گه‌ریلا... قوبادی جه‌لیزاده‌

 

 

به‌قه‌ندیلێ سه‌رده‌که‌وم ،

له‌وێ ده‌بم به‌ پێشمه‌رگه‌ .

به‌رگی گه‌ریلا ده‌پۆشم ،

خوایه‌ چه‌ند جوانه‌ ئه‌و به‌رگه‌ .

 

به‌جێدێڵم شه‌قامی شار ،

به‌ر جامخانه‌ی زێڕینگه‌ران .

وه‌ک پڵینگی ئازاو چه‌له‌نگ ،

خۆ توند ده‌که‌م له‌ سه‌نگه‌ران .

 

ئاسمان به‌خۆما داده‌ده‌م ،

ناچمه‌ بن لێف و به‌تانی .

ئاوی یه‌خچاڵ ناخۆمه‌وه‌ ،

بین ده‌نێم به‌ جۆگه‌و کانی .

 

ئیدی ره‌نگ ناکه‌م نینۆکم ،

بۆن و عه‌تر ناده‌م له‌ خۆم .

له‌شه‌وی ئه‌نگوسته‌چاوا

هه‌ر ده‌ په‌نجه‌م ده‌که‌م به‌ مۆم .

 

کوانێ جوانی گوڵی نایلۆن ،

گوڵی کێوی ده‌که‌م چه‌پک .

وه‌ک که‌ڵه‌کیوی رێده‌که‌م ،

له‌م که‌پکه‌شاخ بۆ ئه‌و که‌پک .

 

قاچم ده‌که‌م به‌ ئه‌سپه‌شێ

ئه‌سپی عه‌گیدو (با ) شکێن .

پشت ده‌که‌مه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر ،

ناچمه‌وه‌ سه‌ر پشتی ماشێن .

 

فڕێ ده‌ده‌م پاژنه‌ بڵند ،

پێ ده‌خه‌مه‌ ئه‌دیداسێ .

سه‌ر له‌سه‌رین ده‌ترازێنم ،

ده‌با ئیدی به‌رد بناسێ .

 

جانیام پڕ ده‌که‌م له‌ فیشه‌ک

له‌جێی ماکیاج و ماسکاره‌ .

رووباری خوێنم ده‌به‌خشم ،

به‌ گوڵاڵه‌ی ئه‌م به‌هاره‌ .

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه