتێرەکان لە گێڕانەوەکاندا بە هەر دوو شێوەی زارەکی و نووسین، هەمدیسان هەڵوەشاندنەوەی دێرایداییانە لە مێتافیزیکی دووانەی ئاخافتن/نووسین وەبیر دەخاتەوە. ئاستر لە نادیاردا تەنێ کۆمەڵێک بەسەرهاتمان بۆ ناگێڕێتەوە، بەڵکو بە کردەوە دەبێت بە مامۆستای نووسینی ڕۆمان و بە تێکهەڵکێشکردنی واقیع و خەیاڵ پەردە لەسەر ڕازی نووسین لادەدات. خوێنەرەوە هەست دەکات لە نادیاردا تیۆری نووسین و تۆوەکانی واقیع لەم ژانرەدا بە هۆی ئامۆژگارییەکانی جیم/ئاستر بۆ ئادامی هاوڕێی و سیسێل دەربازی مەیدانی ئەزموون دەبن. هێندێکجار هەست دەکەی ئەوە شێکسپیرە لە هاملێتدا و لە ڕێگای هاملێتەوە وانەی شانۆ دەڵێتەوە.

 

 

 

ئەنجام

خوێنەرەوەی ڕۆمان هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنەوەی ڕۆمانێکدا هەست بە بەستنی پەیمانێک لەنێوان خۆی و گێڕەرەوە/دەقدا دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەوەی دەیخوەێتەوە شیاوی باوەڕپێکردنە. خوێنەرەوە دوای خوێندنەوەی دەقێکی ڕۆمانی بڕیاری سەرکەوتوویی یاخود ناسەرکەوتوویی نووسەر لە گێڕانەوەکەیدا دەدات. سەرکەوتوویی گێڕانەوەیەک لە ئاست دەستەبەرکردنی متمانەی خوێنەرەوە بە ڕووداو و کەسایەتییەکانی گێڕانەوەکە بە پلەی یەکەم گرێدراوی تێکنیک و شێوازی لۆجیکییانەی گێڕانەوەیە. ئەگەر نووسەر/گێڕەرەوە فەزایەکی داستانی و گێڕانەوەیی ئەوتۆ بخوڵقێنێت کە خوێنەرەوە بتوانێت بەبێ پێویستیی ڕاستەوخۆ بە گەڕان بە شوێن مەدلولێک لە دەرەوەی گێڕانەوەکەدا، هەست بکات لەگەڵ دەقێکی هارمۆنیک ڕووبەڕووە، ئەوکات ئەو کۆنتراکتەی لە سەرەتای خوێندنەوەوە لەنێوان ئەو و نووسەردا بەسترابوو، بە سەرکەوتوویی واژۆ دەکرێت، پێچەوانەی ئەمەش دەبێتە هۆی دڵساردیی خوێنەرەوە لە بەستنی کۆنتراکتێک کە کەڵکێکی ئەوتۆی لێ وەرنەگرتووە. ئەگەر ڕۆمان خوڵقاندنی دونیایەکە بە سەدان ڕایەڵی دیار و نادیارەوە بە ئەو دونیایەی لە دەرەوەی زەینی ئێمەدا بوونی هەیە بەستراوەتەوە، دوا بەڵگەی سەرکەوتوویی گێڕانەوە نەک لە دەرەوەی ڕۆمانەکە، بەڵکو لە هەناوی خودی گێڕانەوەکەدا شاردراوەتەوە. بەدەر لە چیبوونی تێمی ڕۆمان، ئەوە شێوازی گێڕانەوەیە کە بە لۆجیکی تایبەتی خۆی و بەپێی تێکنیکی دەکارهاتوو بۆ گێڕانەوە، دەبێتە هۆکاری دەستەبەرکردنی متمانە و باوەڕی خوێنەرەوە بەو شتەی دەیخوێنێتەوە. ڕۆمانگەلی سەرکەوتوو تەنیا بە قورسایی بابەت و ئاستی بەرزی فکرییان ناناسرێنەوە، بەڵکو ئەوەی شەرتی سەرکەوتووییان دابین دەکات پێکهاتەیەکی جوانداڕشتراو و تێکنیک و شێوازی گێڕانەوەیە کە بابەتێکی دیاری ئینسانی، سیاسی، هزری، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ..

 

لە قالبی دونیایەکی تازەی زەینیدا و لە شوێنکاتێکی دیاریکراودا دەئافرێنێت و ئاراستەی خوێنەرەوەی دەکات. ئەم دونیا تازەیە وەک هەر دونیایەکی تر دەبێ خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە بێت کە دواجار بە هەبوونی لۆجیکێکی گێڕانەوەیی، پێشفەڕزە زانستی و ئێپێستیمۆلۆجییەکانی خۆی دەخاتە بەردەستی خوێنەرەوە و دەیباتە سەفەری دونیایەکی تایبەت. لایەنی جوانیناسی، شێوازی و ناوەرۆکیی هەر گێڕانەوەیەک دەبێت لە خزمەت تایبەتمەندییەکانی دونیای ئافرێندراوی گێڕانەوەکەدا بێت، گێڕانەوەیەک کە پێداویستییەکی دیاریکراوی ئایدۆلۆژیک، سیاسی و کۆمەڵایەتی بە تۆپزی خۆی بەسەردا نەسەپێنێت و قسە و ئاخافتنی کاراکتێرەکانی لەگەڵ هەستیناسی و سەرمایەی فەرهەنگیی ئەوان یەکانگیر بێت، دونیایەک سەرەڕای ناوچەییبوونی، دواجار بتوانێت وەبیرهێنەرەوەی لایەنە گشتگر و یۆنیڤێرسالەکانی مرۆڤ بێت. ئەگەر دۆنکیشۆتی سێرڤانتێس دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوارسەد ساڵ هێشتا دەتوانێت لە دەرەوەی سنوورەکانی زمانی سپانی و جۆغرافیای سپانیا، سەرەڕای زۆر لایەنی ڕۆمانسیانە، متمانەی بێئەملاوئەولای خوێنەرەوەکان لە ئاستی جیهاندا وەدەست بێنێت، شتێک جگە لە پاراستنی ڕۆحی زەمەن و شوێن و تێکهەڵکێشانی دیاردەی لۆکال و ئونیڤێرسال لە قەوارەی گێڕانەوەیەکی خۆشفۆڕمدا، نەبووەتە هۆکاری ئەم سەرکەوتنە.

 

 

پەراوێز و ژێدەر:

بۆ پێناسەیەکی کلاسیکی ڕۆمان و بەتایبەت جیاوازی ڕۆمان لەگەڵ ژانرەکانی تری گێڕانەوەیی بەر لە سەرهەڵدانی ڕۆمان بڕوانە:

 

Wellek, Rene and Warren Austin, Theory of literature: A Seminal Study of the Nature and Function of Literature in all its Contexts, London: Penguin Books. 1956.

 

بۆ پێناسەیەکی کورت و لە هەمانکاتدا چڕ لەسەر چەمکی (verisimilitude) بڕوانە:

 

“verisimilitude” Encyclopædia Britannica. Encyclopædia Britannica Online. Encyclopædia Britannica, 2011. Web. 08 Jan. 2011. http://www.britannica.com/EBchecked/topic/626103/verisimilitude.

 

بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ڕەوتی ڕاستینوێنی لە ئەدەبدا و گۆڕانکارییەکانی ئەم بوارە بڕوانە:

 

Zavarzadeh, M., “The Semiotics of the Foreseen: Modes of Narrative in Contemporary Fiction”, Poetics Today. Vol. 6, No. 4 (1985), pp. 432–433.

 

بۆ پێناسەی ڕێئالیزمی جادوویی و ڕەوتی سەرهەڵدانی لە بواری هونەردا لە ئالمان و دواتر گواستنەوەی بۆ جیهانی ڕۆمان و گوزەری ئەم ژانرە لە بنەڕەتدا ڕۆژاواییە بۆ ئامریکای لاتین و دواتر بۆ هەموو کەلێن و قوژبنی ئەم دونیایە، بروانە:

 

Chanady, Amaryll Beatrice, Magical Realism and the Fantastic: Resolved Versus Unresolved Antinomy, New York: Garland, 1985.

 

Cowan, Bainard, ‘A Necessary Confusion: Magical Realism’, Magical Realism, 5. 2., 2002.

 

Camus, Albert, The Plague, London: Vintage, 1991.

 

ئاگاداری وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بەو زمانانە هەم و تەنانەت چاوم بە وەرگێڕانە کوردییەکەشی کەوتووە، بەڵام بەداخەوە لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا دەستم بەو وەرگێڕانە ڕانەگەیشت و ئێستا نازانم ئەم تایبەتمەندییە شێوازییە چۆن لە وەرگێرانی کوردییەکەدا پارێزراوە. لەبەر ئەوەی لە زمانە ئوروپاییەکاندا بە ئەلفوبێی لاتینی سەرەتای هەر ڕستەیەک بە پیتی گەورە دەست پێ دەکات دانەنانی خاڵی کۆتایی ڕستە هێندە گرفتخوڵقێن نییە، بەڵام نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە لە ئەلفوبێی ئارامیدا بێگومان گرفتی لەم چەشنە دێنێتە ئاراوە.

 

Saramago, Jose, Blindness, translated by Giovanni Pontiero, London: Havill Press, 1997.

 

Auster, Paul, Invisible, London: Faber and Faber, 2009

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه