بێری خان... ئەحمەد رەسووڵ پشدەری

 

 

ئەی بێری خان...

هەتا ماوم...

بەیادی تۆوەرێ دەبڕم

پەڕی...تەمەنی ژاکاوم

ئەگەر بلوێ...

بەپەنجەی سوێ...

بۆ تۆ دەدڕم...

*****

چ رێکەوتێکی...پەنهانی

ئەتۆی هانی...

لەبۆ ناخم...

ئای کەپۆلووی چاوەڕوانی

چۆن کردویته...گڕی ئاخم

*****

پێش دیداری، بێ وادەی تۆ

بەسەر ئێسکا...بنیسا بووم

لەناو ئەشکا...تڵیسا بووم

بۆ ڕەگ سووتانی...بنچینەم

هەڵ ئایسا بووم...

کەهاتیته...ناو دەفتەری

سەری بەفرم

چەندەخۆشه...

لەگەڵ پیت و وشەو دێڕی

بەسەرهاتی عەشقی بێری

بەئارامی بۆ خۆم...دەمرم...

*****

جاران و...دەردی ئیفلیجی

هەر دوو پێمی...گرێ دابوو

لەسووچێکی بیرچوونەوه

چەرخ...بوونمی فرێ دابوو

کەئەستێرەت...پڕشنگی دا

بەگاگۆڵکه...وەدووت کەوتم

بەبەرۆکتا هەڵزنام و...

لەسەر سینەت...لێ ی وەرکەوتم

کەوەلات نام...وەک ''فەرخۆله''

بۆ هەمیشه...گڕو دەگرم

بۆ سەفەرێکی دوورو درێژ

بەعەشقی تۆوەپێ دەگرم

*****

چ بکەم .. . هاوارم پێت ناگا

بروسکەی تینوم...

بەخواردنەوەی . . . دەریای ئەشکی

تۆ راناگا

کۆچی غوربەتە. . . کۆتاییم

لەناو کۆڵیتی . . . تەنیاییم

هەرچی دەکەم . . . دەکروێنم

لەزمانی مەرگ ناگا

چەواشەی و گەڕیدەییم

دێوانەیەکەبێ ئا گا

* * * * *

برینەکان . . . بنیان قووڵەو

ساڕێژ نابن . . .

ئاسمان . . . مات و مەلوولەو

تاشەبەردی حەزەکانم

خوێناوین و بۆ نوێژ نابن

هەرچی دەکەم و دەکۆشم

پەپوولەکان . . . نائەنگوێن و

بەمەی گۆنات . . .

بۆ ساتێکیش . . . سەرگێژ نابن

منارەکان . . . بۆ پێش وازی

دانانەوێن و لێژ نابن

* * * * *

ئازیزەکەم . . . ئەی چراخان

دەبێ رۆژێ . . .؟

لەنێو بوخچەی کۆڵەگری و

چاو لەدووییم

رازی ئەمڕۆت . . . بپێچمەوە. . .!

دەبێ رۆژێ . . .؟

لەدۆسیەی پەروەردگار

بریار نامەی . . . تەمەن نوێیم

بخوێنمەوە. . .!

دەبێ رۆژێ . . .؟

تاڵ . . . تاڵ . . . کەزی

خۆرو حەزم

لەبناری "هەی ڕۆی" دوێنێ

بهۆنمەوە. . .!

* * * * *

بەبێ چرپە. . . بەئاسپایی

هەموو تەنی منت تەنی

بڕە. . . بڕە. . . وردەدەمارم

ڕاچەنی . . .

نەرم . . . نەرم . . . ئاسوودەییم

بۆت پێ کەنی

شلک . . . شلک . . . جاجمی تەرمی

دڵمت چنی . . .

سەبر . . . سەبر . . . گۆڕی چرای

شەومت کەنی . . .

* * * * *

دەڵێ ی "حەسەنی گەرمیانی"

گوێ لەناڵەی رۆحم نەگرێ

هەتا ئای . . . ئای

بێری پشدەر

لەشینگایەکی ئەبەدی

بۆ برینم . . . بەکوڵ نەچڕی

دەڵێی "ماملێ" چۆکی نوزەم

ڕۆبچوێنێ

گڕی سۆزی هەڵنەچوێنێ

دەنگی نەوای . . . بێری خانی

لێ هەڵنەبڕێ . . .؟

* * * * *

ئای بێری خان . . .

کەی . . . کۆسپەکان . . . لەسەر رێمان

خاپوور دەبن . . .؟

کەی خەونەکان . . .!

لەنێو مینای ئارەزوومان

وەکو رەنگی بلوور دەبن . . .؟

کەی بەڵێن و وشەکانت . . .؟

وەک کوڵمی خۆت . . .!

رووسوور دەبن . . .؟

کەی تەلاشی کوێرەوەری

لەناو گرڤەی

گڕو قینی . . . تەنوور دەبن . . .؟

 

۱۹۸۸

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه