نزا... سیروان واحد

 

من ده‌مه‌وێت بێ ده‌نگ بێ ده‌نگ

له‌ نێو ره‌نگی شیعرێکمدا

گوێ له‌ ترپه‌ی دڵت بگرم

له‌ ژێر نسێی په‌یڤه‌کاندا

رووه‌و پانتایی رۆحت هه‌نگاوبنێم و

له‌ خه‌یاڵی ئه‌ستێره‌ی مانگه‌شه‌وێکدا

مشتێ ئازاری هه‌ناسه‌ و

ئینجانه‌یێک له‌ دڵۆپه‌ فرمیسکه‌کان

له‌گه‌ل خۆما بهێنم و

نزای رۆحم

به‌ دیواری په‌رستگای دڵت هه‌ڵواسم

حه‌ز

 

 

وه‌ک سواڵکه‌رێکی غه‌ریب

زۆر جار به‌و شوێنه‌دا گوزه‌ر ده‌که‌م

که‌ یه‌که‌م جار تۆم تیاناسی

له‌ به‌ژنی داره‌کان راده‌مێنم

له‌ چین جینی گه‌لا و

خشپه‌ی پێی ئاو وردده‌بمه‌وه‌

پڕن له‌ بۆنی تۆ

هه‌رله‌وێدا

له‌ قولایی ئه‌واندا وه‌ک شه‌ونم

ئه‌چۆڕێمه‌وه‌

نزا ده‌که‌م

ئاخۆ که‌ی بێت هه‌ر له‌وێدا

له‌ ژێر سه‌مای گه‌لای ئه‌م دارانه‌

حه‌زی دلۆپه‌ بارانێک ئاشتمان کاته‌وه

سه‌ما

 

هه‌موو کاتێ که‌ ده‌هاتی

له‌ به‌رزایی دڵی مندا

په‌پوله‌ ئاسا هه‌ڵده‌نیشتی

تێکده‌ئاڵاین

جه‌نده‌ جوان بوو !

یه‌که‌م ماچمان ئه‌بوو به‌ شیعر و

یه‌که‌م هه‌ناسه‌مان ئه‌بوو به‌ ئاواز

ده‌سته‌کانی من که‌مانێکی سه‌راپا عاشق و

زولفه‌کانت ته‌ل و

یه‌که‌م نیگامان و

یه‌که‌م ئامێز به‌ گۆرانی

تا پڕ ئه‌بووین له‌ سه‌ما

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه