خۆر لەناو پەرداخێكی شكاودا... قوبادی جه‌لیزاده‌

 

 

1

بەر لەئاوا بوون ،

خۆر،

نارنجێك پاكژ دەكات .

پەلكەكانی فڕێ‌ دەداتە ،

لێواری تاریكییەوە .

 

2

باخ ،

تیشكە شكاوەكانی خۆرئاوابوون ،

دەكاتە بەلەمێكی نارنجی‌و

پێی دەپەڕێتەوە ،

بەر سێبەر .

 

3

خۆر،

بێ‌ ئەوەی گۆچانێكمان ،

لەحەیزەرانی رووناكی بداتێ‌

ئاوا بوو .

 

4

هەوڵ دەدەم پرچی نیگەرانیی خۆر،

بەقردێلەی ئارامیی پەپوولەیەك

گرێ‌ بدەم .

 

5

هەوڵ دەدەم چڵێك رووناكی ،

لەلقی خۆر بكەمەوەو

بیدەم لەبەرۆكی شەو .

 

6

هەوڵ دەدەن ،

خۆری هەتاوبردووی هاوینە

قایل كەم ،

بێتە ژێر سێبەری كەپرێك .

 

7

خۆر،

لەناو پەرداخێكی شكاودا ،

بەگەسكی تریفە

قژی داڕژاوی

خڕ دەكاته‌وه‌ .

 

8

تاڵێك قژی خۆر،

لەچرۆی سنەوبەرێك گیر بووە ،

مانگ،

بەپەنجە ناسكۆله‌كانی ،

خەریكە لێی دەكاتەوە .

 

9

پەنجەرە نەبوایە

خۆر،

لەبن دیوارە بڵندەكاندا

ئارەقی بێزاریی دەڕشت .

 

10

چەپكێ‌ تیشك ،

لەپەنجەرەوە هاتوونەتە ژوورێ‌..

تا خۆیان ،

لەبەر هەوای سپلیتەكەدا ،

فێنك بكەنەوە .

 

 

 

12

پەنجەرە نەبوایە

خۆر،

لەبن دیوارە بڵندەكاندا

ئارەقی بێزاریی دەڕشت .

 

13

چەپكێ‌ تیشك ،

لەپەنجەرەوە هاتوونەتە ژوورێ‌..

تا خۆیان ،

لەبەر هەوای سپلیتەكەدا ،

فێنك بكەنەوە .

 

ئەستەنبوڵ 2007

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه