ئه‌لبومه‌که‌م...‌ سمکۆ ئه‌حمه‌د ره‌شيد

 

 

وێنه‌ی یه‌که‌م..

وه‌ک منداڵێکی به‌

ساڵاچوو

چمکی که‌واکه‌ی

دایکم گرتووه‌ و

به‌سه‌ر شۆسته‌ی

بيرکردنه‌وه‌ له‌ مه‌رگی پياوێک رێده‌که‌ین

 

وێنه‌ی دووه‌م..

له‌به‌رده‌م باوکمدا

دانيشتوم

هه‌ڵناستم ، تا نه‌زانێ

بێجامه‌که‌م ته‌ڕ کردووه‌

 

وێنه‌ی سێيه‌م..

مناڵانه‌ ده‌ستم به‌

ئاسمانه‌وه‌يه‌

ده‌مه‌وێ به‌

مامۆستا بڵێم

ئه‌ها مامۆستا ،

مامۆستا

له‌وديوی په‌نجه‌ره‌که‌وه‌

چڵه‌ گيايێک زمانمان لێده‌رده‌هێنێ

 

وێنه‌ی چواره‌م..

باران ده‌ستێکی

خستۆته‌ سه‌ر شانم و

منيش ته‌ڕ ته‌ڕ به‌

وشکبوونه‌وه‌ی دنيا پێده‌که‌نم

 

وێنه‌ی پێنجه‌م..

پاڵـم به‌ دره‌ختێکه‌وه‌

داوه‌

بير له‌ دره‌ختێکی

ديکه‌ ده‌که‌مه‌وه‌

 

وێنه‌ی شه‌شه‌م..

له‌سه‌ر به‌رماڵی

نوێژ کردنم

ده‌ڵێی که‌سێک به‌ به‌رده‌مما تێپه‌ڕيوه‌

ده‌نگم به‌رز کردۆته‌وه‌

 

وێنه‌ی حه‌وته‌م..

له‌سه‌ر مێزێک

دانيشتووم و

جاجيک و بيره‌کانم

له‌سه‌ر کورسييه‌که‌ داناوه‌

 

وێنه‌ی هه‌شته‌م..

گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ سه‌ر

وێنه‌ی حه‌وته‌م و

قاقا ده‌گريم

 

وێنه‌ی نۆيه‌م..

چه‌نه‌م خستۆته‌ نێو

له‌پی ده‌ستم

خه‌ريکی قسه‌ کردنم

له‌گه‌ڵ پياوێکی هه‌ڵواسراو

 

وێنه‌ی ده‌يه‌م..

به‌ بێده‌نگی ده‌نگی

خۆمم هه‌ڵبڕيووه‌

 

وێنه‌ی یازده‌هه‌م..

ورده‌ به‌ردێکی زۆرم

خڕکردۆته‌وه‌

خه‌ريکی کۆکردنه‌وه‌و

لێکده‌رکردنی مێژووم

 

وێنه‌ی دوازده‌هه‌م..

رووی پرسيارم کردۆته‌

براده‌ره‌که‌م

زه‌حمه‌ت نه‌بێ

سه‌عات لای تۆ چه‌ند

شه‌ممه‌يه‌!!

 

وێنه‌ی سێزده‌هه‌م..

هێواش هێواش وه‌ک –

با – يێکی پڕ ئيش

به‌سه‌ر وێنه‌ی

سێزده‌هه‌مدا تێده‌په‌ڕم

 

وێنه‌ی چوارده‌هه‌م..

جگه‌ره‌يه‌کم به‌ ده‌مه‌وه‌یه‌

دووکه‌ڵه‌که‌ی بۆ

قووڵایی زه‌مين به‌رز بۆته‌وه‌

 

وێنه‌ی پازده‌هه‌م..

خه‌مبارانه‌

دانيشتووم

خه‌یاڵم لای ژنێکه‌

جوانييه‌که‌ی چۆته‌وه‌

سه‌ر باخچه‌يه‌ک هايکۆ

 

وێنه‌ی شازده‌هه‌م..

تا ناوقه‌دم له‌

کونی ده‌رزييه‌کدا ئاوديو کردووه‌

قاچه‌کانم ماون

 

وێنه‌ی حه‌ڤده‌هه‌م..

لافيته‌یه‌کی گه‌وره‌م

نوسيووه‌

به‌ته‌نها رژاومه‌ته‌

شه‌قامه‌کان

دژی گه‌نده‌ڵييه‌کانی

خۆم هوتاف ده‌کێشم

 

وێنه‌ی هه‌ژده‌هه‌م..

توند توند ده‌ستم

خستۆته‌ ‌سه‌ر دڵم ‌

ده‌مه‌وێ ته‌په‌ته‌پ

نه‌کات

 

وێنه‌ی نۆزده‌هه‌م..

قيت قيت به‌

دانيشتنه‌وه‌ وه‌ستاوم

 

وێنه‌ی بيسته‌م..

ژنێک به‌ ته‌نيشتمه‌وه‌یه

ده‌رنه‌چووه‌‌

 

وێنه‌ی بیست و يه‌که‌م..

چاويلکه‌یه‌کی قه‌ترانييم

کردۆته‌ چاو

وه‌ک بمه‌وێ

ژيان وه‌کو خۆی

ببينم

 

وێنه‌ی بيست و دووهه‌م..

سه‌رم ناوه‌ته‌

بنگوێی کۆترێک

ده‌مه‌وێ له‌ خشته‌ی

به‌رم و

باڵه‌کانی لێبکڕم

 

وێنه‌ی بيست و سێهه‌م..

له‌ ناو جلی سه‌ربازيدام

داڵێکی مردار به‌سه‌ر

شانمه‌وه‌ نيشتۆته‌وه‌

 

وێنه‌ی بيست و چواره‌م..

تڤه‌نگه‌که‌م کردۆته‌

شان

به‌ چوار مه‌خزه‌ن

(گوڵ)ه‌وه‌

 

وێنه‌ی بيست و پێنجه‌م..

له‌به‌ر هه‌تاوی

دارێ دانيشتووم

خه‌یاڵێکم به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌

و موتاڵای ده‌که‌م

 

وێنه‌ی بيست و شه‌شه‌م..

له‌ هۆڵێکا رێجيم ده‌که‌م

به‌ڵکو ته‌نهاييم دابه‌زێ

 

وێنه‌ی بيست و حه‌وته‌م..

ده‌ڵێی که‌شتيم

نقووم بووه‌ هێنده‌ خۆشحاڵم

 

وێنه‌ی بيست و هه‌شته‌م..

ده‌ستی هه‌ورێکم

گرتووه‌

بۆ سه‌ر ئاسمانی

گونده‌که‌م رايده‌کێشم

 

وێنه‌ی بيست و نۆهه‌م..

ده‌ڵێی شتێکم بزر

کردووه‌

ورد ورد له‌ ئاسمان

ده‌ڕوانم

 

وێنه‌ی (30)هه‌م..

پشتم کردۆته کامێرا‌

که‌س نازانێ له‌

پێشه‌وه‌ خه‌ريکی چيم !

 

2012

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه