ئه‌وینی قژزەردێك

لە هەولێرەوە

سەڵاح بایەزیدی:

(میلوس فورمان)، بە فیلمی "ئه‌وینی قژزەردێك"، لە فێستیڤاڵی فیلمی نیویۆرك لە ساڵی 1966ـدا بەشداری كرد و ده‌نگێکی ورووژێنەری نایه‌وه‌. هیچ فیلمێكی دیكە دوای فیلمی "فرانچویس تروفاوت" كە بەرهەمی حەوت ساڵ پێشتر بوو، بەو شێوەیە نوێبوونەوە و سەرسامبوونی جەماوەری بە دوای خۆیدا نەهێنابوو. (بووسلی كروتیر)، ڕەخنەگری لەمێژینەی ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، وەكوو فیلمێكی زۆر شاد و جێمتمانەی لە قەڵەم دەدات. فیلمێكه‌ جێگەی هیوایە، بەڵام لە هەمان كاتدا چەمكی ڕیالیستی پێوە دیارە و كەسایەتیی زۆر قسەخۆش و كارامەی تێدایە.

بە زۆری، كاتێك ئارشیڤی فیلمێك بە ئاسانی قبووڵ دەكرێت، ئەو مانایە دەگەیه‌نێت كە هەڵەیه‌كی زۆر ئاشكرای تێدایە، زۆر هەستیارە، یان هەوڵێكی زۆری داوە كە دڵی هەمووان ڕابگرێت، بەڵام هیچ كام لەوانەی باسمان كرد، "ئه‌ڤینی قژزەردێك" ناگرێتەوە. بە پێچەوانە، فیلمێكی سەرسووڕێنە كە چیرۆكێكی دەمەلاسكی و كۆمەڵایەتییە و لایەنی ڕۆمانتیكیی هەرزەكارانەیشی تێدایە و هاوكات هەردوو دیمەنی جیاوازی نائومێدبوون و هیوایەك كە پێشێل ناكرێت، بە شێوەیەكی هونەرمەندانە بەرجەستە ده‌کات. لە دوای چەند جارێك دیتنی فیلمەكە، لایەنی خه‌فه‌تباری و بەرچاوتاریكی و هەستكردن بە زۆرداری ده‌رده‌که‌وێت كە لە ژێر دیمەنەكانی ئەشقێكی هەرزەكارانەدا شاردراوەتەوە. هێشتا دیتنی چەندبارەی فیلمەكە، لە جوانی، دڵپاكی و ڕوانگەی جوامێرانەی (میلوس فورمان) كەم ناكاتەوە، بێگومان ئەوە یەكێك لە باشترین فیلمەكانی پێوه‌ست بە بابەتی ئەوینێكی فریوكارانەیە و جێگەی سەرسووڕمانیشە كە بە پێچەوانەی ڕواڵەتی فیلمەكە كە بێڕەحمی و فریودانە، لایەنی جیاوازی دیكەی لێ دەكەویتەوە.

چیرۆكی فیلمەكە لە شارێكی كۆماری چیك بە ناوی (زروك) ڕوو دەدات و (فورمان)، بە گرتنی چەند وێنەیكی خێرا وەكوو وێستگەی شەمەندەفەر، ڕیزەماڵێك و كارگەیه‌كی پێڵاو كە كرێكارەكانی كۆمەڵێك ژنی گەنجن و بە زۆری لە لایەن حكوومەتی كۆمۆنیستییه‌وە لەو شوێنە دوورەدەستە و ناخۆشە جێگیر كراون. ئەگەر كرێكاران لە حكوومەتێكی كۆمۆنیستی داوایەكیان لێ بكرێت، ئەگەرچی بە دڵیشان نەبێت، هەر دەبێت قبووڵی بكەن.

(فورمان) جەختیكی زۆر لەسەر لەكیسچوونی ئازادییەكانی تاك ناكات، بەڵام دیمەنەكانی بەندیخانەی كۆمەڵایەتی، خۆبەختكردنی تاكەكان بۆ پێویستییه‌كانی حكوومەتێكی شاراوە و گۆشەگیر بە شێوەیەكی سەرەكی لە هەموو بەشەكانی "ئه‌ڤینی قژزەردێك"ـدا بەرجەستە كراوە. ده‌ستپێكی فیلمەكە، بەڕێوه‌بەری كارگەكە داوا لە كاربەدەستانی سوپا دەكات كە فەوجێكی سەربازی لە (زروك) جێگیر بكه‌ن، ئەویش وەك وەڵامدانەویه‌كە بۆ ناهاوتایی لەنێوان كەمبوونی ڕەگەزی نێرینە و زۆرینەیه‌كی كرێكارانی مێینە. "ئەوان پێویستییان بە شتێك هەیە كە ئێمە لە كاتی گەنجیماندا پێویستمان پێ هەبوو"، ئەوە قسەی ئەو بەڕێوبەره‌یه‌ كە لای ئەفسەرێك ده‌یدرکێنێت که‌ ده‌رده‌دڵی خۆی له‌گه‌ڵدا ده‌کات. ئەوە ڕێك دوایین ڕۆژەكانی پێش شەڕی دوومی جیهانی و داگیركردنیان لە لایەن كۆمۆنیستەكانەوە بوو. ئەگەر كەسێك وه‌ڵامدانەوەی بۆ دیكتاتۆرییەت هەبێت، ئەوە "ئه‌ڤینی قژزەردێك"ـە كە بە سەر سێ دیمەندا دابەش كراوە و هەر كامیان دەكرێت وەك بەشێكی جیاواز لە كورتەچیرۆكێك دەستنیشان بكرێت. هەر كام لەو بەشانە، لە كاتێكی دیاریكراودا بە ڕێوە چووە و هەر كامێكیشیان یەك دیمەن لە فیلمەكە پێك دەهێنێت. لە بەشی یەكەمدا، یەكێك لە كرێكارەكانی كارگەكە، (ئەندولا)، كچێكی قژزەرد، دەم و لێوێكی جوان و دوو چاوی ئاواتەخواز كە دوو هاوڕێی هانی دەده‌ن بەشداری لە یەكەم میوانیی هاوبەشی ژنانی كارگەكە و ئەو پیاوانەدا بکات که‌ تازە لە بنكەی سەربازییه‌کدا نیشتەجێ بوونە. لە جیاتی سەربازی گەنج و جوانچاك، كچەكان بە هەناسەساردی ڕووبەڕووی ژوورێكی پڕ لە پیاوی كورته‌بنه‌ و ورگن و بەته‌مەن ده‌بنه‌وه‌ كە بەشێكن لە سەربازانی هێزی تەنگانە. لە بەشی دووەمدا، (ئاندولا) لەگەڵ كوڕێكی گەنجی خەڵكی (پراگ) بە ناوی (میلدا) كە لە ئاهەنگەكەدا پیانو لێ دەدات، ئاشنا دەبێت و دوایی لەگەڵ كوڕەكە بۆ هۆتێلەكەی دەچێت. لە بەشی كۆتاییدا، (ئاندولا) بۆ گەڕان بە دوای خۆشەویستەكەیدا، دەچێتە پایتەخت و لەوێ ماڵی دایك و باوكی كوڕەكە دەدوزێتەوە كە ڕێگەی پێ دەدرێت بچێتە ژوورەوە و چاوەڕێی گەڕانەوەی (میلدا) بكات.

لە درێژەی ئەو سێ دیمەنەدا، چوارچێوەی فیلمەكە لە چیرۆكێكی لاقرتی و داشۆرینی كۆمەڵایەتییەوە ئاڵوگۆڕێکی ته‌واوی بەسەردا دێت و دەبێتە دیمەنی تێكەڵبوون و نزیكیی دوو كەس (دیمەنی ژوورێكی نووستنی تاكەكەسی و جێگەی نووستنی تاكەكەسی) و دواتر دەبێتە درامایەكی ماڵەكی (دیمەنێكی ناڕەحەت لە شوێنێكی گشتی و خۆیی لە ئەپارتمانێكی خێزانیدا). ئەو ئاڵوگۆڕە لە دیمەنەكان بەو شێوەیەیه‌: یەكەم دیمەن لەسەر گەنجبوون و بێسنووریی ئارەزووەكان، بەشی دووەم لەسەر تەمەنی هەرزەكاری و بەئاواتگەییشتن، بەشی سێیەم لەسەر پێگەییشتن و نائومێدبوون. بۆ (فورمان)، دایك و باوكی (میلدا) لە دایكێكی هەستیار لەسەر كوڕەكەی و باوكێكی كەمتەرخەم كە بەردەوام بیری لای تەلەڤزێونە، هیمایه‌كە بۆ ئەو گەنجە ئەویندارانەی داهاتوو كە ئه‌ڤینی ئایدالیستیی گەنج ڕێگە خۆشكەرە بۆ دوورەپەرێزی لە تەمەنێكی نێوان گەنجی و پیریدا.

(فورمان)، لەگەڵ كەسایەتیی ئەكتەرەكانیدا كاتێكی خۆش دەباتە سەر، لاوازییەكانیان و ڕەوشتی باش یان هەڵەكانیان لە لای ئەو، زۆر بە ئاسایی وەردەگیرێت. كامێرای فیلمەكە لە دەست كەسێكی بەتوانای وەك (میروسلاو ئوندریك)ـە كە بە كارامەییه‌كی بێوێنە، ئەو دوو گەنجە ئەویندارە لە ئاسوودەیی و تێكەڵیی هەوه‌سبازانە ڕادەگرێت، بە تایبەت كامێراكەی دەخاتە سەر ڕەنگی زەرد و چاوە خەمبارەكانی (ئاندولا). لە به‌راوردكردنی جیاوازییەكاندا، هەر سێ دیمەن بە شێوەیەكی هونەرییانه‌ كاریان بۆ كراوە. ئەگەر یاسایه‌ك بۆ هاوسۆزی و بەزەیی لەو جیهانەدا بوونی هه‌بێت، بێگومان دەبێت هیی دڵڕەقی و ستەمكارییش هەبێت.

"ئه‌ڤینی قژزەردێك"، لەسەر لێواری هێڵی ناسكی نێوان ئاواتەكان و نائومیدی ساز كراوە، وەك هاوسۆزییەك بۆ ئارەزووەكانی قارەمانی چیرۆكەكە، گەرچی زۆر ئەستمە پێیان بگات. لە پڕۆژەكانی داهاتوویدا، (فورمان) بە ئەزمونێكی زۆرتره‌وه‌ ئەو كێشانە دەخاتە ژێر لێكوڵینەوە. لە فیلمی "ئامادوس"ـدا، كێشەكە لەنێوان (موزارتی) گەنج و (سالیری)ـی بەتەمەندایه‌، یان لە "ڤالمونت"ـدا له‌نێوان پیاوێكی دڕندە و چه‌ند قوربانییه‌کی كچه‌که‌یدایە. ئەوینی ئەو قژزەردە، وەكوو ئەوینی هەموومان وایە، ئه‌گه‌رچی گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ڕێی تێ ناچێت سەر بگرێت.

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه