جاڕی ژن بوونم... ئەفسانە سروش

 

 

ده‌مه‌وێ

ڕێگه ‌له‌مردن بگرم

هه‌موو ده‌رگاکانی

ژیان بکه‌مه‌وه‌

خۆم پاك بکه‌مه‌وه‌

پاك پاك

له‌کفرکردنی

په‌شیمانی ژن بوون

له‌کافربوون

له‌ئاستی ژنیه‌تیم

خۆم له‌ئاوی ته‌وبه‌

هه‌ڵکێشم

ئیمان به‌ ژنیه‌تی خۆم بهێنم

به‌سه‌ر پلیکانه‌کانی

سه‌ختیدا سه‌رکه‌وم و

هه‌موو تیخه‌ مل بڕه‌کان

له‌سه‌ر گه‌رده‌نی

ئاواته‌کانم بشکێنم

یه‌خه‌ی دین و

نه‌ریت و کۆمه‌ڵگه

له‌به‌ر خۆمدا دابدرێنم

ژن بوونم ده‌ربێنم به‌تاوانی

جوانی له‌ قه‌فه‌س...

ڕه‌نگ بکه‌م نه‌خشی

باڵی په‌پووله‌ی ژیان

سێ به‌رد

له‌ده‌ستی ترس بنێم و

له‌هه‌موو دنیادا

جاڕی ژن بونم بده‌م

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه