سێبەرەکانی ژن... هاوڕێ ڕەش

 

 

-١-

ئەمشەو

زەوی لاوکێکی

بێدەنگ

بۆ ژنیک ئەچڕێ

-٢-

بە ژنێکم وت

نامەوێ باران ببارێ

تا ستیانەی بەفرێک

نەمرێ

-٣-

ژنێک وتی

گرەو لەسەر کاتژمێری تەمەن

ناکرێ

-٤-

هەموو ئێوارەیەک

ژنێک وەک کەژ

باڵای ڕۆژ ئەشارێتەوە

-٥-

گەر ژن نەبوایە

ژیان چیرۆکێکی کورت بوو

زوو تەواو دەبوین لە خویندنەوەی

-٦-

ئەمشەو دەریا

وای نیازە لە باوەشێ ژنێکدا

بخەوێ

-٧-

ئەمڕۆ

من ئەمرم

تا سبەی ژنێک بژی

-٨-

ژنێک ئەوەندە

بە سپی دوا

منی ڕەش تەریق

بومەوە

-٩-

ئەوکاتەی

بەفر ڕەش هەڵئەگەڕێ

ژنیک باران

ڕائەگرێ

-١٠-

ژنێک بۆمی نوسی

بیر لە فرین ئەکەمەوە

ئەم هەسارەیە

کەلکی ژیانی تێدا نەماوە

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه