دڵۆپ ،دڵۆپ ده‌ڕژێمه‌ ناخته‌وه‌... که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

١

 

له‌ به‌رده‌ممدا مه‌گریه‌

له‌و ساته‌دا

ده‌بمه‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێ

له‌چاوانتا دڵۆپ دڵۆپ

گه‌رم گه‌رم

ده‌ڕژێمه‌ نێو خه‌مه‌کانت

تۆش ببه‌ به‌کزه‌ بایه‌ک

له‌گه‌ڵ خۆت بمبه‌ بۆ کوێستانى نیگاکانت

٢

له‌سه‌ر شعریکی ئازادی بۆنیشتمان

نه‌زانه‌کان شعرێکیان ده‌ستگیرکرد

ده‌ستی ووشه‌کانیان به‌سته‌وه‌و

چاوی ناوه‌رۆکه‌که‌یان به‌ست

بۆسبه‌ینی بووم به‌سروودی نه‌ورۆز

له‌سه‌ر چیایه‌کی به‌رزگرم گرت

٣

کاتێ شووشه‌ی دڵم

وه‌ک شوشه‌ی شه‌راب ده‌شکێ

دڵی من ده‌بێ به‌دارمیوێکی گه‌یوو

وورده‌ وورده‌ هه‌ڵده‌وه‌رێ

کاتێ ده‌نگیشت وه‌ک ژێی

که‌مانچه‌یه‌ک ده‌چڕی

نه‌غمه‌ی شعریش

له‌دڵی مندا ده‌کوژرێ

٤

کاتێ خه‌یاڵ به‌راکردن

دێ بۆلای بالاَی تۆ

چاوم روون ده‌بێ

دڵم زۆر له‌جاران زیاتر لێ ده‌دا

که‌خه‌یاڵ وه‌ری

شعری منیش باڵ ده‌گری و ده‌رَوا

ده‌بێ به‌په‌ری

٥

چرا مانی

له‌کورته‌ چیرۆکێکی سپی گرت و

ووتی من ده‌مه‌وێ

بۆهه‌میشه‌ چاوه‌کانم

له‌سه‌رای نووسینی شاعیرێکدا

دابگیرسێ

نه‌کا رۆژی دیکیتاتۆرێک بمبات و

چاوه‌کانم

له‌ئاهه‌نگی شه‌وانی

شمشیرێکدا هه‌ڵپه‌رێ

٦

دوو دڵۆپ فرمێسکی هه‌ڵه‌بجه‌

رژانه‌ ناوزمانه‌که‌م

بروسکه‌ی خه‌یاڵمیان شله‌قاند

هه‌ورێک وێنه‌ی گرت و

له‌خه‌ڵوه‌تیکی سۆفیانه‌دا

ئاوێته‌بووم له‌گه‌ل خودا

ئیتر له‌وساوه‌ تائێستا

فرمێسکه‌کانم ده‌ڕێژم

بۆعومه‌ری خاوه‌رو

مناڵێکی ساوا

٧

هه‌لۆیه‌کی به‌رزه‌ فر

شعریکمی به‌گه‌ردنیا هه‌ڵواسیوه‌و

به‌شه‌وه‌زه‌نگی شه‌وێکا

تێ ده‌په‌ری

تۆفانێ داده‌کاو

چی دیکتاتۆره‌ ده‌مرێ

٨

له‌به‌رده‌رگای مزگه‌وتێکا

ده‌رۆزه‌که‌ری دانیشتوه‌و

پشتی وه‌ک گۆچان داده‌چه‌مێ

ژیانی ئه‌و بێ تریفه‌و مانگه‌ شه‌وه‌و

که‌ده‌شمرێ ده‌بێ به‌ته‌مێ؟

٩

ئه‌وشمشاڵه‌ی له‌هه‌ناسه‌ی

گوڵی لێوه‌کانته‌وه‌ دێ

هێواش هێواش ده‌گاته‌ لام

ده‌بی به‌سروودی نه‌ورۆزو

بالاَی به‌ئاگری نه‌ورۆز

گرده‌گرێ

شعری منیش ئه‌چێته‌ سینه‌یه‌وه‌و

شاخ به‌شاخ و

باخ به‌باخ

له‌گه‌ڵیا ئه‌دوێ

١٠

شه‌هید نامرێ و

ئه‌گه‌ربێت و دێوانه‌ شعرێک

بۆنی نیشتمان و

تاجه‌ گوڵینه‌یه‌ک

له‌سه‌ر گۆڕی دابنرێ

من دڵنیام هه‌ڵده‌سته‌ سه‌رپێ و

به‌په‌له‌ ده‌رواته‌ لای بێریه‌کی شۆخ

له‌که‌ڵیدا ده‌چێته‌ جێ ژوانێ

١١

هه‌ندێ جار شعرێکم

له‌هاورێکانی یاخی ده‌بێ

ده‌چێته‌ ره‌گه‌زی باوک سالاریه‌وه‌

ده‌ست و په‌نجه‌ی ژنه‌ شۆخێ

عه‌شقێکی پرخۆشه‌ویستی

تیا سه‌رده‌برێ

١٢

هه‌میشه‌ چاوم له‌و چیایه‌یه‌

که‌تۆ به‌توله‌ریه‌کانیدا ده‌رۆی

تفه‌نگیکت کردۆته‌ شان

ناوی خۆت ناوه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی کوردستان

شعری منیش ده‌بیته‌ کارمامزیکی

ئه‌و پێده‌شته‌و

تینوو تینوو ده‌بێته‌ کانیاوێکی نیشتمان

١٣

هه‌میشه‌ روباره‌که‌ی دڵم

سه‌رخۆشه‌و

شه‌پۆلی شعرێکی مێژوو ده‌یبا

بۆیه‌ جه‌سته‌م ده‌بیته‌ ده‌ریاچه‌یه‌کی کوژراو

له‌خوێنێکی شیندا

١٤

شه‌هید وێنه‌که‌ت

بوو به‌هه‌وری ده‌م خۆرنشین

له‌ناو فرمێسکێکی قوڵدا

خستیانه‌ بنارێکی خه‌متان

چاوت ده‌بێ به‌هێشووه‌ ترێی

هه‌ڵوه‌ریوو

بالاَت چنار

ئێمه‌ش ده‌تکه‌ین به‌خه‌ونێکی

هه‌ڵفریووی چاوانی شار

١٥

کاتێ دره‌ختێ ده‌سوتێ

قه‌ڵه‌می من

هه‌ڵبه‌ستێکی گریاناوی بۆده‌نوسیێ

که‌پێشمه‌رگه‌یه‌ک شه‌هید ده‌بێ

چیرۆکێکی غه‌مگین

بۆشاخ ده‌نوسێ

که‌جه‌سته‌ی کیژۆڵه‌یه‌کیش

له‌بێرزاری سه‌رده‌بردرێ

خه‌می هه‌موو گوندو شار

چاو،بالاَ سوتاو، بۆئازادی

له‌باوه‌شیا هه‌لده‌گرێ

١٦

شه‌ویش خۆی پیچایه‌وه‌

به‌جێی هێشتم

له‌و رۆژه‌وه‌ خه‌و نه‌چۆته‌ چاوه‌کانم

ئه‌ستێره‌ی چاوانم له‌ت بووه‌و

نابینم یادگاریه‌کانم

١٧

به‌یانیه‌ک

که‌تازه‌ خۆر له‌ده‌م که‌ل ده‌هاته‌ ده‌ر

بانگیکردم

به‌تیشکێکی زێرینه‌وه‌

سه‌روقژی بۆره‌نگ کردم

له‌ولاشه‌وه‌

ئاوی کانیه‌ک بانگی کردم

کردمی به‌ته‌مێ و

به‌دیاری دامی به‌ئاسمان

چیاییه‌کیش بانگی کردم

چوومه‌ لای وکردمی به‌سیبَه‌ر

بۆده‌وه‌نێ

به‌لاَم هیچیان هێنده‌ بزه‌یان

نه‌دامێ

وه‌ک ئه‌و به‌یانیه‌ی

به‌ماچێک خه‌به‌رت کردمه‌وه‌

روومه‌تم بوو به‌شه‌ونمی شعرێک

له‌دوایدا بووم به‌گولێ

روام له‌قه‌راغ ده‌ربه‌نێ

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه