هه‌ناسه‌ تاساوه‌کانى ئه‌شکه‌وت... فاتیح سەلام

دواى پرۆسه‌ى جێبه‌جێکردنى هه‌ر هه‌شت قۆناغه‌که‌ى ئه‌نفال وماننه‌وه‌ى خاکێکێى چۆڵ و کاول ونغرۆى بێ نه‌ته‌وه‌ کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه‌ى خۆنه‌ویستى (ئه‌و حه‌له‌ ) بریاریاندا به‌ ماننه‌وه‌یان له‌ ئه‌شکه‌وت و که‌ڵۆز و کونه‌ تاوێر و هه‌ندێ حه‌شارگه‌ى هه‌رده‌ و ده‌شته‌کانى گه‌رمیاندا بمێننه‌وه‌ و درێژه‌ به‌ خه‌باتى پارتیزانى خۆیان بده‌ن .گرووپێک له‌و که‌ڵه‌ پیاوانه‌ ( مه‌لا ئه‌حمه‌دى گه‌رمیان و هاورێکانى ) بوون که‌ به‌ داخه‌وه‌ رۆژى ١٩-٣-١٩٨٩ ( ساڵێک دواى ئه‌نفاله‌که‌ ) له‌ ئاکامى هه‌رۆژانى ئه‌شکه‌وته‌که‌ى دارى خله‌ به‌سه‌ریاندا هه‌ر حه‌وتیان شه‌هید بوون و تا دواى راپه‌رین له‌ ژێر ئه‌و شه‌شکه‌وته‌دا مانه‌وه‌ و دواتر به‌ یارمه‌تى ئه‌و خه‌ڵکه‌ و به‌ به‌کارهێنانى چه‌ندین شۆڤه‌ڵ ئامێرى قورس ته‌رمه‌کانیان ده‌رهێنرانه‌وه‌ .

 

ساڵێ پاش مێژووى ونبوونى ده‌ست و

په‌نجه‌ى نیشتمانم

پاش ته‌زینى هه‌ر چوار په‌لى سمکۆلاَنى ئه‌سپى شێم و

ره‌وکردنى گونده‌کانم

پاش خوێن به‌ربوونى جه‌سته‌م و

کوێر بوونى چاوى ته‌ناهى و کانیاو و..

خولانه‌وه‌ له‌ وه‌ڕه‌سى خۆم و خۆمدا و ..

له‌ گۆ که‌وتنى زمانم

به‌ هارێک پێش کووڕ بوونه‌وه‌ى تیشکى خۆر بۆ زێدى نغرۆم

پێش ئه‌وه‌ى خاک بانگى هه‌ڵدا و..

به‌رائه‌ت به‌رماڵى راخاو

دۆزه‌خم بۆ بێته‌ جۆش و..

نه‌ته‌وه‌یه‌ک بڵێت ده‌رۆم

رێبه‌ندانێ زه‌رد دواى ئه‌وه‌ى

زریان بردى سه‌رى کاسم

جوانییه‌کان بوون به‌ شه‌یتان و..

( عه‌رعه‌ر ) هۆره‌ى لێسه‌ندمه‌وه‌و

که‌ڵپه‌ى سه‌گ و لم و عه‌جاج

مێخه‌ک به‌نیان بڕیمه‌وه‌ و ..

گیربوون له‌ ئێسک و کراسم

****

پاش ئه‌وه‌ى له‌ وێرانه‌دا

ئه‌نفال له‌ ناو له‌پى خوێندا چراکانمى کوژانه‌وه‌

نامۆیى له‌ وێستگه‌ى ره‌شیا

وانه‌ى مه‌رگ و..

گوڵ وه‌رین و..

چیرۆکه‌کانى برسێتى و ..

نه‌عل به‌ خه‌یار زانینى

له‌ فه‌رهه‌نگما توانه‌وه‌

ئا.. براکه‌م

به‌ڵێ ئه‌وان

حه‌وت ئه‌ستێره‌

حه‌وت ئاگردانى پڕ پشکۆى

خومخانه‌یى کپى گه‌رمیان

که‌متر له‌ ساڵێ دواى وه‌رزى

بومه‌له‌رزه‌ و کرگان و کرێوه‌ و زریان

خه‌م ناخیانى داخ ده‌کر د و ..

له‌ ئه‌شکه‌وت و بن به‌ردانێ

به‌رده‌وام دووجار ده‌سووتان

جارێک له‌ نێو قورگى که‌ژ و....

دڕدان به‌ تاریکى شه‌وى سره‌وتى و پارتیزانیدا

جارێکیش بۆ هه‌ڵ لووشینى خه‌ڵک و خاکى ده‌سته‌پاچه‌

له‌ نێو نینۆکى خوێن به‌ستووى ترۆپکى نا ئینسانیدا

ئه‌وان حه‌وت سوارى مێژوو بوون

ترسیان کردبووه‌ پێلاو

مه‌رگ ناسنامه‌ و..

ئه‌شکه‌وت ماڵ و به‌رگ و کلاێو

به‌ره‌و مێرگى به‌ره‌نگارى و ئه‌فسوون ده‌چوون

گوىێ بۆ چرپه‌ و ..ده‌ست بۆ چه‌ک و .. خوێنیش له‌ ده‌ریا سووره‌که‌ى کوردستانا

قوڵپى ده‌داو ..تێکه‌ڵ ده‌بوون

*******

وه‌ک کۆڵه‌پشتى تۆزاوى

( دمدم ) یان له‌ کۆڵ به‌ستوو

( خانى له‌پ زێرین ) له‌ دوور ڕا

به‌رزه‌ نیگا تێیده‌روانین ..

ئه‌وانه‌ چین ..ئه‌وانه‌ کێن ..؟!.

وا هێنده‌ شپرزه‌ن و شه‌ویان کردۆته‌ ئاورزه‌نگى و..

خه‌رمانه‌یان له‌ پاشکۆى رمبازىێ ناوه‌ و بۆ ئێره‌ دێن

ووتیان میرم:-

ئه‌وانه‌ حه‌وت شۆره‌سوارى له‌ ئه‌شکه‌وتا داگیرساون

ملیان ناوه‌ به‌ رێگاوه‌ و میوانى تۆن وا به‌ تاون

ئاسمان ووتى:-

ئه‌وان له‌ دواى نمه‌ى باران

په‌ڵه‌ هه‌وره‌ کۆچه‌رییه‌که‌ى جارانن و..

ده‌چنه‌وه‌ رۆخى که‌نار و هه‌وارى سووتاوى باوان

ده‌نگێک ووتى :

رۆژمێرى به‌رباخه‌ڵى شه‌هیدێکیانم خوێنده‌وه‌

تیا نووسرابوو له‌ برسانا

له‌ چاوه‌روانى مردنا رۆحمان ده‌سپارد

ره‌نگه‌ تاس بتانباته‌وه‌

کاتێک ده‌ڵێم ..

بۆ چه‌ند رۆژىێ هیچمان نه‌بوو

ته‌نهاو ته‌نها گیامان ده‌خوارد

( با ) ده‌نگى بڵند کرده‌وه‌ :-

ئه‌مان له‌ خه‌وێکى قووڵدان

کاتىێ به‌ ئاگا دێنه‌وه‌

بوونه‌ به‌ حه‌وت بیرۆکه‌ى سه‌وز

له‌ نوکى قه‌ڵه‌مێکه‌وه‌ گوڵى ده‌میان ده‌کرێته‌وه‌ و سه‌ر ده‌ردێنن

مانیڤێستىێ ده‌نووسنه‌وه‌و

هه‌رۆژان و داڕمانىێ بۆ یه‌ک به‌یه‌ک شاخ و ئه‌شکه‌وتى کوردستان

ده‌گێرنه‌وه‌ و یه‌ک ده‌دوێنن

********

به‌ده‌م زامى کێم لێچۆرین و ژانه‌وه‌

( دارى خله‌ ) ش شریخاندى به‌ بنارا

-- ئه‌وا وه‌ک قوتکه‌و گرد ، شاخ ومله‌

به‌ گه‌وره‌یى له‌ دایکبوون

بۆیه‌ ئاواش به‌ مه‌زنى له‌ سه‌ر شانى مردن وه‌ستان

سه‌ربه‌رزم به‌و شانازییه‌ى

بۆ حه‌وت پێشمه‌گه‌ و شۆرشىێ

کرام به‌ ویرد و ناونیشان

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه