مانایه‌کی تر ببه‌خشه‌ به‌ شه‌ره‌ف ، ئه‌ی به‌فر... قوبادی جه‌لیزاده‌

 

 

رووت رووت

سپی سپی

ساده‌ ساده‌

ده‌باریت .

 

نه‌مانتۆیه‌کی ره‌شت له‌به‌ردایه‌

نه‌ له‌چکێکی خۆله‌مێشی

نه‌ پشتێنێکی خۆکوژی !

 

رووت رووت

نه‌ستیان

نه‌ ده‌رپێ

نه‌ژێر کراس

نه‌ ده‌سکێش

نه‌ گۆره‌وی

نه‌ که‌وشی ئاوریشمین .

 

ساده‌ ساده‌ بباره‌

بێ بۆیه‌

بێ عه‌تر

بێ گواره‌

بێ ملوانکه‌

بێ خڵخاڵ

بێ لووته‌وانه‌

 

بێ ده‌مامک ،وه‌ک خه‌یاڵی من

وه‌ک شیعره‌کانی من ، رووت

( وه‌ک خه‌ونی منداڵیم ، سپی )

 

بباره‌

پشتی رووباره‌ چڵکنه‌کان بشۆ

قژی ئالۆسکاوی ، کانی و کارێزه‌کان ، دا بهێنه‌

به‌ جۆگه‌له‌ چه‌ق به‌ستووه‌کان بڵێ ، سه‌فه‌ر بکه‌ن ،

سه‌فه‌ری موحیبه‌ت .

 

رووت رووت

به‌سه‌ر ئاته‌شگه‌کاندا

به‌سه‌ر سه‌لیبی کلێساکاندا

به‌سه‌ر مناره‌ی مزگه‌وته‌کاندا .

رووت تر ، له‌ ئاوی زه‌مزه‌م .

سپی تر ، له‌ مێزه‌ری مه‌لاکان ،

بباره‌ .

 

فێرمان که‌ ، رووتیمان خۆش بوێ

ساده‌ییمان خۆش بوێ

پاکیزه‌ییمان ، خۆش بوێ

 

وه‌ک خۆت سپیمان که‌ره‌وه‌

رووتمان که‌ره‌وه‌ وه‌ک خۆت

وه‌ک خۆت ، پاکمان که‌ره‌وه‌ له‌ ژه‌نگ .

 

رووت رووت بباره‌

ساده‌ ساده‌

سپی سپی

بباره‌و

مانایه‌کی تر ببه‌خشه‌ به‌شه‌ره‌ف ،

ئه‌ی به‌فر .

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه