یه‌كه‌م جاربوو میوانت بم... كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

پێشكه‌شه‌ به‌هاورێی ئازیز و شاعیرم فاتیح سه‌لام

 

 

به‌ره‌و لای تۆ ملم لێ‌ ناو

نه‌مزانی كاروانی ئه‌م كۆسته‌م

له‌ كوێدا تروسكه‌ ده‌دات

له‌ كوێدا سه‌ر ده‌نێت به‌سه‌ری وه‌رزێكی تره‌وه‌

له‌ كوێدا لێو ده‌نێت به‌ لێوی دڵێكی تره‌وه‌

له‌ رۆژگار و شه‌وگاری سینه‌تدا

خه‌مه‌كانی هه‌ر هه‌موو كۆستی تێدا بوو

ئه‌ی په‌پووله‌ی هه‌ڵنیشتوو

هه‌ڵمه‌فره‌..

هیچ نه‌بێ‌ بۆ ساتێ‌ وه‌ره‌ ناو دنیای

شیعرمه‌وه‌ سه‌رخه‌وێك بشكێنه‌

ئه‌م ئازاره‌ سامناكه‌م لێ‌ ده‌ربێنه‌

كه‌ هاتم هێلانه‌ی داری ووڵاتم

ئاوه‌دان بۆوه‌

سه‌ره‌تای هه‌تاو و سه‌ره‌تای پێكه‌نین

ده‌ستی خۆی دایه‌ ده‌ست

ئه‌وینم ..

كێوه‌كان له‌ ( كفری ) كڵاوێكیان

بۆ چنیم و كردمه‌ سه‌رم

له‌ پردا نازێك و عیشوه‌یه‌ك

بوون به‌ گوڵ و دام له‌ به‌رۆكم

مێژووشم راست بۆوه‌ و له‌سه‌ردا كه‌وته‌

سه‌رزه‌مین

چاوی تۆش وه‌ك چاوی عاشقێ‌

له‌به‌رده‌م ئه‌م ته‌رمی شاره‌دا

گۆرانی بۆ ووتم

باڵاشت به‌رزبوو

له‌ وێوه‌ ته‌ماشای مێژووم كرد

كه‌ زانیم بوێریت

دڵنیام ناترسی

ده‌توانی بچیته‌ كیشوه‌ری مه‌رگه‌وه‌

ناوێرم بنوارمه‌ ئه‌و نووره‌ی

له‌سه‌ر ته‌وێڵی روخسارت كه‌وتوووه‌

دوو چاوی كۆچێكی بێ‌ واده‌م تێده‌بریت

ناچارم وه‌كو حاڵ

عاشقێك ده‌مگرێ‌

ئه‌م زه‌نگی زریكه‌ و هاواره‌ به‌رمه‌ كوێ‌

دڵۆپی ئه‌و هه‌موو فرمێسكه‌

گه‌ردانه‌ی ئه‌و هه‌موو هه‌نسكه‌

به‌ مه‌چه‌كتا یا به‌لاملتا هه‌ڵواسم

له‌ كوێ‌ داتبنێم ..؟.

له‌ نێوان ئه‌و هه‌موو بارانه‌

كوژراوه‌

ئه‌و هه‌موو خاكه‌ سووتاوه‌

یان ئه‌و هه‌موو ئه‌ستێره‌ چاو گه‌شانه‌ی

شه‌وانه‌ پاسه‌وانتن

كێ‌ هه‌یه‌ وه‌كو من بتدوێنێ‌ ..؟.

گوڵ به‌ گوڵ

ژێ‌ به‌ ژێ‌ بتنوێنێ‌

ئه‌م جاره‌ هاتیت و..

بارانی به‌هه‌شتت به‌سه‌ردا باراندم

هاتیت و..

سۆزی خۆت به‌ردایه‌ ئاسمانم

ده‌ڵێی چی ئه‌ی عه‌شقی سه‌رگه‌ردان

كه‌ تۆ دێی

چاوی ئاسمان پر ده‌بێت له‌ پرشنگ و ئه‌ستێره‌ی

تازه‌تر

چاوی تۆش ره‌نگاوره‌نگ

وێنه‌یان ده‌كێشێ‌

ئاورێ به‌ره‌وه‌

ئه‌وه‌تا گوڵه‌كان

له‌به‌رده‌م عه‌شقی تۆدا ده‌پشكۆن

هه‌ر تۆ بوویت و..

نه‌ فریشته‌ و نه‌ په‌ری و نه‌ خواكان

هیچیان له‌دڵی مندا نه‌بوون

هه‌رخۆم دار و به‌رد و

ژان و ژن و خۆشه‌ویستیم

وه‌ك گه‌وره‌یی خۆت

من ده‌مه‌وێ‌ به‌ گه‌وره‌ییه‌وه‌

بانگت بكه‌م

من و تۆ دوو مرۆڤین

نامانه‌وێ‌ سه‌ربه‌ره‌و خوار بژین

من ده‌مه‌وێ‌ له‌ گه‌ڵ تۆدا

هه‌ور و ئاسمان لێك جیا نه‌كه‌مه‌وه‌

لووتم له‌ بۆنی چیا دانه‌برێ‌

من ده‌مه‌وێ‌ فێرم بكه‌ی

چاوی ( كفری ) و چاوی ( هه‌ڵه‌بجه‌)

له‌ چاوانمدا بچێنم

هه‌موو داستانه‌ خوێناوییه‌كان

هه‌موو چیرۆكه‌ به‌ ژان نووسراوه‌كان

بسرمه‌وه‌

سه‌نگه‌ره‌كه‌ت ..شه‌هیده‌كه‌ت

تفه‌نگه‌كه‌ت .. پێنووسه‌كه‌تم

خۆش بوێ‌

من ده‌مه‌وێ‌ له‌ گیرفانی

ماڵه‌كه‌ی تۆدا

وورده‌ نان و مشته‌ چاكان

بده‌مه‌ ئه‌و درۆزه‌كه‌رانه‌ی

له‌ به‌رده‌می مزگه‌وته‌كاندا

دانیشتوون

تا له‌برساندا نه‌مرن

تۆ بووی ووشه‌كانی تۆ بوون

وه‌كو لاولاو بست به‌ بست باڵایان پێكردم

بووم به‌ گر و خێرا خێرا وه‌كو

پشكۆ گه‌شامه‌وه‌ وه‌ختێ‌ زانیم بووم به‌ گوڵ و

بووم به‌ چه‌تر و بووم به‌ گه‌نم و

بووم به‌ ووشه‌

ئه‌م ووشانه‌ش بوونه‌

مه‌دالیای سه‌رسنگی تۆ

 

1/1/2012

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه