دڵم باڵنده‌یه‌کی سپی پۆشە... که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

گوڵی دڵم ده‌نکه‌ هه‌نارێکی سووره‌

بۆهه‌میشه‌ پێ ده‌که‌نێ

باڵنده‌یه‌کی سپی پۆشی به‌ربه‌یانه‌

شعر له‌باوه‌شیا هه‌ڵئه‌گرێ

گوڵی دڵم تریفه‌ی

بای بارانی به‌هاران و

قوڵپی خوێناوی هاوین و

پرچی شه‌وانی پایزو

کلوه‌به‌فری زستانێکه‌

چواروه‌رزی ساڵ خۆشه‌ویستی

تیا گه‌وره‌ ئه‌بێ

٢

ئاوێنه‌ی هه‌تاوی رووتم هێناو

وه‌کوو گۆزه‌یه‌کی ده‌ستی کیژۆڵه‌یه‌کی سه‌رکانی

له‌به‌رده‌میدا راوه‌ستام

ره‌نگ و روخساری خه‌یاڵی خۆمم

له‌ژووره‌که‌مدا نه‌دیبوو

کراسێکی باخچه‌ی دڵت پێدام

له‌به‌رم کرد

کراسی و گوڵ گوڵی جوانم

له‌ژیانمدا نه‌پۆشی بوو

کاتێکیش ماچێکت دامێ

بووم به‌تاسه‌و هه‌ناسه‌یه‌کی خه‌م ره‌وێن

هه‌رگیز شعرم نه‌نووسی بوو

٣

گه‌ر شعر حه‌رفی ووشه‌کانی

ماڵئاوایی لێ کردم و ،به‌جێی هێشتم

گه‌رستران باوه‌شی بۆنه‌کردمه‌وه‌

باڵنده‌ی ره‌زه‌کان هه‌ڵنه‌فڕین و

نۆته‌ی مۆسیقای مۆسیقارێک و

تابلۆ جوانه‌کانی ده‌ستی نیگارکێشێک

سه‌راسیمه‌ی نه‌کردم

ئه‌و رۆژه‌ دڵم ده‌بێته‌ وێرانه‌و

منیش ئه‌مرم

٤

پایزدێت و خه‌یاڵی وه‌رزی ته‌مه‌نی

گه‌لاَکانی ده‌نوسَته‌وه‌

دڵم ده‌بێته‌ هێلانه‌و

ئازارێک ده‌گێڕته‌وه‌

ئه‌وه‌ وه‌رزی نیشتمانه‌

بالاَی له‌هه‌مووان جوانتره‌

به‌رده‌وام نمه‌ی باران

سه‌روقژی ئه‌شواته‌وه‌

لقه‌کانی له‌ده‌ستی به‌فر ده‌چێ

ره‌نگی زه‌ردی له‌نێو دڵماندایه‌و

ته‌مه‌نی هه‌ڵوه‌رینی له‌من ده‌چێ

٥

له‌سوچێکی ئه‌م ته‌مه‌نه‌ ناکامه‌دا

هه‌ریه‌که‌مان جیاواز ده‌ژین

هه‌ندێ سه‌رکرده‌و،هه‌ندێ کۆیله‌ و

هه‌ندێ عاشق،هه‌ندێ ئازادیخواز

که‌مردیشین

دادپه‌روه‌رو یه‌کسانی خواز

٦

قه‌ڵه‌مه‌کانم چوون یه‌ک نین

هه‌ندێکیان بۆباخچه‌ی جوانی

هه‌ندێکیان بۆشه‌وچه‌ره‌ی شه‌وانی زستان

هه‌ندێکیشیان کورت ئه‌نوسن

بۆبیره‌وه‌ری و به‌جێماوو

شه‌قه‌ی باڵی چرکه‌ی نائومێدی و

هه‌ندێکیشیان هێنده‌ گه‌وره‌ن

به‌قه‌د گه‌وره‌یی سنگی ئاو

به‌قه‌د وه‌رزی پڕ ته‌موومژ

هه‌ناسه‌ی ده‌شت و رووباری خۆڕو

تاریکی هه‌تاو

٧

ئه‌وکاتانه‌ی شعرێکت بۆئه‌نووسم

هه‌ندێ جار شه‌و کۆتایی نایه‌و

هه‌ندێ جاریش رۆژی ته‌زیوو

که‌باس له‌عه‌شقت ده‌که‌م

تیشکی خۆر جێم ناهێڵێ

که‌باسی زیزبوونت ده‌که‌م

مانگه‌شه‌و ئه‌بێ به‌هاوده‌م و جێ ناهێڵێ

جێم ناهێڵێ

٨

وه‌ره‌ بۆلام

هه‌میشه‌ به‌به‌رچنه‌ی هه‌ژارانه‌وه‌ وه‌ره‌

وه‌ک شه‌قامێکی راسته‌رێ

وه‌ک په‌یڤێکی سپێده‌باش و به‌جه‌رگ وه‌ره‌

وه‌ره‌ وه‌ک خوێندنی گمه‌ی کۆتر

وه‌ک شه‌ونمی چرایه‌کی داگیرساو

وه‌ک شه‌پۆلێکی هێمن و

سنه‌وبه‌رێکی بالاَبه‌رزو

شاسۆیه‌کی پێشه‌نگ

وه‌ک شه‌ونمی به‌ربه‌یان وه‌ره‌

٩

ئه‌وکاتانه‌ی هاژه‌دێت و

ئه‌بی به‌روبارێکی سه‌رشێت

به‌رێگاو بانی عه‌شقا وه‌ره‌و

رووبکه‌ره‌ ده‌ریایی چاوانم

بمده‌ره‌ به‌ر شه‌پۆله‌کانت

قژم پرکه‌ له‌ بێ گه‌ردی به‌رفراوانت

رقی دڵم پاکژپاکژبشۆره‌وه‌

تێکه‌ڵی که‌ به‌روناکی هه‌تاوت

١٠

تیشکی ته‌ڕی نیگاکانت

روخساری شه‌پۆلی ده‌ریایه‌

خۆشه‌ویستی له‌ناودڵ و له‌ده‌ستمایه‌

سحری شه‌وێکی ده‌یجوره‌و

ده‌بێته‌ لێزمه‌و رێژنه‌ی باران

ده‌بێته‌ زناری تاڤگه‌و

سینه‌ی شینایی زه‌وی و

وه‌رزی خۆشه‌ویستی ئینسان

١١

به‌فرناتوانێ

وه‌رزی جوانی خۆی بسپێرێت

به‌ئینجانه‌ی پایزی خه‌م

به‌فر ناتوانێ،ده‌ست به‌ردا

له‌ رووتانه‌وه‌ی چیا

عه‌شق دڵی په‌پوله‌یه‌کی ناسکه‌

چرکه‌یه‌ک له‌خۆی داببڕێ

ده‌بێته‌ وه‌رزی تاریکستان

١٢

نێرگز ماچم ده‌کات

بولبول که‌ده‌مبینێ بۆم ده‌خوێنێ

که‌شه‌و دادێ ده‌بمه‌ هاورێی باران

ده‌بمه‌ ئه‌شکی کچانی شۆخو شه‌نگ

ده‌بمه‌ ئاوازو گۆرانی و چڵێ لاولاو

ده‌بمه‌ ماچی سه‌ررومه‌تی

کیژۆڵه‌یه‌کی په‌نجه‌ ناسکی به‌رهه‌تاو

١٣

ئه‌وکاتانه‌ی که‌دێت بۆلام

ده‌بیته‌ گوڵێکی په‌مه‌یی

ده‌بیته‌ شه‌ونمێکی

به‌ربه‌یانی وه‌نه‌وشه‌یی

ده‌بیته‌ گوڵێکی ژاڵه‌ی هه‌میشه‌یی

١٤

ئێواره‌یه‌ک بێده‌نگی هاورێمه‌و

له‌گه‌ڵ تیشکی زه‌ردپه‌ڕدا

خۆت ئه‌که‌ی به‌ماڵی دڵمدا

کراسێکی په‌پوله‌یت له‌به‌ردایه‌و

بۆنی مێخه‌ک له‌جه‌سته‌ت دێ

توند توند ده‌تگرمه‌ باوه‌شم

هه‌ناسه‌مان بۆنی شعره‌و

تێکه‌لاَوی خه‌ممان ده‌بێ

١٥

تۆ هه‌ندێ جار

ووشه‌کانم ده‌خوێنیه‌وه‌خۆشت ده‌وێن

هه‌ندێ جاریش ده‌سته‌و وه‌سستان

له‌به‌رده‌میان دائه‌نیشی

هاوارده‌که‌ی و هیچ تێ ناگه‌م

ئه‌بی به‌ووشه‌یه‌کی پڕ له‌ خه‌یاڵو

خۆت وون ده‌که‌ی

١٦

ووشه‌ی جوانیش

پڕن له‌نیگای عه‌شق و

پرشنگی چرکه‌کانی ته‌مه‌ن

ووشه‌ی جوانیش پڕن

له‌ئه‌ستێره‌ی به‌ربه‌یان و

پرچی ژاکاوی زه‌مه‌ن

١٧

هه‌ندێک جار

به‌دیار کزی چراێکه‌وه‌

روو له‌ئاوێنه‌ی وه‌رینی ته‌مه‌ن ده‌که‌م

مات و مه‌لوول داده‌نیشم

ده‌بمه‌ ده‌روێشی ته‌ریقه‌ت

ناچار ده‌بم

ئێواره‌یه‌کی پڕ له‌زامم بنوسمه‌وه‌و

په‌راووپێنوس فڕێده‌م

١٨

به‌بیرت دێ

له‌قه‌راغی شه‌قامێکدا

به‌خۆت وگوڵێکی شپرزه‌وه‌

ده‌هاتی و ده‌چووی

چاوێکت له‌سه‌ر کاتژمێری ده‌ستت و

ئه‌وی تریان له‌سه‌ر کۆلاَنه‌که‌ی ماڵی ئێمه‌

نه‌سه‌عات ئه‌هات و ئه‌رۆشت

نه‌تۆش له‌ته‌ماشام بێزار ئه‌بوویت .

١ - ٢٠١٢

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه