دنیا... قوبادی جەلیزادە

 

 

-١-

پێش داگیرسانی یەکەم شەم

پێش قژ ڕنینەوەی زین

پێش مەرگی مەم

پێش وەی یەکەم ئەستێرە هەڵبێ

پێشوەی یەکەم چیا ،

هەڵسێتە سەر پێ

پێش ڕاکشانی یەکەم دەشت

پێش هەڵایسانی دۆزەخ

پێش چرۆکردنی بەهەشت .

_ _ _

پێش هەڵفڕینی یەکەم گوڵ.

پێش پشکووتنی یەکەم پەپوولە

پێش هاژە هاژی یەکەم ڕووبار.

پێش هەڵکردنی یەکەم _با_

پێش جوکە جوکی یەکەم چۆلەکە

پێش فیشکە فیشکی هەوەلین مار.

پێش هەڵدێرانی سیامەند

پێش پژانی لاوک و بەند.

_ _ _

پێش " ‌أصحاب الفيل ".

پێش شەڕی نێوان قابیل و هابیل

پێش داکردنی قورئان.

پێش سەفەری محەمەد ،

بۆ حەفت تەبەقەی ئاسمان.

پێش سووربوونی " کوفە " ، لە خڵتانی خوێن .

پێش شەهید بوونی ، حەسەن و حسێن.

پیش ئەوەی کەس بە کەس بڵێ : خۆشم دەوێی

پێش پەیدابونی خۆشەویستی.

خۆشم ویستی.

_ _ _

 

-٢-

 

تا ڕۆژی هاتنی مەهدی مونتەزەر

تا ساتی خوێن ڕشتن ،

لە بناری کێوی زەڕ .

تا قەڵای گشت پاشایێ دەبێ نەوی.

تا ئاسمان دەتەپی بەسەر زەوی.

تا هەرچی چیایە ، دەبن بە دۆڵ.

تا هەرچی چاوە پڕ دەبن لە خۆڵ.

تا هەرچی هەنگوینە ، دەبن بە ژەهر.

تا هەرچی پشکۆیە ، دەبن بە بەفر.

_ _ _

تا ئەودەمەی ئەستێرە دەوەرن.

دەکوژێتەوە هەتاو.

تا ئەو دەمەی مانگ ،

دەبێ بە کولێرەیەکی سوتاو.

تا ئەو دەمەی بەنی ئادەمێک ،

نابینی بە پێوە.

تا ئەو دەمەی ژیان ،

ڕۆحی لەسەر لێوە.

تا هەرچی کرمە دەچێتە نێو بەدەن.

تا هەرچی گیانلەبەرە ڕۆحی دەدەن.

_ _ _

تا ئەو دەمەی دەجاڵ ،

ڕۆحمان پڕ دەکەن لە دەرد و پەتا.

تا هەتا.

تا ئەو وەختەی برا ، دەبێتە دوژمنی برا

تا چرکە ساتی خامۆش بوونی دوا چرا.

تا جوانی خۆش دەکاتەوە.

تا خوا عیشق دەباتەوە.

خۆشم دەوێی.

له‌ چاوه‌ی کامێڕاوه