شعر و نه‌غمه‌ى بولبولێکى سپى... که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

١

ئه‌بوو له‌نێوانی،چرۆی شعرو بالاَی تۆدا

له‌نێو پشکۆی دڵی تۆدا

له‌نێو فرمێسکه‌ به‌گوڵ چێنراوه‌کانی

خه‌رمانه‌ی رووی به‌فری سپی تۆدا

من یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرم

تاکوو سحری جوانی رووی تۆ ده‌رکه‌وێ

به‌لاَم هه‌رچه‌ندم کرد

نه‌سیمای شعر بێ تۆژیا،،

نه‌تۆش بێ شعر

پێش وه‌رینی وه‌رزی گه‌لاَو

توڕه‌بوونی شوشه‌ی دڵی په‌پوله‌یه‌ک

شاعیریان کرد به‌ئاگرو

ئاگریش بوو به‌پشکۆیه‌ک له‌هه‌موو ماڵێکدا

٣

له‌و رۆژه‌وه‌ی شعر ده‌نوسم

هه‌زاران جار شه‌وی چه‌قۆ

باڵیان بڕیم

هه‌زاران رۆژ ده‌ستی زۆردار

ده‌میان دووریم

له‌ناو داره‌مه‌یتی رقیانا

به‌ره‌و گۆڕستانیان بردم

به‌لاَم کاتێ

تۆبووی به‌ئێواره‌و

بووی به‌ئاسمان

منیش بووم به‌شعرێکی نوێ

بووم به‌سرودێ بۆنیشتمان

٣

به‌تاڵ قژت ده‌نوسم

دارستانێک ده‌خوێنمه‌وه‌

به‌فرمێسکی چاوت ده‌نوسم

دڵۆپێ باران ده‌نوسمه‌وه‌

ده‌نکه‌ گه‌نمێک بالاَمه‌و

سپێده‌یه‌ک له‌گیانمایه‌

من ئێستا شاعیرێکم

کوردستانێک، له‌باوه‌شمایه‌

٤

له‌مه‌ودوا

قه‌ڵه‌مه‌که‌م ده‌ده‌مه‌ ده‌ست تۆ

تۆ له‌بری من، شعردانێ

تابزانی دڵ تۆش، وه‌کوو من

ناونیشانی، به‌فرو باران و

عه‌شق و، خۆشه‌ویستی پێ ده‌زانێ

٥

له‌سه‌وزایی شعرێکما

ویستم وێنه‌ی تۆ بنوسمه‌وه‌

له‌خۆم بچێ

دوور له‌خه‌م و بۆهه‌میشه‌

پێ بکه‌نێ

شعر گریاو لێم توڕه‌بوو

ئه‌وچۆن ده‌توانێ

بێ به‌تۆ

تۆ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵمایت و

ئه‌وته‌نها وه‌رزی پایزان دێ

٦

هه‌ندێ جار هێنده‌ ته‌نیا ده‌بم

وه‌ک خوێنى شه‌هیدێکى بىَ ناونیشان

هه‌ندىَ جار هێنده‌ ته‌نیا ده‌بم

وه‌ک گه‌لاَى پایزى به‌ر گه‌رده‌لوولى نیگه‌ران

هه‌ندێک جاریش هێنده‌ پڕ ده‌بم له‌ تۆ

وه‌ک ئه‌و دوو باڵداره‌ى

له‌ شه‌وێکى به‌فرانباردا

بالاَیان تێکه‌ڵ و ئاوێزان......

٧

له‌سه‌ر به‌رده‌ نوێژى بالاَت

نوێژى شیعر و ،ماچت ده‌که‌م

بۆ قیبله‌ى تۆ، هه‌میشه‌

گه‌ردنم به‌رزه‌و سه‌ر داده‌خه‌م

من ده‌زانم گه‌ر خۆشه‌ویستی تۆ نه‌بێت

رۆژى سه‌د جار گیانم ده‌ده‌م

٨

من نیشتیمانیکم هه‌یه‌ جیا

هێنده‌ى شه‌وانى ته‌نهاییت

پڕ له‌بارانى عه‌شقه‌و

هێنده‌ى بالاَى لاسه‌ شۆڕىَ

بالاَ به‌رزه‌و

هێنده‌ى خه‌مى ژنێتیشم

چڕو پڕ

بۆیه‌ هه‌رده‌م تیایدا ده‌سوتێم و

ناوم ناوه‌ نیشتیمانى گڕ......

٩

تابلۆیه‌ک

له‌ قژى ڕه‌ش ودوو چاوی مه‌ست

گه‌ردنێکى به‌ جامانه‌ داپۆشراوو

بالاَیه‌کی به‌رز

له‌و دوو چاوه‌دا، هه‌ڵۆی به‌رزو

له‌و گه‌ردنه‌دا په‌تى سێداره‌ و

له‌و قژه‌دا سه‌رێکى بڕاو

له‌ ئاسمانى جه‌سته‌شتدا

هاوارى باوکت وزریکه‌ی مێژوو

فرمێسکى چاو

١٠

نه‌مزانى ده‌سته‌کانت

کاروانێکى ڕاگوزارن جێم ده‌هێڵن

سه‌رنجت ڕێبوارێکه‌

هه‌ر ڕۆژێک بێت ڕوخسارم

به‌جێدێڵىَ

من ده‌مه‌وىَ له‌ ڕێوو بانى

ئه‌م ئه‌وینه‌ سپیی مندا

یه‌ک دڵ و، یه‌ک ده‌ست و، یه‌ک چاو بین

تا له‌ جیهانى ئه‌م عه‌شقه‌مانا

بێکه‌س نه‌بین

١١

که‌ دێى له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ داده‌نیشى

کورسیه‌که‌ ده‌بێت به‌ ته‌ختى پاشایه‌تى و

له‌به‌رده‌متا شه‌رم ده‌که‌م

گوڵێک ده‌ده‌یت له‌ به‌رۆکم و

له‌که‌ناری ڕۆحما ده‌یچێنم

بۆ هه‌میشه‌ بۆنى ده‌که‌م

که‌ ده‌میش دێنیت ماچم بکه‌یت

هه‌ڵم ده‌بڕى تا تینوێتیت بخۆمه‌وه‌

به‌لاَم من فریاى هیچ ناکه‌وم

له‌ به‌رده‌متا ده‌توێمه‌وه‌

١٢

شعر لاى من

نه‌غمه‌ى بولبولێکى سپى و

باڵى په‌پوله‌یه‌کى ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و

چاوى باران و به‌فر و

پرشنگى ئه‌ستێره‌یه‌

له‌ده‌شتى ساماڵی دڵما

ده‌ڕوىَ

له‌ سنگه‌ فراوانه‌که‌یدا

هه‌موو شتىَ هه‌ڵده‌گرىَ

له‌خامۆشی دڵی مندا

هه‌رچه‌ند هاوار ده‌کاو، ده‌نگ هه‌ڵ ده‌بڕىَ

به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاَتی کوشتن و

دابو نه‌ریتی کۆن

ده‌سه‌لاَتى پیاو سالارى

هیچى پىَ ناکرىَ

١٣

به‌ مناڵى دایکم پرچى بۆ ده‌هۆنیمه‌وه‌ و

به‌یانیه‌کیش پرچى باران

دایکم فرمێسکه‌کانى له‌سه‌ر سه‌رم ده‌وه‌رین و

بارانیش جۆگه‌ى شعرى ده‌نوسیه‌وه‌

دایکم جوتىَ بازنى ده‌کره‌ ده‌ستم و

بارانیش له‌ جۆلانه‌ى شه‌پۆله‌کانیدا

سه‌ماى بۆ وه‌نه‌وشه‌و دره‌خت ده‌کرد

له‌ دوایدا هه‌ردوکیان

بوونه‌ دوو دڵدارى

میوانى دایکم و باران و

خه‌ونی شعر

ئاسمانیان پڕکرد له‌ میهر

١٤

له‌ به‌رده‌ممدا مه‌گریه‌

له‌و ساته‌دا

ده‌بمه‌ په‌ڵه‌ هه‌ورىَ

له‌چاوانتا دڵۆپ دڵۆپ

گه‌رم گه‌رم

ده‌ڕژێمه‌ نێو خه‌مه‌کانت

تۆش ببه‌ به‌کزه‌ بایه‌ک

له‌گه‌ڵ خۆت بمبه‌ بۆ کوێستانى نیگاکانت

١٥

ئه‌و کاتانه‌ى که‌ ته‌نیا بوویت

چه‌رپاکه‌تم بۆ داگیرسێنه‌

په‌نجه‌ره‌ى ژووره‌که‌ت بکه‌وه‌

تا وه‌ک بایه‌ک به‌ ژاوه‌ ژاوێکه‌وه‌

خۆم بکه‌م به‌ ماڵه‌که‌تدا

ئه‌مجاره‌یان وه‌ک دایک

پڕت بکه‌م له‌ سۆزى دایه‌و شعرى لایلایه‌

١٦

ئه‌که‌ر رۆژێک نه‌تبینم

ئه‌زمر به‌دوو چاوی منه‌وه‌

سه‌یرت ده‌کات

ئه‌گه‌ر رۆژێ من گوێم

له‌ده‌نگ نه‌بێ، گه‌روی ئه‌شکه‌وتێک

گوێچکه‌ی بیستنی منی تیدایه‌و

گوێت لێ ده‌گرێ

ئه‌گه‌ر رۆژێک نه‌گه‌مه‌ لات

خه‌مم هاوبه‌شی ژیانته‌و

بۆنی په‌نجه‌و بۆنی ماچی

یادگاری و کزه‌ی هه‌ناسه‌تی تیایه‌

شعری منیش له‌وناوه‌دایه‌

تریفه‌ی مانگی شه‌یدایه‌

هه‌میشه‌ به‌ره‌و لات باڵ ده‌گرم

له‌سه‌ر ڕێگه‌ت ده‌وه‌ستم و

ماندووێتیت راده‌گرم

پێت ده‌ڵێم"

تۆ بارانى به‌هارى،

یان به‌فری کرێوه‌ی زستانی

یا ئێواره‌یه‌کى غه‌مگینى،،

هه‌موو ڕۆژێک له‌م شوێنه‌دا

سه‌دان ماچى

په‌ڕو باڵکراو سوتاوى

غه‌ریبیم وه‌رده‌گرى

پێم ده‌ڵێى" ببوره‌ گیانه‌که‌م

تۆ شعرى چاو ڕه‌ش و

خه‌رمانه‌ى ته‌نیاى عه‌شقێکت

پىَ نییه‌ بۆ منت هێنابێت

له‌ جیاتى هه‌موو ئه‌مانه‌

چه‌پکىَ خونچه‌ى کوژراوى

دووجاوم وه‌رده‌گری

١٧

که‌گوێ له‌کۆنسیرتێک ده‌گرم

شعرم ده‌بێ به‌شنه‌با

که‌چیرۆکێک ده‌خوێنمه‌وه‌

ده‌بم به‌شه‌پۆلی ده‌ریا

که‌تابلۆیه‌کیش ده‌کێشم

تۆ دێیته‌ ناو چاوانمه‌وه‌

که‌باوه‌شت پێدا ده‌که‌م

چی خه‌م هه‌یه‌و به‌جێم دێڵێ

گه‌ش ده‌بمه‌وه‌

١٨

ئه‌ی به‌خشنده‌ترین مرۆڤ

ئه‌وکاتانه‌ی له‌گیرفان و له‌به‌رۆکی کوردستانا

بۆم ده‌گه‌ڕیی

من ئه‌وکاته‌ له‌ ناوگه‌روی قه‌ندیلدام و

ده‌بم به‌تیشک و به‌باهۆز

ئه‌وشه‌وه‌ش تۆ

دێیته‌ گه‌روی قه‌ندیله‌وه‌

بۆم ده‌گه‌رێی

بوومه‌ته‌ هه‌ور

چوومه‌ چیای بونته‌وه‌و

له‌گه‌ڵ باران و هه‌روه‌ بروسکه‌

ئه‌بم به‌تابلۆیه‌ک

له‌سه‌ر شانی بابه‌گوڕ گوڕ

١٩

له‌م نیشتمانه‌ وێرانه‌دا

کچێک ده‌کوژرێ و

له‌گه‌ڵ خوێنه‌که‌یدا

عه‌شق ئه‌رژێ

کچ ئه‌بێ به‌ په‌لکه‌گیایه‌ک

سه‌وزده‌بێ

له‌پڕێکا بالاَ ده‌کاو

ده‌گاته‌ به‌رزایی ئاسمان

شعری منیش له‌نێو ئه‌و ئازاره‌زۆره‌دا

ده‌بیت به‌ سووره‌ گوڵێ

٢٢

گه‌ر ئه‌مجاره‌ دیاریت بۆکڕیم

کراسێکی شینم بۆبکڕه‌

تا له‌گه‌ڵ ئاسمان ببمه‌ هاوڕێ

بۆدووه‌ک جار

کراسێکی سه‌وزم بۆبکڕه‌

تا سنه‌وبه‌ر به‌گه‌لاَکانی دامبۆشێ و

باخه‌کان ببنه‌ ده‌ستگیران

به‌لاَم هه‌رگیز نه‌که‌ی

کراسێکی ره‌شم بۆبکڕی

چونکه‌ من نامه‌وێ

جه‌سته‌م ببێته‌ شه‌وێکی گریاوی

بێوه‌ژنێکی ئه‌نفالی گه‌رمیان

٢٣

هه‌میشه‌ ویستومه‌

ئازادی و ژن له‌شعرێکدا بنوسمه‌وه‌

به‌لاَم ده‌ستی تیرۆرستێ

به‌به‌رماڵێکه‌وه‌

هاتووه‌و بۆی سه‌ربریوم

ئیتر ژنه‌ ئه‌بێ به‌که‌مانچه‌یه‌کی ره‌ش پۆش

ئازادیش به‌په‌نجه‌ی تاریکی

شعرێک

له‌عه‌شقێکی چاوه‌ڕوانه‌کراودا

بۆبالاَیه‌کی غه‌مگین

ئه‌ژه‌نم

٢٤

ئه‌ی پیاوه‌کان

بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ

شه‌و نیوه‌ی زیاتری موڵکی ژنه‌

هه‌تاوو پیکه‌نین

فرمێسک له‌چوار به‌ش

سێ به‌شی موڵکی ژنه‌

که‌چی رۆژنیه‌ له‌م شاره‌دا

سه‌دای ده‌نگی مێینه‌یه‌ک

هاوار نه‌کا

پیوه‌نده‌کانی نیرینه‌

پۆل و باسکی ژنه‌ شۆخی

پیوه‌ند نه‌کا

٢٥

هه‌میشه‌ گریانیک ده‌مگری

بۆئه‌وشیروشمشیره‌ی

مامزی شعری پی راوده‌که‌ن

ئه‌تگرن و ئه‌تده‌نه‌

به‌ر سه‌ری روت و بیری روت و

ووشه‌ی روت

دواتر بۆنیو ئه‌و دۆزه‌خه‌ی

بۆنی ره‌نگه‌کانی حه‌رام و

په‌یفه‌کانی کفری لی دیت

٢٦

بیرته‌ تالی قژت بۆناردبووم

کردم به‌دیاری په‌رینه‌وه‌ی

ریگای عه‌شق

له‌سه‌ر ریگاکه‌ت نه‌ومامی شعرم چاندو

له‌رۆحمه‌وه‌ خۆرم بۆبرد

تاهه‌ناسه‌ی شغر

تریفه‌ی گرت

له‌ناو خه‌ودا چاوه‌رێم کرد

نه‌مام نه‌مام روام و

له‌دوایدا بووم به‌دره‌خت

٢٧

له‌سه‌ر شعریکی ئازادی بۆنیشتمان

فاشیه‌کان شعریکیان ده‌ستگیرکرد

ده‌ستی ووشه‌کانیان به‌سته‌وه‌و

چاوی ناوه‌رۆکه‌که‌یان به‌ست

بۆسبه‌ینی بووم به‌سروودی نه‌ورۆز

له‌سه‌ر چیایه‌کی به‌رزگرم گرت

٢٨

من هه‌میشه‌ چرایه‌کی داگیرساوی

ئازادیم بۆت

تۆش سنه‌وبه‌ریکی سه‌وزی باریکه‌له‌

کاتی که‌دیم به‌ره‌و روت

تیکه‌ل ده‌بین

ئه‌بین به‌چه‌زنی سه‌ری سال

کاتی چراش کوژایه‌وه‌

ئازادی ده‌بی به‌تاریکستان

تۆشده‌بی به‌سنه‌وبه‌ریکی رووت

٢٩

کاتی شووشه‌ی دلم

وه‌ک شوشه‌ی شه‌راب ده‌شکی

دلی من ده‌بی به‌دارمیوێکی گه‌یوو

وورده‌ وورده‌ هه‌لده‌وه‌ری

کاتی ده‌نگیشت وه‌ک ژیی

که‌مانچه‌یه‌ک ده‌چری

نه‌غمه‌ی شعریش

له‌دلی مندا ده‌کوژری

٣٠

کاتی خه‌یال به‌راکردن

دی بۆلای بالای تۆ

چاوم روون ده‌بی

دلم زۆر له‌جاران زیاتر لی ده‌دا

که‌خه‌یال وه‌ری

شعریی منیش بال ده‌گری و ده‌روا

ده‌بیی به‌په‌ری

٣١

چرا مانی

له‌کورته‌ چیرۆکیکی سپی گرت و

ووتی من ده‌مه‌وی

بۆهه‌میشه‌ چاوه‌کانم

له‌سه‌رای نووسینی شاعیریکدا

دابگیرسی

نه‌کا رۆژی دیکیتاتۆریک بمبات و

چاوه‌کانم

له‌ئاهه‌نگی شه‌وانی

شمشیریکدا هه‌لپه‌ری

٣٢

دوو دلۆپ فرمیسکی هه‌له‌بجه‌

رژانه‌ ناوزمانه‌که‌م

بروسکه‌ی خه‌یالمیان شله‌قاند

هه‌وریک وینه‌ی گرت و

له‌خه‌لوه‌تیکی سۆفیانه‌دا

ئاویته‌بووم له‌گه‌ل خودا

ئیتر له‌وساوه‌ تائیستا

فرمیسکه‌کانم ده‌ریژم

بۆعومه‌ری خاوه‌رو

منالیکی ساوا

٣٣

هه‌لۆیه‌کی به‌رزه‌ فر

شعریکمی به‌گه‌ردنیا هه‌لواسیوه‌و

به‌شه‌وه‌زه‌نگی شه‌ویکا

تی ده‌په‌ری

تۆفانی داده‌کاو

چی دیکتاتۆره‌ ده‌مری

٣٤

له‌به‌رده‌رگای مزگه‌وتیکا

ده‌رۆزه‌که‌ری دانیشتوه‌و

پشتی وه‌ک گۆچان داده‌چه‌می

ژیانی ئه‌وبی تریفه‌و مانگه‌ شه‌وه‌و

که‌ده‌شمری له‌لای خودا

ده‌بی به‌ته‌می

٣٥

ئه‌وشمشاله‌ی له‌هه‌ناسه‌ی

گولی لیوه‌کانته‌وه‌ دی

هیواش هیواش ده‌گاته‌ لام

ده‌بی به‌سروودی نه‌ورۆزو

بالای به‌ئاگری نه‌ورۆز

گرده‌گری

شعری منیش ئه‌چیته‌ سینه‌یه‌وه‌و

شاخ به‌شاخ و

باخ به‌باخ

له‌گه‌لیا ئه‌دوی

٣٦

شه‌هید نامری و

ئه‌گه‌ربیت و دیوانه‌ شعریک

بۆنی نیشتمان و

تاجه‌ گولینه‌یه‌ک

له‌سه‌ر گۆری دابنری

من دلنیام هه‌لده‌سته‌ سه‌رپی و

به‌په‌له‌ ده‌رواته‌ لای بیریه‌کی شۆخ

له‌که‌لیدا ده‌چیته‌ ژوانی

٣٧

هه‌ندی جار شعریکم

له‌هاوریکانی یاخی ده‌بی

ده‌چیته‌ ره‌گه‌زی باوک سالاریه‌وه‌

ده‌ست وو په‌نجه‌ی ژنه‌ شۆخی

عه‌شقیکی پرخۆشه‌ویستی

تیا سه‌رده‌بری

٣٨

هه‌میشه‌ چاوم له‌و چیایه‌یه‌

که‌تۆبه‌توله‌ ریه‌کانیدا ده‌رۆی

تفه‌نگیکت کردۆته‌ شان

ناوی خۆت ناوه‌ پیشمه‌رگه‌یه‌کی کوردستان

شعری منیش ده‌بیته‌ کارمامزیکی

ئه‌و پیده‌شته‌و

تینوو تینوو روی ده‌کاته‌ کانیاویکی نیشتمان

٣٩

هه‌میشه‌ روباره‌که‌ی دلم

سه‌رخۆشه‌و

شه‌پۆلی قه‌صیده‌یه‌کی میژووی ده‌یبا

بۆیه‌ جه‌سته‌م ده‌بیته‌ ده‌ریاچه‌یه‌کی کوژراو

له‌خوینیکی شیندا

٤٠

شه‌هید وینه‌که‌ت

بوو به‌هه‌وری ده‌م خۆرنشین

له‌ناو فرمیسکیکی قولدا

خستاینه‌ بناریکی خه‌متان

چاوت ده‌بی به‌هیشووه‌ تریی

هه‌لوه‌ریوو بالات چنار

ئیمه‌ش ده‌تکه‌ین به‌خه‌ونیکی

هه‌لفریووی چاوانی شار

٤١

کاتی دره‌ختی ده‌سوتی

قه‌له‌می من

هه‌لبه‌ستیکی گریاناوی بۆده‌نوسیی

که‌بیشمه‌رگه‌یه‌ک شه‌هید ده‌بیی

جیرۆکیکی غه‌مگین

بۆشاخ ده‌نوسی

که‌جه‌سته‌ی کیزۆله‌یه‌کیش

له‌بیرزاری سه‌رده‌بردری

خه‌می هه‌موو گوندو شار

چاوبالاو سوتاو بۆئازادی

له‌باوه‌شیا هه‌لده‌گری

٤٢

ئه‌وکاتانه‌ی لام ده‌خه‌وی

ئاگات لی نیه‌

ده‌تخه‌وینم

ده‌تخه‌مه‌ باوه‌شمه‌وه‌

ده‌تکه‌م به‌گول

ئه‌تبه‌م بۆسه‌رکه‌لی شاخی سه‌رم

ئاگات لی نیه‌

باران لیت ئه‌داو ته‌رده‌بی

به‌سه‌ر سه‌رتا داده‌باری

بۆبه‌یانی لیم ده‌روانی

هه‌موو جه‌سته‌م شوینی ماچه‌و

تیشک ئه‌هاوی

٤٣

که‌رۆیشتی شه‌ویش خۆی پیچایه‌وه‌

به‌جیی هیشتم

له‌و رۆژه‌وه‌ خه‌و نه‌چۆته‌ چاوه‌کانم

ئه‌ستیره‌ی چاوانم له‌ت بووه‌و

نابینم یادگاریه‌کانم

٤٤

به‌یانیه‌ک

که‌تازه‌ خۆر له‌ده‌م که‌ل ده‌هاته‌ ده‌ر

بانگیکردم

به‌تیششکیکی زیرینه‌وه‌

سه‌روقژی بۆره‌نگ کردم

له‌ولاشه‌وه‌

ئاوی کانیه‌ک بانگی کردم

کردمی به‌ته‌می و به‌دیاری دامی

به‌ئاسمان

چیاییه‌کیش بانگی کردم

چوومه‌ لایوکردمی به‌سیبه‌ر

بۆده‌وه‌نی

به‌لام هیجیان هینده‌ بزه‌یان

نه‌دامی

وه‌ک ئه‌و به‌یانییه‌ی

به‌ماچیک خه‌به‌رت کردمه‌وه‌

روومه‌تم بوو به‌شه‌ونمی شعریک

له‌دوایدا بووم به‌گولی

روام له‌قه‌راغ ده‌ربه‌نی

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه