ئه‌ی دادوه‌ر گه‌ر نیشتمان بگه‌ڕێته‌وه‌، پێویستی به‌ گوڵه‌..........

 

 

ئه‌ى باغ.. ئێمه‌ هه‌موومان منداڵى تۆ بووين

ئێستاكه‌ من پاسه‌وان و عاشقان گوڵكوژ و خودا دادوه‌ر

من ڕێگر و عاشقان دڵگران و خودا دادوه‌ر

ئه‌ى گوڵ.. سه‌يرى خۆت بكه‌، خوێنت لێده‌تكێت

من ده‌گريم و عاشقان بێده‌نگ و خوداش هه‌ر دادوه‌ر.

 

ئه‌ى دادوه‌ر.. ئێمه‌ له‌ وڵاتى پڕ باغستان بووين

ئێستاكه‌ باغستان بۆته‌ عه‌ردێكى وشك و پارچه‌ پارچه‌ كراو

سه‌ير.. گشت ڕۆژێك له‌م شاره‌دا، باغێك خاپوور ده‌كرێت

كه‌ چۆله‌که‌كان ده‌بنه‌ په‌ناهه‌نده‌ى لخى دره‌ختى وڵاتێكى ديكه‌ و

په‌پووله‌كانيش وه‌كو چه‌كچه‌كيلكه‌كان سه‌ريان لێده‌شێوێت.

 

ئه‌ى دادوه‌ر.. به‌و سه‌ركردانه‌ بڵێ:

با شوێنى باغه‌كان نه‌كه‌نه‌ كۆشكى بڵند

ئێستا نيشتمان ياخييه‌ و با بگه‌ڕێته‌وه‌

با نيشتمان بگه‌ڕێته‌وه‌..

گه‌ر نيشتمان بگه‌ڕێته‌وه‌..

چۆله‌كه‌كان دێنه‌وه‌ و ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر لخى دره‌خته‌كان

بولبوله‌كان دێنه‌وه‌ و ده‌چنه‌وه‌ ناو چه‌مه‌نزاره‌كان

گه‌رر نيشتمان بگه‌ڕێته‌وه‌..

هه‌موومان ده‌بينه‌وه‌ به‌ گوڵ و ده‌چینه‌وه‌ ناو كۆشى باغ

گه‌ر باغ دروست بۆوه‌..

شاعيره‌كان دروست ده‌بنه‌وه‌ و عاشقه‌كانيش دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌

ئه‌ى گوڵ تۆ بوويته‌ ڕه‌مزى نيشتمان

عاشقه‌كان و سه‌ركرده‌كان و له‌شفرۆشه‌كان و گوڵفرۆشه‌كانيش هه‌ر قه‌ساب..

كۆمه‌كم بكه‌ ئه‌ی دادوه‌ر.. چۆن ڕێ له‌م هه‌موو قه‌سابانه‌ بگرم

كه‌ خۆشم خه‌ريكه‌ ده‌که‌ومه‌ به‌رده‌ستی قه‌ساب.

 

قه‌ڵادزێ / پايزى 2009

له‌ کتێبی " منم دیده‌وانی گوڵ ده‌که‌م" 2011

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه