سپى بوونه‌وه‌... سه‌لام عومه‌ر

 

 

کاتێک به‌به‌هارتدادێم،

پایزێک ئازارم ده‌داو....

هه‌رله‌خۆوه‌

ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ره‌تا،

ئه‌و ساتانه‌ى له‌دووره‌وه‌

سه‌رنجه‌کان...

به‌سه‌ر یه‌کتریدا ده‌بارین

نه‌تۆ له‌نهێنى نیگاو

نه‌من پێناسه‌ى تۆم هه‌بوو...

ئه‌و ساتانه‌ له‌ دووره‌وه‌

له‌وجیهانه‌ پڕ له‌عیشق و

خۆشه‌ویستییه‌ى من نه‌گه‌یشتى و...

پیم وابوو گوڵى به‌هارمى,

ئارامترین رۆخى ده‌ریاو

جوانترین ماسى که‌نارمى,

ئه‌و ساته‌ى هاتمه‌ به‌هارت

نامۆ بووم و....

ئاشنا نه‌بووم به‌دیدارت

بۆیه‌ ئیدى

به‌به‌هارتدا نایه‌م!

قه‌ت له‌وێشم نابینییه‌وه‌,

ئیدى نیگاکان وه‌رین و...

تۆش له‌به‌هارى من ترازاى

وه‌کو په‌لکى گوڵه‌ هه‌نار

به‌گه‌رماى وشکه‌ساڵى

له‌به‌ر هه‌تاودا کڕوزاى.

* * *

ئه‌م جاره‌یان.....

نیازمه‌ به‌زستانتا بێم و

نیگاکانم...

له‌ناو سپى بوونه‌وه‌تدا بتوێنمه‌وه‌,

هه‌ر له‌وێدا

چیرۆکى به‌هارى پێشوتر

له‌ئاگردانى دڵتدا

بتوێنمه‌وه‌..

هه‌ر له‌وێدا

له‌وزستانه‌ سپى سپییه‌ى

که‌له‌سیماى سپیت ده‌چىَ

وه‌رزێکى نوىَ

که‌له‌هیچ وه‌رزێکى دى نه‌چىَ

به‌شنه‌ى به‌هارى ئه‌ولاتر

داگیرسێنم...

نیازمه‌ به‌زستانتا بێم و

وه‌ک مه‌لێکى په‌رته‌وازه‌ى

نێو به‌فرى سپى بوونه‌وه‌ى تۆ

له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ت بنیشم,

ئه‌و وشانه‌ بوه‌رێنم,

که‌له‌به‌هارى ئه‌ولاتر

ونت کردن...

په‌لکى ئه‌و گوڵهه‌نارانه‌ گه‌ش که‌مه‌وه‌

که‌تۆ کوشتن...

دێم وبه‌م زستانه‌ سپیه‌

فرمێسکىَ هه‌ڵده‌ گرمه‌وه‌

که‌به‌هارى ئه‌ولا تر

بۆ منت هه‌ڵده‌ڕشتن.

* * *

نیازم نییه‌....

به‌رۆژانى گه‌رم و وشکى هاوینتابێم

نا....به‌نیاز نیم

به‌نێو گه‌لاَى پایزتا بێم

ته‌نها زستان

چونکه‌ وه‌رزى سپى بوونه‌وه‌ى هه‌موومانه‌

وه‌رزى پاک بوونه‌وه‌ى سروشت و

ته‌ڕبوونه‌وه‌ى هه‌موومانه‌.

 

 

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه