به‌رده‌ڵان... سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد

 

 

له‌ نێو ئه‌م فه‌زای خه‌مه‌

زاکيره‌م

ناچێته‌وه‌ سه‌ر يادێکی ئارام

کوێره‌ و نابينا به‌رداشی زه‌مه‌ن

نايخوێنێته‌وه‌ ناوله‌پی نزام

***

وه‌ک زه‌وی تينووی تاوه‌

بارانم

تا بيشواته‌وه‌ توێژاڵی خه‌مم

دڵم بخه‌مه‌ مشتی باخچه‌يێ

خاڵی له‌ گه‌ڵای زه‌ردی ماته‌مم

***

که ‌من له‌ دڵما خامۆش بوو

چرا

تاريکی بوو به‌ ناو و

نيشانم

ده‌چم له‌ ده‌رگای مه‌رگی خۆم

ئه‌يه‌م

به‌ڵکو ئازاد بێ چۆله‌که‌ی

گيانم

***

به‌ رێچکه‌ی هه‌ر خه‌ياڵێکا

ئه‌ڕۆم

ئه‌مباته‌وه‌ سه‌ر سارای ته‌نهايی

حه‌ز ده‌که‌م ببمه‌ دڵۆپێک

ئاو و

بتکێمه‌ گه‌رووی دوا ماڵاوايی

***

تازه‌ من له‌ نێو ئه‌م به‌رده‌ڵانه‌

هه‌نگاو به‌ره‌و کوێ هه‌ڵێنم

ئاخر

که‌ دڵنياييم باڵی مه‌لێ بێ و

سوتاندبيَتى بڵێسه‌ی ئاگر

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه