ژنێک له‌ بن دووشی حه‌مام دا... قوبادی جه‌لیزاده‌

 

1

رووت به‌ره‌وه‌

... وه‌ک رووت بوونه‌وه‌ی خونچه‌ ،

له‌به‌رده‌م بولبولێکی نێرینه‌دا.

 

2

 

خێرا ،

گه‌ڵاکانت داکه‌نه‌

هه‌نگێکی وروژاوم .

 

3

كە رووت دەبیتەوە،

بەلووعە ئاوی دەهێتەوە ،

ئاو، ئاو دەڕێژێت.

 

4

صابون ده‌می تژی بووه‌ له‌ لینجیی حه‌ز‌ .

لیفکه‌ ،

خۆی له‌ بۆنی جله‌کانت ده‌سوێ.

 

5

ئاو ، جلكەكانی فڕێ‌ دا.

سەرتاپا.

رووتی تۆی پۆشی .

 

6

ئاو، پێك پێك ،

لەجوانیت دەخواتەوە.

خەیاڵی رژاوەتە بەر پێت.

 

7

حه‌مام ،

پڕ بووە لەنووری جەستەت.

دووش ،

بارانی كریستاڵە.

 

8

بەسەر ئاوێنەی شانتەوە ،

دڵۆپ

دڵۆپی ئاو،

مشتێك مرواری رژاون.

 

9

هه‌ڵم ، بوه‌ به‌ مینای سه‌هۆڵیی .

قژت ، مه‌مکی داپۆشیوی .

به‌په‌نجه‌ره‌ی داگیرساویان وت :

نه‌زه‌ر حه‌رامه‌ براده‌ر !

 

10

لەناو هەموو دڵۆپە ئاوێكی سەر سینگت ،

پەلكە زێڕینەیەك.

 

11

بەچیمەنی داوێنتەوە ،

رێژنەیەك شەونم .

 

12

تنۆكە ئاوە خزێوەكان ،

لەكانیلەیەكی خنجیلانەی گەرمدا ،

ئاوێته‌ دەبن .

 

13

له‌نێوان هه‌ردوو پێتدا ،

له‌سه‌ر پشت پاڵ ده‌که‌وم ،

ده‌مم پڕ ده‌که‌م له‌ ئاوی رژاوی

سه‌ر له‌ش و

ناو له‌شت .

ئه‌وه‌ ئاوه ، یا راوی هه‌نگوین !

 

14

گۆی مەمكت ،

گێلاسی داگیرساون .

حەمام لێورێژە لەورووژان .

هەڵم خۆی نو‌وساندووە .

بەسمتی پەنجەرەوە .

 

 

15

كە لەشی پەمەییت ،

لەناو كەفی چڕدا ون دەبێت .

فرمێسكەكانی بن میچ ،

لەداخا، خۆ هەڵدەدێرن .

 

16

مەمكت دەنووك دەدا ،

لەناو لەپی كەف .

لەقەفەسی ئاو .

لەلێوی هەڵم .

 

 

17

ورده‌ که‌ف و

مووه‌ ره‌شه‌کانی بن باڵت ،

گیای پاراوو

شه‌ونمی به‌ر‌به‌یانن .

 

18

زەنگوڵ زەنگوڵ ، ئاو

لەناوكتەوە ،

دەڕژێتە سەر، قۆخێكی قەڵشیوی

تووكنەوە .

 

 

19

پشتت ، تاته‌ به‌ردێکه‌ له‌ په‌نیر .

دلۆپ دلۆپی ئاو ،

به‌ مه‌ندیلی که‌فه‌وه‌ ،

بۆ به‌رزاییه‌کانی خوار که‌مه‌ر،

سوجده‌ ده‌به‌ن .

 

20

بە لەشی لووستەوە..

ئاو ،

خەیاڵ ،

كەف ،

نوور ،

دەخلیسكێن‌و لەت‌و پەت دەبن .

 

 

21

به‌ دوو لقی رانته‌وه‌ ،

سمتت ،

دوو تۆپه‌ گوڵی په‌مه‌یین .

 

22

لەودیو دەرگاوە .

گوێم لەخوڕەی رووتی ،

لەشڵپە شڵپی لەزەتە .

 

23

لەچاوەڕوانی تۆدا ، رۆبی حەمام

خۆی بەقەنارەدا ،

هەڵواسیوە .

 

24

دێیتە دەرێ‌..

هەڵم هەورێكی سپییە ، ئاڵاوە لەبەژنت .

ئاو، فێی لێهاتووە .

جوڕنه‌ وڕێنه‌ ده‌کات .

پەشتەماڵ دڵی بووە بەئاو .

گه‌رماو لەهۆش خۆی چووە .

 

25

لەودیو پەنجەرەی حەمامدا ،

من

كڵپەیەكم لەئاگر.

لەزەت كۆدەكەمەوە ،

بۆ بارین.

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه