بۆ ته‌كنیك.. بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌

لە خەندانەوە

عیزەدین

كونجێك

چه‌ند جار باسی‌ ئه‌وه‌مان كردووه‌ كه‌ هێڵه‌كانی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ په‌رش و بڵاو بۆته‌وه‌ و زۆر بووه‌ و هه‌روه‌ك كورد ده‌ڵـێ‌ (زۆر بووه‌ و بۆر) بووه‌، هه‌میشه‌ ئه‌وه‌شم وتووه‌ كه‌ ئه‌م (زۆری‌ و بۆر)ه‌ باشتر له‌چه‌پۆك و ڕێگه‌ نه‌دان. جا زۆر جار وتوشمانه‌ ئه‌م هه‌موو هه‌ڵه‌ی‌ زمان و ته‌كنیكه‌ له‌و زۆر بێ‌ و بۆرییه‌وه‌ هاتووه‌. ئه‌م هه‌موو ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆیانه‌ كادریان ده‌وێ‌، ئیشی‌ تێدا كه‌ریان ده‌وێ‌، كه‌ شاره‌زابن، به‌ڵام زۆرجار باسی‌ نه‌شاره‌زاكانیشمان كردووه‌.

باسه‌كان تائێستا له‌ڕووی‌ زمانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ وشه‌ی‌ دروستكرا و وه‌رگیراوه‌وه‌ بوو كه‌ زمانه‌كه‌مان تێك ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌م كونجه‌دا باسی‌ لایه‌نێكی‌ ته‌كنیكی‌ ده‌كه‌م كه‌ زۆر له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ ئێستامان شاره‌زای‌ نییه‌ (ڕۆژنامه‌ ـ به‌واتای‌ ئێستا ـ به‌ (نووسرا و و بیستراو و بینراو)یه‌وه‌ مه‌به‌سه‌ر.

زۆرجار نوێنه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆنێك دێته‌ لام یه‌ك پرسیاری‌ لایه‌ ده‌ڵـێ‌: باسی‌ فڵانمان بۆ بكه‌. كه‌ ده‌پرسم كاته‌كه‌ت چه‌ند، یا ده‌ته‌وێت چه‌ند قسه‌ بكه‌م. ده‌ڵێت: به‌ئاره‌زووی‌ خۆت. دیاره‌ وه‌ڵامی‌ من ئه‌وه‌یه‌. كه‌ وانییه‌. تۆ چه‌ندیان كات بۆ داناویت بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ و چه‌ند كه‌س قسه‌ت بۆ ئه‌كه‌ن/ ئه‌وكاته‌ (شوێن) و (كات)ی‌ خۆم ده‌زانم، به‌ڵام هه‌ندێكیش هه‌یه‌ شاره‌زا بوون و ده‌ڵێن له‌نێوان 5-10 خوله‌ك (ده‌قیقه‌) قسه‌ بكه‌. یا لایه‌نێكی‌ باسه‌كه‌ به‌من ده‌سپێرن. زۆرم ئه‌م فێربوونه‌ لا خۆشه‌.

بۆ نووسراویش ـ واته‌ بۆ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار هه‌ندێك هه‌یه‌ ده‌ڵێن: چه‌ند ده‌نووسی‌ بنووسه‌. من پێكه‌نیم دێ‌، چونكه‌ باس هه‌یه‌ ده‌توانم له‌ كورتی‌ بیبڕمه‌وه‌. خۆ كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كیشدا ده‌بینم وتارێك به‌چه‌ند ڕۆژ ته‌واو ده‌بێت و ده‌نوسن (1 – 1، یا 1- 2، بۆ 2 – 1، بۆ 2 – 2...هتد) به‌مه‌ په‌ست ده‌بم و تاقه‌تی‌ خوێندنه‌وه‌م نییه‌. وتاری‌ وا با له‌ڕۆژنامه‌دا نه‌بێ‌، بدرێ‌ به‌ گۆڤارێك.

شتێكی‌ تری‌ ته‌كنیكی‌: ئه‌وا ته‌له‌فزیۆنه‌ و باسێك خراوه‌ته‌ موناقه‌شه‌. له‌ملا و ئه‌و لاوه‌ به‌ته‌له‌فون پرسیار ده‌كرێ‌، یا یه‌كێك ده‌چێته‌ ناو به‌سه‌كه‌وه‌ (قسه‌كانی‌ گونجاو بێت یا نا). جارێ‌ تاوێكی‌ باش به‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات (كاك... سڵاوت لـێ‌ ده‌كه‌م، پیرۆزبایی‌ به‌رنامه‌كه‌ت لێده‌كه‌م، به‌خێرهاتنی‌ میوانه‌كانت ده‌كه‌م) ئه‌وسا ده‌كه‌وێته‌ قسه‌. جارێ‌ میوانه‌كان میوانی‌ ئه‌و نییه‌، میوانی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ و پێشكه‌شكه‌ری‌ به‌رنامه‌ن. كه‌ قسه‌ش ده‌كات هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌و پێشه‌كیه‌ی‌ پێیه‌ و زۆرجار پرسیاریشی‌ پێ‌ نییه‌. میوانی‌ به‌سه‌زمانیش، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێی‌ بڕاوه‌ به‌م جۆره‌ چوونه‌ ناو به‌رنامه‌وه‌. قسه‌ی‌ خۆی‌ ته‌واو نه‌كردووه‌ و پێشكه‌شكه‌ری‌ به‌رنامه‌ ده‌ڵێ‌: فڵان، چونكه‌ كاتمان زۆر نه‌ماوه‌ له‌ ده‌قیقه‌یه‌كدا، یا له‌دوو ده‌قیقه‌دا قسه‌كانت ته‌واو بكه‌. ئیتر میوانی‌ قسه‌كه‌ر (قڕ و قه‌پ) ده‌كات به‌رنامه‌ ته‌واو ده‌بێ‌.

بۆ نه‌هێشتنی‌ ئه‌مه‌ش پێشنیاز ده‌كه‌م:

1ـ ئه‌وانه‌ی‌ به‌رنامه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن یا موناقه‌شه‌ ده‌گێڕن له‌ كه‌ناڵه‌كاندا. چه‌ند جارێك پێش ده‌ستپێكردنی‌ به‌رنامه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ دێنه‌ ناوه‌وه‌ و (موداخه‌له‌) ده‌كه‌ن ڕایگه‌یه‌نێت كه‌ قسه‌كانیان یه‌كسه‌ر ده‌ستپێبكه‌ن.

2ـ ئه‌وانه‌ی‌ دێنه‌ كۆڕی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریه‌وه‌ لایه‌نێك خولی‌ چه‌ند كاتژمێریان بۆ ڕێكبخات.

3ـ به‌شه‌كانی‌ ڕِاگه‌یاندن له‌ كۆلێجه‌كان، ڕه‌نگه‌ ئه‌ركیان بێت. چه‌ند كاتژمێرێك بۆ كاری‌ ته‌كنیكی‌ ته‌رخان بكه‌ن. وابزانم ئه‌م تێبینیانه‌ بێسوود نین، ئه‌گه‌ر گوێم لێبگیرێ‌.

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه