گه‌ڵای وه‌ریو... كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

1

گه‌ڵا گه‌ڵا هه‌ڵده‌وه‌رم

ده‌پرژێمه‌ سه‌ر مۆمی ته‌مه‌نی تۆ و

به‌ده‌م وه‌رینی گه‌ڵایه‌كه‌وه‌

باخچه‌یه‌ك له‌شعر

ده‌كه‌مه‌ پێناسه‌و ئاوێزانی خۆشه‌ویستی.

2

له‌نێو ره‌نگی گه‌ڵاكاندا

وه‌رزێك له‌ته‌مه‌م ده‌چنمه‌وه‌ و

ده‌بمه‌ ره‌نگێكی ژاكاو

به‌وێنه‌ی دره‌ختێكی ووشك بوو

گوڵ و گه‌ڵاكانی جوانی له‌شم

سێبه‌رێكی تێدانیه‌ بۆ پشوو.

3

من گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریووم خۆش ده‌وێت

به‌وێنه‌ی جریوه‌ی چۆله‌كه‌ی به‌یانیان و

كڕیوه‌ی به‌فری زستان.

4

من وه‌رزی وه‌رینی

گه‌ڵاكانم بینیووه‌

چۆن ده‌بێته‌ په‌ڕه‌ی گوڵێكی هه‌ڵوه‌ریوو

چۆن ده‌بێته‌ هه‌نسك و فرمێسكی

لێوی كیژۆڵه‌یه‌كی

له‌خه‌م داباریوو.

5

گه‌ڵا له‌عه‌شقی ئێمه‌ تێناگا

ئه‌وه‌ ته‌نها ده‌زانێ

بوه‌رێ به‌سه‌رسه‌رمانا

ئه‌و له‌ رژانی فرمێسكی خۆشه‌ویستی و

گومانی باڵنده‌یه‌ك تێناگا.

6

وه‌رزی وه‌رینی گه‌ڵاكان

دڵیان پڕبووه‌ له‌خه‌م و

چاویان پڕ بووه‌ له‌فرمێسك

له‌نێو ره‌نگی گه‌ڵاكاندا

شوێنێك نیه‌ بۆ په‌رستن

په‌رستگایه‌ك نیه‌

بۆ پاڕانه‌وه‌

پارانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی، ده‌یانه‌وێت به‌یه‌ك بگه‌ن.

7

من ده‌مه‌وێت له‌ وه‌رزی وه‌رینی گه‌ڵادا

به‌سه‌ر لاشه‌ی ناسكی كیژۆڵه‌یه‌ك

خه‌م نه‌بارێت

په‌یتا په‌یتا.

8

من ده‌مه‌وێت

رزگارم بێت له‌ره‌نگی وه‌رینی گه‌ڵا و

ره‌نگی ئێوه ‌و

ئاوازو نه‌غمه‌ی بولبولێك.

9

من ده‌مه‌وێت ببمه‌ به‌فراوی

سه‌ر رومه‌تی كیژۆڵه‌یه‌كی ناسك و جوان

سه‌ر رومه‌تی شۆره‌ كچێك

شادی به‌جه‌سته‌ی بدات و

هه‌ناسه‌ی نه‌سپێرێته‌

گه‌ڵای وه‌ریو.

10

ئه‌م زه‌مه‌نه‌ چواری وه‌رزی ساڵ

به‌هار ره‌نگی زه‌ردی ده‌وێ

ته‌مه‌ن بۆته‌ دۆزه‌خێك و

ژیان بۆته‌ روخساری گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریوو

نه‌ره‌نگ جوانی خۆی ده‌بینێ

نه‌ خه‌م به‌رۆكمان به‌رده‌دا.

 

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه