تۆ سێبه‌ری هه‌میشه‌یی ماندوویه‌تیم ئه‌ی دار هه‌نار... فاتیح سه‌لام

 

 

ئای قه‌ده‌رێك له‌ په‌رتبوونی ئاوێزانی

چۆن په‌لكی ئه‌م حه‌زانه‌مت لێ‌ سه‌نده‌وه‌ و

نه‌تهێشت تێربن له‌ ئاونگی روومه‌تی گوڵ

چۆن فه‌نابوون هه‌نسكی پێ‌ له‌به‌ركردو..

ته‌نیایی له‌ فرسه‌تێكی ترپه‌ی ووندا

شه‌كه‌تی خۆی تیا خاڵی كرد

تۆش ئه‌ی تارمایی ته‌ریوی شه‌وانی خه‌نده‌به‌ندان و ره‌شبه‌ڵه‌كی

سنگی كراوه‌ی ئه‌ستێره‌ی ووردی رژاو

وا ده‌بینی ..

نه‌رمه‌ سرووتی نزایه‌ك دووكه‌ڵی به‌رز ده‌بێته‌وه‌

ته‌مه‌نێك ئاهی لێ‌ ده‌رژێ‌ و ..

ئامێزی سوێ‌ گرتووی ژانێ‌

پرمه‌ گریانه‌ له‌ زوخاو

شه‌كه‌تیم خۆی لوول ده‌دات و..

به‌ شه‌ماڵی هه‌ناسه‌یدا گوزه‌ر ده‌كات

له‌ گوڵدانی به‌ر په‌نجه‌ره‌ی به‌یانیانێكی شه‌رمندا

تێكه‌ڵ ته‌م و تیشك و په‌نجه‌ی شه‌وی جێماوی خه‌و ده‌بێت

جه‌نگه‌ڵستانێ‌ گێژاوه‌ی رۆحی كه‌مه‌نكێش ده‌كات و..

رابردوو ده‌یپێچێته‌وه‌ نێو گه‌مه‌كانی مناڵی شه‌ره‌ به‌فرو

زریكه‌ی خه‌می دایكێكی په‌رو باڵ له‌ سۆز ده‌ركردوو

به‌ دووچاوی من تیا وونبووی پر كۆشێ‌ له‌ ته‌ماشاوه‌

له‌ته‌ك قومێ‌ له‌ شه‌رابی دوای سه‌فه‌رێك له‌ نامۆ بوون

له‌ حیله‌ی خه‌یاڵێ سركا

به‌رێگای دوو له‌تبووی وێڵا

له‌نجه‌ی گه‌ڵاكانی خه‌زان

كه‌وشه‌كانی له‌ خۆل و تۆزی نیشتمان ده‌ته‌كێنی و

تیله‌ی روانینێكی گومرا گوڵه‌ حه‌زه‌كانی عومری

لێ‌ ده‌سێنێ‌ و ..

تنۆك تنۆك ئاره‌قه‌ی جه‌سته‌ی پیش خواردووی

ئه‌و دیو پردی په‌رینه‌وه‌ی خاڵه‌ره‌شه‌كانی گومان

په‌شیمانی هه‌اَده‌گژێنێ‌ به‌ باڵایدا

نه‌فره‌ت قامكه‌ ناسكه‌كانی ده‌كرۆژێ‌ و ..

گه‌ماڵه‌كانی به‌ر ده‌رگای كوختی سوڵتان

هه‌ڵده‌میزن به‌ جوانییاو ..

ده‌میان ده‌بێته‌ مه‌نهۆڵ و به‌ مێژوویدا ده‌رشێنه‌وه‌

زه‌وی له‌حه‌ژمتا ده‌گری

من گۆماوێكی نیشتمان خورجێ‌ سه‌رگوزه‌شته‌ی تۆی دامێ‌

دارهه‌ناره‌كه‌ی دوا وێسگه‌ی له‌ ئازیز ئۆخه‌ی نه‌كردووم

رۆحێك سپی تر له‌ناخی مناڵێكی نێو قومات و

پر به‌ حه‌وت ئاسمان له‌ په‌ری

- 2 -

بۆن به‌ سێبه‌ر و هه‌نگاوی چیرۆكێكی شێتانه‌وه‌ ده‌كه‌م یاران

نامۆیی سنگم ده‌درێت

كه‌لله‌یی دوا پیاڵه‌ی ژه‌هری تینووێتیمه‌

ئۆقیانووسێك بانگم ده‌كاو

سه‌وڵێ‌ شكاو چاوساغی كوێره‌وه‌ریمه‌

زریانێك بۆ ره‌نجی بێوه‌ر په‌لم ده‌گرێت

كه‌ سێك روونتر له‌ فرمێسك و

خاوێنتر له‌ ئاوریشمی خاو

شه‌و به‌ته‌نیشت حه‌سره‌تی هه‌ناسه‌مه‌وه‌ هه‌ڵده‌گورمێ‌

له‌ نه‌خشه‌یه‌كی دراوی بێ‌ چوار چێوه‌ و تۆزگرتوودا

سه‌فه‌رێك ده‌منووسێته‌وه‌

مه‌رگێك خۆم به‌یانی شه‌رم بۆ خوێنده‌وه‌

هه‌رچوار په‌لمی تیا ته‌زیووه‌ و ..

ئاڵاكه‌م له‌ تۆزی سمی ئه‌سپی سه‌ركێشدا

وون ده‌بێ‌ و..

شمشێره‌كه‌می تیا ده‌شكێت

- 3 -

بیرت ده‌كه‌م

له‌گه‌ڵ مه‌لانی كۆچه‌ری زه‌رده‌په‌را

ئێوارانێ‌ دێمه‌وه‌ لات

كه‌ هاتیشم ..

لێگه‌رێ‌ با ووشه‌كانم لێوت ته‌ركه‌ن

له‌ قه‌ترانی كه‌زییه‌كانتا خۆر داگرن

له‌ باوه‌شی چه‌پكێ‌ شیعری سه‌ره‌رۆمدا

قوڵ قوڵ له‌ كانیلكه‌ی ماچت رۆژووی ته‌مه‌نم بشكێنم

چاو له‌ پاڵ دارهه‌نارێكی كه‌ناری ته‌مه‌نتا بنوێ‌ و .

شیله‌ی گوڵی پیته‌كانت كۆكه‌مه‌وه‌و

گوێ‌ رادێری بێده‌نگیم بی و..

هه‌ر ده‌ په‌نجه‌م به‌ دیارته‌وه‌

بۆ ئه‌به‌دی داگیرسێنم

له‌ هێلانه‌ی دڵت زیاتر كۆتره‌شینكه‌ی چاوه‌كانم

نه‌نیشنه‌وه‌

كه‌س نه‌بینم ..كه‌س نه‌دوێنم ..؟؟!.

 

 

12/12/2011

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه